نەوزادى موهەندیس: تەنها کورد بۆتە قوربانى ململانێى نێوان ماکرۆن و ئەردۆگان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ڕۆژى هەینى و ڕێکەوتى 23- 12- 2022 لەناو جەرگەى شارى پاریسى پایتەختى فەڕەنسادا، پیاوکوژێک بەناوى ولیامى کۆنە شۆفێرى شەمەندۆفێرى 69ساڵەى بەناو((تێکچووى دەروونى)) و خاوەن پێشینەى تاوانکارى تر بەناوى ڕەگەزپەرستیەوە. لەناوچەى 10 لە شەقامى دانغین کە ناوچەیەکى بازرگانى و قەرەباڵغە و جالییەکى گەورەى بیانى و لەناویشیاندا کورد هەیە. دەستیکردە دەستڕێژکردنى گولە لە چێشتخانە و سەرتاشخانە و سەنتەرى کەلتورى ئەحمەد کایاى کوردەکان. بوە هۆى شەهیدکردنى 3 کەس (دوو پیاو و ژنێک) و بریندارکردنى 3 کەسى تریش.
ئیدى لە هەینیەوە تائەمڕۆ کوردەکان دەستیانداوەتە خۆپیشاندانى توندوتیژى و ئاگرتێپەردانى دوکان و شەقام و ئۆتۆمبێل و چەندین کەسیان لێ دەستگیرکراوە و تاوانباریش فەرمانى گرتنەکەى هەڵوەشاوەتەوە و ڕەوانەى (نەخۆشخانەى دەروونى کراوە) تا چاکدەبێتەوە.
تائێرە ڕەنگە کەسانێک هەبن ڕووداوەکە وەکو ڕووداوێکى لابەلا و بێ پیلانى پێشوەختە لێى بڕوانن وەکو زۆر ڕووداوى ترى لەوشێوەیە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم پیاوە کەوەک دەڵێن زۆر ڕقى لە بێگانەکانە بۆ بەتەنها کوردەکانى کردۆتە ئامانج لەناوەڕاستى دەیان دووکان و مۆڵ و قاوەخانە و چێشتخانەى تر کە تەژى بوون لە بێگانەکانى تر؟ ئایا ئەم تاوانکاریە بێ پیلانى پێشوەختە بوە و هیچ کەس و لایەن وڵاتێکى لە پشتەوە نیە؟ ئەى کێ دوژمنى سەرسەختى کوردە لەکوردستان و ناوچەکە و دونیاش و چاوى بەسەرکەوتنى کوردان هەڵنایەت؟
وەڵامى هەموو ئەو پرسیارانە کورت و کرمانجى، بریتیە لەوەى کە هیچ تاوانێکى لەوشێوەیە و بە ئاشکرا بەبێ پیلانى پێشوەختە و ئامادەکارى ناکرێت و کارێکى لۆژیکیش نیە کە شەلم کوێرم ناپارێزم ئامانجێک دیاریبکرێت. دواتر گەر بە پیلانگێڕى نەبوە و کورد نەکراوەتە ئامانج ئەى خێرە یەک کەسى ترى بێگانەکان لەهەموو نەتەوە و ڕەگەزەکان نەکراونەتە ئامانج !هەمووشمان وەکو کورد دەزانین کە کێ و چ لایەن و وڵاتێکى ناوچەکەى خۆمان دوژمنى سەرسەختى کورد و کوردستانە لەهەر جێگەیەکى دونیا بێت. ئەویش بەدڵنیایى بە پلەى یەکەم ( ئەردۆگان و تورکیاى فاشیزمە )! بەتایبەتیش سەنتەرى ئەحمەد کایاى هونەرمەندى کوردى تورکیا، قوربانى دەستى تیرۆرى تورکان بوە. دواتریش ڕەفتارى هەموو داگیرکارەکانى ترى کوردستانیشە. بەڵام بۆ لە فەڕەنسا و بۆ لەم کاتەدا؟
گەلێک هۆکار و پاڵنەر هەیە لەوانە:
1. بۆ بەستنەوەى ئەم ڕووداوە بە ڕوواداوێکى هاوشێوەى پێش 10 ساڵ و ڕێک لەمانگى 12 ی 2013دا. کەجارێکى تر و بەدەستى پیاوانى میتى تورکى 3 چالاکوانى ژنانى سەر بەپەکەکە شەهیدکران بەناوەکانى ( فیدان دۆغان و سەکینە کانسیز و لیلى سویلیمیز ) کە تائێستاش ئەنجامى ئەو ڕووداوە تیرۆریستیە ئاشکرا نەکراوە..
2. ڕەنگە شارى پاریس بەتایبەتى و فەڕەنساش بەگشتى، یان ئەوەتا کوردان زۆر چالاکن دژ بە سیاسەتەکانى تورکیا، یا دامودەزگا ئەمنیەکانى فەڕەنسا شلوشێواو و کەمتەرخەم و (فەلەتى ئەمنیان) تیادایە کە ئەم هەموو کارە تیرۆریستانەى تیادا ڕوودەدات بەجیا لەوڵاتانى ترى ئەوروپا.
3. هۆکارێکى تر بریتیە لە ململانێى کۆن و نوێى فەڕەنسا و تورکیاى خەلافەت و ئێستاى ئەردۆگان لەسەر زۆر مەسەلەى ناوچەى ڕژهەڵاتى ناوەڕاست و یەکێتى ئەوروپاش.چونکە ماکرۆن وایدەبینێت کە ئەردۆگان گەرەکێتى سەر لەنوێ خەلافەتى عوسمانى ببوژێنێتەوە و دژى هەموو ئەوروپا جوڵە بکات لەناوچەکە و دونیاشدا. فەڕەنساش بەو پێیەى کە داگیرکارى کۆن وزلهێزى کۆن وئێستایە و جەمسەرێکى گرنگى یەکێتى ئەوروپایە بەتایبەتیش لەدواى دەرچوونى بەریتانیاوە لەو یەکێتیەدا و لەناوچەکەش خاوەن کۆڵنیالى بوە لە سوریا و لوبنان و ولایەتى موێڵیش لە عێراق، کە بەفێڵى بەریتانیا لەکاتى خۆیدا لەدەستى دەرهێنرا.گەرەکێتى بەر بە خەوبینین و پێ ڕاکێشانە زیاد لە ستوورەکانى ئەردۆگان و تورکیا بگرێت لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باشوورى قەوقازدا و گەرەکێتى بە بەهێزى بگەڕێتەوە ناوچەکە و تۆڵەى 100ساڵى ڕابووردوو بکاتەوە لەوەرگرتنەوەى ولایەتى موێڵ و ئەوەتا نۆژەنکردنەوەى فڕۆکەخانەى موێڵى بۆدەرچوە بە دەیان ملیۆن دۆلار لە ڕکابەریەکدا لەگەڵ دوو کۆمپانیاى تورکیدا((کورک -–الیون)). بەهەمان شێوە بەدەستپێشخەرى ماکرۆن و فەڕەنسا لەگەڵ عێراقدا، تاکە وڵات و سەرۆکى وڵاتێکى ئەوروپییە کە بانگهێشت دەکرێن بۆ ئامادەبوون و بەشداریکردن لە کۆنگرەى بەغداد و دراوسێکانیدا کە تائێستا ((کۆنگرەى بەغداد-1 لە بەغداد لەمانگى 8/ 2021 و کۆنگرەى بەغداد-2 لە 19/ 12/ 2022 لە ئوردون))سازکراوە.
ئاشکرایە چ لەناوچەکە و چ لە ئەوروپاش هەر کورد دەبێتە قوربانى ململانێ ناڕەواکان و بەرژەوەندییەکانى تورکیا و ئەوروپیەکان و بەداخیشەوە تائێستا ئەوروپیەکان نەرمن بەرامبەر تورکیا و ئەوەتا سویدى لانکەى دیموکراتى هەفتەى پێشوو 3 چالاکوانى کوردى ڕادەستى تورکیا کردەوە تەنها بۆئەوەى تورکیا ڕازیبێت بە بونە ئەندامى سوید لە هاوپەیمانى ناتۆدا.
بەداخەوە ئەوە ڕاستى ودروستى و بێ بنەمابوونى دروشمەکانى مافى مرۆڤ و دیموکراتى و ئازادى و دادپەوروەرى و سۆلیدارێتىئەوروپا و سۆشیالدیموکراتەکان و ڕۆژئاوایە و ئەوان تەنها و تەنها بەرژەوەندیەکانى خۆیان مەبەستە.کوردیش بە ئافەرین و لێدوان و سەردانێکى نمایش ئاساى سەرۆک و وەزیرەکانیان فریودەخوات.سەرەڕاى هەندێک وێسگەى ڕۆشن لەهەڵوێستى هەندێک سەرکردە و وڵاتى ئەوروپادا لەبەرامبەر مەسەلەى کورددا کە جێگەى دەستخۆشى و پێزانینە.بەڵام گرنگە ئیدى کوردیش بەبەرنامە و لەسەر ئاستى سیاسى و و ئابورى و ئەمنى و و کەلتورى پەیوەندییەکانى ڕێکبخاتەوە و هەوڵى پتەوکردن و بەهێزکردنى ئەو پەیوەنیانە بداتەوە و بەهێزتریش بەڕووى پیلانەکانى ئەردۆگان و تورکیادا بچێتەوە و نە لەکوردستان و ناوچەکە و نە لەئەوروپاش نەچێتە ژێر بارى فەرمان و بەرژەوەندیەکانیەوە و گوێڕایەڵیشى نەبێت.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی