sherko_bekas

عەتا قەرەداخی : کاک شێرکۆ شاعیرێک لە گوڵ ناسکتر بۆ شیعر لە پیرەمەگرون پتەوتر بۆ هەڵوێست .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رەنگە مردن بۆ مرۆڤێکی ئاسایی کە تەنیا بۆ خۆی ژیاوە کۆتایی هەتا هەتایی بێت ، بەڵام بۆ کەسانێک کە ژیانیان دەبێتە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵگەو نەتەوەکەیان و لە پاڵ ژیانی تایبەتی خۆیاندا ئازارو خەمەکانی ژیانی نەتەوەو نیشتیمان و کۆی مرۆڤایەتی ئامادەبوونی دەبێت ، ئەوا ئەو کەسانە دەبنە بەشێک لە ویژدانی کۆمەڵایەتی و لە کۆنەستی کۆمەڵگەدا بوون و ئامادەبوونیان دەبێت ، بۆیە ئەم جۆرە کەسانە لە مێژوودا بە زیندوویی دەمێننەوەو کۆتاییان نییە .

شاعیری گەورەو هەڵکەوتووی ئێمە کاک شێرکۆ لەو کەسانەیە کە ماوەی 45 ساڵە لە ویژدانی نەتەوەکەیدا دەژی و ، کۆی نەتەوە بە خوێندەوارو نەخوێندەواریەوە ، ئەم شاعیرە مەزنەى خۆیان دەناسن و بە دەنگ و رەنگ و وشەو هەڵوێستە بەرزەکانی ئاشنان . بۆیە مردن بۆ کەسایەتییەکی گەورەو داهێنەرو ئامادەی نێو پانتای کۆنەستی کۆمەڵایەتی وەکو کاک شێرکۆ تەنیا مردنی جەستەیەو لەبەرچاو ونبوونی جەستەیە ، ئەگینا ئەو هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوەو مردنی راستەقینە لە ئاستی ئەودا بچووک و بێتوانایە . داهێنانەکانی ، سادەیی و خاکەڕاییەکەی ، دڵنەرمی و میهرەبانییەکەى ، دڵنەرمی و بێ رق و کینەییەکەی ، هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەى هەمیشە زیندوون و لە ویژدانی نەتەوەکەیدا ، ئەو بە گەورەی دەهێڵنەوەو بۆ هەتا هەتایە دەیپارێزن .

لە رووی شیعرەوە کاک شێرکۆ یەکێک لە پایە هەرە سەرەکییەکانی شیعری کوردیە . من پێشتر نووسیوومە لە نالییەوە بۆ گۆران ، لە گۆرانەوە بۆ شێرکۆ . بەڵێ شێرکۆ سەرباری ئەوەى شاعیرێکی پڕبەرهەم بوو تا ساتەوەختی نەخۆشکەوتنیشی لە نووسین نەکەوتبوو، بەڵکو ئەزموونی ئەو بەردەوام بوو بە جۆرێک هەست دەکرا کە خواوەند ئەوی بۆ شیعر نووسین ئەفراندووە . بەڵی ئەو لە هەرە عاشقە مەزنەکانی وشەو وێنەو ئەو رستانە بوو کە بینای شیعری پێدەچنین ، چینینی شیعریش لە لای ئەو ئەرکێکی مرۆیی گەورە بوو لە پێناوی مرۆڤء ئازادی و بوونی راستەقینەى مرۆڤدا بوو .

لە رووی هەڵوێستی نیشتیمانیء نەتەوەییەوە کاک شێرکۆ بە درێژایی ژیانی نموونەى بەرزو باڵابوو . بەردەوام لە سەنگەری راستەقینەی کوردو کوردایەتیدا بووەو هەرگیز گومان کردن لە رەوایی دۆزی نەتەوەکەى نەیوێراوە لە جوگرافیای فراوانی ئەم کەسێتیە گەورەیە نزیک بێتەوە . لە سەرەتای لاوێتیدا ئەم شاعیرە مەزنە لە هەڵگرانی بیری نەتەوایەتی کوردی بووەو هەر ئەوەش وایلێکردووە لە کاژیکەوە دەست پێبکات و پاشان لە پارتی دیموکراتی کوردستان نزیک بێتەوە بە تایبەتی کە پارتی دەستی دایە خەباتی پێشمەرگایەتی ئەم لەگەڵ هەڵوێستی شۆڕشگێرانەو پێشمەرگایەتی ئەو کاتەدا بوو . لە درزبردنی نێوان مەکتەبی سیاس و سەرکردایەتی بارزانیدا ، کاک شێرکۆ لەپاڵ سەرکردایەتی بارزانیدا مایەوەو بە تووندیش دژایەتی هەڵوێستی باڵی مەکتەبی سیاسی کرد بە تایبەتی لەو قۆناغەدا کە مەکتەبی سیاسی پاڵیان دا بە رژێمەوە . لە ساڵ 1974-1975 کاک شێرکۆ یەکێک بوو لەو شاعیرانەى لە دەزگای راگەیاندنی شۆڕش لەگەڵ هاورَێکانیدا ئەنوەر قادر جاف و لەتیف هەڵمەت و حسێن عارف و کەمال مەزهەرو چەندین نووسەری تردا کاری کردووە . شکستی شۆڕش کاک شێرکۆی بێئومێد نەکرد بەڵکو شکست بۆ ئەو بوو بە هەوێنی نووسینی چەندین قەسیدەى نەمری وەکو کۆچ و ئەوانی تریش ، کە سەرباری خستنەرووی مەترسیەکانی شکست ، باسی سەرهەڵدانەوەو رابوونەوە لە ناخی کۆمەڵگەى کوردی ئەو کاتەدا دەکات . دواتریش کاک شێرکۆ دەبێتە پێشەنگی ئەو شاعیرانەى کە بە دڵ لەگەڵ شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا دەژین و لەگەڵ درووستبوونی ئیزگەى دەنگی شۆڕشدا شیعرەکانی کاک شێرکۆ بەرەو ئەو ئێزگەیە رێگادەگرنەبەرو بە دەنگی زوڵاڵی بێژەرەکانی ئێزگەى شۆڕش دەگەنە گوێی پێشمەرگەو جەماوەری خەڵکی کوردستان . شیعرەکانی کاک شێرکۆ لە ئیزگەوە مایەی ورژان و جۆشدانی گیانی شۆڕشگێری بوون لەلای پێشمەرگەى کوردستان و جەماوەرەکەى . دواتر کاک شێرکۆ خۆیشی بە کردەوە شاری بەجێهێشت و چووە ریزی شۆڕشەوە . بەڵی هەڵوێستی راستەقینەی ئەم شاعیرە گەورەیەی ئێمە ئەوە بووە کە هەمیشە لەسەنگەری راستەقینەى داهێنان و لەسەنگەری راستەقینەى بەرگری کردن لە نەتەوەکەیدا بووە . مەرگی کاک شێرکۆ مایەی خەم و پەژارەیەکی گەورەیە بۆ هەموو دۆستانی و شەو شیعرو کوردو کوردایەتی . بەڵی مەرگی ئەو خەمێکی گەورەیە بەڵام ئەو لە راستیدا نامرێت ئەو هەمیشە لە ویژدانی ئێمەدا زیندووە. بەڵی ئەو زیندووە تا ئەو کاتەى وشە مانای هەبێت تا ئەو کاتەى مرۆڤ پارێزگاری لە بەها راستەقینەکانی خۆی بکات تا ئەو کاتەی داهێنان و هەڵوێست مانایەکیان هەبێت شێرکۆ زیندووەو نامرێت . نەخێر مردن بۆ مرۆڤی گەورە نییە .

 

2,213 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت