زاهیر باهیر: دەستێوەردان و پیلانگێڕیی دەوڵەتی بریتانیا لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی 1945ەوە.

سود بە وتاریکود بگەیەنەو کلیک بکەرە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

چەند ساڵێك لەمەوبەر خوێندنەوەیەکم بۆ کتێبی ” جەنگە نهێنییەکانی بریتانیا” لە نوسینی T.J Coles .[ لە خوارەوە لینکەکەی دادەنێم] کرد. ئەو پەرتوکە گەلێك ڕووداو و جەنگ و هەوڵی نانەوەی شەڕی نێوخۆ/ ئەهلی زۆر بە ڕوونی و بە دۆکۆمێنتەوە ئاشکرا کردووە.
لەم ڕۆژانەشدا برادەرێك وتارێکی دوورو درێژی بە زمانی ئینگلیزی بۆ ناردم ئاماژە بە بابەتی جەنگ و پیلانی دەوڵەتی بریتانی دەکات و لاپەڕەکانی مێژوی ڕەشی دەوڵەتی بریتانیای عوزما لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە لە جیهاندا هەڵدەداتەوە.
دوای خوێندنەوەی وتارەکە بە پێویستم زانی وەکو تەواوکەری خوێندنەوەی کتێبەکەی سەرەوە چەند بڕگەیکی گرنگی لێهەڵبژێرم و بۆ زمانی کوردی وەریگێڕم.
بەڕای من زۆر گرنگە کە خەڵکی لەم مێژووە بە ئاگا بێت و بزانێت کە بریتانیا و ئەمریکا ئەوەی کە دەیڵێن سەبارەت بە مافی مرۆڤ و مافی گەلان و یەکسانیی، هیچ بناغەیەکی دروستی نییە و ئەم دوو وڵاتە لانی کەم لە 150 ساڵی ڕابووردووەوە مێژویەکی ئاوایان نییە کە بانگەشەی دەکەن و خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن. بگرە بەشێکی زۆری مێژوویان پڕ بووە لە ڕاووڕوت و دڕندەیەتی و خوێنڕشتن و داگیرکاریی و خاپورکردنی وڵاتانێك کە بە جیهانی سێیەم ناسرابوو زائیدەن ئیرلەندەی سەروو [ باکور] و هیندستانی 175 لەمەوبەر.

ئەمەی خوارەوە بەشێکی زۆر کەم ئەو مێژووەیە:
بەریتانیا لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە زیاتر لە 80 جار هێزە چەکدارەکانی بۆ شەڕ لە 47 وڵاتدا جێگیر کردووە. زنجیرەیەك بووە لە شەڕە دڕندەکانی بۆ کۆلۆنایزکردن و ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان تا گەیشتۆتە هەوڵی پشتگیریکردنی حکومەتە لایەنگرو دۆستەکانی، یاخود ڕێگریکردن لە نائارامییە مەدەنییەکان، سوپای بەریتانیا لە جیهانی دوای جەنگدا زۆر زیاتر لەوەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی لەبیر دەکرێت یان باوەڕیان پێدەکرێت، هێزی سەربازی بەکارهێناوە یان هەڕەشەی بەکارهێنانی کردووە.
دۆکۆمێمنتە نهێنییەکان کە ئێستا دەکرێت هەندێکیا ئاشکرا بکرێن دەریدەخەن لە ساڵی 1945ەوە 83 دەستێوەردانی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیای لە 47 وڵاتی جیاوازد بە بەڵگەوە ئاشکرا کردووە.
سەرنجڕاکێشترینی بەکارهێنانی هێزی بەریتانیا لەشکرکێشییە ئاشکراکان یان هەوڵە چەکدارییەکان بووە بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکان وەک لە Guiana بەریتانیا (ئێستا Guyana) لە ساڵی 1953، میسر لە ساڵانی 1950، عێراق لە ساڵی 2003 و لیبیا لە ساڵی 2011.

شەڕەکانی دژ بە کۆڵۆنایزکردن لە ساڵانی 1950 و 1960 – لە کینیا، مالایا، عەدەن و قوبرس – بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەشکەنجەدان و زۆرجاریش ئۆپەراسیۆنی زیانبەخش بۆ ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لەخۆگرتبوو.
لە مالایا لە نێوان ساڵانی 1948 بۆ 1960 هێزەکانی بەریتانیا سەدان هەزار کەسیان لە کەمپە تەلبەندکراوەکاندا پێچاوەتەوە و بەندکردووە و ناوچە گوندنشینەکانیان بە توندی بۆردومان کرد و پەنایان بۆ پڕوپاگەندەی بەرفراوان برد بۆ سەرکەوتن لە ململانێکاندا.
دڕندەیی برریتانی لە شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی ‘ماو ماو’ لە کینیا کە داوای سەربەخۆیی خۆیانیان دەکرد، بووە هۆی مردنی دەیان و ڕەنگە سەدان هەزار کەس، زۆرجاریش بەهۆی برسێتییەوە لە ئۆردوگاکانی زۆرەملێ ئەمە ڕووی داوە.
جێگیرکردنی هێز وەک ڕۆتینێک لە ماوەی دەیان ساڵدا بەردەوام بووە، بەتایبەتی بۆ پشتگیریکردنی ڕژێمە پەسەندکراوەکان، خوازراوەکانی بریتانیا. بەردەوامیش هێزی چەکدارییان ڕەوانە دەکرد لەوانە بۆ عومان (1957)، نیاسالاند (ئێستا مالاوی، 1959)، برۆنی [Brunei ] (1962)، ئەنگویلا (1969) و ئوردن (1970) بۆ بەهێزکردن و داکۆکیکردن لە حکومەتەکانی دۆست و لایەنگری بریتانیا کە بەهۆی سەربەخۆیی یان بزووتنەوە جەماوەرییەکانەوە هەڕەشەیان لێدەکرا.
لە ساڵی 1964 هێزەکانی بریتانیا یاخیبوونی سوپای لە سێ وڵاتی یەک لە دوای یەکدا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا – کینیا، ئۆگاندا و تانزانیا – دابەزاند بۆ پاراستنی حکومەتەکانی کە لایەنگر و دۆستیی بریتانیا بوون، هەر زوو دوای ئەوەی سەربەخۆبوون.
لە ساڵانی1945- 46 هێزەکانی بریتانیا دەستوەردانیان لە ڤێتنام و ئەندەنوسیا کرد بۆ دامەزراندنەوەی کۆنترۆڵی فەرەنسی و هۆڵەندییەکان لەوێ.
لە ڤێتنام بریتانییەکان سووپا بەزیوەکەی ئیمپراتۆری ژاپۆنیان چەکدار کرد تاکو شەڕ لەگەڵ هێزەکانی لایەنگری سەربەخۆیی بکەن.
هەر لەو سەروبەرەدا بوو کە هێزەکانی بریتانیا هەوڵیان دا دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی کۆمۆنیستی کە لە ئەلبانیا و ئۆکرانیا و وڵاتانی باڵتیک سەریان هەڵدابوو بکەن، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان هەر هەموویان شکستیان هێنا و نەیانتوانی ڕێگری لەم وڵاتانە بکەن کە نەکەونە ژێر کۆنترۆڵی کۆمۆنیستەکانەوە.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، حکومەتی مارگرێت تاچەر گەورەترین ئۆپەراسیۆنی نهێنی برریتانیای دوای جەنگ تا ئێستا ئەنجامدا، لە پشتیوانیکردنی جەنگاوەرانی موجاهیدینەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان.

42 کودەتای بریتانیا لە ساڵی 1945ەوە
دۆکۆمێنتە ئاشکرابووەکان دەریانخستووە کە بریتانیا لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە، زیاتر لە 40 هەوڵ وپلانی لابردنی حکومەتە بیانییەکانی لە 27 وڵاتدا داوە، یاخود جێبەجێ کردووە. لەم هەوڵ و پلانانەدا دەزگا هەواڵگرییەکان و دەستێوەردانی سەربازی نهێنی و ئاشکرا و کاری تیرۆرکردنی بەخۆوەگرتووە.
ڕەنگە ناسراوترین کودەتا کە لەلایەن تۆڕی سیخوڕی بریتانیاوە لە دوای ساڵی 1945ەوە ئەنجامدرابێت، ڕووخاندنی حکومەتی ئێران بووبێت کە بە شێوەیەکی دیموکراسی لە ساڵی 1953دا هەڵبژێردرابوو کە بە ئۆپەراسیۆنێک کە لەگەڵ سی ئای ئەی پلانی بۆ دانرابوو. ئەمە جگە لەوەی بریتانیا هەر لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە، لانیکەم 41 هەوڵی دیکەی ڕووخاندنی حکومەتەکانی داوە.
ساڵی 1953 لە ڕاستیدا ساڵێکی سەرقاڵیی بوو بۆ پلاندانەرانی کۆشکی سپی هەر لەو کاتەدا لە لابردنی محەمەد موسەدەق لە حوکمڕانی، پاپۆڕێکی چەکداریان نارد بۆ ڕووخاندنی حکومەتی هەڵبژێردراوی دیموکراتیک لە گویانای [Guiana ] بەریتانیا، بە سەرۆکایەتی ناسیۆنالیستی جەماوەری چێدی جاگا [Cheddi Jagan].
هاوکاتیش لە دەوڵەتێکی دیکەی ئەمریکای لاتین کە گواتیمالا بوو، ئۆپەراسیۆنی پڕوپاگەندەی دژە حکومەتیان بەرەوپێش دەبرد. ئەو هەڵمەتەی بریتانیا زەمینەی بۆ ڕووخاندنی حکومەتێکی قەومی دیکە و حکومەتێك کە هەڵبژێردرا بوو، لە سەردەمی جەیکەبۆ ئاربێنزدا [Jacobo Arbenz] ئامادە کرد کە ئەندازیاری سی ئای ئەی بوو لە ساڵی1954دا.
وەک ئەوەی ئەم هەموو هەوڵ و پیلاگێڕیانە بەس نەبێت، کارمەندانی نهێنی بەریتانیا لەو کاتەدا سەرقاڵی پلاندانان بوون بۆ لابردن و تیرۆرکردنی سەرۆکی میسر، جەمال عەبدولناسر لە پلانی جۆراوجۆردا، دوای ئەوەی ناسر دەسەڵاتی گرتەدەست لە شۆڕشێکی ناسیۆنالیستی ساڵی 1952دا.

جەنگە نهێنییەکانی بریتانیا

سود بە وتاریکود بگەیەنەو کلیک بکەرە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان