نەوزادى موهەندیس: چۆن ئیدارەیەکى باش و سەرکەوتوو پیشانى جیهان بدەین؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
لە بڕگەیەکى وتارەکەى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتوەکاندا خاتوو جنین بلاسخارت لە 2 /2/ 2023دا لە کۆبونەوەیەکى خولى نەتەوە یەکگرتوەکاندا ڕاپۆرتى خۆى دەربارەى بارودۆخى عێراق بەگشتى پێشکەشکرد و لە بڕگەیەکدا باسى لە (هەرێمى کوردستان) کرد کە بەداخەوە دانینا بەو ڕاستیەدا کە لەهەرێمى کوردستاندا (ئیدارەیەکى باش و سەرکەوتوو نیە و پیادە ناکرێت لە حوکمڕانى و دەسەڵاتدا و بەڕێوەبردنێکى باش بوونى نیە).
بەڕاستى ئەمە دووەم جارى ئاشکرایە کە ئەو خاتوونە بە بوێرى و ئاشکرا و ڕاشکاوانە لەبەردەمى نەتەوە یەکگرتوەکاندا و دواتریش ڕووبەڕوو بە سەرجەم سەرۆک حیزبە سیاسیەکان و سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەتى ڕاگەیاندووە کە دۆخى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستاندا بە ئاقارێکى هەڵە و پێچەوانە لەگەڵ سیاسەتى زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتوەکاندا دەگوزەرێت کە بەڕاستەوخۆش دژبەرە لەگەڵ بەرژەوەندى ئەم هەرێمە و دەسەڵاتەکەى و کۆمەڵگاکەشیدا و بەزیانى گەورەتریش دەشکێتەوە گەر فریانەکەون و هەوڵى ڕاستکردنەوە و خۆگونجاندن و ئاشتەوایى و پێکەوەکارکردن نەدەن چ لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێمدا و چ لەگەڵ حکومەتى ناوەندى بەغداد و چ لەگەڵ دۆستە هاوپەیمانەکانى گەلى کوردا. بەڵام بەداخەوە پێش ساڵێک و زیاتریش ئەم ئاگادارییەى داوەتە هەمووان بە عێراقیەکانیشەوە، بەڵام وەک دەوترێت هەمووان یەک هەنگاویشیان نەناوە بەرەو ڕاستکردنەوە و چاکسازى ڕاستەقینە لەبەرنامە و فکر و تێڕوانین و مامەڵەکردنیاندا بۆ ئاسایکردنەوەى هەموو بارودۆخەکان و بگرە دۆخەکان خراپتر بوون باشتر نەبوون.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا سەرکردە سیاسیەکانى کوردستان هێندە بەهێز و بێباکن لەگوشار و مەترسى و ئاڵنگاریە ناوچەیى و جیهانیەکان وا گوێ بەهیچ ئامۆژگاریەک نادەن لەدۆستەکانەوە؟ ئایا گەرەکیانە بەردەوامى بدەنە ئەم ئەزموون و دەسەڵات و حوکمڕانیە یان ئەوەتا گەرەکیانە بەسەرهەمواندا بڕوخێت و لەناوبچێت؟ ئەى هۆکار چییە بۆ ئەم هەموو خەمساردییەیان کە بەگەرموگوڕى دانانیشن و گفتوگۆى جدى و ڕاشگاوانە لەگەڵ یەکدا ناکەن؟ و گەلێک پرس و بۆى تریش.
ئاشکرایە لاى هەمووان کە جیهان و ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان بە قۆناغێکى پڕ مەترسى و ئاڵنگارى گەورەدا تێپەڕدەبن لەسایەى جەنگى ڕووسیا-ئۆکراینا و بەرزونزمى نرخەکانى نەوت و گرانبوونى نرخى هەموو پێداویستیەکان و ململانێ شاراوە و ئاشکراکانى نێوان ئەمریکا و چین و ئێران و مەترسیەکانى تیرۆریستان و… هتد. لە ڕووى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و تەندروستى و ئەمنیەوە کە هەموانیان نەک هەر بۆ هەرێمى کوردستان بۆ تەواوى جیهان مەترسى گەورەن.هەربۆیە هەریەکە لە جێگە و پێگە و بەرژەوەندى خۆیەوە لەهەوڵدایە کە کەمترین زیانى بەربکەوێت و خۆى و وڵات و کۆمەڵگاکەى سەلامەت لێى دەربچن هەر لە زلهێزەکانى دونیاوە تا زلهێزەکانى ناوچەکە کە هەموانیان خاوەنى دەوڵەت و سنور و سەروەرى نێودەوڵەتین.ئەى بۆچى ئێمە لەهەرێمى کوردستان کە خاوەن تەنها هەرێمێکى بچووکى ناو دەوڵەتێکى فیدڕاڵى عێراقین هێندە خەمساردو بێباکین بۆ خۆپاراستن و مانەوە و بەردەوامى ئەم دەسەڵاتەمان.
ئاشکراشە نەهێزێکى سوپاى یەکگرتووى بەهێز و تۆکمەمان هەیە بۆ پاراستنى سنورەکانمان و ئەوەتا ڕۆژانە هێرش و پەلامار و بۆردومانى ئێران و تورکیاى دراوسێمان بەردەوامەو ئێمەش جگە لەناڕازەیى و بەیاننامەى بێئومێدى هیچیترمان لەدەست نایەت. بەهەمان شێوە لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنیەوە هێندە لاوازین کە بەرگەى بچووکترین فشار و گوشار و گەمارۆ ناگرین و ملکەچ دەبین بۆیان. ئەى کەواتە بەم حاڵە زۆرخراپەى سیاسى و ئابورى و ئەمنیەمانەوە باشتر نیە کە بکەوینە خۆ بۆ ڕێکخستنەوەى ڕیزەکانمان و ئاشتکردنەوەى هەموان لەگەڵ یەکتردا و دانیشتنمان لەسەر یەک مێزى گفتوگۆى برایانە و خەمخۆرانە و کارکردنى پێکەوەیى وەک شەریکى ڕاستەقینە و خاوەن ماڵ بۆ ئێستا و ئایندەى دەسەڵاتەکەمان.
کورتترین ڕێگاى ڕاست و ڕۆشن بۆ چارەسەرکردن لاى هەمووان ئاشکرایە و پێویست بە ڕێبەر وڕێنموونى و ئامۆژگاریکەرى دەرەکى ناکات کە ڕێگەکەمان پیشان بدات، بەڵکو پێویستە و ئەرکى نەتەوەیى و مێژووى دەیسەپێنێتە سەرهەمووان کە وەکویەک و بەیەکسانى و دوور لە غرورو و قۆرخکارى و خۆسەپاندن و خۆ بەگەورەزانین مامەڵە لەگەڵ یەکتر و دۆخەکەدا بکرێت و جەخت لەسەر خاڵە ناوکۆییەکان بکرێتەوە و خاڵە جیاوازیەکانیش کاڵتر و کاڵتر بکرێنەوە. چونکە ئایندە و بەرژەوەندى گەلەکەمان و ئەزمونەکەمان و مێژوو و خوێنى هەزاران شەهید و کەمئەندام و شەونوخوونى هەزاران پێشمەرگە و خانەوادە سەربەرزەکانیان ئەوە دەسەپێننە سەر هەمووان کە بەتەنگ مانەوە و پاراستنى ەوارەى ئەم هەرێمەمانەوە بین. چونکە گەر خوانەخواستە لەدەستدەرچوو ئەوا بە دەیان ساڵى تر ئەزموون و چانسێکى ترمان بۆ دووبارە نابێتەوە.
هەق وایە کە هەموان بە دڵ ودەرونێکى ساف و بێگەردە و دوور لە ڕق و کینى کۆن و دوور لە میزاجى کەسى و حیزبى و دوور لە خۆسەپاندن و تاکڕەوى و غرور و عینادى سیاسى مامەڵە لەگەڵ یەکدا بکەین و سیما و گیانێکى حوکمڕانیەکى ڕاشد و عاقڵ و ساغڵەم پێشکەش بە گەلەکەمان و ناوچەکە و دونیاش بکەین و ببینە نموونەیەکى جوانى حوکمڕانى لەعێراق و ناوچەکەشدا بۆئەوەى ببینە جێگەى متمانەى زیاترى دۆستەکانمان و دوژمنانى گەلەکەشمان دڵ بتەقێنین، ئەوەش بە ئەنجامدانى کارى پێکەوەیى وەک یەک تیم لەحکومەتى هەرێمدا و کەوتنە خۆ بۆ چێکردنى پڕۆسەى چاکسازیەکى ڕاستەقینە و هەوڵدانى گەرموگوڕە بۆ نەهێشتن و بەرگەگرتن لە گەندەڵى و نادادپەروەرى و نەشاردنەوە و ئاشکراکردنى تەواوى داهات و خەرجیەکانە و کۆکردنەوە و دابەشکردنەوەیانە بە یەکسانى و وەک یەکى بەسەرهەموو ناوچەکاندا بێ جیاوازى.
جگە لەم مامەڵە ڕاستودروست و حەکیمانەیە هیچ ڕێگەیەکى تر نیە بۆ نیشاندانى سیماو و ڕوویەکى جوانى دەسەڵاتەکەمان. جا تا کار لەکار نەترازاوە هەق وایە هەموان لە لاى خۆیانەوە هەنگاوى دەستپێک هەڵبنێن نەک زیاتر لەیەکتر دوور بکەونەوە،چونکە لەکۆتادا مێژوو بەزەیى بەهیچ کەسدا نایەتەوە و بەهەموو باش و خراپیەکانەوە تۆماردەکرێت بۆ نەوەکانى ئایندەمان. جاگرەوى بردنەوە و نەمرى و دڵسۆزى و خەمخۆرى بۆ ئەو سەرکردە و لایەنە سیاسیەیە کە هەمیشە دەرگا و دەستى ئاواڵە و درێژە بۆ ئاشتى و برایەتى و کارى پێکەوەیى و دانیشتن و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنەکان و چاکسازى و پاراستنى ئەزموون و دەسەڵاتەکەمان بەپێچەوانەشەوە زەلیلى و ڕووڕەشى مێژوو و بۆ ئەو سەرکردە و لایەنە سیاسیانەیە کە هەمیشە دژبەرن لەگەڵ بەرژەوەندیە باڵاکانى گەل و نیشتماندا و تەنها و تەنها لەخەمى بەرژەوەندیە تاکە کەسى و حیزبى و ناوچەکەى خۆیاندان.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی