نەوزادى موهەندیس: هەڵبژاردن، یان لەکارخستن!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
دواى ئەوەى لەلایەن ددگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراقەوە لە ڕێکەوتى 30/ 5/ 2023 دا بڕیاردرا بە نادەستوورى بڕیارى درێژکردنەوەى تەمەنى پەڕلەمانى کوردستان بۆ ماوەى 1 ساڵ لە 9/ 10/ 2022دا و پوچەڵکردنەوەى هەمووئەو یاسایانەى کە دەرچوون لەو ماوەیەدا.
ئیدى ئەم بڕیارە کۆتایى بە پاشاگەردانى یاسایى لە کوردستان و مەجازى کەسى و حیزبى و سەرکردەکان هێنا و بۆئەوەى چیدى ئەم نەریتە نادیموکراسى و خۆسەپێنى و قۆۆرخکاریە نەبێتە نەریتێکى باو بۆ ئایندە لە عێراقیشدا و ڕێگە لە سەرکردە و حیزب و پاوانخوازیەکانى دەسەڵاتداران بگیرێت. بەداخەوە نەریتى درێژکردنەوەى تەمەنى پەڕلەمانى کوردستان هەر لەساڵى نەوەدەکانەوە سەریهەڵدا لەکاتى شەڕى ناوخۆدا و چەندین جار بۆ مانگ و 3 مانگ و ساڵ و دواتریش بۆ چەندین ساڵ درێژکرایەوە تا هەڵبژاردنى خولى دووەمى پەڕلەمانى کوردستان لە ساڵى 2005دا و دواى 13 ساڵ ئەنجامدرا کە بۆخۆى تەنها بۆ 4ساڵ بوو، سەیر لەوەدابوو ئەوان شەڕیان لەسەر گرد و شاخ و دۆلێکى بچووک دەکرد و بەهەزاران ڕۆڵەى ئەم گەلە بەناڕەوا بوونە قوربانى، بەڵام بۆ مانەوەى خۆیان پەنایان بۆ یاساییکردنى پەڕلەمان دەبرد بەناو بۆئەوەى شەرعیەتى قەوارەکەى هەرێم بمێنێت لەکاتێکدا دەستى هەرسێ داگیرکەرەکەى کوردستانیان دەگرت بۆ سەر قەوارەى هەرێمەکە لە تورکیا و ئێران و ڕژێمى بەعسیش.
ئەم بڕیارەى دادگاى باڵاى فیدڕاڵی توانى کە بەرزترین دامودەزگاى شەرعى و هەڵبژێردراوى هەرێمى کوردستان سڕبکات و بەناچارى و بەنابەدڵیش دواى یەک مانگ ئەوکات هەمووان بەسەرۆکایەتى و ئەندامانى پەڕلەمان و فراکسیۆنەکان دەستیان لەکارهەڵگرت و چوونەوە ماڵەوە.
بەڕاستى گەر ئەم بڕیارە نەبوایە ئەوا وەک ساڵى نەوەدەکان درێژەیان بە تەمەنى خۆیان بۆ چەندین ساڵى تر دەداو زەمەنیان بۆ 20ساڵى پێشووتر دەگێڕایەوە بۆ دواوە لە پێناو مانەوە و دەسکەوت و بەناو پارێزگاریکردن لە شەرعیەتى قەوارەى سیاسى هەرێمى کوردستان.
خۆشبەختانە ئەم بڕیارە مولزەمە و پێویستە لەسەر هەمووان جێبەجێبکەن، جا گەر بڕیارێکى ئەو دادگایە دامودەزگایەکى هەڵبژێردراو و یەکێک لە سێکوچکەى دەسەڵاتەکانى ((یاسادانان))ى هەڵوەشاندبێتەوە لەهەرێمدا،کەواتە ماناى وایە هەموو بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى هەر دامودەزگایەک، یان ڕێکخراوێکى تر جا حیزبى بێت یان دیموکراتى و پیشەیى بێت یاسایى و دەستورى نابن و پێویستە هەموان، یان بەزووترین کات هەڵبژاردن بکەن، یان دەبێت لەکاربخرێن و دووربخرێنەوە و تاهەڵبژاردنێکى پاکوخاوێن و دوور لە ساختەکارى و فڕوفێڵ ئەنجام دەدرێت.
بۆیە پێویستە لەهەرێمى کوردستاندا هەر لەسەرکردە سیاسی و حیزبە سیاسیەکان و هەموو ڕێکخراوە پیشەیى و دیموکراتى و یانە و تیپ و… هتد. چیدى ملهوڕى نەکەن و لەپێناو مانەوە و دەسکەوتى ناڕەوا و بەبیانووى خەموخۆرى و دڵسۆزییەوە لە پۆستەکانیدا درێژە بەتەمەنى خۆیان نەدەن و پابەندى یاسا و ڕێساکان بن و هەمووان لەکاتى خۆیاندا هەڵبژاردن بکەن لە پێناو گەششانەوە و نوێبوونەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ تەوژمە نوێکانى ژیان و قۆناغەکان و هێنانە پێشەوەى توانا و وزەى نوێى گەنجان و نەوەکانى ئێستا و ئیدى خۆدووربگرن لە قۆرخکارى و پاوانخوازى، چونکە هەموو مانەوەیەکى ناڕەوا دەبێتە مایەى سەرهەڵدانى ناڕەزایى و توڕەبوون و زویربون و ڕەخنەگرتن و دواتریش سەردەکێشێت بۆ پەنابردنە بەر دادگاکان و ئەنجامیش لەکارخستن و دورخستنەوەیانە لەکار بە شێوەیەکى ناشیرین.
لەکۆتایدا لەسایەى ئەو بڕیارەى دادگاى فیدڕاڵیدا بەپێى یاساکان بۆ هیچ حیزب و دامودەزگایەک بەتایبەتى کە بەهەڵبژاردن هاتبن و نوێنەرایەتى گەل، یان چینوتوێژێکى دیاریکراوى ناو کۆمەڵگە بکەن بۆیان نیە و لەدەسەڵاتى خۆیاندا نیە کە تەمەنى خۆیان درێژبکەنەوە و هەر درێژکردنەوە و هەموو بڕیارەکانیشیان لەو ماوەیەدا بە بێ بنەماو نایاسایى ئەژماردەکرێت، چونکە وەک دەوترێت (( ما بنى على باگل فهو باگل)).
هەربۆیە هەق وایە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان کە خۆشى بۆتە کاربەڕێکەر و دەسەڵاتەکانى کەم و بچووک و دیارکرا ماونەتەوە ڕێگەنەدات چیدى بەناوى حیزبایەتى و لایەنگریى حیزبیەوە هیچ دامودەزگایەکى ئەم هەرێمە بەنایاسایى و نادەستورى درێژە بەتەمەنى بەسەرچووى خۆیان بدەن، لە پێناو ئەوەى کە تەواوى قەوارە سیاسیەکەى هەرێم کە هەمووان بەناو پشتیوانى لێدەکەن نەبێتە قەوارەیەکى نادەستوورى و نایاسایى لەهەموو ڕووەکانەوە و بەدەستى خۆمان چاڵ هەڵنەکەنین بۆ قەوارەى سیاسى هەرێمى کوردستان کە بەداخەوە لە ئێستادا لە خراپترین دۆخى خۆیدایە لە ڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و دارایى و …هتد. بەهۆى ململانێ سیاسیە ناڕەواکانەوە و تەنهاو تەنها لەپێناو مانەوە و سەپاندنى هەژموونى حیزبى و کەسى و بنەماڵەییدا. وەک دەڵێن: العبرە لمن یعتبر، و هەق وایە هەمووان پەند لە هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتن و لەکارخستنى پەڕلەمانى کوردستان وەربگرن و خۆیان نوێبکەنەوە بەچێکردنى پڕۆسەیەکى هەڵبژاردنى بێگەرد و بوژاندنەوەى گیان و ژیانى دیموکراسیەکى ڕاستەقینە لە هەرێمەکەماندا. هەربەمەش متمانەى گەل و چینوتوێژەکان و تەواوى کۆمەڵگەی کوردى بەدەستدێنرێتەوە و قەوارەى هەرێمەکەشمان لەناوچوون و بچووکبونەوە و نادەستورى دەپارێزین دوور لەموزایەدەى سیاسى کاڵوکرچى سواوى بێ ئەرزش.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی