Titorr

شەماڵ عادل سەلیم : بێ‌ ئومێدم لەوەی قەڵەمی ئازاد بتوانێت لە مەملەکەتی ئەنفالدا زەمانەتی ژیانی خۆی بكات …؟!

Avatar photo

 

به‌پێی‌ راپۆرته‌ پزیشکیه‌کان لە ماوەی ( 15 ) رۆژی‌ دیکه‌ دادە (  شیرین ئەمین  ) ی هاوسەری شەهیدی چاکسازی ( کاوە گەرمیانی ) * منداڵه‌که‌ی لەدایک ده‌بێت ، ئەو مناڵەی بەر لەهاتنە دنیاوە باوکە قارەمانەکەی بەدەستی چەتەو مافیا چاوزەقەکانی کورد خەڵتانی خوێن کرا …، ئا ئەویش رێک وەک دایە و بابە شەهیدە سەربەرزەکەی بە هەتیووی لەژێر حوکمی دەسەڵاتێک گەورەدەبێت کە بەخوێنی شەهیدوئەنفالکراوەکان بنیاتنراوە ، ئا … دەسەڵاتێک کە باسی دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات و خۆی بە واریسی شەرعیی و خاوەن خانەوادەی شەهیدو ئەنفالکراوە سەربەرزەکان دادەنێت ولەبۆنەکاندا فرمێسکی تیمساحیان بۆ هەڵدەرێژێت ….. !!

کاوە گەرمیانی بۆیە ( سۆران ) ئاسا تیرۆر کرا ، چونکە ئەویش قەڵەمەکەی بەئاڕاستەی تێک وپێک شکاندنی سیاسەتی تاک ڕەوی چەقبەستووی ناولەپی دووبنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێمی دووئیدارەیی لە مەیدان بوو ، ئا … کاوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و شکۆمەندی میللەتەکەی دەستی دابووە قەڵەم و لە گەرمیانی ئەنفالکراو وسوتێنراو بەدەستی بەعسی فاشی ودژی حکومەتی حزبی لە مەملەکەتی ( ئەل ئەنفال ) دا شێر ئاسا دەجەنگا ، کاوە بۆ چەسپاندنی دەستورێکی رۆشەن و ستراتیژیەکی نیشتمانی لە گەڵ دەسەڵاتی گەندەڵی حزبی لەشەردابوو ، کاوە دژی حزباندنی دەسەڵات بوو ، کاوە لە دژی گەورەدزەکان و گەندەڵ و گەندەڵکاران و بەهەدەربردنی سامانی هەرێمە بێنازەکەی دەنگی هەڵبڕیبوو و سپارتاکۆسانە چەکوشی ڕەخنە بنیاتنەرەکانی راست و چەپ دەوەشاند ، کاوە بوێرانە هاتبووە مەیدان و قۆڵی لێ هەڵماڵیبوو بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی بەرهەمهێنی تەندروست کە زامنی ئەرک و مافەکانی تاکی کورد بکات لە چوارچێوەی یاسا و دادپەروەریدا ، کاوە لە لەناو جەرگەی گەرمیانە سوتاوەکەی مانی دەگرت و لەگەڵ کەس وکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکاندا ژەهری چاوەڕوانی دەنۆشی ، کاوە لە هەوڵی چەسپاندنی ئەوەبوو کە یاسا سەروەرو و رۆڵی خۆی ببینێ و دامەزراوە نیشتمانیەکانیش بە ئەرکی سەرەکی خۆیان هەڵبستن و نەک وەک دەورانی ئەمرۆ لە بازنەیەکی داخراوی حزبی ( بحزبێندرێن ) ، کاوە بە قەڵەم هەوڵی گۆڕینی ستراکتوری کۆمەڵگاو کەلتورە تەقلیدی و ئێکسپایەربووەکانی دەدا ، کاوە بۆ چەسپاندنی کۆلەکەسەرەکیەکانی دیموکراسیەت و هێنانە دی کۆمەڵگایەکی ئارام و تەندروست و خۆشگوزەران و درێژخایان و هەمەلایەن بۆ هەموان خەباتی دەکرد ، کاوە لە کاوله‌ خانوێکی بێ نازای شارەکەی شۆرشی قەڵەمی دژی مافیای حیزبی و حکومیەکەکان و فەرهوود کردنی سامانی نیشتمانی بەرپاکردبوو …

کاوەی مەرد بەپێچەوانەی قەڵەمە ( نەعامە ) ئاساکان کەسەریان خستۆتە ناو لینگیان ، هاواری دەکردوو و دەیگووت ( چۆن کۆیلە دەبێتە رۆژنامەنووس … ؟ ) ، ئا بۆیە کاوەی جوامێر لەبەردەم ماڵەکەی خۆی و لە باوەشی دایکیدا ، دەسترێژی گوللـه‌ی لێکراو تیرۆر کرا ….

بەڵێ …. کاوە گەرمیانی لەدوای خۆیدا پێگەیەكی گەورەی لەنێو دڵ و دەروونی هەژارانی كوردستان و خاوەن قەڵەمە بوێرکان بە جێ هێشت ، ژیان و هەڵوێست و كردەوە بوێرەکانی کاوەی گەرمیانی بووە سیمبۆلێكی نیشتمانی بۆ ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان و بۆ گشت ئازادیخوازان ، کاوە ناوێکی درەوشاوەی بۆ هەرهەموومان جێ هێشت کە سەروەت وسامانی هەموو دونیا دەهێنێ …..

زۆر باش دێتەوە یادم کاتی کاوەی جوانەمەرگ پێی گوتم : ( من نوێنەری خەڵکم و لە گەڵ قەڵەم دەستم تێکەڵ کردووە ……!! ، لە پێناو مناڵە ڕەش وڕووتەکانی کوردستان و زامن کردنی مافەکانیان هاتوومەتە مەیدان ، بۆمن وەک ( کاوە گەرمیانی ) زەردەخەنەێکی هەژارێک سەروەتی هەموو دونیا ئەهێنێ …. چی لە ڤیلاو سەیارە و دەفتەرە دۆلار و بلۆک وپاسەوانی شەخسی ژنی دووەم و سێیە وچوارەم و وەزیفەیەکی بەرز و بە سەفەرچون بۆ ( تورکیاو جۆرجیاو لوبنان و ئەوروپا ) بکەم ….، چی لە زەوی و خانو و پێشینەی خانو بکەم کە خەڵکی سادە وکەم دەرامەتەکان لە هەرێمەکەی من لە برسانا بمرێ ، ئاخر من چی لە پارە ی دزراوبکەم ……؟! )

بەڵێ ……. کاوە گەرمیانی جەنگاوەرێکی بوێری دژ بە ستەم و زۆرداری ونەهامەتی و گەورەدزەکانی هەرێمەکەی بوو ، هەربۆیە بێدەنگی و بێدەنگ بوون لەئاست تاوانی شەهید کردنی ئەم قەلەمە بوێرو ئازاو تیژو زیرەکە نیشانەی ترسنۆکی و لاوازی و ڕازیبوون و کوێلەتی وسەرلەقاندنی تاکی کوردە بۆ قاچاخچیەکان و بزنسمانەکانی نەوت وگازو گەندەڵکارانی کۆمپانیا وەهمیەکان و چەتە سمێل بابڕەکانی دەسەڵاتی کوردی قەڵەم کوژ …..!!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

( * ) كاوە محەمەد ئەحمەد ناسراو بە (كاوە گەرمیانی) ‌رۆژنامەنووسێكی شاری كەلار بوو لە دایکبووی ساڵی ١٩٨١، سەرنووسەری گۆڤاری( رایەڵ ) بوو كە لەشاری كەلار دەردەچێت ، لەماوەی رابردوودا بەهۆی نووسینەكانییەوە ، چەند بەرپرسێكی ئەو شارە چەند جارێك لەدادگا سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە .

كاوە گەرمیانی‌ ، پەیامنێری‌ ( ئاوێنە ) و پەیامنێری ( راگەیاندنی ئازادی حیزبی شیوعی كوردستان ) بوو ، هەروەها سەرنووسەری‌ گۆڤاری‌ ( رایەڵ ) بووە ، دوو سكاڵای‌ یاسایی لەدادگای‌ تاوانەكانی‌ كەلار لەسەر ( مەحمود سەنگاوی ‌) ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌‌ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌‌و ( جەمال عەبدوڵڵا ) سەرنووسەری‌ گۆڤاری‌ ( بەڵگە )ی تۆماركردبوو ، بەڵام دادگا ئەو سكاڵایانەی‌ یەكلایی نەكردەوە و پشتگوێیانی خست .

شەوی پێنج شەممە كاتژمێر(هەشت و چل خولەک ) كانونی دووەمی (2013) ، ئۆتۆمبیلێكی جۆری ( لاندگرۆزەر ) چوونەتە بەر ماڵەكەی ‌و لەدەرگایان داوە‌و ، بەدایكیان وتووە كاوەمان بۆ بانگ بكەك لەگەڵ هاتنەدەرەوەی كاوە لە ماڵ بەر دەسترێژیان داوە( ٧ ) فیشەكی بەركەوتووە و یەكێك بەر سەری كەوتووە .