عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: داستانی دابان، هەلاج.
سه‌عات 2-ی شه‌وی 15. 2. 1985 به‌فر سه‌راپا زنجیره چیاکان و دۆڵی جافایەتی گرتبوو، دنیا زۆر سارد بوو، چه‌ند پله‌یه‌ک له ژێر سفرا بوو، هیێزی پێشمه‌رگه ی تیپه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی دوو و یه‌ک, به سه‌په‌رشی ملازم عومه‌ر لێپرسراوی مه‌کته‌بی عه‌سکه‌ری و قادری حاجی عه‌لی لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دوو، به‌ره‌و ئەو شوێنانەی دیاری کراو بوون هەنگاویان نا.
ملازم عومه‌ر و هێزه‌که‌ی له گوندی هه‌ڵه‌دنه‌وه به‌ره ئاڕاسته‌ی دابان و قادری حاجی عه‌لی و هێزه‌که ی به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی هه‌لاج ،چه‌رماوه‌ند سه‌رکه‌وتن.
ملازم عومەر و قادری حاجی عەلی ماوه‌یه‌ک له‌وەوبه‌ر، نه‌خشه‌ی شه‌ڕه‌که‌یان به‌پێی شوێنی به‌رزایی ره‌بایه‌کان و سریه‌کان باره‌گای فه‌وجه‌که‌و جوغرافیای شوێنه‌که‌و سه‌رکه‌وتنی پێشمه‌رگه‌و به‌رگری دوژمن دیاری کرد بوو، له سه‌عات 4-ی سفردا دەنگی تەقینی ئاربیجی بۆ سەر رەبایەکان، سەراپا ناوچەرکەی له هه‌موو قۆڵه‌کانه‌وه هەژاند. پێشمەرگەکان هێرشیان کردە سه‌ر ره‌بایه‌کان، لە ماوەیەکی دیاری کراودا، توانیان 17 ره‌بایه له دابان و هه‌لاج و چه‌رماوه‌ند بگرن. دواتر پێشمەرگەکان له به‌رزای دابانه‌وه به‌ره‌و خواره‌وه کشان، هه‌ڵمه‌تیان بۆ باره‌گای مقر سریەکەی شه‌ده‌ڵه برد‌و گرتیان. هیزێکی تر پەلاماری رەبایەکانی مقەر فەوجەکەی خوار شەدەڵەیاندا.
والی باریکەی جێگری فەرماندی کەرتی دووی تانجەرۆ لە تیپی 55ی قەرەداغ، لە کاتی هەڵمەت بردن بۆ رەباییەکانی مقەر فەوجەکە پێکراو گیانی سپارد.
هێزێکی سه‌ربازی سوپای عێراق له دوکان و سلێمانی یه‌وه به‌ره‌و ئه‌و سنووره کشان، هێزی پێشمه‌رگه له سابوراوا و حاجیتانه‌وه به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵۆ چه‌مچه‌ماڵی جێگری سه‌رتیپی 23 سورداش، دیوار به‌دیواری ماڵه‌کان، ده‌بابه‌کانی شکاند، به‌جۆرێک رووبه‌روویان بوەوه‌و بواریان نەدان بێنه‌پێشه‌وه، زیان به‌و پێشمه‌رگانه بگەینن، له‌سەر چیای دابان هاتبونه خواره‌وه بۆ شه‌ده‌ڵه‌و نزیک هۆمه‌ر قه‌وم. دواتر پێشمه‌رگه‌کان بەدیل و دەسکەوتەوە، له شه‌ده‌ڵه‌وە گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌گه‌ڵو و هه‌ڵه‌دن.
سابیر ره‌سوڵ و عومه‌ر پاڵه‌وان دۆشکه‌یەکیان له‌سه‌ر دابان دامەزراندبوو، رۆڵی سه‌ره‌کی و گرنگی بینی، بواریان نه‌دەدا هیزه‌کانی سوپا ی عێراق لەسەر جادەی سلێمانی بەرەو ئاراستەی شەدەڵەو هۆمەر قەوم بێنه پێشه‌وه. نەیدەهێشت کۆپته‌ره‌کان ئەو پێشمه‌رگانە دابێژن، لە کاتی کشانه‌وه له‌لاپاڵی چیاکەدا سەردەکەوتن بەرە و سەر شاخی دابان. عومه‌ر پاڵه‌وان به جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وتی له گه‌ڵ ئه‌و دۆشکه‌یەدا کرد، له کاتی ده‌سڕێژدا، په‌رده‌ی گوێی بریندار بوو، خوینی پیا هاته‌خواره‌وه.
له‌م داستانه‌دا ( 540 )سه‌ربازو ئه‌فسه‌رو جیش شه‌عبی کوژران .(198 )سه‌ربازو ئه‌فسه‌رو جیش شه‌عبی به‌دیل گیران پێشمه‌رگه کان ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌کی قورس و سوک و که‌ره‌سه‌ی جیا جیای سه‌ربازی دا گرت.
18 پێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدکران، ئیسماعیل عەترە پێشمەرگەی تیپی 53ی شیروانە لە نزیک رەبایەکەی دابان پێکرا، پێشمەرگەیەک کردیە کۆڵ، بۆ ئەوەی بیگەینە هەڵەدن، لە ناو قەدی شاخەدا کە گیانی سپارد، مامۆستا عەلی عەبدوڵڵای رابەر سیاسیی تیپی 51ی گەرمیان، لە گەرمیان بە ئیسماعیل عەترەو ئەیوبی برای وتبوو:
– ئێوە دووبرا پێکەوە مەیەن بۆ ئەو شەڕە.
بەڵام هەردوو براکە لە گەڵ هێزە هاوبەشەکەی تیپی 51ی گەرمیان و 53ی شیروانەدا هاتبوون، ده‌بوایه ئه‌مجاره‌یان ئەیوب ته‌رمی ئیسماعیل عەترەی برای له هه‌ڵه‌دنه‌وه لەگەڵ خۆیدا بباتەوە بۆ گه‌رمیان.
سەید برایم ی فەرماندەی کەرتی 3ی 25خاڵخاڵان، یەکیک بوو لە فەرماندە بە جەربەزەکان، لەگەڵ حەوت پێشمەرگە، لە قوڵەپوشینی کلکەی پیرەمەگرون دەستەی هچوم بوون بۆ گرتنی رەبایەک، سەید برایم ئاربیجیەکی نا بە رابایەکەوە و لە کاتی هەڵمەتا بۆ رەبایەکە رۆمانەیەکی هەڵدایە رەبایەکەوە، لە ناکاو چەند فیشەکێک بەرسکی کەوت و گیانی لەدەستدا.
پێشمه‌رگه‌یه‌کی تر ناوی وه‌ستا محه‌مه‌د بوو، لە تەنیشت عەبدولکەریم هەڵەدنی لە پاڵ رەبایەی (گۆڕە جولەکە )ی داباندا بوون، لە ناکاو وەستا محەمەد هەستا سەر پێ و بروسکە ئاسا هەڵمەتی بۆ رەبایەکە برد، گولەیەک سه‌رسنگی پێکا، لە شوێنی خۆیدا گیانی سپارد، عومەر هەڵەدنی، یەکسەر تەرمەکەی بە کۆڵ،گواستەوە بۆ دوای سەنگەرەکان.
له مزگه‌وتەکەی هه‌ڵه‌دن، جله‌کانیان له‌به‌ر شەهیدەکان داکه‌ند، بۆئه‌وه‌ی کفنی به به باڵایان بپۆشن، ده‌ستیان کرد به گیرفانیی وەستا محەمەدا، وێنه‌ی ده‌سگیرانه‌که‌ی تیا بوو.؟
سەرچاوە و پەراوێز: ئەکاونتی مەحمودی حاجی عومەر
* بۆ به‌یانی 15 / 2 / 1985 و رۆژانی داواتر، ده‌یان فه‌رده نان و ناوساجی و ئازوقه‌ی جۆراو جۆر‌و گۆشتی قوت‌و، له جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانی و رێکخستنه نهێنییه‌کانی ناو شار‌و خه‌ڵکی گونده‌کان، به تراکتۆرو وڵاخ گه‌یشتنه باره‌گای که‌رتی رێکخستنی دوکان له گوندی هه‌ڵه‌دن و باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی دوو له گوندی سه‌رگه‌ڵو.
* ئەم نوسینە کورتە تەنیا بۆ یادکردنەوەی ئەو داستانەیە.
وێنەکان.
یەکەم/ والی باریکەیی
دووەم/ ئیسماعیل عەترە،
سێیەم/ سەید برایم .
چوارەم/ وەستا محەمەد
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: حکومەتی پینە و پەڕۆ.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: داستانی سەرای عەبدولرەقیب یوسف.
-عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: مەمرە و مەژیی.
- All Posts