شێرزاد شێخانی: دمبکچی..!
نەتیجەی خراپ ئیدارەدانی حوکمی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتی پارتییەوە بە درێژایی زیاتر لەنیو سەدەی رابردوو، جۆرە سەقافەتێکی تازەی نامۆ بە ئەخلاقیاتی کۆمەڵگەی کوردەواری لێ هاتۆتە بەرهەم. ئەو حوکمە دیکتاتۆرو عەشایەرو تاکڕەو و خۆسەپێن و دواکەوتووەی پارتی کە بە تەزویری ئینتخابات و فرتوفێل ودزی و قاچاخچیاتی و قۆڵبڕین و ساختەچێتی حوکمی ئەو هەرێمەی ئێمە دەکات، جیلێکی تازەی بەرهەمهێناوە کە هاوشێوەی خۆیەتی.
سەردەمانێک خەڵکی تا ئەو رادەیە خراپەکار نەبوون، دەرمانی ساختە بەقاچاغ بێننە بازاڕەوە. تاجیرەکانمان ئەوەندە بێویژدان نەبوون خواردنی ژەهراوی ماوە بەسەرچوو بە خەڵک بفرۆشن. مۆزەف ئەوەندە بێباک نەبوو بە رۆژی نیوڕانان بەرتیل لەموراجیع وەربگرێ، هەتا ئیشەکانی بۆ راپەڕینێ. مەسئول ئەوەندە بە جورئەت نەبوو پارەی دەوڵەت بخواو ترسی لەمحاسەبەکردن نەبێ. دەستوپێوەندی مەسئولەکان ئەوەندە ئازا نەبوون وڵاتەکەمان پڕ حەشیشەو تلیاک بکەن و گەنجەکانمان بە لاڕیدا ببەن. دەسەڵاتداران ئەوەندە بێ شەرم و حەیا نەبوون دەیان مەلهاو مەساجخانەی لەشفرۆشی لەناو شارەکانمان بڵاو بکەنەوە. حکومەتیش ئەوەندە بێدەسەڵات نەبوو، دەیانو سەدان پاڵاوگەی بەنزین لەچواردەوری شارەکان بڵاو ببنەوەو بەبێ هیچ مەرجێکی تەندروستی دوکەڵی ژەهراوی بەسەر خەڵکیدا ببارێنن. دادوەر ئەوەندە ترسنۆک نەبوو بە وەرقەی حزبێک حوکمی دەیان گەنجی خێر لەخۆ نەدیت بدات و لەزیندانەکانی دەسەڵاتیان بپەستێ. تەنانەت مەلاکانی مزگەفتیش ئەوەندە ترسنۆک نەبوون نەوێرن لە خوتبەکانیان دوو قسەی حەق بەرامبەر دەسەڵاتی زاڵمو ستەمکار بکەن و دیفاع لەمافی ژیانو قووتی خەڵک بکەن.
مەسەلە کوردییەکە دەڵێ: ( گەورە ئاوی دەڕێژێ و گچکە پێی لێدەنێ ) کە دەسەڵات خۆی قاچاخی بە نەوتو سامانی میللەت کرد ئیدی بۆچی خەڵک لە قاچاخچێتی بترسێ. کە دەسەڵات خۆی ستەمکار و پیاوکوژ بوو، بۆچی چەکدارێکی هەرزەکار لەوە بترسێ تەقە لەبراو باب و مامی خۆی بکات؟.
ژیینگەی هەولێر تا ئەو ئاستە پییس بووە بە دووکەڵی موەلیدەو سەیارەو پاڵاوگەوە، ئایا تا ئێستا کەسێک لەو دەسەڵاتە خەمی ئەو ژیینگەیەی خواردووە؟. کێشەی کارەبا سی ساڵە بەردەوامە هیچکات حکومەت بیری لەچارەسەر کردۆتەوە؟. ئەو کارەبایە کەمەی هەشمانە بە چ ویژدانێک خەڵکی لێ مەحرووم دەکرێ و بە پارە دەفرۆشرێتە موسڵ و کەرکوک؟. کەس لەو دەسەڵاتە خەمی ئەوەی هەبووە کێشەی ئاوی خواردنەوەی هاوینان چارەسەر بکا؟. سنوورەک لۆ لافاوی زستانان دابنێ؟.
ئەوانەی باسمکردن ناڵێم لەسەردەمەکانی رابردوو بوونیان نەبووە، بەڵام تا ئەو ئاستە نەبوو بە دیاردەو بێ موحاسەبەش هیچ تاوانێک تێنەدەپەرێ. یاساو مەحکەمەو دادوەری بە ویژدان هەبوون. حزبەکانیش تا ئەو رادەیە دڕەندەو وەحش نەبوون هەموو شتێک بۆ خۆیان ببەن وهیچیش نەدەنە میللەتەکەیان.
ئەوە مەخڵەسی کەڵامە بەرامبەر بە هەموو ئەو بێزاری و نەفرەتییەی میللەت لەو دەسەڵاتەی پارتی کە هەرچی قییەم و ئەخلاقی جوانە خستویەتیە ژێر پێیەکانیەوە. ئەو بێ ویژدانییەی لەناو کۆمەڵگەشدا بڵاوبوویتەوە هەمووی بەرهەمی ئەو دەسەڵاتە قێزەوننەیە کە لەبەر چاوی میللەت رەشبووەو جارەکیدی ناکەوێتەوە دڵی میللەتەوە.
عارەب قسەیەکی جوانیان هەیە رێک لەگەر ئەو وەزعە دەگونجێ کە دەڵی: اذا كان رب البيت للدف ناقرا، فشيمة أهل البيت الرقص. واتا ئەگەر گەورەی ماڵ پییشەی دمبکچی بوو، هەموو ئەندامانی خێزانەکەی دەبنە سەماکەر وەکو دۆم و قەرەجەکان .. باقی وەلسەلام ..
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
-
شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
- -
شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- -
شێرزاد شێخانی: قەیرانە دەستکردەکانی دەسەڵات.
- All Posts