شێرزاد شێخانی: هذا من فضل ربي.
رۆژەکیان چوومە بازاڕ تەلەفزیۆنەکی گچکە لۆ دائیرەکەم بکڕم. نرخەکەی 120 هەزار دینار بوو ، کاتی خاوەنی دوکانەکە ویستی پسوڵەکەم لۆ ببڕێ، پرسیاری لێکردم: مامۆستا چەندی لەسەر پسولەکە بنووسم؟!. ئەمنیش پێمگۆت: ئەو نرخەی کە پێت فرۆشتم. کابرا گۆت: واتا هیچی زیادەت لۆ نەنووسم ؟. گۆتم : ئەوجا لۆ زیادە بنووسی؟. گۆتی: ئاخر مامۆستا هەرچی کەسەک دێنەلام لۆ کڕینی شتەک لۆ فەرمانگەکانیان داوام لێدەکەن دووهێندەی نرخەکەکەی لەسەر بنووسم ؟!.
ئەوجا زانیم ئەو گەندەڵی و دزی وفزییەی سەرانی دەسەڵات کە هەموو رۆژێ باسیدەکەین، گەیشتیتە خواری خوارەوەش!.
کێشەی ئێستای نێوان هەولێرو بەغداش هەمووی لەبەر ئەو ساختەچییاتییەی هەرێمە کە فڕتوفێل لەهەموو شتەکی دەکەن. هیچ دوور نیە ئەو پسوڵانەی گومرگی کە پارەی پێوەردەگیرێ، دوو نوسخە بن. یەکیان لۆ ئەوەی زۆرترین باج لەبارهەڵگرەکان وەربگرن، بە پسوڵەی دیش پارەیەکی زۆر کەمتر لەسەر پسوڵەک بنووسن و بیدەنە دەست بەغدا، گوایە ئەوە داهاتی ناوخۆیە!. دوور نیە ئەو غەرامانەی لە پۆلیسی ترافیک و داهاتی باج؟و شارەوانی و داهاتەکانی تریش هەمان بەزمیان لەگەر بکرێ. پارەیەک وەردەگرن و لەسەر پسوڵەی بەغدا پارەیەکی کەمتر بنووسن.
ئاخر ئەو نەوعە ساختەچییەتییە هەر لەوانە دەوەشێتەوەو وەکی مەسەلەکە گۆتەنی ( هینەک فێری هین بی زەحمەتە تەرکی بکا ) !. هەر لەبەر ئەوەشە بەغدا باوەڕ بەهیچ شتەکی ئێرە ناکا. لیستی مووچە دەنێرن نیوەی ساختەیە!. مووچەی هێزە ئەمنی و پێشمەرگەکان دەیانەوێ بە گۆترە وەریبگرن و ناویان ئاشکرا نەکەن. ئەخیر ساختەی دەسەڵاتیش کە کەشفبووە، پەرلەمانتارەک دەرێ ناوی دەیان هونەرمەندو نوسەری تورک و عەرەب و ئێرانی هەن کە عاردیان وەرگرتیەو هەندەکیان معاشیان لەحکومەتی ئێرەش وەردەگرن!.
شەیتان کە ئەو هەموو فڕوتوفێل و سەختەو دزییانەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بینی، هەستا باروبارگەی تێنا ئەو هەرێمە پڕ ساختەیە بەجێ بهێڵی. لێیان پرسی: ئەرێ کاکی شەیتان خێرە وا عاجزی و دەتەوێ لێرە بڕۆی؟. جوابی دایەوەو گۆتی: ئاخر کوو عاجز نابم.! ئەو هەموو ناکەس بەچەو هەتیوانەم فێری دزی و ساختەو قۆڵبڕین کردو هەموویانم کردە ملیۆنێر. کەچی خانیەکی دروستدەکەن لەسەری سەرەوە قیتەعەیەک هەڵدەواسن و لەسەری دەنووسن ( هذا من فضل ربي) ئەمنیان رەنج بەخەسارو شەرمەزار کرد خوا نەعلەتیان لێبدا.
باقی وەلسەلا
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
-
شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
- -
شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- -
شێرزاد شێخانی: قەیرانە دەستکردەکانی دەسەڵات.
- All Posts