عیماد عەلی: ئەو دیموکراسیەی بە نامۆیی لەدایکبوو.

سود بە وتاریکود بگەیەنەو کلیک بکەرە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

هەر شتێک لە کاتی تایبەتی خۆی و لەسەر زەمینەی بابەتی و خودیی گونجاوی خۆی نەیەتە ئاراوە، ئەوە لە ژینگەکەی خۆیدا یان بەردەوام نەخۆش یان نامۆ دەبێت لەگەڵ دەوروبەریدت یان هەر لە سەرەتاوە لەبار دەچیت و بە ئاسایی لەدایکنابێت.
سەرەرای ئەوەی کوردستان بۆ سێ دەیە دەبێت سیستمی تۆتالیتاری تێیدا نەماوە، دیموکراسی وەک چەمک و ئەویش زۆر سادە تەنها لە هەڵبژاردندا وەک میکانیزمێک خۆی دەبینێتەوە و پەیرٍەو دەکرێت، واتە دیموکراسیەک لەسەرەوە بۆ خوارەوە بێت و وەکو لاساییکردنەوەی کوێرانەی ئەوانیتری جیاواز لە هەموو شتێک، ئەمە دووربێت لە زەمینەی لەباری خۆی و پەیرٍەوکردنی بەو شێوە شێواوەی تیۆری ئەویش لەسەرەوە بۆ خوارەوە نەک لە خوارەوە بۆ سەرەوە، واتە چەمکێکی گەورەی پرٍ لە واتا و فەلسەفەیەکی بیرکردنەوەی سەردەمیانە و حوکمی مۆدێرنە، لە پرٍدا هێنرابێتە کوردستانێک، کە نە پێشینەی سروشتی خۆی نە زەمینەی لەباری نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لەم ناوچەیەش بە گشتی نەبووبێت، واتە دوور لە منداڵدانی ئاسایی خۆی و لە نێوەندی کۆمەڵگایەک کە هەڵگری زمانێکی نەگونجاو تاقیکرابێتەوە و تا ئەمرٍۆ بە ئاراستەیەکی ئاڵۆزی زگزاگ ئاسا و پرٍ لە چەوتو چێڵی رێگەی گرتۆتە بەر.
هەر لەسەرەتاوە دیاربوو کە ئەم رێگەیە سەرکێشیە و کارێکی درێژخایەنی بێ ئامانجی دوور مەودایە لەم ناوچەیە بەگشتی و ئاوا بەو خێراییە نیشانی تایبەتی خۆی ناپێکێت، کەچی سەرپەرشتیارانی ئەم تاقیکردنەوەیە پشتیان بە فاکتەری کات بەستووە کە کەفیلی راستکردنەوەی رێرٍەوەکەی دەکەن و هیلاکیەکی دەوێت بۆ بە جوانی دیاریکردنی هەنگاوی یەکەمی راست و دروستی دیموکراسی راستەقینە و پێگەیشتنی لە کوردستاندا، ئەمە لە کاتێکدابوو بێ ئەوەی هیچ وردبوونەوەیەک لە سەرکەوتنی ئەم ئەزمونە لە ئاسۆی دووری جێبەجێکردنی ئەم چەمکەدا بکەن و ئەگەر بکرێت بە وردبینیش بێت تیشکی درەوشاوەی ئەم چەمکە گرنگە لە دووریشەوە بێت لە ئاسمانی کوردستاندا ببینن.
لە کوردستانێکی بێ دەستوور و یاسای بنەرەتی پێویست، لە کوردستانێک حکومەتەکەی گیرۆدەی دەستی کردەوەی حزبەکان پاشکۆیەتی حکومەت بۆیان بێت، لە کوردستانێک سیاسەتەکەی بەدەست فەریکە سیاسی و گەندەڵ و خەڵکێکەوە بێت کە بە دیموکراسی راستەقینە نامۆ بێت و تەنها لە بازنەیەکی تەسکدا بسورٍێنەوە، لە کوردستانێک جگە لەبەرژەوەندیە تەسکی حزبی و کەسی و بنەماڵەییەکە هیچیتر نەخوێنێتەوە، ئا لەم کوردستانە رەنگی ئەم دیموکراسیە چۆن دەبێت و بە کێ و چۆن پەیرٍەو دەکرێت.
ئەم جۆرە رەفتارە و گرتنەبەری ئەو رێگایە تەنها لاساییکردنەوەی بێ بنەما نەبێت و جگە لەوەی لەگەڵ چەمکە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان نامۆبێت هیچیتری پێوە دیار نەبێت و جگە لەوەی بەردەوام لە ژێر رەحمەتی تەئویل و راڤەکردن و ئیجتیهادی حزب و سەرکردەکان و بەرژەوەندیەکانیان بێت هیچی تری لێ بەرهەم نایەت و جگە لە دەرچەیەکی تاریک و ئاڵۆز هیچیتر چاوەرێی چارەنوسی بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە نێو ئەم گەلەدا ناکات.
دەکرا ئەم دیموکراسیەتەش بە هەموو کەموکورتیەکانیە پەیرٍەو بکرایە، بە مەرجێک ئاراستەکەی لە خوارەوە بۆ سەرەوە بوایە، واتە یەکەمجار لە قوتابخانە و زانکۆ و دامودەزگاکان و شار و شارۆچکە و لادێکان جێبەجێبکرایە و دواتر لە بارودۆخی گونجاوی خۆی و باڵابوونی کۆی هۆشیاری گشتی و کەلتوری گونجاو بە سروشتی لەدایکبوایە و ئەوسا لەگەڵ زەمینەکەیدا جوتبوایە و نامۆیی بەخۆیەوە نەبینیایە.
دیارە ئەمەش لە کۆمەڵگەیەک بێت کە تاکەکانی لانی کەمی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بخوێننەوە و بریاری دروست بە بێ کارتێکردنی ئەویتر بدەن و دوور بن لە فشاری ئیسلامی سیاسی کە دیموکراسی وەک ئامرازێکی سەپاندنی عەقیدی خۆیان ببینن، نەک رێگەی حوکمرانی گەل و پێشکەوتنی نیشتمان. لەم نیشتمانەدا دیموکراسی تەنها وەکو پیادەکردنی چەمکێکی نامۆ وخەیاڵپڵاوی لە فەزادا بەدوور لە بوونی کۆڵەکە سەرەکیە راستەقینەکانی لەسەر ئەرزی واقع بۆ گەیشتنی حزب و کەسەکانە بۆ جێگایەک لە پێناو چنینەوەی راستەوخۆی بەری تایبەتی ئەم چەمکە بۆ خۆیان و هیچی تر.
ئێستاش پاش بەرکەوتنی هەڵە و کەموکورتیەکانی و ئاڵۆزبونی رێرٍەوی پیادەکردنی ئەم چەمکە، ئایا دەکرێت بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت و بگەرٍێتەوە باری عافیەتی تایبەتی خۆی یان بە داوودەمران و چاوەرێی کات وەک چارەسەری دوورمەودا؟

سود بە وتاریکود بگەیەنەو کلیک بکەرە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان