عهبدوڵا کهریم مهحمود: دوا فیشهک – بەشی سێیەم.
خهوهکهی ئاسۆ
مام رەزا دەڵێ: ئەو کاتەی لە بەشی خاسەی ئەبو غرێب زیندانی بووم، دکتۆر ئاسۆی کوڕم لەئەنفالی یەک و دوو سێ و چوار لەسنوری تیپی 23ی سورداشدا مابۆوە شەهید کرابوو، هاوسەرم و منداڵەکانم سەردانیان کردم لە ئهبوغرێب. بەڵام جلە ڕەشەکەیان لەبەغداد دەگۆڕی، بۆ ئەوەی لەزیندان بەو تراژیدیا یه نەزانم.
دکتۆر ئاسۆ جگەر گۆشەو هاوڕێی خۆشەویستم بوو، لەئەبو غرێب داوام لەکاک شێخ حەسەن کردبوو جوتێ کڵاشی بۆ بدورێ، ئەویش هەر دەیوت: پەلە مەکە ماوەیەکی تر ، تەواوی دەکەم. بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیربوو، هەموو جارەکان چاوەکانی شێخ حەسەن پڕ دەبوو لەفرمێسک، ئەو دەیزانی دکتۆر ئاسۆ شەهید کراوەو منیش تازە بەتەمام کڵاشی بۆ بدورم.
لە سەعات12ی نیوەڕۆیەکی تهموز بوو لەگەڵ دکتۆر علامەکی بانکی خوێندا لەبەندنیخانە نوستبووم، لەخەوەکەمدا دکتۆر ئاسۆ هات بۆلام، دەستم کردە ملی، بەلامەوە سەیر بوو، جەستەی سارد ساردبوو، وتم: کوڕم بۆ وا لەشت ئەوەندە ساردە.
وتی: باوکە دەمێکە من مردووم.
بەدەم گریانەوە، لەخەو ڕاپەڕیم.
دکتۆرەکە وتی: ئەبو ئاکۆ بۆچی وادەگریت؟
خەوەکەم بۆ گێڕایەوە، ئەویش دایە پڕمەی گریان و ژیر نەدەبوەوە، هیچیشی پێ نەوتم، ئەمە گومانێکی قوڵی لا دروست کردم.
چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی لە زیندان ئازاد بکرێین، زیندانییەک ناوی قاسم بوو خەڵکی شارۆچکەی دوکان بوو وتی: کوڕە پێشمەرگەکەت شەهید کراوە. یەکسەر لەهۆش خۆم چووم.
مامۆستا عەلی مەحمود چۆخماخی بە میهرەبانییەوە، دڵنەوایی کردم، هــــــــــەموو بیر و هۆشم لای ئاسۆ بوو.
دکتۆر ئاسۆ سنورەکەی چۆڵ نهکردوه.
دادە فاتمی دایکی شەهید دکتۆر ئاسۆ وتی: جەمال فەرەج پێشمەرگە بوو لەگهڵ ئاسۆی کوڕمدا وتی: لەئەنفالەکاندا، شەڕێکی سەختی نابەرامبەر بەرپابوو، لە18. 3. 1988 دا هێزی پێشمەرگە بەرەو سنورەکان کشانەوە، سوپای عێراق گوندەکانی خاپورو سوتماک کرد، خەلکەکەی دەسگیرو شوین بزر کرد، دکتۆر ئاسۆ بڕیاریدا وەک پارتیزانێک لەسنورەکەدا بمێنێتەوە، پێم وت: دکتۆر گیان کەس لەناوچەکەدا نەماوە، سوپاو جاش ههموو سنورەکەمانیان کۆنترۆڵ کردووە، بەبەردەوامی کێومال دەکەن، بائێمەش لێرە بڕۆین، ڕووبکەینە سەر سنووری عێراق و ئێران، بەقسەی نەکردم. ئەو لەگەل چەند پارتیزانێکی تردا مانەوە، من و دوو کەسی تر ڕوومان کردە سنور.
دواتر مام ڕەزا بەقوڕگێکی پڕ لەگریانەوە، چەند دڵۆپە فرمێسکێکی هەڵڕشت و ئاماژەی بەوە کرد. دەمێک بوو بەدوای یەکێکا عەوداڵ بووم، گۆڕە ونە بێ ناونیشانهکهی دکتۆر ئاسۆم نیشان بدات. دوای ڕاپەڕین شەهید ئەحمەد جوتیارم ناسی، ئەویش وەک من تامەزرۆ بوو بۆ سەردانی گۆڕەکەی دکتۆر ئاسۆ، پێکەوە ڕوومان کردە گوندی قۆجەبڵاخ.
شەهید جوتیار لەوێ وتی: ئێوارەی 3. 5. 1988 فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق گۆپتەپەو عەسکەریان کیمیاباران کرد، شەوی 4/5. 5. 1988 برسێتی تینی بۆ هێناین، دکتۆر ئاسۆو پارتیزانێکی تر بۆدابین کردنی خواردن ڕوویان کردە ناو گوندی قۆجەبڵاخ، لەناکاو لە هەموو لایەکەوە بوو بەدەسڕێژێکی چڕوپڕ. کەس نەی دەپەرژایە سەرکەس، چوار دەورمان سوپای عێراق و گەلەجاش بوو، دواتر هاوڕێکەی دکتۆر ئاسۆ بەخێرایی گەڕایەوە بۆلامان وتی: دکتۆر ئاسۆ بریندار کراوە. ئێمەش ڕوومان کردە شوێنەکەی، کاتێ گەیشتینە سەری، دەمانچەکەی لەناو دەستی دابوو، دوا فیشەکی دەمانچەکەی نابوو بە ناوچەوانی خۆیهوه. دەسڕێژێکی گولە ڕانێکی بێژابوو، دەمانچەو کڵاشنکۆفەکەیمان هەڵگرتەوەو تەرمەکەیمان لەوێ بەجێمان هێشت، دوای 15 ڕۆژ لەگەل پارتیزانێکی تردا، ڕوومان کردە ئەو شوێنە، تەرمەکەمان بەخێرایی خستە چاڵێکەوە، گڵمان بەسەر چاڵەکەدا ڕووخاند، بۆ ئەوەی شوێنەکەمان لێ تێک نەچێ، تایەیەکمان لەسەر چاڵەکە دانا.
مام ڕەزا دەڵێ: هەر کەگەیشتینە ئەوێ، شەهید ئەحمەد جوتیار شوێنەکەی لێ تێکچوو، پیاوێکی بەتەمەنی گوندەکە وتی: گەر بۆ گۆڕە بێ نازەکەی دکتۆر ئاسۆ دەگەڕێن، وا لەوچاڵەدایە. هەر کەپوش و پەڵاشەکەم لابرد، تۆزێک گڵەکەم لە سەر چاڵەکە لادا، پارچەیەک لەپشتێنەکەی دەرکەوت.
پێم وت: رۆڵە بەوەفاکەی کوردستان، ئەم شەهید بوونەت پیرۆز بێت، گڵەکەم زیاتر لابرد، قەمسەڵەکەی دەرکەوت، گیرفانەکانی پڕ بوو لەسەرنج و دەرزی و دەرمان، تەنیا (7) پەنجایی لە گیرفانیدا بوو. هەرئەو جلانەی لەبەردابوو، له ساڵی (1985) دا بەدیاری بۆم بردبوو. جوتێک پێڵاوی لاستیکی لەپێدا بوو، ئێسک و پروسکەکەیمان خستە کفنێکەوە.
خوشکەکەی بە قورگێکی پر لە گریانەوە وتی: کاکە ئاسۆ، کات درەنگە باپێکەوە بگەڕێینەوە بۆماڵەوە، ئاکۆو پێشمەرگەو جەماوەری شار، سلێمانییان ئازاد کردووە، ئەمشەو سەردانی ژوورەکەی خۆت بکە، سەیرێکی کتێبەکانت بکەرەوە، بەیانییەکەی پێکەوە دەچین بۆ سەر ئارامگاکەی ئاکۆ لە گردی شێخ محێدین، لەوێ دەست بکەنە ملی یەکتری. ئاکۆ دەمێکە بەدوای تۆدا دەگەڕێ.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عهبدوڵا کهریم مهحمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حهفر – بەشی دووەم.
- -
عهبدوڵا کهریم مهحمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حهفر.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: مهرگی خانهوادهیهک.
- All Posts