Newt

هەندرێن هەورامی : بیرە نەوت وڵاتی هەژاند .

– هەستە ، ڕابە ، ئەرێ ئەم خەوەی تۆ بوو بە چی؟! پیاوەکە ، ئاخ و داخ لە دەستی تۆ .

– ئەرێ ئەوە چیتە ماڵ کاول ، نابینی ماندو و شەکەت نوستووم !

– هەستە ، بزانە چ قوڕێکمان بۆ گیراوەتەوە .

– قوڕی چی ژن ؟!

– بڵێم چی نازانم، خۆ لە بەدبەختی زیاتر خێر خۆی دەکات بەم کاولبووەی ئێمەدا .

– ژن ، سپاسگوزاری خودا بە ، کەم ناشوکری بکە بەم بەرەبەیانە . ئێستە پێم ناڵێت چیمان لێ قەوماوە ؟

– کەمێک بەر لە ئێستا ئاوم لە بیرەکە دەرهێنا ، بۆگەناوێکی وای لێ دەهات هەر مەپرسە ، دڵ و جەرگم هاتەدرێ .

– بۆگەناوی چی ؟

– جا من چوزانم ، بەو خودایە هەبێت و نەبێت منداڵەکان سەری بیرەکە هەڵداوەتەوە پشیلە یان بەچکە سەگی تێکەوتوە و خنکاوە و بۆگەنی کردوە .

– بۆ سەری بیرەکە هەڵدرا بویەوە ؟

– نا ، نەخێر ،داخرا بوو .

– ئەی ئیتر ئەم سەگ و پشیلە چۆن چوونە نێو ئەم بیرەوە ؟

– دە نازانم ئەڵێی پۆلیسی لێکۆڵینەوەیت ، جەنابت لە نێو جێ خەوەکەت هەستە و بزانە چ قوڕێک بکەین بەسەماندا ، هەزار و یەک کاری ناو ماڵم هەیە ئاو نەبێت چی بکەین؟

ژن و مێرد پێکەوە ، سەری بیریان هەڵدایەوە و تەماشایەکی ناوەیان کرد ، بەڵام هیچیان بەدەی نەکرد .

– بەڕاستی بۆنێکی ناخۆشە ، ژنەکە دەستماڵیکم بۆ بهێنە با لە دەم و لوتمی هەڵبەستم دابەزمەوە ناوەوە ، لە سەرەوە هیچ دیارە نییە ، هەرچی تێکەوتبێت ئەوا نیشیتوە و لە بنەکەی دایە .

– با یەکێک لە دروسێکان بانگ بکەم تا هاوکاریت بکات ، خودا نەکردە نەوەک لە خوارەوە بەڵایەکت بەسەر بێت .

– خەڵکیم لێ کۆمەکەروە ، خۆ یەکەم جارم نییە بچمە خوارەوە .

کابرا چووە خوارەوە وهەرچی گەڕا بە نێو بیردا شێکی نەدۆزییەوە و هاتەوە سەرەوە .

– هیچی تێدا نییە ، بەڵام زۆر سەیرە ، ئەم بۆنە زۆر لە بۆنی نەوت دەچێ .

– ئەیەڕۆ نەوتی چی ؟

– هەستە ئەو ستڵەم بۆ بهێنە و با بە ترومپاکە کەمێک لە ئاوی بیرەکە هەڵگۆزین .

ئاو هەڵگۆزرا و لێی ڕوانرا و ئاگر درا و نەوت دەرچوو .

– ئۆ خودایە لە تۆ بەزیاد بێت ، بۆ ئەو ناز و نعمەتەی ڕژاندت بەسەرماندا . ئەها پیاوەکە قسەی تۆ دەرچوو ، هەمیشە دەتگوت : ئافرەت سەبرێت هەبێ و سپاسگوزاربە و تاسەر ژیانمان وا نابێت خوداش لایەکی خێرمان لێ دەکاتەوە . ئەوەتا ئەوا بە چاوی خۆمان بینیمان .

– بابەکەی بابم ، خێری چی شتی چی . دەنگت بەرز مەکەرەوە با دەر و دراوسێ نەزانن *” قسە کەوتە سی ددان دەکەوێتە سی ماڵ ” ، ئەو کات بەرق ئاسا بە هەموو شار و وڵات بڵاو دەبێتەوە و ماڵمان وێران دەبێت .

– ئەیەڕۆ ماڵمان بۆ وێران دەبێت؟! *” بانگ و سەڵا ” بە ئاشکرا خۆشە .

– ئاخر ژن ، من چۆن تێبگەیەنم ، ئەم نەوتە دەبێت بەڵای سەرمان ، وا دەزانی حکومەت ئەوەندە هەژار و داماوە هەر وا ئاسان ڕێگە بە ئێمە نەگبەت دەدات تا خێر و بێری ئەم نەوتە بخۆین و ئەویش بڵێت : نۆشی گیانتان بێت . ئامان سەد ئامان با کەس نەزانێت ، وەڵا نەک ماڵی ئێمە ، بەڵکو ماڵی هەموو خەڵکی گەڕەک وێران دەبێت .

– کورە پیاوکە سەڵەواتێک بدە و دەست بەڕووی ئەم خێرو بێرەوە مەنێ ، با ئێمەش لەم ژیانە کولە مەرگییە ڕزگارمان بێت . ماڵ ماڵی خۆمانە ونەوتیش نەوتی خۆمان ، ئیدی کێ دەتوانێ لەدەستمانی دەریبهێنی ؟

– ژنەکە ، وەرە لە ڕێی خودا بەگوێم بکە و با سەری ئەم بابەتە بنێینەوە و کۆتایی پێ بهێنین . ئەوەی من دەیزانم تۆ لێی بێ خەبەری ، تکات لێدەکەم ، لێت دەپاڕێمەوە ، دەستەکانت ماچ دەکەم ، دەمی خۆت بگرە و ئەم یەک دوو ڕۆژە لەو ماڵە دراوسێیانە ئاو بهێنە ، تا چارەیەک دەدۆزینەوە .

ژن و مێرد ، هەر یەکە و چوون بەلای کاری ڕۆژانەیانەوە .

– سڵاو خاتوونەکەم ، بە ئەرک نەبێت ئەتوانم کەمێک ئاو لە بیرەکەتان هەڵگۆزم؟

– دراوسێی ئازیز ، جا ئەوە پرسیاری بۆ چییە ، بیر و ئاوی خۆتانە پێویست بە وتن ناکات .

– ماڵتان ئاوا ، خودا لە خوشکی کەمت نەکات و هەمیشە بیرتان پڕ ئاو بێت .

– خوانەخاستە خۆ ئاوی بیرەکەتان وشکی نەکردوە ، یان دەبێت ترومپاکەتان شکا بێت ، وانییە؟

هەر دوو دراوسێ کەوتنە هەوای گفتوگۆ وباس و خواست و ڕازی بیرە نەوتیش هەر زوو ئاشکرا بوو . هەواڵەکە بەخێرای هەموو شاری تەنی و بووە تیتڵی بەپەلەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن . لەلایەکەوە سەرەتا خەڵکی گەڕەک و پاشان خەڵکی شار بە دەبە و جلیکانە و بەرمیلەوە ، لەو لاشەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش بە ئامێر و ماشێنی گواستەنەوەی پەخشی زیندو ڕویان لە ماڵی خاوەن بیری نەوت نا . ئاپۆڕای جەماوەر جمەی دەهات و تا دەهات زیاتر دەبوو. بۆ کۆنترۆلکردنی بارودۆخەکە پۆلیس و ئاساییش باسگەیەکی هاوبەشی کاتیان لە بەردەم ماڵەکە دانا .

– ئەی هاوار ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە من لێی دەترسام ! ئاخرەکەی دەمی خۆی نەگرت و ماڵمانی وێران کرد . ئاخ ژن ئەگەر دەستتم پێت ڕا دەگەشت .

– ئادەی کاکە بۆ دواوە ، بگەڕێوە قەدەغەیە بچیتە ژورەوە .

– کاکی پۆلیس بڕۆ ئەو لاوە ، ماڵ ماڵی خۆمە ، چۆن و کەی دەچم و دێم تۆ حەقت نییە ڕێگریم لێ بکەی .

– پەلە مەکە با لە خاوەن ماڵەکە بپرسم ، ئەگەر قسەکەتیان پشتڕاستکردوە ، ئەوا بەسەر چاوانم .

– کاکە خاوەن ماڵ منم ، ئیدی بەرێزت لە کێ دەپرسی ؟

– پیاوانە بڕۆ دواوە و مینجە مینج مەکە ، ئەگیان دەڵێم : دەستبەسەرت بکەن .

هەژارە خاوەن ماڵ ، بۆ چوونە ماڵێ خۆی دەبێت چاوەڕوانی مۆڵەت لە پۆلیس و ئاساییش بکات . پاش ئەوەی وتەکانی لە لایەن هاوژینەکەیەوە پشتڕاستکرانەوە ڕێگەی پێدرا چووە ژورێ .

– باشە ژن من بە تۆم نەگوت : ئەم باسە لای کەس نەدرکێنی ، ئەمە چ قوڕێکە کە بۆ منت گرتۆتەوە ؟

– ئینجا چی بووە ، بۆ دونیات لێ هاتووتەیەک ؟

-هەمووخەڵکی شار و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پۆلیس و ئاساییش لە دەرەوە کۆبوونەتەوە ، هێشتا ئەڵێی چی بووە ؟! بۆ ئەتەوێت لەوە زیاتر چی دیکە ڕوو بدات ؟

-جا نەک خەڵکی شار ، خودای دەکرد هەموو خەڵکی وڵات دەهاتنە بەردەم ماڵمان بە ئێمە چی . تۆ بۆ خۆت تێکداوە ؟

-ئەگەر ئەم دۆخە وا نەدەبوو ، ئەو کات دەمزانی چۆن وەلامتت بدەمەوە . ژن بۆ تێناگەی ژیانمان لە مەترسیدایە .

-تۆ حەقت نەبێت ، تەنها تەمشا بکە و شتەکان بە من بسپێرە .

-پێم ناڵێیت کەی شتەکان بە تۆ نە سپێردراون ؟ بەڕێزت هەمیشە سەروەر و بڕیار بەدەستی ماڵ بووی ، کەی حسابت بۆ من کردوە؟ هەر چییەک ویستبێت بە ئارەزووی خۆت کردوتە ، فەرموو ئەم جارەش *” پرسیارە گورگانەم پێ مەکە ” و بە ئازەوی خۆت چۆنت پێ باشە وا بکە .

-خەمت نەبێت ، باوەڕ بکە ناهێڵم ئەم دەرفەتەمان لە دەست بچێت ، دەبێت دواڕۆژێکی گەش بۆ خاوخێزانمان دابین بکەین ، جارێ هەستە بڕۆ دەرگاکە بکەرەوە و با ئەو خەڵکە یەکە یەکە بە پارەیەکی زۆر کەم نەوت وەر گرن و دوایی خودا گەورەیە .

تازە کار لە کار تراز بوو و دونیا بە هەواڵی بیرە نەوتی زانی بوو ، بۆیە کابرا بە ناچاری ملی دایە بەر ڕێنوێنیەکانی هاوژینەکەی .

-کاکی پۆلیس ، بەئەرک نەبێت با ئەو خەڵکە بەسەرە بێنە ژورەوە و نەوت وەرگرن ، بەڵام لەبەرامبەردا دەبێت شتێکی کەم پارە بدەن .

-برام ، ئەم خەڵکە نەوتی خاوی بۆ چییە ، خۆ پاڵاوگەیان نییە  ؟

-باوەڕ بکە ، کاکی پۆلیس منیش سەرم سوڕماوە ، نەوتی بیرەکەمان هێندە و ڕوون و سپییە ، نەک بۆ سوتاندن ،تەناتە بۆ خواردنەوەش دەست دەدات . چی بڵێم ، جۆرەکەی وایە ، ئیدی لە خوارەوە دەیپاڵێون ، چی ڕوو دەدات ، نازانم .

سەرەی نەوت وەرگرتن بەسترا و نە سەری دیار بوو و نەبن . پارت و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانیش کە لەناو حەشاماتەکەد ابوون ، دۆخەکەیان دەقۆسەتەوە هەر یەکە لەلایەکەوە دەستی بە پڕوپاگەندە کرد بوو و هێز و بازوی خۆیان نیشان دەدا .

پارتەکانی دەسەلات  :

– بەڵێنتان پێ دەدەین بە زووترین کات وەربەرهێنان لەم بیرە نەوتەدا دەست پێ بکەین و شارەکەمان ئاوەدان بکەینەوە و سەرجەم خزمەتگوزاریەکانی بۆ دابین بکەین .

هاوڵاتیەک : وەڵا زۆرتان بۆ کەرکوک کردوە و جا نۆرەی ئێمەیە . سوێدندم بە خودا ئەمە سەرەتایی وێرانی ئەم شارەیە .

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن :

– خەڵکینە ئەمە سامانی ئێوەیە ، نابێت ڕێگە بدرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە بە هەدەر بدرێت و سوک و ئاسان لە ژێر دەستاندا دەر بهێنرێت ، دەبێت مەرجتان هەبێت و پێشنیار و پرۆژەتان هەبێت . وەرن و لە دەوری ئێمە کۆببنەوە با پێکەوە پلان و بەرنامە داڕێژین و داخوازیەکانمان تاوتوێ بکەین .

دەنگێک لە نێو قەرەباڵخیەکەوە :

– ئێوەش لەگەڵ ئەواندا هیچ جیاوازیەکتان نییە ، کاتێک دەگەنە کورسی دەسەڵات هەمان ستەم لە خەڵکی دەکەنەوە ، پێشتر حکومی ئێوەشمان بینیوە . بۆ جارێکیش بێت وازمان لێ بهێنن با بە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین .

چەپەکان :

– خەڵکینە وریا بن بە بەڵێنەکانی پارتەکانی سەرمایە هەڵنەخەڵەتێن ، نەوت نەوتی خومانە و دەبێت داهاتەکەی بچێتە سندوقێکەوە و بە یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەش بکرێت .

مامە پیرەیەک :

– وەڵا بە گەردنم قسەکەتان جوانە ، بەڵام کێ باوەڕتان پێ دەکات ، قوڕبەسەرینە 100 ساڵە لەگەڵ ئەم خەڵکە خەریکن بێ ئەنجام بووە، ئاسنی سارد دەکوتن .

ئیسلامیەکان بەدەم ئەڵلاوهو ئەکبەرەوە :

– موسڵمانان ئیمانداران ، پاش ئەو هەموو نەهامەتی و ناخۆشیانەی بەسەرماندا هاتن ، ئەوەتا خودای گەورە بەزەیی خۆی بەسەرماندا باراندوە و دەرگای خێر و بەرەکەی لێ کردونەتەوە ، ئەمەش دەرنجامی نزا و پاڕانەوەکانی ئێوەی باوەڕدار و موسڵمانە .. ئێوەش ئەی هۆزی بێباوەڕان وەرەنەوە سەرخۆتان و بەڵکو ئەم موعجزەیە کەمێک بتانهێنێتەوە سەرهۆش و بتانگەڕێنێتەوە سەر ڕێی ڕاست و شایەت و ئیمانێکی ڕاستەقینە بهێنن . وەڵاهی برایان ، خوشکان ، مەرگ لە ڕەگی ملتان نزیکترە لێتانەوە ، دەی تا درەنگی نەکردوە پەشیمان ببنەوە و ڕوو لە قاپی خودا بکەنەوە ، ئەگینا لە قیامەتدا پەشیمانی دادی کەس نادات .

هەرزەکارێک :

– کاکە گیان وازمان لێ بهێنە ، بە قەبر و قیامەت مەمانترسێنە هێشتا ئەوەڵی دەممانە و ژیانی زۆر بەبەرەوە ماوە ، تازە بە تازە وا لە سایەی ئەم بیرە نەوتەوە بەرەو بوژانەوە و خۆشگوزەرانی دەچین ، با چوار سەریران و گەڕان و شایی و هەڵپەڕکێ بکەین ، ئەو جار وەرە ئەم قسانەمان بۆ بکە .

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی :

– باش گوێ بگرن ، ئیدی ئەو سەردەمە بەسەر چوو و ڕۆیی و ناگەڕێتەوە کە کەسانێک بێن و سامانی ئەم خەڵکە ڕەش و ڕوتە حەپەلوش بکەن . ئێمە و خەڵک پێکەوە کۆمسیۆنێک پێک دەهێنین و هەر خۆمان ئەم نەوتە دەفرۆشین و هەر خۆشمان پارەکەی دابەش دەکەین و بەشێکیشی وەک باج دەدەینە حکومەت . کێ لەگەڵمان دایە با بێت ئەم بەڵێننامەیە ئیمزا بکات .

ئەندامێکی دەرکراوی یەکێک لەو ڕێکخراونە :

– ناتوانن کەس بەم قسانەتان فریو بدەن ، ئێوە خۆتان های لایڤ دەژین و لە سەرەوە دژ و لە بنەوە شەریکی دەسەڵاتن ، کورد گوتەنی : هەم لەناڵ دەدەن هەم لە بزمار . شورەیە بۆتان لە ژێر پەردەی هاوکار و لایەنگری خەڵکی هەژار سەرقاڵی پڕکردنی گیرفانەکانتانن .

لەگەڵ گەشتنی ” نوێنەری حکومەت ” :

– هاوڵاتیانی بەڕێز ، خۆشەویستان ،ئەمرۆ بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە خزمەتی ئێوەی داین . هەموو سامانی ئەم وڵاتە هی ئێوەیە ، ئەی بۆ ئێوە نەبێت بۆ کێیە ؟ سامان و داهاتی ئەم نەوتەش هەر بۆ ئێوەیە ، بەئەرک نەبێت ئێرە چۆڵ بکەن و هەر کەس بگەڕێتەوە ماڵ و حاڵی خۆی ، ئێمەش بە ئەرکی خۆمان هەڵدەستین . دڵنیاتان دەکەینەوە پترۆدۆلار شارەکەتان بگرێتەوە و گوزەرانتان لە سەدا سەد گۆڕانکاری بەسەر بێت . لە سبەی زووتر نییە خەڵکی ئەم گەڕەکە لە باشترین شوێن خانویان بۆ دروست دەکرێت و قەرەبووی ماددی باشیش دەکرێنەوە .

کەسێکی خەڵکی گەڕەک :

– وەرە خوارێ درۆ بۆ کێ دەکەی ، هەر یەکە لە ئێمە بگری لە سەر درۆ و دەلەسە سەرو شەش مانگ زیندانی تاکەکەسیمان بینیوە. پترۆ دۆلاری چی و بارکردن و قەرەبووی چی ، عەرەبانەکەت ڕاکێشە ، بڕۆ خودا لە شوێنێکی دیکە ڕسقت بدات. بەڵێنەکانتان فلسێکی قەڵب ناکەن ، خەیاڵتان خاوە ئەگەر بەتەمای داگیرکردنی نەوتەکەمان بن ، ئەو سەردەمە گوزەشت خاڵۆ ، شوکر گەل وشیارە ئەمڕۆ.پێم ناڵێت : تا ئێستا چیتان بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە کردوە کە نەوتیان تێدا دۆزراوەتەوە ، لە بەدبەختی و وێرانکردن و پیسکردنی ژینگە زیاتر شتێکتان پێ بەخشیون؟

لە پڕ دەنگێک سەرنج هەمووانی بۆلای خۆی راکێشا و ئارامیەکی ڕەها شوێنەکەی تەنیەوە .

-نەوت نەما ، نەوت بڕا !

-چۆن نەوت نەما ؟! بابە درۆیە بزانە چ فێل و تەڵەکەیەکیان لە ژێر سەردایە .

– بەخودا ، مەگەر بم کوژن و جستەکەم لێرە بەرن ، ئەگینا هێز نییە لێرە دەرم بکات . نەوت برا ، هههههههههههه ئێمەش هەر وا سوک و ئاسان باوەڕمان کرد .

– مافی خۆمانە تا دواین دڵۆپ بە شوێن ئەم نەوتەوە بین ، با کەس دڵی خۆی بەم بانگەشە و پڕوپاگەندانە خۆش نەکات ، لێرە ناڕۆین تا چارەنوسی ئەم نەوتە یەکلایی نەکرێتەوە .

هێدی هێدی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبوو ، خوێن بەرچاوی هەمووانی گرتبوو ، لەو لاشەوە هێزێکی زۆر چواردەوری خەڵکەیان دابوو. هەر ئان و سات چاوەڕوانی ڕوودانی کارەساتێکی خوێناوی دەکرا. بەڵام لەم کاتەدا هاوار و گریانی پیاوێک دۆخەکەی گۆڕی و هەمووانی لە بەڵای نەوت ڕزگار کرد .

– ئەی هاوار خەڵکینە ، بەرپرسینە فریام بکەون ، ماڵم کاول بوو ، کوان و لەوێن بەرپرسانی حکومەت ؟ باوکم قەرەبووم بکەنەوە ، دار و نەدارم تیاچوو. خاک بە سەرم ، هەش بەسەرم ، بیرە نەوتی چی و سەروەت و سامانی چی ، ئەوە نەوتی هەمارەکەی منە کە لەپشتەوەی ئەم ماڵیە و نازانم لە کوێوە تەقیوە و درزی بردوە و یان چ بێ ئیمانێک کونی تێکردوە و ئیدی دزەی کردۆتە ناو بیرەکەیانەوە. قوربانتان بم دەستم بەدامێنتان چارەیەکەم بکەن .

دراوسێکەیەک :

– ئەی پیسکەی چاوجنۆک، نەوتەکەت شاردبوویەوە تا پارەی زیاترت بۆ بکات. ئەمە سەرەنجامی هەموو چاوجنۆکێکە و کە دەیەوێت بە سەر گیرفانی خەڵکەوە دەوڵەمەند بێت.خۆ هەر دوێنێ بوو هاتم بۆ لات و لێت پاڕامەوە بۆ تا بە پارە دەبەیک نەوتم پێ بفرۆشی ، کەچی هەزار و یەک سوێندت خوارد کە چۆڕێ نەوت لەهەمارەکەتدا نییە. دەبخۆ بە دەردت بێ ، باش خودا ڕوو ڕەشی لای خەڵکی کردی .

بروکسل .. بەلجیکا

1,402 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست