N-.-Kurdistan

له‌ ( کۆمه‌ڵه‌ی هاوبیرانی کوردایه‌تی ) یه‌وه‌ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

K H K

ئێمه‌ی هاوبیرانی کوردایه‌تی که‌ له‌ رووی بیروباوه‌ڕه‌وه‌ درێژ‌کراوه‌ی دید و‌ بۆچوونه‌ فه‌لسه‌فی و هزرییه‌کانی کاژیک و پاسۆکین و خاوه‌نی خه‌باتێکی نه‌ته‌وه‌ییانه ‌و شۆڕشگێڕانه‌ی زیاتر له‌په‌نجا ساڵین له‌شار و شاخه‌کانی کوردستاندا و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکیشه‌ چالاکییه‌کانمان له‌ رێی پێنووسه‌کانمانه‌وه‌ ، به‌زۆری ، له‌ بواری هزریدا چرکردۆته‌وه‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ ئه‌وه‌ی بواریش بخه‌ینه‌ به‌رده‌م حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان و ئاراسته‌کردنی قه‌واره‌ سیاسییه‌که‌ی باشوور به‌ره ‌و سه‌ربه‌خۆیی . ‌به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ئه‌و دوو مه‌به‌سته‌ هیچ هه‌نگاوێکی کرده‌ییان بۆ نه‌نراوه‌ به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێی حیزبایه‌تییه‌وه‌ که ‌تا ئێستا ئه‌و ململانێیه‌ درێژه‌ی هه‌یه ‌و رێگره‌ له‌به‌رده‌م به ‌ئامانج گه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌که‌مان، به‌ڵکو مه‌ترسییه‌کیشه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌مان که‌به‌ خوێنی سه‌دان هه‌زار شه‌هیدی نه‌ته‌وه‌که‌مان هاته‌دی . له‌وانه‌ش خراپتر ، ئێستا کار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی په‌لی هه‌ندێک له‌و حیزبانه‌ به‌ده‌ستی یه‌کێک یا دوان له‌ ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستانه‌وه‌یه‌ ، وه‌ک سه‌رده‌می میرنشینیه‌ کوردییه‌کان ، که‌ ئه‌وه‌ بووه‌ هۆی له ‌ناوچوونیان ! هه‌ندێ ئاماژه‌ش ئه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نن که ‌ئێستا چه‌ند لایه‌نێکی ده‌ره‌کی ، به‌هاوکاریی نۆکه‌ره‌کانیان له‌ناو خۆی کوردستاندا ، خه‌ریکی پیلانێکن بۆ که‌رتکردنی قه‌واره‌ سیاسییه‌که‌ی باشووری کوردستان ، پشتبه‌ست به‌یاسای پاریزگاکانی عێراق وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م و ده‌ستبه‌ردان له‌ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان وه‌ک هه‌نگاوی دووه‌م و کۆتاییهێنان به‌قه‌واره‌که‌ی هه‌رێم وه‌ک هه‌نگاوی سێیه‌م! سه‌رباری کاره‌ تیرۆرستییه‌کانی ئیسلامی سیاسی که‌ پریشکیان گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌ختیش !.

حیزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌کانیش ، به‌هۆی شه‌ڕه‌ کورسیی په‌رله‌مان و پاراستنی تاڵانییه‌کانی خۆیانه‌وه‌ ، که‌مته‌رخه‌من به‌رامبه‌ر ئه‌م مه‌ترسی و پیلانانه ‌و ئه‌وانیش کاری کرده‌یی بۆ گیرانه‌وه‌ی ناوچه‌ داگیرکراوه‌کان ناکه‌ن و دوورن له‌ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌وه‌ !.

ئه‌ی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی نه‌ته‌وه‌ قاره‌مانه‌که‌مان : هه‌موو ئه‌و راستییه‌ تاڵانه ‌و پێویستیی ته‌واوکردنی نامه‌ی پیرۆزی هه‌ردوو رێکخراوی (کاژیک و پاسۆک)ی خاوه‌ن شانازی به‌رابووردوه‌ پڕ له ‌تێکۆشان و پاکه‌که‌یانه‌وه‌، بوونه‌ هانده‌رمان بۆئه‌وه‌ی ده‌سکه‌ینه‌وه‌ به‌خه‌باتی رێکخراوه‌ییمان له‌ کۆمه‌ڵه‌یه‌کدا ، نه‌ک حیزب . له‌و باوه‌ڕه‌مانه‌وه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو و به‌شبه‌شکراوی وه‌ک کورد ، بۆ حیزبایه‌تی ناشێ ، به‌تایبه‌تی ئه‌م شێوه‌ حیزبایه‌تییه‌ ستالینییه‌ی حیزبه‌کانی سه‌رتاسه‌ری کوردستان په‌یڕه‌وی ئه‌که‌ن و بۆته‌ مایه‌ی که‌رتکردنی نه‌ته‌وه‌ و گه‌نده‌ڵی و ئه‌بێته‌ هۆی نائومێدی و به‌ئامانج‌ نه‌گه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌که‌مان !.

بۆیه‌ له ‌ئه‌نجامی ژماره‌یه‌ک دانیشتنی هاوبیرانه‌دا ، دواهه‌مینیان ، له‌ گوندی سیته‌ک به‌ به‌رواری 25/10/2013 به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی هاوبیرانی دهۆک و هه‌ولێر و که‌رکوک و سنه ‌و سلێمانی و تاراوگه ‌، بڕیاری کاراکردنه‌وه‌ی چالاکییه‌کانمان له‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌دا دا و ئه‌مڕۆش 21/11/2013 کاره‌که‌مان ئاشکرا ئه‌که‌ین و مژده‌ی هه‌ڵهاتنی خۆری ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ به‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌که‌مان ئه‌ده‌ین و بانگی هه‌موو تاک و کۆمه‌ڵێکی سه‌ربه‌خۆییخواز و هه‌موو پێنووسه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئه‌که‌ین بۆ به‌شداری له‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌دا وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی پیرۆز .

سه‌رکه‌وتووبێ خه‌باتی له‌پساننه‌هاتوومان له‌پێناوی ئازادی و یه‌کسانیی کورد و سه‌به‌خۆیی کوردستاندا .

کۆمه‌ڵه‌ی هاوبیرانی کوردایه‌تی

K H K

21/11/2013