لوقمان غه‌فوور ؛ له‌هه‌ولێر وه‌ك نوقڵی ترش و شیرین ، ئازادی ده‌به‌خشرێته‌وه‌ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌م10 ساڵه‌ی دوایدا هێنده‌ی ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌، ئازادی له‌هه‌ولێری پایته‌ختی نائومێدی، گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌ ، ئه‌م گه‌شه‌كردنی ئازادییه‌ له‌دوای تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانییه‌وه‌ ده‌سته‌ سیسبووه‌كانی حزبی كوردی هێنده‌ی تر كه‌شف كردووه‌، هێنده‌ی تر جه‌سته‌ی شپرز و شێواوی حزبی كوردی كه‌شف كرد كه‌ چۆن هه‌میشه‌ له‌بۆسه‌دان بۆ یه‌كتر و ده‌یانه‌وێت یه‌كتری پێ بشكێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ تۆمه‌ته‌كانی تیرۆركردنی كاوه‌ گه‌رمیانی به‌سه‌ر شان و شه‌وكه‌تی یه‌كێتی نیشتمانیدا شكابێته‌وه‌ و بووبێته‌ لاپه‌ڕه‌یه‌ك بۆ ره‌شكردنه‌وه‌ی مێژووی سپی ئه‌و حزبه‌، ئه‌وه‌ ئه‌و مێژووه‌ ورد ورد خۆی ده‌كات به‌ماڵی هه‌موو ئه‌ندامانی پارتیدا و پێمان ده‌ڵێت، كێ بووبن سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌یان تیرۆر كرد، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ره‌شتركردنی ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ی یه‌كێتی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، هێنده‌ی تر ره‌شێتی لاپه‌ڕه‌كانی پارتی ده‌رده‌كه‌ون .

لای من گرنگه‌ بۆ هه‌موو روداوه‌كان هه‌ولێر له‌جه‌سته‌یه‌كی شه‌ته‌ك دراوه‌وه‌ بێته‌ جه‌سته‌یه‌كی راپه‌ڕیوو بۆ ئه‌ودیویی ئازادی، نه‌ك بۆ روداوی ئه‌مڕۆ ببێته‌ كۆمبارسێك له‌دوای سلێمانی و خۆ كه‌ڕكردن له‌دوێنێ و پێرێ و رۆژانی رابردوو .

ئه‌و رۆشنبیر و چالاكوان و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئه‌مڕۆ بونه‌ته‌ سومبلی ئازادی بۆ هه‌ولێر و كاوه‌ گه‌رمیانی هه‌موویانی گه‌رمكردۆته‌وه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادی، ئه‌گه‌ر سبه‌ی كاوه‌-یه‌كی تر له‌به‌رده‌م ماڵێكی گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ یان باداوه‌ یان مه‌نتیكاوه‌ تیرۆر كرا و بووه‌ پاڵه‌وانێكی تری شه‌هیدی قه‌ڵه‌م و ئه‌مانیش بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد، بێ سێ و دوو یان به‌پیاوێكی گرگنی حزب ناوزه‌د ده‌كرێن یان ده‌بنه‌ ئه‌و گروپه‌ به‌یده‌ست و بێده‌سته‌ڵاته‌ و ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌ به‌باڵایاندا داده‌بڕێت كه‌ ده‌ڵێت: “ده‌ست بگره‌ به‌كڵاوه‌كه‌ی خۆته‌وه‌ با با نه‌یبات”، چونكه‌ له‌م دوو ئه‌گه‌ره‌ بترازێت ئیدی ئازادییه‌كه‌ی ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئه‌گه‌ر وا نییه‌ بۆ ئه‌مڕۆ ئازادی له‌هه‌ولێر وه‌ك نوقڵی ترش و شیرین به‌سه‌ر رۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندانی كورددا ده‌به‌خشرێته‌وه‌، كه‌چی دوێنێ بوو بوو به‌زه‌قنه‌بوت بۆ رۆشنبیر و چالاكوان و رۆشنبیرانی كورد و شه‌قشه‌قێن به‌هه‌ر كه‌سێك ده‌كرا ناوی خۆپیشاندان و چالاكوانی مه‌ده‌نی بهێنرێت .

ئه‌مڕۆ ئازادی له‌هه‌ولێر مۆڵه‌تی له‌حزب وه‌رگرتووه‌ و به‌ئاره‌زووی خۆی له‌پاركی شار و ناو شه‌قامه‌كاندا بۆته‌ ئه‌كته‌رێكی شانومل شكاو، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دوێنی و باسی سبه‌ی بكه‌ین، ئازادی ده‌ست و پێی ده‌به‌سترێت و له‌جێگه‌ی خۆی جوڵه‌ ناكات، ئه‌گه‌ر ئازادی یه‌ك هه‌نگاو له‌پاركی شار دووركه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا وه‌ك كه‌مئه‌ندامانی هه‌رێمه‌كه‌م قۆڵبه‌ستیان ده‌كه‌ن و له‌ودیو دێگه‌ڵه‌وه‌ فرێیان ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن ئه‌م له‌ش و لاره‌ نابوته‌ی ئازادی هه‌ر پێشكه‌ش به‌زۆنی سه‌وز بێت .