Kamyar-kamal

کەمال چۆمانیی & کامیار سابیر : ١١٥ ساڵ رۆژنامەگەریی و نەبوونی یەک زمانی نووسین.

( میدیا و ئەدەب و تێکست و مێژوو) ی کورد، شانازیی بە ١١٥ ساڵ دیرۆکی رۆژنامەگەریی کوردییەوە دەکەن! جڤاکێکی شەقوپەق، دابڕاو و پەرتەوازە، کەرتوپارچە و هەلاهەلا بەهۆی نەبوونی زمانێکی نووسینی هاوبەشەوە، لای کەم زمانێکی رەسمیی نەک لە نێوان هەموو پارچەکانی کوردستاندا، بەڵکو لەنێوان سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانیشدا بوونی نییە !

ئەگەر قەرەج بە قەرەجیی خۆیانەوە، ١١٥ ساڵ خەریکی تێکست و رۆژنامە و نووسین بوونایە، هەنووکە زمانێکی نیمچە ستاندەرد( ستاندارد) و رەسمییان لەباری قانوونیی و سیاسیی و زمانەوانییەوە دەبوو. ناسیۆنالیزمە داڕزیوەکەی کورد( ناسیۆنالیزمی کوردیی) بە هەموو فۆرمە جیاوازەکانییەوە، بە مەدەنیی و خێڵەکیی و تایەفیی و ئێسنیکیی و ناوچەییەوە، بە (سیاسیی و ئەکادیمیست و سکۆلار و رۆشنبیرە) کانیەوە، ئەگەر بچووکترین تیۆرایزی عەقڵانیی و سیاسیی و فیکریی و ئایدیۆلۆژییان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی(Nation State ) بکردایە، دەبووایە ئەم هەموو هۆزو خێڵ و عەشیرەت و تیرە و بەرەباب و بنەماڵە و عێلانەی ناوی خۆیان ناوە ئێسنیکی کورد، لە دەیەی دووەمی ساڵانی دوو هەزاردا، زمانێکی هاوبەشیان، لای کەم بۆ کارگێڕیی و پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا هەبووایە .

لەم ساڵیادەدا، زۆرینەی رەهای رۆشنبیر و نووسەر و ئیڵیتی کورد، خۆیان نەبان کردووە لەو تراژیدیایەی یەخەی زمانی کوردیی گرتووە. باسی سەندیکای رۆژنامەنووسیی و پرۆفێشناڵیزمی میدیا و شەفافیەت و دەیان تەتکەوپەتکەی بەناو فەلسەفیی و مەعریفیی دەکەن، کەچیی بێدەنگییەکی شەرمهێنەرانە، لەئاست نەبوونی یەک زمانی رەسمیی بۆ نووسین و پەروەردە و کارگێڕیی هەیە. هەندێک رۆشنبیر و ئەکادیمیست لەگەڵ هەندێ عەوام و بێسەوادی کوردستانی رۆژهەڵاتدا کە بە گرووپی جووتستاندەرد و فرەستاندەردەکان ناسراون، دەڵێن هەموو زاراوە و بنزاراوە کوردییەکان پێویستە بخوێنرێن و بە زمانی نووسین دابنرێن. لە کورستانی باشووریشدا( هەرێمی کوردستان)، دەسەڵاتی سیاسیی بە کردەوە، بە پلان و بە ئەجێندای تایەفیی و ئایدیۆلۆژیای زمانیی، زمانی کوردیی دابەشکرد، بۆ دوو زمانی تەواو جیاواز و سەربەخۆ لەیەکتریی( کرمانجیی ژووروو لەگەڵ کرمانجیی ناوەڕاست ) .

ئەوەی یەک تۆزقاڵ ئاشنایی بە فیکری ناسیۆنالیزم و زمانی نەتەوەیی یان زمانی نیشتمانیی هەبێت، تێدەگات کە زمان بونیادێکی زۆر سەرەکییە بۆ نەتەوە دروستبوون. ئەمە بەتایبەت بۆ ئێسنیکی کورد گرینگییەکی لەڕادەبەدەر ستراتیژیی و ژیاریی هەیە. هەروەها تێدەگات……..کاتێ زاراوە جیاوازەکان، لەکایەی پەروەردە و خوێندندا بەکاربهێنرێن، ئیتر دەبنە زمانی سەربەخۆ، لە دایەلێکتی ستاندەردەوە بەرەوە زمانی ستاندەرد و دوورکەوتنەوەی یەکجاریی لەیەکتر، دەڕۆن .

کتێبی (Imagined communities) جڤاکە وێنەکراوەکان( نەک وێناکراو) یان جڤاکە ئەندێشەکراوەکانی بێنەدیکت ئەندەرسن، کە لەساڵی ١٩٨٣ دا بۆ یەکەمجار دەرچوو، دواتر لەساڵی ١٩٩١دا چاپتەری تری خرایە سەر، زۆر بەڕوونیی ، بەدیدێکی سکۆلاریی و ئەکادیمیی و شیکارییەکی زۆر وردی سیاسیی وکولتووریی و فیکرییەوە، ئارگیومێنتی ئەوە دەکات، کە تیۆرایزبوونی چەمکی نەتەوە لەئەوروپادا بە دروستبوونی زمانی نەتەوەییەوە ،دەبەستێتەوە. ئەو پێیوایە، زمانەکانی ئەوروپا بەهۆی چاپ و تێکستەوە لەسەردەمی سەرمایەدارییدا، بەهۆی بازاڕ و گەشەی ئابوورییەوە، بڵاوبوونەوە و بوون بە زمانی نەتەوەیی دیفاکتۆ ، یان، بوون بە زمانی نیشتمانیی بەپێی هەلومەرجی وڵاتەکان ………

ئەندەرسن، چەمکی Print capitalism بەکار دەهێنێت، ئەگەر تەرجەمەی حەرفیی نەکەین، بەواتای چاپەمەنیی یان تێکستی سەرمایەداریی دێت. مەبەستی لەو چەمکە، نووسین و تێکستە لەڕێی میدیای چاپکراو و نووسینەوە لەسەردەمی مۆدێرنەدا گەیشتە لووتکەی خۆی و بوونە بناغەیەکی سەرەکیی بۆ رۆنانی چەمکی ” دەوڵەتی نەتەوەیی”. بەپێچەوانەوە، لە دوبەیەکەی ئێمەدا، لەهەرێمەکەی ئێمەدا، لەسایەی حوکمڕانیی خێڵ و عەشیرەت و قاچاغچییانی نەوتدا، زمانی کوردیی نەک هەر تێکستی سەردەمی بە”دوبەی”بوونی بە شێوە فۆرماڵییەکەش نییە، بەڵكو بە تیغی تیژی تایەفەگەریی و ناوچەگەریی ، ئەو زمانە کوردییەی نالیی و حاجی قادری کۆیی و گۆران و تۆفیق وەهبیی و مەسعود محەمەد………….تاد بناغەکەیان داڕشت، ئەمان پارەپارەی دەکەن .

ئەگەر وەک زمانی نەتەوەییش سەیری زمانی کوردیی بکەین لەئاست پارچەکانی کوردستاندا، کە ئەمەیان زۆر ناعەقڵانییە بەهۆی گرفتی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و جیاوازیی جیۆگرافیی و هەرێمیی و ……….تاد، هێشتا ناسیۆنالیزمی کوردیی و حیزبە سیاسییەکانی ئەم بزوتنەوەیە و رۆشنبیرە ناسیۆنالیستەکان، لە پرخەی خەوێکی قووڵدان کە مێژووی ئەم خەواڵووییە بۆ میرنشینە کوردەکانی سەردەمی عوسمانیی و ساسانییەکان، دەگەڕێتەوە .

یەک نموونەی بەرچاو بهێنینەوە، پەکەکە وەک گەورەترین و بەهەژموونترین حیزبی سیاسیی و چەکداریی لەئاستی هەموو پارچەکانی کوردستاندا، لە چاپەکانیاندا، لە وێبسایتە سەرەکییەکەیاندا کە زمانحاڵی سیاسیی وکولتووریی پەکەکەیە، بچووکترین بەها بۆ زاراوەەیەکی سەرەکیی و خاوەن تێکست و پرێستیژی وەک کرمانجیی ناوەڕاست، دانانێت. لە کاتێکدا زۆرینەی رەهای کوردەکانی هەردوو کوردستانی باشوور و رۆژهەڵات بەکاری دەهێنن. ئەمەی پەکەکە دەیکات، هیچ تەفسیرێک هەڵناگرێت، جگە لەوەی شۆڤینیزیمی لەهجەیی بەرچاوی تاریک کردووە و کورد و زمانی کوردیی بەتەنیا و تەنیا لە یەک زاراوەی سەرەکیی کوردستانی باکووردا دەبینێتەوە. تەنانەت هیچ حیسابێکیش بۆ زازاییەکانی ئەو بەشەش ناکات .

زمانی کوردیی، پێویستی بە ئیرادەی نەتەوەیی لە ئاستی گشتیی و بە ئیرادەی نیشتمانیی لەئاستی هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەیە. وێڕای ئەوەی تا ئەم کاتەش ئەم ئیرادە سیاسیی و فیکرییە، لەلای سیاسییەکان و رۆشنبیرەکانی کورد دروست نەبووە، کورد بەم زۆریی و بۆرییەی هەرگیز نابێتە یەک نەتەوە( وەک نەبووە). ئەگەر دەست نەبرێ بۆ چارەسەرێكی عەقڵانیی لەڕووی سیاسیی و زمانییەوە، پرسی زمانی نووسین و خوێندن و کارگێڕیی، لای کەم لە هەرێمی کوردستانەوە چارەسەر نەکرێ، ئەوە ١١٥ ساڵی تریش چارەسەر نابێ و دروست نابێت .

لە ئەگەری بوونی ئیرادەی سیاسییشدا، هەرێمی کوردستان وەک هەوێنێک لەئاستی سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا لەبەرچاو بگیردرێ و بیر لەیەک زمانی نووسین، بۆ پەروەردە و کارگێڕیی بکرێتەوە، لە رێی ئیسنتیتوتی زمانیی و دەسگا ئەکادیمییەکانەوە، لێکۆڵێنەوەی زیاتری لەسەر بکرێ. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە، پرسی زمانی کوردیی، پرسێکی زمانیی و ئەکادیمیی نییە، ئەوەندەی پرسێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە. ئەگەر ناسیۆنالیزمی کوردیی و حیزبی کوردیی و رۆشنبیرە نەتەوەییەکان و غەمخۆرانی زمانی کوردیی ئەمە چارەسەر نەکەن، هەر ئێستا ئێمە بەرەو کۆمەڵێ نەتەوەی جیاواز، کۆمەڵێ دایەلێکتی جیاواز( سەرەنجام زمانی جیاواز) هەنگاوی زۆر خێرا دەنێین .

لە یادی ١١٥ ساڵەی زمانی کوردییدا، ئەگەر بیرێک لە چارەسەری یەک ئەلفبێی نووسین ( یان ئارامیی-عەرەبیی یاخود لاتینیی- تورکیی) نەکرێتەوە، ئەگەر بیر لەوە نەکرێتەوە، یەکێک لە دایەلێکتە سەرەکییە پرێستیژەکان بکرێ بە بناغەی زمانی ستاندەرد و رەسمیی لای کەم بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەگەر بەتەمای ئەو بۆچوونە ناسیۆنالیستییە بین، کە دەوڵەتی لە هێلکە نەجووقاوی کوردیی! ئەوە چارەسەر دەکات، ئەوە هەر لە ئێستاوە وەک ئەمیبیا بەسەریەکدا دابەش دەبین و پارچەو پارچەتر دەبین و بەدڵنیاییشەوە، ئەوەندە ناوچەگەرایی بەسەرماندا زاڵە، هیچ دایەلێکتێک، عەزەمەت و نێرگسییبوون و کەرامەتی شۆڤینیستی خۆی بۆ دایەلێکتێکی تری زمانەکەمان، ناشکێنێ .

پرینت کاپیتاڵیزمی Print capitalism کوردیی، دوای ١١٥ ساڵ، هێشتا نەیتوانیوە ئەندێشەی جڤاکێکی وێنەکراومان بۆ دروستبکات، لای کەم دوو پارچەی کوردستان لەسەری کۆک بن. هۆکارەکان زۆرن و جیاوازن، بەڵام ئەگەر پرینت کاپیتاڵیزم بریتیی بێی لە راگەیاندن بە هەموو ژانرەکانیەوە، بە ئەدەب و تێکستی هەمەجۆرەوە تا سۆشیاڵ میدیا لەمڕۆدا (هەرچەندە ئەندەرسن باسی لە سۆشیاڵ میدیا نەکردووە)، ئەوە بەهۆی نەبوونی زمانێکی ستاندەردەوە، یان رێنووسێکی ستاندەردەوە، پارچەکانی کوردستان نەیانتوانیوە لەگەڵ یەکتریدا، تەنانەت پێوەندیی کولتووریی( لێرەدا، رۆشنبیریی مەبەستە) دروستبکەن. ( تەنیا کوردستانی رۆژهەڵات و باشووری لێ دەرچێ، ئەم پێوەندییەیان هەیە، ئەویش بە حوکمی ئەوەی ئەلفبێی نووسینەکەیان یەکە و رێزمانی نووسینەکەیان، کرمانجیی ناوەڕاستە ) جڤاکی وێنەکراوی کوردستانی باشور جیاوازە لە جڤاکی وێنەکراوی کوردستانی باکوور، هیچ کامیان لە وردەکارییە کولتووریی و زمانییەکانی یەکتر ئاگادار نیین. هیچ راگەیاندنێکی کوردیی ئەم دووبەشە، لەویتردا ، ناخوێندرێتەوە یان زۆر بەکەمیی دەخوێنرێتەوە. ئێمە ئەگەر تەنیا ژانری رۆمان و کتێبی دانسقە وەربگرین، وەک یەکێک لە هۆکارەکانی دروستکردنی بونیادی جڤاکی وێنەکراو، ئەوا تێدەگەین کە جڤاکی وێنەکراوی کورد لە چەرخی بیستویەکدا زۆر لێکترازاوە. لە کوردستانی باکووردا، کتێبی هیچ رۆماننووس و رۆشنبیرێکی کوردستانی باشوور ناخوێندرێتەوە، پێچەوانەکەیشی راستە. ئەی باشە چۆن ئەو تێکست و چاپەمەنییەی ئەندەرسن باسی دەکات، بتوانێ رۆڵ بگێڕێ لە دروستکردنی جڤاکی وێنەکراودا؟ ئەمە بۆ پێش چەرخی بیست وانەبوو، چونکە رێنووس بە تیپی لاتینییی-تورکیی نەبوو، هەموو بەشەکانی کوردستان، پێش دابڕان و دابەشەکردن، وێڕای جیاوازیی دایەلێکتەکەیان دەیانتوانی پێوەندیی کولتووریی بگرن .

جەختکردنەوەی ئێمە لەسەر زمانی ستاندەرد، جەختکردنەوەیە لەسەر هێشتنەوەی کورد وەک یەک نەتەوە. ئەمڕۆ لە کوردستاندا، ئەڵقەیەکی سیاسیی و کولتووریی گرینگ، کە بتوانێ کورد بەیەکترییەوە ببەستێتەوە، جگە لە زمان، شتێکیتر نەماوە. زمانیش کەرتوپارچەکراوە بەسەر خێڵ و عەشیرەت و ناوچە و بەرەباب و بنزاراوەکاندا تەخشانکراوە. کورد لەڕوی سیاسیی و دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمەوە لە هەریەکێک لە بەشەکاندا، بەهۆی دابەشبوونی ئایدۆلۆژیی حیزبەکانەوە بەسەر بەرەی جیاواز و بنەماڵەی جیاوازدا، خەونی جڤاکێکی وێنەکراویان لەگۆڕناوە. ئەمە دوای ئەوەی ئەوهەلەی بۆ کوردەکانی کوردستانی سوریە، هاتە پێشەوە، روونتر دەرکەوت کە جڤاکی لێکترازاوی کورد چەند لەدۆخێکی خراپدایە. هەربۆیە پێکدادانی دوو دیسکۆرسی حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی لە دووتوێ دووجۆر ناسیۆنالیزمی کوردییدا لەو بەشەدا روویدا: دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی خێڵەکیی و بنەماڵەیی و هەندێ پرۆکسیی سیاسیی ئەم ناسیۆنالیزمە ئێسنیکیی و ناوچەگەراییە لەگەڵ دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی PYDی لە قاڵبدراو بە فیکری باكگراوند چەپی ئۆجەلان، تووشی کێشـمەکێشی سیاسیی و عەسکەریی بوون .

تەنانەت پەکەکەش، لەم دابەشکردنە زمانیی و قیرسچمەییەی ئەلفبێی تورکیی-لاتینییدا رۆڵێكی زۆر خراپ و نێگەتیڤی گێڕاوە. وێبسایتی سەرەکیی ئەو رێکخراوە، بە زمانی ئینگلیزیی و تورکیی و فارسیی و عەرەبیی هەیە، بەزمانی کوردیی تەنیا و تەنیا بە ئەلفبێی لاتینیی-تورکیی و کرمانجیی ژووروو بوونی هەیە. ئەوە جگە لەوەی کە هیچ حیسابێکی بۆ ئەلفبێی ئارامیی-عەرەبیی نەکردووە، کە رۆحی تێکستی کوردیی تا هەنووکە لەسەروو %٨٠ ەوە بەم ئەلفبێیە نووسراوە. هەروەها حیسابی بۆ هەردوو کوردستانی رۆژهەڵات و باشوور نەکردووە، کە کرمانجیی ناوەڕاست هەژموونی سەرەکیی هەیە و بەتەواویی لە دیدی زمانناسییەوە پرێستیژ بووە و بووەتە زمانی کەڵەگەتی نووسین و تێکست و فیکری کوردیی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، بچووکترین حیسابیان بۆ نزیکەی نیوەی کورد ( وەک ئێسنیک ) نەکردووە. هەرچۆنێک ئەمە بخوێنرێتەوە و لە ژێر عاتیفەی نەتەوایەتییدا بیانووی بۆ بهێنرێتەوە، هیچ نییە جگە لەوەی کە شەپۆلێکی شۆڤینیزمی لەهجەیی و ناوچەگەرایی لە پشتەوەیە. بەئەنقەست بێ یان لاموبالاتیی، لە سیاسەت و فیکری ناسیۆنالیستیی و زمانناسییدا، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەجێندای زۆر لۆکاڵیی لەپشتەوەیە .

ئەحمەدی خانیی و حاجی قادری کۆیی، لە دوو سەردەمی جیاوازدا، وەک دوو کەسایەتیی سیمبۆڵیی ناسیۆنالیزمی کوردیی، ئەم ناسیۆنالیزمەیان بەسادەترین کەرەستەکانی ئەوسا، تیۆرایز و مۆدێرن کرد و بۆ یەکەمجار بەهای سیاسیی و کولتووریی زمانیان جەخت لێکردەوە. بەهۆی هەژموونی شۆڤینیزمی لەهجەیی و ناوچەییەوە ، تەنانەت ئەگەر خانیی لەمڕۆدا بژیایە، بێگومان هیچ رۆڵێكی ئەوتۆی نەدەبوو لەسەر بونیادنانی جڤاکی وێنەکراوی کوردیی، چونکە بە لاتینیی-تورکیی دەینووسی و لە باشووریش لاتینیی- تورکیی کەڵکی نییە .

هەروەک چۆن بزاڤی رۆشنبیریی کوردیی باشوور کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کوردستانی باکوور دروستنەکردووە، بەهۆی جیاوازیی زاراوە و رێنووسەوە. لێرەدایە، دەردەکەوێ بەدرخانییەکان، وەک رائیدەکانی رۆژنامەگەریی کوردیی چەند ئەجێندایەکی تایەفیی و ناوچەییان هەبوو لەمەڕ چێکردنی نووسینی کوردیی بە تیپی لاتینیی کە لەژێر هەژموونی ئیتیحاد و تەرەقییدا دەستیان بۆ بردو دواتریش کەمالیزم بوو بەهاندەرێکی باش بۆیان کە لەگەڵ دۆخی نوێی تورکیە و بە حیساب مۆدێرنێتەدا، خۆیان تەسلیم بەهەژموونی فیکری کەمالیزم لەسەر مەسەلەی رێنووسی زمان بکەن .

بۆ ئەوەی نەتەوەییە دەمار رەپەکانی کورد، چیکڵدانەیەیان نەتەقێت بەرامبەر ئەوەی کە دەڵێین بەدرخانییەکان، ئەجێندای تایەفیی و ناوچەییان هەبوو، بە قسەیەکی ئۆجەلان کۆتایی بەم وتارە دەهێنین. ئۆجەلان دەڵێت” کوردبوونی من لە کوردبوونی بەدرخانییەکان و بارزانییەکان و تاڵەبانیی ناچێت، بەڵکو کوردبوونم ، لە پێوەندیی خێڵەکیی داماڵراوە”. ئەوەی ئۆجەلان مەبەستییەتی بیڵێ، ئەوەیە کە بنەماڵەی بەدرخانییەکانیش، کوڕی خێڵ و عێڵ و هۆز و عەشیرەت و بەرەباب بوونە و خەریکی خزمخزمێنەی سیاسیی و زمانیی و…….تاد بوونە. هەرچەندە دیدی ئۆجەلان لە میتۆدی فیکریی باکگراوند چەپیییەوە سەرچاوە دەگرێ .

ئەمەش سایتی پەکەکەیە  …  PKK

1,479 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست