Gisk-bedest1

هەندرێن هەورامی : خاوەن بڕوانامەی بەرز بێت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

– نازانم هیچم پێ مەڵێ ، ئیدی گوێت لێ ناگرم ، ئەمە ژیان نییە ئێمەی تێداین .

– ئافرەت کەمێک شوکرانەبێژبە ، ئاخر لە چیت کەمە ؟! ماڵە هەمانە ، ماشێنە هەمانە ، قەزدار نیین ، کوڕ و کچەکانمان پێگەیون ، ئیتر تۆ بۆ گرتوتە بەم بەزمەوە .

– ئەمانە هەموو پاساون ، کابرا تۆ لە کامە هەسارە دەژی ، وەرەوە هۆشت خۆت ، تۆ لێرەیت لەسەر زەوی و لەناو خەڵک ، ئایا تۆ دەزانی ئابڕومان لە گەڕەکەدا نەماوە؟

– ئاخر بۆ ئابڕومان نەماوە ، هەر لەبەر ئەوەی ئەوان بە دزی و فزی و ساخەتکاری داران و من نەدار و نەبوو؟

– بۆ نیتە ، وەڵا هەتە ، بەڵام خوو و ڕەوشتەکەت وایە هەمیشە بکڕوزێیتەوە . خوا نەیبڕی موچەت هەیە ، ئێ کرێی دوکانەکانیش وەردەگری ، خۆ من و منداڵە داماوەکانیش نە گەشت و گێڵ و سەیرانمان هەیە و نە زیادە مەسرەفی ، بۆ کێی کۆ دەکەیەتەوە خۆ نایبەیتە گۆڕەکەتەوە .

– ئێستا یەکێک لەو دورەوە گوێی لێت بێت ، وا دەزانێت خاوەنی مایکرۆسۆفتم و موچەکەم ملیۆنان دۆلارە و ڕیزە دۆکانێکم لە شانزەلیزێ پاریس هەیە . ژن ، کەمێک ویژدانت هەبێت ، موچەی خانەنشینیەکەم ناگاتە پێنجسەد دۆلار ، خۆت باشی دەزانی کرێی ئەو سێ دوکانەش لە 900 دۆلار زیاتر نییە . خوا بەوسەرەوەیە لەبەرامبەر ئێوەشدا کەمترەخەم نەبوو .

– من نازانم هەر ئەوەیە کە وتوومە ، ئەوە ماڵی شەونم خان یەکێکیان هەیە ، ماڵی سەرسوچکەش دوان ، خۆ ئەوەی خوارەشە یەک دوانێکیان هەیە ، لەم نێوانەدا تەنها ئێمەین نیمانە . عالەم دوو دوو و سێ سێ هەیانە ، کە چی تۆش وا بەهیچ کۆلێجێک ناچیتە ژێر باری یەکێکەوە ، خەتای تۆ نییە کڵۆلێ و بەدبەختی خۆمە .

– نازانم جاران دایکی 9 و دایکی 6 منداڵیان چۆن پێگەیاند ، ئەوە با لەو لاشەوە کاری ناوماڵ و دەشت و دەر و ئاژەڵداریش بوەستێت . هەستە خانم واز لەم لوشەکە لوشکە بهێنە ، لە بەر خاتری خاتران و پاراستنی ئاشتی ناوماڵ ، وا بە ناچاری قبوڵم کرد ، بەڵام لە دەرنجامەکەی هەرخۆت بەرپرسیاریت ، من کارم بەسەریەوە نییە .

– بە ساقەی پیاوی گوڵی خۆم بم ، بەخوا هەر دەمزانی دڵم ناشکێنی و ڕەزامەندی لەسەر دەردەبڕی . جا پیاوەکە کەوایە با سبەی ئێوارە کاک ئومێد و شەونم خانی هاوژینی داوەت بکەین تا بزانین ئەوان چۆن چۆنی هێناویانە ، ڕێکار و شێوازەکەی چۆنە و بەشکوم زانیاریەکمان دەست کەوێت .

– ئاخ بەدەست ژنەوە ، من دەبێت چەند جاری دیکە دووبارەی بکەمەوە کە ئەم کاک نائومێدە ڕاست لە مەزهەبیدا نییە ، کورە فریوی دەم و لەفزی مەخۆ .

– کەمێ هێور بەرەوە پیاو ، تەنها بانگیان دەکەین زانیاریەک وەردەگرین ، دوای ئەوەی خۆ ئێمەش مرۆڤین و دونیامان دیوە و دەزانین ڕاست لە چەوت و درۆ جیا بکەینەوە .  

*****

– کاک ئومێد ، بەڕاستی بە هاتنتان خۆشحالتان کردین ، ئەوەی ڕاستی بێت ماوەیەکە لەگەڵ نازێ بەنیازی کارێکی خێرین ، جا ویستمان ڕاوێژێکتان پێ بکەین و هەندێ زانیاریمان لەسەر چۆنیەتی هێنانی کچە خزمەتکارەکەتانمان پێ بدەن .

– ئۆووو کا هیوا ، کەوا بوو ئێوەش دەتانەوێت خزمەتکارێکتان هەبێت ؟ وتم : ئەم دواوەت و بانگهێشتە چەورە بێ هۆ نییە . کاک هیوا بەهەموو شێوەیەک لە خزمەتتدام ، بەڵام قسە لەم سەرەوە خۆشە بە گوێم بکەن و خزمەتکار مەگرن ، باوەڕ فەرموون ئەرکی زۆرە ، پارەی زۆری دەوێت ناز و نوکی هەیە ، ئەوە با بۆڵەبۆڵی کۆمپانیاش بوەستێت . ئێ دوای ئەوە ئێوە سەیری ئێمە مەکەن ، خوا بەو سەرەوەیە من وەک کچی خۆم سەیری دەکەم .

– کاک ئومێد گیان سوپاس بۆ ئامۆژگاریەکەت ، بەڵام تازە بڕیارمان لەسەری داوە و بڕاوەتەو و خانمیش ئیمزای کردوە .

– بەسەری ئێوە ئەم کچەی لای ئێمە خۆ هەر بەناو خزمەتکارە ، ئەوەتا هەمووان دەیبین بەیانیان دەچێتە زانکۆ ، پاش نیوەڕوانیش کە دێتەوە سەرقاڵی وانەکانیەتی ، ئیدی خۆ کاتی بۆ خزمەتکردنی ئێمە نامێنێت . بەینی خۆمان بێت جار جارە ئەو لێشمان توڕە دەبێت ، بەڵام ئێمە گوێی نادەینێ و نازی هەڵدەگرین .

– باشە کاک کەمال ئەمە چۆن خزمەتکارێکە ، یانی بەڕێزت مانگانە بەموفت و خۆڕایی پارەی پێ دەدەی؟!

– ئەزانی چۆنە ، ئەم قور بەسەرە خەڵکی هندستانە و کچی ماهراجەیەکی بەناو بانگ بووە ، ئیدی دونیایە لێیان تێکچووە و باوکی تابول بووە ، ئێ ئەمیش بە ناچاری ڕووی لێرە ناوە .  ئێ خۆ تۆش من دەناسی کاتێک کەسێکی لێقەوماو دەبینم  ، دڵم دەبێت بە دڵپۆپیک ئاو و توسقاڵێکی دەمێنێتەوە ، بۆیە لەگەڵ شەونم قسەمان کرد و وتمان : با لەم ئاخر و ئوخری عومرەوە خێر و چاکەیەک بکەین و دونیا مردنە و لەو دونیاش تەنها چاکە فریای مرۆڤ دەکەوێت ، ئیتر بۆیە هێنامانە لای خۆمان . ئافەرین کچ ، سەد ماشەڵلە ، وەڵا هەزار هونەر لە دەست و پەنجەی دەبارێ ، ماڵتە کۆمپیوتەر چاک دەکاتەوە ، فەیسبوک ، سکایپ و مەسنجەر بۆ خەڵکی دادەمەزرێنێ ، خەیاتە ، چەند خوێندکارێکی هەیە وانەیان پێ دەڵیتەوە ، 4 تا 5 زمان دەزانێت ، نازانم باسی چیت بۆ بکەم ، جا ئەم کچە چی نازانێت . باوەر فەرموون ئەوە لە ڕۆژنامەیەکدا خوێندمەوە نوسیبووی : هندستان سڵانە دەیان هەزار عەقڵ هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکات ، واتە کەسانی شارەزا و پسپۆڕی زۆریان هەن ، ئەم بەستەزمانەش یەکێکە لەوانە .

– خودا پاداشتی خێرتان بداتەوە ، بەڕاستی کارێکی باشتان کردوە.

– کاک هیوا ، مادام ئێوە بڕیاری خۆتاندا داوە و ڕاوێژ بە من دەکەن ، دەبێت وریات بکەمەوە تا ئاگادار بن و نەتانخەڵتێنن ، ئێستە نوسینگە زۆرن بۆ ئەم کارانە ، بەڵام کەس خزمەتکاری نەخوێندەوار و بی بڕوانامەی ناوێت ، وریابە و فریوت نەدەن و داماوێکت بەسەردا ساخ بکنەوە ، ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت با هیچ نەبێت وەک ئەوەی ئێمە خوێندکاری زانکۆ بێت .

*****

– ئا ها پیاوەکە بۆ دەرکەوت کاک ئومێد ئەو کەسە خراپە نییە کە تۆ باست دەکرد .

– ئافرەت قسەکانی عەقڵگیر نیین ، باشە خۆ پارەیان نەدۆزیوەتەوە تا بە بەلاش بی بەخشنەوە ، ئەویش بە کێ بە کچێکی هندی نەدیو و نەناسراو ، دوای ئەوە ماڵ پاککردنەوە و جلشۆردن بڕوانامەی بەرز و خوێندکاری زانکۆی بۆ چییە ، ئەم ماستە مویەکی تێدایە؟!

– دیسان دەستت پێ کردوە ، تۆ لە خۆتەوە دەڕوانیتە خەڵکی ، عالەم وەک ئێمە نیین ، ئەوان خێر و چاکە دەکەن و چاویان لە هەژاران و لێقەوماوانە ، خۆ بە ناخێری گیانت ناتەوێت بچیت خزمەتکارێکی نەخوێندەوارم بۆ بهێنی .

– باشە بیبڕەوە ، تاقەتم نییە سەر لە نوێ دەست پێ بکەینەوە ، سبەی زووتر نییە خزمەتکارێکت بۆ دەگرم کە مامۆستای زانکۆ بێت ، باشە ئیتر قسەت ما . بەڵام دیسان دەیڵێمەوە لە دەرنجامەکەی هەرخۆت بەرپرسیاری .

*****

– ڕۆژباش .

– ژیانت باش ، فەرموون خێرهاتی .

– سپاس بەڕێزم ، هاتوم دەمەوێت خزمەتکارێک بگرم .

– بەچاوان ، خەڵکی کوێ بێت ؟

– خەڵکی هەر شوێنێک بێت گرنگ نییە بەلامەوە ، بەڵام دەمەوێت بڕوانامەی بەرزی هەبێت ، یان هیچ نەبێت خوێندکاری زانکۆ بێت .

– باشە بۆ بەڕێوەبردنی ئۆفیس ، یان سکرتاریەتت دەوێت ، یان بەرپرسیت ؟

– نا برام نا ، تەنها بۆ خزمەتکردنی ماڵەوەم دەوێت .

– کە وایە ئیدی بۆ دەبێت خاوەن بڕوانامەی بەرز بێت ؟!

– ئێستە بەڕێزت کاڵەک خۆری یان بێستان ڕن ؟ من خزمەتکارێکی ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوانامەم دەوێت ، هەتانە یان نا ؟

– باشە بەرێزم توڕە مەبە ، ئێمە لێرە بێجگە لە خزمەتکاری ماڵان کەسانێکمان هەن کە لە دەرەوە بۆ کاری ئۆفێس و کۆمپانیاکان دەیانهێنین ، بەڵام کەمێک موچەی مانگانەکەیان گرانە .

– گرنگ نییە ، موچەکەی هەرچەندێک بێت دەیم دەم ، بەڵام کەمێکیش چاوت لێمان بێت .

– زۆر باشە ، لە ئەفریقاوە نرخەکان دەست پێ دەکەن و بەسەر باشوری ئاسایادا دەفڕن و لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیای دەگەنە لوتکە . بەڵام خەمت نەبێت کچێکمان لەلایە ناوی ئامییە و تەمەن 28 ساڵانە ، خەڵکی کینیایە و بەشی بازرگانی زانکۆی نایرۆبی تەواو کردوە . ئەو پارەیە دەبێت مانگانە بەڕێزت بیدەیتە کۆمپانیا لە ناوی دا مۆچەی کچەکە یەک هەزار دۆلارە و بێجگە لەوەش هەموو خەرجیەکی لەسەر خۆتان دەبێت ، پێشەکیش دەبێت پارەی 6 مانگ بدەیت ، واتە دەکاتە 6 هەزار دۆلار . ئەگەر پەشیمانیش بیتەوە ، یان کردەوەیەکی نەشیاو لەگەڵ کچەکە بنوێنن ئەوا پێشەکیەکە وەرناگریتەوە و دەفەوتێت .

– باشە بەڕێزم ، ئێوە لێرە عەرزە و موڵکیش دەکڕن ؟

– بۆ ؟

– ئاخر ، ڕاستیەکەی لە ئیستادا من ئەو بڕە پارەی پێشەکیەکەم لەدەستدا نییە ، بەڵام عەرزەیەکم لە دەرەوەی شار هەیە دەمەوێت بیفرۆشم وتم بەڵکو ئێوە کڕیار بن .

– جا برام کە بەڕێزت پارەت نییە ئیدی ئەم خزمەتکارە خاوەن بڕوانامە بەرزەت بۆ چییە؟

– گیانەکەم ئەو باسێکی دوور و درێژە و دەست لە کاری نۆخۆیی خێزانیم وەرمەدە ، تۆ وەڵامی پرسیارەکەم بدەرەوە .

– وەڵا ، زەوی و موڵک و ماڵ ناکڕین ، بەڵام خەمت نەبێت خەڵک دەناسم و ڕێک دەکەوێن ، بەس تۆ ئە، کاغەزەم بۆ ئیمزا بکە ئیدی حەقت نەبێت .

*****

– ڕۆژباش کچم ، ئەوە بۆ زانکۆ دەچیت ؟

– ژیانت باش ، بەڵێ .

– سەرکەوتوو بیت ، فەرموو وەرە لێرە دانیشە ئێستە پاسەکە بەڕی دەکەوێت .

– زۆر سپاس .

– ماڵیان ئاوا بێت کاک ئومێد و خاوخێزانی کەسانێکی بەڕێزن ، بێگومان تۆش لێیان ڕازیت ؟ چانست هێناوە توشت بووە بە توشیانەوە .

-ب ێگومان وایە کە بەرێزت دەفەرمووی .

– باوەڕ بکە کچم لەم دەورە و زەمانەدا کەسی باش کەمن یان ڕاستر هەر نیین . ئەرێ دەنگوباسی هندستان ، کەسوکارەکەت باشن ؟

– سپاس هەموو لایەک باشن ، بەڵام بۆ هەواڵی هندستان دەپرسی؟

– ئەی کچم نیشتمانتە و خۆشەویستە لەلات .

– لەمەبەستت تێناگەم ، نازانم باسی چی دەکەیت .

– ببورە خۆ بەهەڵدا نەچووم ، مەگەر تۆ خزنەتکارەکەی ماڵی کاک ئومێد نیت ؟

– خزمەتکاری چی ، کێ ئەم قسانەی کردوە؟!

– باشە کچەکەم ،کەوا بوو تۆ چی دەکەیت لە ماڵی کاک ئومێد؟

– چی دەکەم ، نهۆمی سەرەوەی خانوەکەیانم بە کرێ گرتووە .

– یانی تۆ خزمەتکاریان نیت ؟

– نەخێر ، بەزیادی خێرم نەکرد ، ئەم قسانە چییە ؟!

– یانی خەڵکی هندستانیش نیت ؟

– نا نەخێر ، بۆ ؟

– ئەی کەوا بوو خەڵکی کوێت ؟

– کوردم و دانیشتوانی بەخدادین و بۆ درێژەدان بە خوێندن هاتوومەتە ئێرە؟

– ئەی هاوار شتی وا نابێت ، ماڵم کاول بوو، ئاخ ئومێدی نەفرەتی ، ئاخ نازێ چ داریکت دا بەڕۆحمدا.

– مامە ، مامە ، هەستە ، کاکە فریاکەون ئەم مامەیە بواریەوە . ، یەکێک تەلەفۆن بۆ ئانبوڵانس بکات .