Mnalli-shehid-319x265

دارا خونچە : کوشتن وەک تاکە پیشەی هەر حیزب و حکومەتەکی سەردەم !

لە سەردەمی ئێستادا جیهان ئەوەندە زۆر بەرەو پێشەوە چووە کە :

– بتوانی وە یەک کرتەکردن هەموو کون و قوژبنەکی ئەو گۆی زەوییە ببینی و زۆرترین زانیاریی وەدەست بخەی.
– تەکنیکی فریاکەتن و پارێزگارییکردنی هێندە چاک و خێرا هەیە دەتواندرێ ژیان و ئاسایشی هەر کەسەک بپارێزدرێ.
– دەتواندرێ پێشبینیی هەر کارەساتەکی سروشتیی بکرێ و وە ملیۆنان هۆی گواستنەوەی خێرا هەن تا پێش روودانی کارەساتەکان مرۆڤەکان و تەنانەتە زۆربەی گیانەوەرەکانیش دوور بخرێنەوە و رزگار بکرێن.
– خواردن و خواردنەوە و داودەرمانی چاک و پێویست وە بەردەوامیی و وەخۆڕایی پێشکەش وە هەر کەسەک بکرێ و هیچ کەسەک برسیی نەبی و چارەسەری پێویست لۆ هەر نەخۆشەک ئەنجام بدرێ.
– زەوی هێندە زۆرە بەشی ئەوە دەکا لۆ هەر تاکەکەسەک خانییەکی گەورە و لەباری لەسەر دروست بکرێ و هەموو پێداویستییەکی ژیانیشی تێدابی .

کەچی رۆژانە وەک دەیبیستین وە سەدان و وە هەزاران کەس وە ئەنقەست دەکوژرێن :

• ئەوڕۆ لە شەڕی نێوان دوو وڵات کۆمەڵە کەسەک کوژران !
ئاخەر ئەگەر حیزب و حکومەت ماوە ماوە شەڕ دەگەڵ حیزب و حکومەتەکانی دیکە نەکەن ناتوانن سیاسەتی پاوانخوازیی و خۆسەپێنەرانەی دەرەکیی رێکبخەن و سەرچاوەکانی سامان کۆنترۆڵ بکەن و بازاڕ بدۆزنەوە و کەناڵەکانی بازرگانیی پەیدا بکەن .. وە کورتییەکەی ناتوانن حوکمڕانیی بکەن چونکە داینەمۆی حوکمڕانیی وە خوون کار دەکا و ئەو خوونەش هەر دەبی حیزب و حکومەت پەیدای بکەن!

• ئەوڕۆ لە شەڕی نێوان حکومەت و بەرهەڵستکاران ( شەڕە گوللە یان خۆپیشاندان ) کۆمەڵە کەسەک کوژران!
ئاخەر ئەو بەرهەڵستکارانە هەر چییەک بن هەر دەستی دەرەکیین و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی دەخەنە مەترسیی یان تیرۆریستن یان دەگەڵ دابونەریت و فەرهەنگ و دینی خەڵکی وڵات ناگونجێن و میللەتەکەمان تووشی بێ رەەوشتیی دەکەن و بەهایە مرۆییەکانی وڵات دەشێوێنن!

• ئەوڕۆ ئاماری گیان لەدەستدان ( کوژرا) یەکانی رووداوی هاتوچۆ راگەیەندرا، لێ تێکڕایان سووچی لێخوڕانی ترومبێلەکان بوون!
کەنگێ ئەوە پەیوەندیی وە خراپیی رێگاوبان و سیستەمی خراپی هاتوچۆ و گەندەڵیی و بێسەروبەریی بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگەکانی هاتوچۆوە هەیە.. زۆر عەنتیکەیە هەر لەو گۆڕەی حیزب و حکومەت تاوانبار دەکەن !؟

• ئەوڕۆ کۆمەڵە کەسەک نوقمی نێو ئاو بوون و خنکان – کوژران – یان لافاو نوقمی کردن و خنکان – کوژران – یان وە بوومەلەرزە مردن – کوژران – یان ئاگریان تێبەربوو و مردن – کوژران -…!
جا ئەوانە کەنگێ سووچی حیزب و حکومەتە!؟ ئەوانە هەمووی ( قەدەر و قودرەتی ئیلاهیی) ن و هیچ کەسەک ناتوانی رێیان لێ بگری و تاهەتایێش کۆتاییان نایێ !

• ئەوڕۆ چەندین کرێکار وە هۆی هەڵەی خۆیان و گرنگیی نەدان وە مەترسییەکانی کار لە نێو کارەکانیان گیانیان لەدەست دا!
ئێ کرێکار هەر خۆیان ناهۆشیار و بێ هۆش و بێ سەروبەرن .. لەبەر پارە پەیداکردن ئاگایان لە هیچ نییە .. کە خۆیان نەزانن پارێزگاریی لە خۆیان بکەن حیزب و حکومەت چ بکەن !؟

• ئەوڕۆ ژنەک لە لایەن هاوسەرەکەی بە دوو فیششەک کوژرا یان ژنەک لە لایەن باب و برا یان مام و ئامۆزایەکانی بە چەقوو لەت لەت کرا و کوژرا ، ژنەک نەفتی وەخۆی داکرد و ئاگری لە خۆی بەردا و مرد – کوژرا -، ژنەک وە گڕگرتنی پرێمز یان سۆبە ئاگری تێبەربوو و مرد – کوژرا -!
دەربارەی ژنکوژییەکە ئەوە زۆربەیان کێشەی کۆمەڵایەتین و رەگدانەوەی دابونەریتەکانی کۆمەڵن.. هێندەکیشیان لە ئەنجامی بێ ئابڕوویی و بێ روشتیی ژنان خۆیان روودەدەن ، سوتان و خۆسوتاندنیش تەنێ لە ئەنجامی بێ هۆشیی و کەم توانایی ژنان خۆیانەوەیە ، ئەوانە هیچیان پەیوەندییان وە حیزب و حکومەتەوە نییە دەبی ژنان خۆیان هۆشیار بکەنەوە و و خۆیان چاک بکەن!

• ئەوڕۆ نووسەر و رۆژنامەنووسەکی ئازاد تەقەی لێ کرا و کوژرا !
ئاخەر ئەوانەش هەر وە تەواویی لە تامیان بردیتە دەرێ .. لە پشت کۆمپیوتەرەکانیان دانیشتین و وە ناوی ئازادیی دەربڕین وە ئارەزووی خۆیان هێرش دەکەنە سەر دین و دەسەڵات و دابونەریت و دار و بەردی ئەو وڵاتە .. دواییش هەرگیز حیزب و حکومەت لەسەر نووسین کەس تیرۆر ناکەن.. هەر کەسەک بەڵگەی تەواوی لەبەردەستە با سکاڵا بکا و ئەوانیش لێژنەیەکی وەدواداچوونی لۆ دادەمەزرێنن و هەر وەدواداچوون بکا و هەر وەدواداچوون بکا!

• ئەوڕۆ ژمارەیەکی زۆر لەو نەخۆشانەی لە خەستەخانەکانی وڵات نەشتەگەریی کران مردن – کوژران .. چونکە پارەی ئەوەیان نەبوو بچنە لای دکتۆری تایبەتیی و لە خەستەخانە تایبەتییەکان نەشتگەریی بکرێن و داودەرمانی چاک و پێویست بکڕن!
ئێ خۆ حیزب و حکومەت ( خودا یان بت یان گا یان مەلیکە تاوس !) نین تا گیانی خەڵک وە دەست ئەوان بی و نەهێڵن بمرن .. دواییش ئەو هەموو داودەرمان و دکتۆر و خەستەخانە تایبەتە هەرگیز دابین ناکرێ و پێویستە خەڵک کار بکەن و خۆیان پارەی چارەسەریی نەخۆشییەکانیان پەیدا بکەن!

• ئەوڕۆ چەند تیرۆریستەک لە نێو بازاڕ خۆیان تەقاندەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کوژران!
بێ گومان حیزب و حکومەت زۆر کۆشش دەکەن تا تیرۆریستان لەنێو ببەن لێ ئەوەش ئاسان نییە و کاری تیرۆریستییش لە هەموو شوێن و وڵاتەکی جیهان هەر روودەدا و بنەبەڕکردنی سەختە و کاتیشی دەوێ !

• ئەوڕۆ چەندین کەس وە هۆی ئەوەی تاقە ژۆرەکیان نەبوو تا لێی بژین یان شوێنی نێشتەجێیان خراپ بوو لە سەرمان رەق هەڵگەڕان و مردن – کوژران -!
ئێ خۆ هیچ حیزب و حکومەتەک لە جیهاندا نییە بتوانی شوێنی نیشتەجێبوون لۆ هەموو کەسەک دابین بکا.. ئەوە پەیوەندیی بە تەمبەڵیی و تەوەزەلیی خەڵکەوە هەیە .. هەر دەبی خۆیان کار بکەن تا بتوانن شوێن لۆ خۆیان پەیدا بکەن!

• ئەڕوڕۆ چەند کەسەک لە بازگەیەک کوژران یان چەند کەسەک لە لایەن پاسەوانەکانی سەر سنوور تەقەیان لێ کرا و کوژان!
ئەوە لەبەرئەوەیە چونکە حیزب و حکومەت دوژمندارییان دەگەڵ خودی میللەت هەروا دەگەڵ وڵاتانیش هەیە لۆیە لە هەر جێیەک بازگەیەکیان هەیە و کۆمەڵەک چەتە و مرۆڤکوژیان لێ دانایە!

• ئەوڕۆ پۆلیس تەقەی لە کۆمەڵە قاچاغچییەک کرد و نیوەیان کوژران !
لە راستییدا ئەوە مافەکی رەوای حیزب و حکومەتە چونکە ئەو قاچاغچییانە کەلوپەل و سامانی وڵات وە هەرزان ئاودیو دەکەن و تشتی گرانبەها و خراپ هاوردەی نێو وڵات دەکەن و قاچاغچێتیی وە مادەی بێ هۆشکەر و چەک و تەنانەت وە مرۆڤیشەوە دەکەن، ئێ خۆ حیزب و حکومەت هەموو ئەوانەی بە پێی یاسا قەدەغە کردییە .. هەر دەبی حیزب و حکومەت قاچاغچێتیی قەدەغە بکەن و لە جێی ئەوە بە پێی یاسا خۆیان – نەک قاچاغچییەکان – بازرگانیی بکەن و زۆر زۆر پتریش لەوان قازانج بکەن !

• ئەوڕۆ کۆمەڵە کەسەک وە هۆی ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن و بیخۆنەوە مردن – کوژران -!
دیارە هۆکاری ئەوەش هەر ئەوەیە کە هێشتا سیاسەتمەدار و بازرگانەکانی حیزب و حکومەت نەیانتوانییە وە ئارەزووی دڵی خۆیان بانکەکانیان پڕ پارە بکەن .. دواییش کەنگێ حیزب و حکومەت بەرپرسن لەوەی پارەی خواردن و خواردنەوە لۆ ئەو جۆرە کەسانە پەیدا بکەن کە خۆیان تەمبەڵن و کار ناکەن!؟

• ئەوڕۆ و ئەوڕۆ و ئەوڕۆ و … هتد .

جا ئێستا هەر کەسەک لە پاش ئەو هەموو توانایە مادییانە و لە پاش ئەو هەموو دەستکەوتە زانستیی و تەکنەلۆژیاییانە کە بەرهەمی هۆشمەندیی مرۆڤەکانن و حیزب و حکومەت داگیریان کردینە و ناهێڵن خەڵک سوودیان لێ ببینن و تەنێ لۆ خۆیان وەکاریان دەبەن .. هێشتا تێنەگەیشتبی و لۆی رۆن نەبووبیتەوە کە حیزب و حکومەت راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بکوژی ئەو هەموو کوژرانەی رۆژانەی خەڵکن .. ئەوە لە گەمژەیی پتر بترازێ هیچی دیکە نییە .. هەر کەسەکیش لەو راستییە تێگەیشتبی و لۆی رۆن بووبیتەوە و هەر بەردەوامیش بی لە پابەستبوونی وە حیزب و حکومەت .. ئەوە لە دڕندەیەک پتر بترازێ هیچی دیکە نییە و لە تێکڕای تاوانەکانی حیزب و حکومەتیش بەشدارە!