عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: سیناریۆی خانه‌واده‌یه‌ک.
سه‌دام حسین له عۆجه‌وه گه‌یشته گه‌ڕه‌که میللییه‌کانی به‌غداد و ناو ئۆرگانه جیاجیاکانی حیزبی به‌عس، به زنجیره سیناریۆیه‌ک، زۆربه‌ی کادره پێشکه‌وتوه‌کانی حیزبی به‌عسی له ناوبرد، بوو به سه‌رۆکی مه‌جلسی قیاده‌ی الثوره و سه‌رۆک کۆماری عێراق.
جه‌نگی عێراق و ئێرانی بۆ 8ساڵ به‌رپا کرد، ئه‌نفال و کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌و باشووری کوردستانی کرد، کوێتی داگیرکرد، عێراقی کرد به نیشتمانی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کان، هه‌موو عێراقی له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی خۆی و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و جوگرافیایه‌کی بچوکی عۆجهدا کۆنترۆڵ کرد، ده‌یان سیناریۆی کوشتن و بڕینی رق و تۆڵه و کوشتنی له ناو خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه گه‌یانده سه‌رپا عێراق.
ناکۆکی نێوان (حسین کامل) و عوده‌ی سه‌دام، له‌و کاته‌وه سه‌ری هه‌ڵدا، عوده‌ی کۆنترۆڵی بازرگانی و بازاڕی عێراقی کرد، زیاتر له‌سه‌دام نزیک ده‌بوه‌وه، بار‌و دۆخی سیاسیی و بازرگانی و ده‌سه‌ڵاتی حسین کامیل ی ئاڵۆزتر کرد. له 1995 ناکۆکییه‌کانیان گه‌یشته بن به‌ست، مقۆمقۆی ئه‌وه هه‌بوو عوده‌ی بکرێ به سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، گه‌وره‌ترین دژایه‌تی حسین کامیل بکات.
عوده‌ی که‌سێتیه‌کی ده‌روون نه‌خۆش بوو، به به‌رده‌وامی هه‌ستی به‌که‌می که‌سایه‌تی خۆی ده‌کرد، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و لاوازییه‌ی په‌نای ده‌برده به‌ر کاری تاک رهوانهو نابه‌جێ و نه‌شیاو، هه‌موو ده‌رونی رق و کینه‌و بوغز و توند‌و تیژیی و سیناریۆو تۆڵه بوو، چێژی له ئازاردانی که‌سه نزیکه‌کانی خۆی و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی ده‌بینی.
سه‌دام حسین له‌سه‌ر ئهورهفتارانهی به به‌رده‌وامی سه‌رزه‌نشتی ده‌کرد، هه‌موو زانیارییه‌کانی عوده‌ی له وه‌تبان تکریت و حسین کامیله‌وه پێ ده‌گه‌یشت، عوده‌یی به به‌رده‌وامی له بۆسه‌ی سیناریۆی تۆڵه‌و کوشتنی ههدوکیاندا بوو.
عوده‌ی، له سیناریۆیه‌کدا وه‌تبانی مامی له ئاهه‌نگێکدا بریندار کرد، نێوان عوده‌ی و حسین کامیل به جۆرێک ئاڵۆز بوو، بوو به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕه قسه، حسێن کامیل زانی ژیانی له به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌دایه، شه‌وی 9/8 .8 1995 له گه‌ڵ ره‌غده سه‌دام ی هاوسه‌ری و (سه‌دام کامل)* و ره‌نا سه‌دامی هاوسه‌ری سه‌دام کامیل. به بڕێک پاره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه، به سێ ئوتۆمۆبیلهوه خۆیان گه‌یانده ئه‌رده‌ن.
حسین کامیل و ره‌غده و پێنج منداڵ له ئۆتۆمۆبیلێکدا بوون، سه‌دام کامیل و رهنای هاسه‌ری و چوار منداڵ له ئۆتۆمۆبیلێکی دووه‌مدا بوون، ئیلهام کامیلی خوشکیان و عیزه‌دین مه‌جیدی هاوسه‌ری و پێنج مندالی له ئۆتۆمۆبیلی سێیه‌مدا بوون، دوا خاڵی پشکنینی ئه‌رده‌ن و عێراق وایان ده‌زانی وه‌فدی باڵای عێراقن و ده‌چن بۆ ئه‌رده‌ن.
ئه‌م دووسیناریۆیهی ناکۆکی و کێشه ئاڵۆزه‌ی کوشتن و هه‌ڵاتنی نێوان حسین کامیل و عوده‌ی سه‌دام، له ناو خانه‌وادی سه‌دام، میدیاکانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژان، گرێیه‌کی ئاڵۆزی لای سه‌دام و عوده‌ی و قوسه‌ی دروست کرد.
حسین کامیل له ئه‌رده‌ن هه‌وڵیدا له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و ئۆپۆزیونی عێراق و رێک بکه‌ون دژ به ده‌سه‌ڵاتی عێراق، هه‌موو هه‌وڵه‌کانی ئیفلیج کرا، هه‌موو ئۆپۆزسیوون که‌سێتی حسین کامیلیان ده‌ناسی، هیچ پشتگیریه‌کیان نه‌کرد، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریکا گومانی له هه‌ڵاتنه‌که‌ی هه‌بوو، وای لێک ده‌دایه‌وه سیناریۆی سیاسیی بێت.
موخابهبهراتی عێراقی به به‌رده‌وامی هه‌ره‌شه‌یان لێ ده‌کردن، گه‌ر نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق، له ناویان ده‌به‌ن. ره‌غده و ره‌نا له نێوان سیناریۆی هاوسهرەکانیان و سیناریۆی باوک و براکانیاندا گیریان خواردبوو. به‌ڵام زیاتر له ژێر کاریگه‌ری سۆزی باوک و دایک و براکانیاندا بوون، فشاری زیاتریان خسته سه‌ر حسین کامیل بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ عێراق.
هیچ وڵاتێک ئه‌وانی به په‌نابه‌ری سیاسیی وه‌ر نه‌ده‌گرت، مشعان جبووری له موخابه‌راتی عێراقه‌وه به هه‌موو توانایه‌کییه‌وه له هه‌وڵی ئاژاوه‌نانه‌وه بوو له نێوان حسین کامیل و ئه‌رده‌ن، (په‌یوندی نهێنی نێوان به‌غداو عومان) له رووی سیاسیی و ئابووری ستراتیژیی گرنگ بوو، ئه‌رده‌ن نه‌یده‌ویست به‌هۆی ئه‌و کێشه تایبه‌تییه‌ی خانه‌واده‌ی سه‌دامه‌وه، په‌یوه‌ندیان له گه‌ڵ سه‌دام حسیندا بپچڕێت.
له شوباتی 1996 سه‌دام حسین هه‌موو تونای خسته گه‌ر، گه‌ر هه‌ردوو زاواکه‌ی و هه‌ردوو کچه‌که‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق و ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت، لێیان ده‌بورێ.
حسین کامیل بێ هیوابوو، هه‌ر چواریان بڕیاریاندا له ئه‌رده‌نه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق، که گه‌یشتنه ناو سنووری عێراق، که‌ژاوه‌ی بنه‌ماڵه و کاربه‌ده‌ستانی ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و روویان چوون، له (تربیل) ی سه‌ر سنوور، عوده‌ی و قوسه‌ی له ئوتۆمۆبیلێکی ره‌شدا حسین کامیل و سه‌دام کامیلیان له ره‌غده و رهناو منداڵه‌کانیان جیا کرده‌وه.
سه‌دام حسین له گه‌ڵ عه‌شره‌ته‌که‌ی له تکریت کۆبونه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه، له 20. 2. 1995 عوده‌ی سه‌ردانی رهغدهو رهنای خوشکی کرد، گه‌ر له هاوسه‌ره‌کانیان جیا نه‌بنه‌وه، ئه‌وانیش ده‌کوژرێن، ئه‌وانیش به‌ناچاری له هاوسه‌ره‌کانیان جیا بوونه‌وه.
له 21. 2. 1995 پرۆسه‌ی جیابونه‌وه‌یان له دادگای به‌غداد جێبه‌جێ کرد. له 22. 2. 1995 هێزێکی تایبه‌تی عێراق به سه‌رپه‌رشتی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید گه‌مارۆی ماڵی حسین کامیلدا له (سه‌دیر) له به‌غدا، له سه‌عات 3ی به‌یانی 23. 2. 1995 په‌لاماریان دان، ئه‌وانیش به‌رگریان کرد، 12سه‌عات شه‌ڕ به‌رپا بوو، ژماره‌یه‌کی زۆر کوژراو بریندار بوو. حسین کامیل و سه‌دام کامیل و کامیلی باوکیان و چه‌ند که‌سێک له که‌س و کاره‌که‌یان کوژرا، ته‌رمه‌کانیان هێنایه سه‌ر شه‌قامه‌کان، بۆ ماوه‌ی 4 رۆژ له‌سه‌ر شۆسته‌کان مایه‌وه، دواتر شوێن بزر کران.
1- سه‌رچاوه : شۆک، هه‌ندێک نهێنی گرنگی کوشتنی حسین کامیل، له‌لایه‌ن عه‌لی کیمیاییه‌وه ئاشکرا ده‌کات، شۆك،ژماره 41، نیسانی 2012.
2- راپۆرتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، په‌یسه‌ر، چیرۆکی هه‌ڵهاتن و کوشتنی زاواکانی سه‌دام حسین، 15/8/ 2002
* حسین کامیل حسن المجید له18/ 6 / 1954له گوندی تل الذهب ی تکریت له‌دایک بووه، کامیل ی باوکی حسین ئامۆزای سه‌دام بوو، حسین کامیل له 1966 وازی له خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی هێنا، له 1974 بوو به پاسه‌وانی تایبه‌تی، سه‌دام حسین جێگری سه‌رۆک کۆمار ، له 1979 خولی ئه‌فسه‌رانی یه‌ده‌کی ته‌او کرد، بوو بهملازمی یه‌ک، دواتر ره‌غده‌ی کچی سه‌دام حسینی ماره‌کرد، ئه‌مه‌ش بوو به سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌ی خانه‌واده، وه‌تبان و به‌رزان ی زڕبرای سه‌دام، دهیانویسست ره‌غده بۆ کوڕه‌کانی خۆیان ماره بکه‌ن، له 1983 پله‌کانی به خێرایی به‌رز کرایه‌وه، بوو به سه‌رۆکی ده‌زگای ئه‌منی تایبه‌ت و به‌رپرسی پاسه‌وانه‌کانی سه‌رۆک کۆمار، له 1987- 1995 سه‌رپه‌رشتی گاردی کۆماری ده‌کرد، له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا سه‌رپه‌رشتی به‌رنامه‌ی چه‌کی کیمیایی و بایه‌لۆجی و به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی عێراقی ده‌کرد، وه‌زیری پیشه‌سازی جه‌نگ بوو، جێ ی متمانه‌و باوه‌ڕپێکراوی سه‌دام حسین بوو/ چیرۆکی هه‌ڵهاتن و کوشتنی زاواکانی سه‌دام حسین په‌یسه‌ر، 15/8/ 2002. / بۆچی و چۆن کوژرا، له‌سالیادی کوشتنی حسین کامیل دا، بڕیاری لێ خۆش بوون و تهڵهبوو، یاخود راستی،22 / 2/ 2021،
سه‌دام کامیل برا بچوکی حسین کامیل بوو، هاوسه‌ری رەنای کچی سه‌دام بوو، ماوه‌یه‌کی زۆر به‌رپرسی ده‌سته‌ی پاسه‌وانه‌کانی سه‌دام حسین بوو. په‌یسه‌ر،چیرۆکی هه‌ڵهاتن و کوشتنی زاواکانی سه‌دام حسین، 15/8/ 2002
له مانگی ئابی 2013 له گه‌ڵ هه‌ڵوێستی کچم بۆ کارێکی پێویست 26 رۆژ له عومانی پایته‌ختی ئوردن ماینه‌وه، رۆژێک به ته‌کسیه‌ک روومان کرده ده‌ریای مردوو، شۆفێره‌که زانی کوردین و خه‌ڵکی عێراقین، وتی:
– په‌یوندی و رێکه‌وتنی سه‌دام حسینی سه‌رۆکی عێراق و مه‌لیک حسینی مه‌لیکی ئه‌رده‌ن ستراتیژیی و به‌هێزبوو، سه‌دام له ساڵی 1968 ـه‌وه به به‌رده‌وامی نه‌وت و به‌نزین و گازی به خۆڕایی ده‌نار بۆ ئه‌رده‌ن، هه‌موو ساڵێ له یادی له دایک بوونی له 28/ 4 ، دۆلارێکی زۆری بۆ مه‌لیک حسین ده‌نارد، مه‌لیک حسین یش، هه‌موو سنوووری عه‌قه‌به‌و سنووری ئه‌رده‌نی له به‌رده‌م سه‌دام حسیندا کردبووه، هه‌موو چه‌که کۆکوژیه‌کانی له کۆمپانیاکانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت ووڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا، به رێگه‌ی نهێنی، له عهقبهو سنووری ئه‌رده‌نه‌وه ده‌گه‌یشته (عهکاشا، سامه‌را، سویره) و کۆمپانیا نهێنییه‌کانی به‌رهه‌م هێنانی چه‌کی کۆکوژی و کیمیایی عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد دوای له ناوبردنی سه‌دام، هه‌موو به‌عسییه جه‌للادو پیاوکوژه‌کانی عێراق له سوریا ده‌ژین، خانه‌واده‌ی سه‌دام و لێپرسراوه دیاره‌کانی به‌عسی عێراق له عومان ده‌ژین.
عه‌بدوڵڵا که‌ریم، دیدارێک له گه‌ڵ شۆفێرێکی ته‌کسی له نێوان عومان –ده‌ریای مه‌یت . مانگی ئابی 2013.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عەبدوڵا کەریم مەحمود: قفڵی زمان و کلتور.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: زنجیری دەبابەکان – بەشی دووەم و کۆتایی.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: زنجیری دەبابەکان – بەشی یەکەم.
- All Posts