دارا خونچە : دوو ساڵیادی فرە جەرگبڕ !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵیادی هەفتەمی تیرۆکردنی سۆران و ساڵیادی دەیەمی سەرۆکایەتیی مەسعود 

هەڵبەتە ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمە فرە جەرگبڕە چونکێ مرۆ هەست دەکا ئازادیی دەربڕین لە کوردستان هیچ واتایەکی نامینێ .. لێ ساڵیادی سەرۆکایەتیی مەسعود فرە جەگربڕترە چونکێ مرۆ هەست دەکا نەک هەر ئازادیی دەربڕین بەڵکە سەرجەمی ژیان و گوزەران و چارەنووسی پێنج شەش ملیۆن کەس لە چنگی یەک دیکتاتۆر دایە ئەویش دیکتاتۆرەکی نێرسالار و خێڵەکیی !!! – هەرچەندە دیکتاتۆر چاک و خراپی نییە و هەر خراپە لێ وەک دەبێژن تەنانەت ئەگەر دوژمنیشت زانا بی هەر باشترە ! -.

سۆرانی مامە حەمە تەنێ لەسەر ئەوە تیرۆر کرا کە پێنووس وەدەستێکی رەخنەگرانە بوو .. دەیویست لە رێێ نووسینەکانیەوە راستییە شاردراوەکانی بن پەردە وە تایبەتییش ناپاکیی و گەندەڵییەکانی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کوردستان ئاشکرا بکا و خزمەتەک وە رەوتی هۆشیارکردنەوەی خەڵکەکەی بکا .

ئەوڕۆ ٢١\٧\٢٠١٥ هەفت ساڵی رێک وەسەر تیرۆرکردنەکەیدا تێدەپەڕی .. کەچی تا ئێستا دۆسیەکەی هەر ” با ” ی لێدەدا ! دادوەران و دەزگە دادوەرییەکانیش وەک ئەوەی رۆژەک لە رۆژان تیرۆرکردنەکی لەو بابەتە لە کوردستان رووینەدابی نقەیان لە خۆیان بڕییە و دەستیان وە کلاوەکانیانەوە گرتیە تا با نەیبا !

هەر وڵاتەک کە دووچاری تاکڕەویی و دیکتاتۆریەت دەبی دادوەرەکانی وە هۆی پێگە چینایەتییەکانیان – کە لە زەنگینە بەرپرسەکان نێزیکن – لە تێکڕای چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە پتر خۆیان رادەستی دەسەڵات دەکەن .. کوردستانیش سەرەڕای تاکڕەویی و دیکتاتۆریەت حیزبە خێڵەکیی و مافیاییەکانی کە وە دینیش ئاڵوودەن رۆڵی سەرەکیی لە بەڕێوەبردنی دەگێڕن .. ئیدی دادوەرکان ئەگەر وە دەگمەن دەنا تێكڕایان هەر یەکەو وەک ئەسپی شەترەنج لە لایەن سەرۆک خێڵەک یان مافیایەک دەجوولێندرێن ، با واز لە دادوەران بهینین چونکێ ئەوان وەک دیارە کۆیلەگەلەکی دەستەپاچەن .. کۆیلەش تا خۆی رزگار نەکا گێلایەتییەکی گەورۆنەیە رەچاوی ئەوەی لێبکرێ لەسەر مافەکانی خەڵک و داپەروەریی وەدەنگ بێ ! ئەرێ .. پێویستە ئەوانیش وەخۆیاندا بچنەوە و ئەگەر هەر هیچیان لەدەست نایێ ئەوە فرە باشترە دەستبەرداری پیشەکەیان ببن و چیدی میژووی خۆیان لەکەدار نەکەن !

( مەسعود مستەفا محەمەد ) لە راپەڕینی ( ١٩٩١ ) ەوە خۆی وە سەرۆکی وڵات دەزانی کەچی ناوی ( بارزانی ) کە ناوی بنەماڵەیەکی یەک گوندە دەکاتە نازناوی خۆی! لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ – واتە سێ ساڵ پێش تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمە – لە هاوپەیمانییەکی سیاستەبازانەی نامۆ و دژ وە گەل دەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی خۆی وەسەر میللەت داسەپاند .. تا ئێستا ئەوە ١٠ ساڵە سەرۆکە و دەیەوێ دوو ساڵی دیکەش دیکتاتۆرییەتە خێڵەکییەکەی درێژ بکاتەوە ! لەوەتەی سۆران تیرۆر کرایە نەک هەر دەسەڵاتی دادوەریی بەڵکە سەرجەم دامودەزگە و دەسەڵاتەکانی وڵات لە ژێر رکێفی تاكڕەوانەی بارزانی و بنەماڵەکەی دان و ئیدی ئێستا تەنێ ناوگەلەکی ناوەرۆک پووچن .. کەواتە تاوانباری هەرە گەورە و سەرەکیی لە کێسی سۆران – کە یەک درۆپەیە لە دەریایەک تاوان – ( مەسعود مستەفا محەمەد ) خۆیەتی .. لەبەرهەندێ خۆ خەریکردن وە پێداچوونەوە بەو کێسە و کێسی تیرۆرکردنی سەردەشت و کاوە و دەیان و سەدان و هەزاران کێسی دیکە تەنێ کوتانەوەی ئاسنی ساردە !

ئیدی پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە خودی مەسعود و هەموو ئەو کەسانە وە دادگەی گەل بگەیەندرێن کە لە روانگەی بیانووگەلەکی پووچی وەک (ناسکیی بارودۆخەکە لە بەرانبەر مەترسییەکانی داعش، نەبوونی کەسەکی بەهێز تا ببیتە سەرۆک ، نەبوونی سەروەخۆیی کوردستان و مەترسییەکانی دەستێوەردان و هێرشکردنە سەر کوردستان لە لایەن ئێران و تورکیا ، نەبوونی پاڵپشتیی لە لایەن ئەمەریکا و رۆژاواوە ، و … هتد ) دەبێژن : ” بارزانی جێگرەوەی نییە !!! ” هەڵبەتە ئەوانە رۆڵەکی فرە نەرێنییتر لە رۆڵی بەردەست و داردەستە پارێزەرەکانی بارزانی دەگێڕن و وڵات بەرەو دیکتاتۆریەتەکی تۆکمەتر دەبەن !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت