بەهرۆز جەعفەر: بۆچی هێشتا نەوت و گاز نەبوەتە پرسێکی نیشتیمانیی لە هەرێمی کوردستاندا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەوت و گاز، کۆمەڵێک پرسی گرینگە لە یەککاتدا، بە بێ ئامادەگی و توانایی بۆ کێڵانی زەوی بەیار لە یەکێکیاندا، هەموو ئەوانەی تر کورت دەهێنن. نەوت و گاز پرسی: گرێبەستە (چۆن پارە لە نێوان کۆمپانیاو دەوڵەتی خانەخوێدا دابەش دەکرێ)، جیۆپۆڵەتیکە، بازاڕە، ژینگەیە، جیۆلۆجییە، پرسی ئاسایش و لێزانینی ئاسایشی وزەیە، بابەتی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی (التحكيم الدولي- Arbitration)ە، بابەتی سەرەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، پرسی بانکەکان و بازاڕە داراییەکانە، پەیوەندییە گشتییەکان و لۆبیکردنە، هەروەها ئەمە بابەتی ئەندازەیی، و پیشەسازیی و دیجتاڵیزەکردنە. هەروەک پرسی جێبەجێکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانە (کە لەناو کۆمپانیاکاندا بە CSR ناسراوە). هەر بەڕاستی هەموو ئەمانە خرابونە جانتای یەک کەسێکەوە!؟
تۆ کە ڕاستی لە پێناو تاک و خاکی نیشتیماندا دەڵێیت، هەموان بە مەترسییت دەزانن. تۆ کە پرۆژەیەک خۆبەخشانە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکە پێشکەش دەکەیت، ئەوان بە گومان و هەڕەشە لێی دەڕوانن.
لێرەدا، “بەیتی قەسید” ئەوەیە سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە ساڵی (2002) ەوە دەستیان بە هێنانی کۆمپانیاو گرێبەستکردن کردوە، بێ ئەوەی هیچ شتێک لەو بابەت و پرسانەی سەرەوە بزانن، بێ ئەوەی یەک دامەزراوەیان بۆ تەنانەت یەک پرس لەو پرسانەی سەرەوە درووست کردبێ، دێن و “بەناو” دەکەون؛ ئەی بێگومان ئەمە زانستەو هەڵەی قبووڵ نییەو لەوسەرەوە کارەساتی لێدەکەوێتەوە. ئیشەکە لەسەرەتاوە بە هەڵە هاتوە، ئەنجامەکەی ئەوەبوو (وە ئەوەیە) تا پیشەسازیی نەوت و گاز لە هەرێم چوەتە پێش قەیرانە داراییەکان لەسەر هەرێمەکە کەڵەگەتر بوون؟
ساڵی (2001) دوو کەس، یەکێکیان کۆمپانیای کەرەستەی ناوماڵی هەیە لە تورکیاو ئەویتریشیان لە بوارێکی دیکەدا هەندێ پارەی دانراوی هەیە، لە میانەی سەردانێکی سەرۆکی ئەوکاتەی ئیدارەی سلێمانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان “کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی” بۆ ئەنکەرا لە ساڵی (2002) دا، داوا دەکات کۆمپانیای تورکی بێن بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی تەق تەق دا، ئیتر ئەوانیش خێرا کۆمپانیایەک بەناوی “گەنەڵ ئینرجی-Genel Energy” درووست دەکەن و دێن، بێگومان لەوسەرەوە سەروەتە نیشتیمانییەکە وێران و بە فیڕۆدەچێ کە لە دوای ملیۆنەها ساڵ لە چینە بە-بەردبوەکانی ژێر زەویدا بوونەتە غازات و پێکهاتەی نەوتییان لێ درووست بوە. ئێستاش یەکێ نەبو بپرسێ بۆچی کێڵگەی تەق تەق لە (2015) ەدا سەروو (140) سەت و چل هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنا، ئیمڕۆکەی کۆتایی (2023) کێڵگەکە توانای بەرهەمهێنانی (3) تەنها سێ هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا نییە!؟ بۆ یەکەمین جار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوت لە کوردستان و لە کێڵگەی چیا سورخ ساڵی ( 1903) دۆزراوەتەوە، دوێنێ کێڵگەکە وشکی کرد؟ نەخێر نەوت و ئاو تێکەڵ بوو، تووشی داخورمان بوەتەوە؛ کەس نەیپرسی، هەر کەسێ نەبوو بڵێ بۆ؟! ئیتر ئەم نمونانە لەسەرانسەری کوردستان (بەشێوازی ترسناکتریش هەبوون و هەن).
ساڵی (2006) بەدواوە، ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان لەبری کۆمپانیای کوردیی- نیشتیمانیی- خزمەتگوزاریی بواری نەوت دابمەزرێنن و کادیر لەبوارەکەدا پێ بگەیەنن، دەچن گڕیبەست لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکان دەکەن. کە سەدام لە عێراق ڕووخا هێشتا هەرێمی کوردستان دوو ئیدارە بوون، هەر بەو تێگەیشتنەی پێشوتر ڕوویان کردە نەوت و گاز (وەک چۆن هەر ئاوهاش چوونە ناوچە دابڕاوەکانەوە).
ڕاستی هەموو بابەتەکە ئەوەیە، دەستەڵاتدارانی کوردستان (هەندێکیان) بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، لەسەر خاکی کوردستان، لەسەر ئەو سامانەی کە بە ملیۆنەها ساڵ وەک نیعمەتێک درووست بوە لە ژێرخاکی کوردستاندا، گریبەستی نەوتیان لەگەڵ خۆیان کردوە نەک لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان؛ دەیان کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەن گوایە کەنەدی و بەریتانی و ئەفریکی و تورکی و تەنانەت ئیماراتین، بەڵام برادەرانی دەستەڵات، یان دەوروبەری دەستەڵات، یان خەڵکانی بیانی کە دۆستی برادەرانی دەستەڵات بوونە، چوون کۆمپانیایان لە وڵاتانی دەرەکی تۆمارکردوەو، هاتوون لە هەرێمی کوردستان گرێبەستیان بۆ واژۆکراوە! سادەترین دەرئەنجامی خراپی ئەوەش ئەو دوالیزمە بوە کە تا نەوت و گاز زیاتر بەرەو پێش چوە، قەرزو قەیرانی دارایی کەڵەگە تر بوە لەسەر هەرێمی کوردستان، چوونکە تێچووی ئەو کۆمپانیایانە زۆر زۆر بوونە، تەنکەرێک ئاویان لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی نیزیک بە ( 1000) هەزار دۆلار گواستۆتەوە! هەر کوێخاو پێشمەرگەیەکی دێرینی خانەنشین کە ماڵی لە نیزیک کێڵگەکانە خاوەی زۆری لەو ناوچانە وەرگرتوە و خەڵکی بەسەردا فەرزکردون؛ هەیە لە بەر کەیسی یاسایی دی فەرمانی گرتنی هەیە، کەچی لەترسی ئەوەی تەقە لە تەنکەرەکان نەکات، لە کێڵگەکانەوە پارەی دەدرێتێ! هەرکەسێکیش ئاوها باسی کردبێ، دیدی زانستی و نیشتیمانیی بێلایەنی خستبێتە ڕوو، کەوتۆتە بەر نەفرەتی هەموو دامودەزگا حکومیی و حیزبی و ئەمنییەکان و ناوی خراوەتە داتا بەیسەوە کە لە هەموو شوێنێکدا بە هەڕەشە تەماشای بکەن. خۆزگە ئەو شتانە ببونایە، بەڵام نابێت هەر بە زۆر و بە هەڵە تۆ سواری پرسێکی هەستیارو ستراتیجیی بیت (باڕاشکاو بین کە نابێت، دە ساڵ پێش ئێستا بوترایە نابێت دۆخەکە ئیمڕۆ زۆر باشتر دەبوو).
هەر ئەو تێچووە زۆرەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانیشە، کە ساڵێک زیاترە دەیان کۆبونەوە کراوە، بەغدا لەگەڵ هەڕێم و کۆمپانیاکان ناگاتە ڕێککەوتن. تێچووی بەرمیلێک نەوت لە بەغدا لە نێوان (2 بۆ 6 دۆلارە) لە هەرێم تا ( 32 ) دۆلار دەڕوا؛ ئێ نێوانەکە زۆرەو ناگەنە ڕێککەوتن.
ئینجا خەڵک هەبوە، کارمەندی ئاسایش بوە، بە هەرهۆیەک بوە کراوەتە پەرلەمانتار لە بەغدا (ڕەنگە تا ئێرە ئاسایی بێ) لەوێش بوەتە ئەندامی لیژنەی نەوت! ئەمە لە بەغدایەک چی دەکات کە ئێستا کەسانێکی وای عەرەب و تورکمان لەناو وەزارەتی نەوت و سۆمۆ دا هەن نیزیکەی پەنجا ساڵ ئەزمونیان هەیە لە بوارەکەدا؟! سەیری بکە؛ لە یاسای بودجە بڕگەی ( 11 ) دەڵێ بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق تەواوی تێچووی نەوت خەرج دەکرێ، بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تەنها تێچووی کارکردن (کولفەی تەشغیلی) خەرج دەکرێ، ئێ ئەمە ستەمێکەو تێپەڕبوەو کەسێک نەبوە ڕێگەی لێ بگرێ!
با وای دابنێین، گرێبەستی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیا و لەسەر ( 12 ) بلۆکی نەوتی هەرێم هەنگاوێکی مێژویی بوەو، نەوتی کوردستان چوەتە بازاڕەکانی جیهانەوەو، بۆ ماوەیەک ئاسایشی بۆ هەرێمی کوردستان دابین کردوەو، تورکیای لە پەلاماردەرەوە کردوە بە هاریکار. ئەی گڕیبەستی حوزەیرانی 2017 لەگەڵ ڕووسیا کە هەرێمی کوردستان ( 3.5) سێ ملیارو نیو دۆلاری پێشوەختە وەرگرتوە لە ڕۆس نەفت بەرانبەر ڕادەستکردنی ( 5 ) بلۆکی نەوتی و ڕادەستکردنی خاوەندارێتی (60٪) ی هێڵی بۆڕی نەوتی کوردستان؟ ئەم بابەتانە پرسی جیۆپۆلەتیکی وزەن و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە هەموو ئاستەکانی ئاسایشی نیشتیمانییەوە، بە بێ سەر لێدەرکردن و توێژینەوەکاریی زۆر و دواندنی خەڵکانی دووربین و پسپۆڕی ئەملاولای جیهانیی، نابێ توخنیان بکەوی. لە پشتی هەندێ بابەتەوە تەواو دیارە کە بە دەستی دوو یان سێ گەمەی هەواڵگریی وڵاتان کاری خۆی کردوە. ئێستا ڕوانگەی تۆ بەرەو ڕووسیاو هێڵی ئازەربایجانە، یان دەریای ناوەڕاست، وە یان کەنداو؟ چۆن دەکاریت وەرچەرخانی جیۆپۆڵەتیکیی بەرپابکەی بۆ ئەوەی لەبەشە گەورەکەی تەڵەزگەکان قوتارت بێ؟!
ڕاستییەک بۆ مێژوو بڵێم؛ کاتێک جەنابی بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو، ئێمە بینیمان، ئەو ڕوانگەکەی درووست بوو، گوتی؛ ئێمە لە عێراق کەمینەین، هەرکاتێک مەترسییمان هەیە ئەقڵیەتی جاران درووست ببێتەوەو پەلامار بدرێینەوە ( وەک دواتریش دەیان کەڕەت پەلاماری هەرێم درا. بودجە بڕدراو فیشەکێک بو پێشمەرگە نەنێردرا لەشەڕی داعشدا) بۆیە پێویستمان بەوەیە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان بهێنین، هەرکاتێک حاڵەتێک ڕووی دا وڵاتەکانیان بەرگریمان لێ بکەن. ئێ بەڵام بارزانی نیەتێکی دڵسۆزانەی هەبوەو، شتێکی وتوە، لەوسەرەوە شتێکی تر کراوە؟ شتێکی تر دەبینین! تەنانەت چەند ساڵێکە تا پرسی نەوت لە ناوەوە دەچێتە پێش پاڵپشتی هەرێمایەتی و جیهانی بۆ هەرێمەکە کەمتر دەبێتەوە! ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم قسانە بۆ کوردستان، بۆ نەوەکانی ئێستاو ئایندە بڵێین (وەک پێشوتریش وتومانە) بۆ ئەوەی تەنهاو تەنها لە پێناو مانەوەی کوردستان؛ بەرەیەکی بەرگریی بەهێزی ناوەندیی درووست ببێ، تا پێداچوونەوە بە هەموو پرۆسە نەوتییەکاندا بکرێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت