ئاکۆ برایم : سلێمانى شیاوى چ کاندیدێکە ؟!

هەموو دەمو کاتێک سلێمانى سیمبولى بەرخودان و تێکۆشان و شۆڕشگێڕى بووە ، بەردەوام لانکەى شۆڕش و مەشخەڵى راپەرین بووە ، گەر ئاوڕێکى سەرپێى لە رابردوى بدەینەوە و گوزەرێکى خێرا بە دیرۆکى سیاسیدا بکەین ئەوەمان لا روون دەبێت کە سەرلەبەرى بزوتنەو رێکخراو و پارتە سیاسیەکان لەم شارەوە دروست بوون و سەریان هەڵداوە ، جوداى ئەوەش بەهەڵەدا ناچین ئەگەر بڵێن لەگەڵ کەمى تەمەنى شار لەچاو شارەکانى دیکەدا ، بەلام هەمیشەو بەردەوام پێشرەو و سەرمەشق بوە ، لەهونەردا ، لە رۆشنبیریدا ، لەداهێنان و نوێگەری ، لەبوارى ژیانى نوێ و پەروەردەى کۆمەڵایەتى . بۆ ئەوەش زۆرێک لە کەسانى بیانى و کوردانى شارەکانى دیکە ئەوراستیە زۆر باش دەزانن ، دەڵێن سلێمانى شارێکى زیندووە ، جوانى و ئاوەدانى و پێشکەوتن ونوێگەرى تیا بەدیدەکرێت.
بۆ ئەوەش پێویستە و ئەرکە لەسەر هەموومان کە نەک هەر بەو جوانى و پێشەنگى یە بیهێڵینەوە ، بەڵکو هەوڵى زیاتر بدەین تا ببێتە نموونە و سەرتۆپى شارەکانى کوردستان ، ئەوەى بۆمان دەکرێت و دەتوانین لە پێناو بەرزو پیرۆز راگرتنى شاردا درێغى نەکەین و هەموو هەوڵ و تەقەلایەکمان بۆ بەبەرز هێشتنەوەى جوانى و ناوبانگى ئەوشارە بێت.
دیارە ئەوەش هەر لەخۆڕا نەهاتوە ، ئەو ناوبانگ و نازناوانەش( شارى هەڵمەت وقوربانى و شارەکەى شەشى ئەیلول، پایتەختى رۆشنبیرى ،… ) بەڵکو بەرئەنجامى خەبات و تێکۆشان و خۆێن و رەنجى سەدان و هەزاران کەسە ، ئێستا ئێمە ومانان بەرى ئەوە دەخۆین و خۆمان بەقەرزارى نەمرانى وەک شێخى نەمرو ، عەولە سیس و بێکەس و کامەران موکرى وکەشتى یە پڕ زانستەکەى نەجمەدینى مەلا ودەریا پڕ لە ئاینەکەى کاک ئەحمەدى شێخ و خوێنى رژاوى هەزاران رۆڵەى گردى سەیوان و شەهیدان دەزانین . بۆیە وەک ئەمەک و وەفا ، بۆ بەگەورەیى هێشتنەوەى ئەو دیرۆکە جوان وپرشنگدار و پر لەسەروەریە ، کە ئەوان بەشانازى و سەرفرازیەوە دایانە دەست ئێمە ، ئەبێت ئێمەش کە خۆمان بەرۆلەى ئەم شارە دەزانین و بەئاو وهەواى ئەم شارە گۆش کراوین ، سوێند بخۆین بە پیرۆزى پیرمەسوور ، بە وەیس ، ، بەشێخى قەرەچێوار ، بەخانەقاى مەلا عەلى ، بە جوانیەکەى کانى ئاسکان بە رازاوەیى مەڵکەندى و بەدێرینى ئابڵاخى.کەئەو ئامانەتیە بەگیان ودڵ بپارێزین . بەتایبەت ئێستا وئەم رۆژگارە کە وادەى هەڵبژاردنە ، زۆربەى لایەنەکان کێبڕکێیانە بۆ چوونە ناو ئەنجومەنى پارێزگاکەى . کەبەر لەهەرشتێک ئومێد دەکەم پرۆسەکە بە سەرکەوتوى دوور لەتوندو تیژى و ناخۆشى تێپەڕێت ، هەروەها من وەکو خۆم تکاو رجام لە سەرجەم لیست و قەوارەکانە ، کە شکۆیى و گەورەیى ئەو رەنج و خوێنە لەبیر مەکەن ، تاکو دەرەفەت هەیە و بوار ماوە ، بەکاندید و پاڵێوراوەکانیاندا بچنەوە ، جارێکى دیکە لەبێژنگیان بدەن وهەڵیان سەنگێن ، چونکە زۆر کاندید و پاڵێوراو هەیە نەک شیاوى ئەوەنى یە بچێتە ئەنجومەن ، بگرە لام تاوانیشە کە وێنەو پۆستەر و ریکلامیشى بەسەر دیوار و موحاجەرەى شاریشدا هەڵبواسرێت و دیمەنى شار ناشیرین چڵکن بکات و ، بەبینیى وێنەو روخسارى رق وقینى خەڵک هەڵسێنێت و ، خەڵکیش نەفرەت و قسە بۆ قەوارەکەى بنێرێت ، کە ئەوانەى کردوە بەدەستە گوڵ و هەڵبژاردەى ، بەتایبەت وەک باسدەکرێت و دەبیستین کۆمەڵێک کەسى رابردو ناشیرن و پڕ شورەیى ، بەنیازن بچنە ئەو ئەنجومەنەوە ، خوا بەو رۆژە نەکات گەر ئەوە راست بێت و ئەو لایەنانە هەر سووربن لەسەر ئەو هەڵوێستە ، ئەوا لاى من گەورەترین سوکایەتى و بێڕێزى یە ، سەرەتا بەخۆیان و خەباتیان ئەوجا بەخەڵکى شارو دواتریش بە پێشمەرگە و کەم ئەندام و زیندانیان .بۆیە تەمەننا دەکەم و دەست بەدوعام کە دەستبەردارى ئەو کارەبن ، چونکە سلێمانى سەربەرز ونەمر و پڕ شکۆمەندیە ، کەسێکى دەوێت لەئاست ئەو گەورەیەیدا بێت .

 

 

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds