عەتا قەرەداخی : کەلتووری سلێمانی لە نێوان ململانێ و تەڵاقداندا .

سلێمانی لە بنەڕەتدا وەکو شار درووستکراوەو سەرباری ئەوەى کە شارێکی بچووک بووە لە نێو کۆمەڵگەیەکی خێڵایەتی دوواکەوتوودا ، بەڵام هەر لەسەرەتاوە هەندێ لە خاسێتەکانی شاری هەڵگرتووە . کەلتووری شار لە بنەڕەتدا ئەو کەلتوورەیە کە بارگاوی کراوە بە ململانێی جۆراوجۆرو فرە ئاراستە . سلێمانی سەرباری ئەوەى هەمیشە لە رووی دەرەوەدا وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو دەرکەوتووە بە جۆرێک کە هەست نەکرێت لە ناوەوەى ئەو شارە هیچ کێشەو ململانێیەک هەیە ، بەڵام لە راستیدا هەر لەسەرتای درووستبوونیەوە جێگای ململانێی ئاشکرا بووە . بەپێی پەرەسەندنی ماتریالیزمانەى مێژوو ، لە شاردا چینی بۆرژوای پیشەسازی یان چینی ناوەند درووست دەبێت کە ئەم چینە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان دەبێت و بەوپێیەش سەرمایەی وڵات لە دەستی ئەودا دەبێت و هەرئەویش دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بەدەستەوە دەبێت ئەمە چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگەى شار بە گشتی یان شار بە تایبەتی شتێک ئاشکرایە ، بەڵام بە گوێرەى سلێمانی کە وەکو شارێکی سرووشتی درووست نەبووە قسەکردن بەو ئاراستە خۆلادانە لە واقیعی راستەقینەى سلێمانی .

رەنگە پرسیاری سەرەکی سەبارەت بە سلێمانی ئەوە بێت ئایا سلێمانی لە رووی درووستبوونەوە وەکو شارێکی سرووشتی و لە ئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و درووستببوونی چینی ناوەنددا درووستبووە یان شارێکە لە جۆری ئەو شارانەى لە کۆمەڵگە فیودیالیەکاندا درووست بوون ؟ یان شارێکە لە شێوازێکی ترداو سیاسەت یان ململانێی ناوچەیی و نێو دەوڵەتی درووستی کردووە ؟ ئایا سرووشتی درووستبوونی ئەم شارە چ رۆڵێکی هەبووە لەسەر سرووشتی بەرهەمهێنانی کەلتووری شار ؟ ئایا سرووشتی ململانێ ناوخۆییەکانی سلێمانی دەرهاوێشتەى چۆنێتی پێکهاتنی شارەکەیە ؟ یان ئاسایی ئەو ململانێیانەیە کە دەشێ لەهەر شارێکی تری جیهاندا هەبێت ؟

وەکو ئاشکرایەو جاری تریش گوتوومانە سلێمانی شارێکی بە سرووشتی درووستبوو نییە وەکو ئەوەى کە چۆن شار لە کۆمەڵگە ئاساییەکاندا درووستبووە . بەڵکو تایبەتمەندی خۆیی هەیە ، ئەویش ئەوەیە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووى نیمچە کۆچەری ئابووری فیودیالیی لاوازی بە سیستێم نەبوودا ، لەلایەن دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی ناوچەییەوە درووستکراوە بۆ ئەوەى بیکەن بە پایتەختی خۆبەڕێوبردنێتیەکەیان . بەڵام سرووشتی پێکهاتەى شارەکەو درووستبوونی جۆرێک لە تێکەڵبوونی کەسان و بنەماڵەی سەربە خێڵ عەشیرەتە جیاوازەکانی کوردستان یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی جۆرە کەلتوورێک لەم شارەدا کە لە کەلتووری هیچ کام لە خێڵ و عەشیرەتەکانی کورد نەچێت بە تەواوەتی و بە خاسێت و سیماى زۆریشیان بارگاوی کراوبێت کە ئەو تێکەڵاوییە سەرئەنجام شێوازە کەلتوورێکی لێدرووستبووە کە پێی دەوترێت کەلتووری سلێمانی و ئەویش تایبەتمەندی خۆیی هەیە . کە یەکێک لەو تایبەتمەندیانەش ئەوەیە کە بەردەوام جۆرێک لە سەرکەشی و شکۆمەندی بەخۆی بڕیووەو تەنانەت لە خراپترین باریشیدا یان لەو کاتانەشی کە لەو پەڕی لاوازیدا بووبێت هێشتا بێباکانە خۆی نمایش کردووەو وەها خۆی نیشانداوە کە لە ناوەوەڕا بەهێزو پتەوەو هیچ هێزو کەلتوورێک ناتوانێت خۆی بۆ ئاستی ئەو هەڵبدات و لەگەڵیدا بکەوێـە ململانێوە . تەنانەت نەیارەکانیشی لەو کاتانەشیدا کە لەوپەڕی هێزدا بووبن هەر بە ترس و گومانەوە سەیری کەلتوورو ، ئامادەبوون و بوون و شووناس و هێزی لە بن نەهاتووی ئەم شارەیان کردووە .

بێگومان سەرباری پەرەسەندنی زیاترو گەشەکردنی ئاشکرا لە بنیادی پێکهاتەى ئەم شارەو گەشەکردنی زیاتر تیایدا لە هەموو ئاستەکانداو تەنانەت پێکهاتنی زیاتری خاسێتە جۆراوجۆرەکانی شار لەم زەمینەیەدا ، هێشتا رەنگە بەشێکی ئاشکرا لەم ململانێ و ناکۆکیانەی تێدا مابێتەوە کە ناکۆکی و ململانێی زەمینەى شار نین ، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا سیمایەکی ئاشکرای ململانێکانی نێو سلێمانی هەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە ئەو ناکۆکی و ململانێیانە بووە کە لەشاردا سەرهەڵدەدەن و دەردەکەون . ئێمە باسی ململانێی نێوان خودی میرانی بنەماڵەى بابان ناکەین لەسەر دەسەڵات چونکە ئەوە ئاشکراو دیارەو هەروەک ئەو ململانێیە لەسەر دەسەڵاتیش یەکێک بووە لە هۆیەکانی رووخاندنی دەسەڵاتی میرنشین . کە رەنگە ئەو ململانێیەى کە ئێستا لە سلێمانیدا هەیە ئەگەر بە لۆجیکی عەقڵ بیری لێنەکرێتەوەو چارەسەر نەکرێت و بەو عەقڵە هەرزەکاریی و پاوانخوازی و پارەو سامانخوازییەى ئێستاوە بەردەوام بێت ئەوا دەشێ مەترسی گەورەى بۆسەر ئایندەی شارەکە هەبێت بە تایبەتی بەشێک لە کێشەکانی ناو سلێمانی ئێستا پەیوەستە بە دوو جەمسەرەوە کە هێزی سەرەکی جەمسەرێکیان هیچ پەیوەندییەکیان بەشارەکەو بە کەلتوورو عەقڵی شارەکەوە نییەو ناشتوانن لەوە تێبگەن کە کەلتووری سلێمانی باش بێت یان خراپ ئەو کەلتوورەیە کە ئەوانی دەرەوەى زێدی خۆی قبوڵناکات . ئێستا هۆکاری سەرەکی شکستی یەکێتی لە سلێمانیدا ئەم خاڵەیە بەڵام هیچ کام لە رۆشنبیرو توێژەرەکانی یەکێتی چونکە بێئاگان لە سرووشتی پێکهاتنی سلێمانی و کەلتووری سلێمانی ناتوان پەی بە هۆکاری لەمجۆرەو ئەو راستیە حاشا هەڵنەگرە ببەن .

بەهەرحاڵ سلێمانی لە درووستبوونیەوە ، جێگای ململانێ رۆشنبیری و فیکرییەکان بووە . دەرکەوتنی نالی و هاوڕێکانی و کودەتاکردنیان بەسەر شێوازی گۆرانی لە نووسینی شیعری کوردیدا کە بە کێشی رەسەنی کوردی بوو واتە کێشی پەنجە کە ئەویش هەمان کیشی گاتاکانی ئایینی زەردەشتییە . سەرەتای ئەو ململانێیەبووە . دەرکەوتنی دوو پایەى باڵای دوو رێبازە گەورەکەی تەسەوف لە سلێمانیدا تاکو ئێستاش پرسیارێکی وەڵامنەدراوەیە کە بۆ دەبێت لەو رووبەرە فراوانەى جیهانی ئیسلامیدا لە شارێکی تازە درووستبووی وەکو سلێمانی و لەکۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی وەکو کۆمەڵگەى کوردیدا ئەو دوو رێبازە بەو شێوەیە پەرەبسەنن و پاشانیش بکەونە سەختترین ململانێووەو ململانێکەش بە زیانی سلێمانی بە تایبەتی و کورد بەگشتی بشکێتەوە لە کاتی خۆیداو ، تەنانەت تاکو ئێستاش ئاسەواری ئەو ململانێیە یەکێک بێتلە هۆکارەکانی دابەشبوون لە کۆمەڵگەى کوردیدا ، لەبری ئەوەى خودی رێبازەکانء پرینسیپەکانیان ببوونایەتە بنەمایەک بۆ یەکگرتن و یەکبوون لەم شارەو لە کۆمەڵگەی کوردیدا .

لە قۆناغی دوای هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتی عوسمانی و درووستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراق و لکاندنی باشووری کوردستان بەو دەوڵەتەوە ، دیسان سلێمانی جێگای ململانێ و ناکۆکی بووە ، بە تایبەتی لە قۆناغی درووستبوونی حیزبەوە لە سەرەتای چلەکان بە دواوە تاکو ئێستا هەمیشە سلێمانی زەمینەى ناکۆکی و ململانێی سەختی نێوان بیرو ئایدیۆلۆجیا جیاوازەکان بووەو لە بری درووستبوونی عەقڵ و کەلتووری یەکتر قبوڵکردن ، هەریەکە هەوڵیداوە ئەوی تر بسڕێتەوە کە ئەوەش هۆکاری سەختترین و ناشارستانیترین ناکۆکی و ململانێ بووە کە ئاسەواری ئەمەیان تاکو ئێستاش بە ئاشکرا دیارە . بەشێکی ئاشکرای ململانێی سەرەتاکانی نێوان سەرکردایەتی بارزانی و مەکتەبی سیاسی لە شەستەکاندا وەکو ململانێ و ناکۆکی نێوان سەرکردایەتی بارزانی و نوخبەى رۆشنبیری سیاسی ئەو قۆناغە سەیر دەکرێت کە برایم ئەحمەد رابەرایەتی ئەو نوخبە رۆشنبیرە سیاسیەى کردووە کە پێگەى سەرەکی ئەو نوخبەیە سلێمانی بووە .

دیارە سەرباری زۆر هۆکاری دەرەکی بۆ درووستبوونی ئەو ناکۆکیانە دەشێ بە راشکاویش باسی ئەوە بکرێت ئەو ناکۆکی و پاشانیش تەقینەوەو جیابوونەوەیەى شەستەکان پەیوەندی بە جیاوازی دوو ئاست لە کەلتوورەوە هەبووە ، جۆری یەکەمی ئەو کەلتوورو عەقڵیەتە بووە بارزانی سەرکردایەتی کردووەو زۆر باوەڕی بە حیزب و کاری سیاسی لەوجۆرەیە نەبووە کە باڵی نوخبەى رۆشنبیری سیاسی بڕوایان پێی هەبووەو سەرکردایەتیان کردووەو پاشانیش لە سەرکردایەتی بارزانی جیابوونەتەوە . هەرچەندە لەو مێژووەدا بارزانی توانیوێتی سەرکەوتن بەسەر ئەو باڵەدا بەدەست بهێنێت بەڵام لە دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول و درووستبوونی کۆمەڵەى رەنجدەران و یەکێتی نیشتیمانی ، جارێکی تر باڵی نوخبەى رۆشنبیری سیاسی لە سلێمانی باڵادەست بووەتەوەو ئەو ئاراستەى پارتی کە سەرکردایەتی بارزانی سەرۆکایەتی کردووە لە سلێمانی دووچاری شکست هاتووەو تاکو ئێستا نەیتوانیووە بکەوێتەوە سەرپێی خۆی، واتە هەرچۆن لە شوێن چۆڵکردنی مەولانا خالیددا بۆ شێخ مارفی نۆدێ ، تێڕوانینەکانی مەولانا رووبەڕووی پاشەکشە بوونەتەوە بە هەمان شێوە ئامادەبوونی پارتیش لە سلێمانی لەو ململانێیەدا پێشتر لەبەرامبەر یەکێتیدا رووبەڕیی شکست بووەتەوە . ئێستا لە هەمان ململانێدا یەکێتیش وەکو پێشتری پارتی لێهاتووە لەبەرامبەر گۆڕاندا . کە بێگومان واپێدەچێت پاڵەوانی قۆناغی داهاتووی سلێمانی لە کۆی ئەو ململانێیانەدا گۆڕان بێت ، چ لەبەرامبەر یەکێتیداو چ لەبەرامبەر پارتیدا . واتە جارێکی تر لێرەوە دەبینرێت کەلتووری سلێمانی ئەو کەلتوورەیە کە ئازاو چاونەترسە لە تەڵاقدانی ئەو ئاراستەو دەستەو گروپانەدا کە ناتوانن لەگەڵ کەلتوورو عەقڵی ئەم شاردا خۆیان بگونجێنن . کەواتە کەلتووری سلێمانی نەک ئەوانی دەرەوەى خۆی قبوڵ ناکات ، بەڵکو ئەوانەى خۆیش کە ناتوانن لە گۆڕانکاری بەردەوامدا بن و ناتوانن لەگەڵ رەوتی بەرەو پێشەوەچووندا بڕۆن و کە لە پێناوی خۆیان و بەرژەوەندییە تەسکەکانیاندا پێ لەبەرژەوەندییە گشتییەکانی شار دەنێن ، دەکەونە بەرنەفرەتی کەلتووری سلێمانی . من وای دەبینم ئەوەى کەلتووری سلێمانی بۆ جارێک تەڵاقی بدات جارێکی تر وەری ناگرێتەوە . ئەوەش تایبەتمەندی کەلتووری شار بە گشتی و سلێمانیە بە تایبەتی .

ئێستا سلێمانی زەمینەى ململانێی سەختە بەڵام ئەوەى ململانێکان یەکلایی دەکاتەوە هەر خودی سلێمانی خۆیەتی کە پێموایە ئەوەى جارێک لە ململانێکانی ئەم شارەدا بەزی یان تێکشکا هەڵسانەوەو سەرکەوتنی دواتری ئەستەمە . بۆچوونەکانی مەولانا خالید لەبەردەمی شێخ مارف و میرانی باباندا بە جۆرێک شکستی خوارد ، تاکو ئێستاش جارێکی تر باڵادەستی رێبازی نەقشبەندی لە سلێمانیدا نەبینراوە . لە پەنجاو شەستەکاندا کەلتووری حیزبی شیوعی لێرە لەبەردەمی کەلتووری پارتیدا پاشەکشەى کرد ، جارێکی تر حیزبی شیوعی و کەلتوورەکەى لەم شارەدا ئەوەندە زیندوو نەبووەوە کە بوونی خۆی بسەلمێنێتەوە . کەلتووری پارتی و ئامادەبوونی لە درزبردنی شەست و چوارەوە لەم شارەدا پاشەکشەى کردووەو تاکو ئێستاش هەر لە ئاستی پاشەکشەدایەو ، سەرباری ئەوەى پارتی لە کوردستان وەکو هێزی یەکەمی لێهاتووە بەڵام لە سلێمانیدا ئامانەدەبوون و مانەوەى لە شێوەى میراتدا لای رێژەیەکی سنووردار لە خەڵک ماوە . یەکێتی لەبەرامبەر بزووتنەوەى گۆڕاندا پاشەکشەى کردووەو لە ئێستا بەدواوە قۆناغی هەڵچوونی گۆڕانە تا ئەوکاتەى کە کەلتووری سلێمانی ئەویش تەڵاق دەدات . کەواتە پێناچێت کەس نەمربێت لەم شارەداو کەس بتوانێت بۆ ماوەى درێژخایەن بمێنێتەوە ئەوەى تاکو ئێستا لەم شارەدا بە زیندوویی ماونەتەوە مەولاناو شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحمودی حەفیدو نالی و مەخوی و گۆرانە . کەواتە سلێمانی ئەو شارەیە کە زوو پشتگیری ئەوە دەکات کە وەکونوێ دەردەکەوێت ، زوویش پشت لە هەر هێزو گروپ و ئاراستەیەکیش َدەکات ئەگەر نەیتوانی نوێنەرایەتی راستەقینەی کەلتووری ئەم شارە بکات . پێموایە کۆی ئاڵۆزی و تەنانەت پێکدادانی ناوبەناو لەم شارەدا دەرئەنجامی ئەو ململانێ بەردەوامەیە کە دەستەوگروپ و لایەنەکان لە نێو خۆیاندا دەیکەن و سەرئەنجامیش سەرکەوتن بۆ ئەوەیانە کە نوێنەرایەتی کەلتووری شار دەکات بەڵام تاکو ئێستا هیچ دەستەو گروپێک نەیتوانیووە بۆ ماوەی درێچخایەن بمێنێتەوەو سلێمانی تەڵاقی نەدات .

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies