Parti-13

پارتی دیموکراتی کوردستان په‌رته‌وازه‌ بوو ــ 13 پارتی لێوه‌ دروست کرا .

رۆژئاوای کوردستانیش وه‌کو پارچه‌کانی تری کوردستان له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ بۆ ( هه‌ر له‌ به‌درخانییه‌کانه‌وه‌ و تا نوری دێرسیمی، عوسمان سه‌بری، و تا به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و چه‌ندین پارت و رێکخراوه‌ی تر ) بوو به‌ هێلانه‌ی که‌سایه‌تی، ته‌ڤگه‌ڕ و رێکخستنی کوردستانی و خاوه‌ندارێتی گه‌لێک شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانی کردووه‌ . له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانیشه‌وه‌ باوه‌شی بۆ پێشه‌نگانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK کردۆته‌وه‌ و به‌دڵگه‌رمییه‌وه‌ خاوه‌نداری لێکردووه‌ .
هاوکات رۆژئاوای کوردستان ته‌نیا هێلانه‌ی تێکۆشه‌رانی کورد نه‌بووه‌، ته‌ڤگه‌ڕه‌ شۆڕشگێڕییه‌کانی تورکیا و به‌رهه‌ڵستکارانی رژێمی ئێراقیش ئه‌م خاکه‌ پیرۆزه‌ خاوه‌ن ماڵی کردوون . به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ سه‌ده‌ی (21)ه‌مدا دۆخه‌که‌ تا راده‌یه‌ک بۆ پارتییه‌ کوردییه‌کانی رۆژئاوا و باشوری کوردستان گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، ئه‌و پارتانه‌ بێ ره‌چاوکردنی دابونه‌ریتی شۆڕش و راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌تیش رۆژئاوای کوردستان و بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و رۆژانه‌ی گه‌لی ئه‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان چۆن باوه‌شی بۆ کردبوونه‌وه‌ و سه‌ر و ماڵی خۆیان له‌پێناو خودی ئه‌و پارتانه‌دا فیدا کردووه‌ و گیانی خۆیان بۆ کردبووه‌ قوربانی؛ که‌وتنه‌ ناو هه‌ڵوێستی هه‌رزان و به‌ واتای تاکه‌ وشه‌؛ به‌ری ره‌نج و فیداکاری و قوربانییه‌کانی گه‌لی رۆژئاوای کوردستانیان به‌ زایه‌ برد و نکۆڵیان لێکرد و وتیان :” ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوای کوردستان له‌ ئارادایه‌ شۆڕش نییه‌ ” .
لێره‌وه‌ ده‌بێ بپرسین ئه‌م پارتانه‌ کێن و له‌کوێوه‌ هاتوون، هه‌ڵقوڵاوی نێو جه‌ماوه‌رن و پشتیان به‌ گه‌ل و جه‌ماوه‌ر به‌ستووه‌ یاخود ؟! له‌ کوێن و سه‌رکرده‌کانیان کێن ؟! به‌ راستیش ده‌بنه‌ رێنماینده‌ بۆ گه‌ل یاخود ؟! له‌ هه‌مووی گرنگتریش ئه‌وه‌یه‌، ئه‌م پارتانه‌ هه‌مان ئه‌و پارتانه‌ن که‌ زۆربه‌یان و به‌تایبه‌تیش ئه‌لپارتی و پارتی ئازادی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژایه‌تی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان ده‌که‌ن، هۆکاری ئه‌م دژایه‌تییه‌یان له‌کوێوه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ .
یه‌که‌مین پارتی له‌ رۆژئاوای کوردستان
له‌ 14ی حوزه‌یرانی ساڵی 1957 دا بۆ جاری یه‌که‌م له‌ مێژووی سوریا رۆژئاوای کوردستان پارتی سیاسی بونیاد ده‌نران به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ : عوسمان سه‌بری، عه‌بدولحه‌مید ده‌روێش، حه‌مزه‌ ئه‌لنه‌ویران، شێخ محه‌مه‌د عیسا مه‌لا مه‌حمود، ره‌شید حه‌مۆ، محه‌مه‌د عه‌لی خۆجه‌، خه‌لیل محه‌مه‌د، شه‌وکه‌ت حه‌نان ( له‌ناو ئه‌مانه‌دا ئه‌ندامانی پێشتری حزبی شیوعی سوری ــ لقی حه‌له‌ب هه‌بوون ).
نوره‌دین زازا وه‌کو سه‌رۆکی پارته‌که‌
ناوی پارته‌که‌یان؛ پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ سوریا، ئامانجی پارته‌که‌یان وه‌کو ( ئازادکردن و یه‌کێتی کوردستان ) ده‌ستنیشان کردبوو. له‌و باره‌یه‌وه‌ ( عوسمان سه‌بری ) له‌ به‌شی چواره‌می په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارته‌که‌یان ( پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ سوریا ) باس له‌وه‌ ده‌کات؛ وه‌کو پارتێکی پێشکه‌وتوو بۆ ئازادی تێده‌کۆشێت و له‌ دژی داگیرکه‌ر و دار و ده‌سته‌کانی شه‌ڕ ده‌کات. له‌گه‌ڵ‌ کۆتایی هاتنی سێبه‌ری داگیرکاری و سه‌رجه‌م رێگاکانی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی ئه‌و کاته‌ پارته‌که‌یان داخوازی به‌ڕێوه‌به‌ر و سیسته‌مێکی تایبه‌ت بۆ ( 400 ) هه‌زار کورد ده‌کات له‌ رۆژئاوای کوردستان .”
ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بتوانێت مافه‌ سیاسی، کلتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆی بژیێنێت . ئه‌مه‌ به‌ واتای نموونه‌ی داخوازی ئۆتۆنۆمییه‌که‌ بۆ رۆژئاوای کوردستان له‌ سوریا. به‌ڵام هاوڕێیانی عوسمان سه‌بری داواکاری یه‌کێتی و سه‌ربه‌خۆیی چوارپارچه‌ی کوردستانیان ده‌کرد .
له‌ به‌رامبه‌ریشدا عوسمان سه‌بری ئه‌م فکره‌ی ره‌ت ده‌کرده‌وه‌ و ده‌یگوت :” ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌لومه‌رجی ژیانی کورد له‌ نێوان ئه‌و چوار ده‌وڵه‌تانه‌وه‌یه‌ . ”
یه‌که‌مین ناکۆکی نێوان عوسمان سه‌بری و هه‌ڤاڵانی بوو. له‌ ساڵی 1960 به‌دواوه‌ عوسمان سه‌بری له‌پێناوی به‌دیهێنانی فیکری خۆی تێکۆشا و خه‌باتی کرد، ئه‌مه‌ش وای کرد که‌ هه‌ڤاڵانی ده‌ستبه‌رداری بن. له‌و سه‌رده‌مه‌دا نوره‌دین زازا چووه‌ سه‌ردانی سه‌رۆکی حزب و پێی وت :” ئه‌مه‌ پارتێکی سیاسی نییه‌، به‌ڵکو کۆمه‌ڵه‌یه‌کی رۆشنبیرییه‌ .”
ده‌توانین بڵێین ئه‌مه‌ یه‌که‌مین ناکۆکی نێوان عوسمان سه‌بری و هه‌ڤاڵانی بوو. له‌ ساڵی 1960 به‌دواوه‌ عوسمان سه‌بری له‌پێناوی به‌دیهێنانی فیکری خۆی تێکۆشا و خه‌باتی کرد، به‌ڵام هه‌ڤاڵانی ده‌ستبه‌رداری بوون. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شدا له‌و سه‌رده‌مه‌دا ( نوره‌دین زازا ) که‌ سه‌رۆکی حزب بوو ده‌یگوت :” ئه‌مه‌ پارتێکی سیاسی نییه‌، به‌ڵکو کۆمه‌ڵه‌یه‌کی رۆشنبیرییه‌ .”
هه‌ر له‌و سه‌ره‌مه‌دا ( عه‌بدول حه‌مید ده‌روێش ) ده‌یوت :” کورد له‌ سوریا که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ و له‌ سوریا ده‌ژین .”
هه‌موو ئه‌م ناکۆکییانه‌ی باسیان ده‌که‌ین بوون به‌ هۆکاری ناکۆکی و په‌رش و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و پارتییه‌ کوردییانه‌ تا به‌ڕۆژی ئه‌مڕۆمان به‌رده‌وام بن .
کۆنگره‌ی ئاداری 1964
ئه‌ندامانی پارتییه‌که‌ی عوسمان سه‌بری له‌و سه‌رده‌مه‌دا جگه‌ له‌ خۆی، ره‌شید حه‌مۆ، که‌مال عه‌بدی، خالید مشایخ، عه‌بدولڵا مه‌لا عه‌لی، عه‌زیز داود و محه‌مه‌د مه‌لا، له‌گه‌ڵ‌ دوو ئه‌ندامی یه‌ده‌گ؛ محه‌مه‌د مسته‌فا و مه‌لا محه‌مه‌د . به‌هۆی دژبه‌رایه‌تی و ناکۆکی نێوخۆوه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا پارتی دیموکراتی کوردستان PDK ی ئێراق و مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌ستیان خسته‌ کۆنگره‌که‌وه‌ و بڕیاری بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ دوورخستنه‌وه‌ی نووره‌دین زازا، عیسا محه‌مه‌د و حه‌مزه‌ نویرانی ده‌رکرد، هه‌روه‌ها ئه‌ندامێتی حه‌میدی حاجی ده‌روێش بۆماوه‌ی دوو ساڵ راگیرا .
پارتی دیموکراتی کورد له‌ سوریا
دوای ئه‌و قۆناخه‌، دۆخه‌که‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هات و بابه‌تی سازکردنی کۆنفرانسه‌که‌ی ساڵی 1969 ده‌که‌وێته‌ رۆژه‌ڤی سیاسه‌تمه‌دارانه‌وه‌ و عوسمان سه‌بریش به‌ خیانه‌ت و دارده‌ستێتی ده‌وڵه‌تی ئێراق تاوانبار کرا و سه‌ڵاح به‌دره‌دین کرا به‌ سکرتێری ئه‌و پارته‌ . هاوکات له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شدا ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کانی ئه‌و پارته‌ تا ده‌هات زێده‌تر بوو. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مه‌لا مه‌سته‌فا بارزانی، سه‌ڵاح به‌دره‌دین بانگهێشتی لای خۆی کرد و تا ساڵی 1970 له‌لای خۆی به‌ندی ده‌کات. شانبه‌شانی ئه‌مه‌ش فه‌رمانی دروستکردنی پارتی دیموکراتی کورد له‌ سوریا ( ئه‌لپارتی ) ده‌رکرد و که‌سێکیشی به‌ناوی ( ده‌هام میرۆ ) بۆ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و پارته‌ ده‌ستنیشان کرد . به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمان بوو ؛ ده‌هام میرۆ سه‌ره‌تا به‌ سه‌رۆکی ده‌سته‌ی چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکی ناوخۆی پارته‌که‌ ده‌ستنیشان کرا بوو، دواتر به‌ بڕیاری مه‌لا مسته‌فا کرا به‌ سه‌رۆکی ئه‌لپارتی .
بارزانی ئه‌و ئه‌سیرانه‌ی ئازاد کرد که‌ ماوه‌ی (2) ساڵ بوو به‌ندیکردبوون، هه‌ردووکیان ده‌ستیان له‌ پارته‌که‌یان به‌ردا. دواتر پارتی چه‌پ به‌ تۆمه‌تی ته‌عویزدان به‌ بارزانی، ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامی له‌ریزه‌کانی دوورخستنه‌وه‌ . هه‌موو ئه‌وانه‌ کۆبوونه‌وه‌ و ئه‌ندامه‌ ده‌ستبه‌سه‌رکراو و دوورخراوه‌کانی ئه‌لپارتی، پارتێکی نوێیان به‌ناوی ( حزب الاشتراکی الکردی فی سوریه‌ ) ــ پارتی هاوبه‌شی کوردی له‌ سوریایان به‌ سه‌رکردایه‌تی ( ساڵح گه‌دۆ ) دامه‌زراند .
دواتر به‌هۆی کۆمه‌ڵێک پرس و کێشه‌ی ناوخۆوه‌، له‌ ساڵی 1975 دا سکرتێری پارته‌که‌ی خۆیان ده‌رکرد. به‌ڵام له‌ ساڵی 1976 دا به‌سه‌رۆکایه‌تی سه‌ڵاح به‌دره‌دین ( پارتی یه‌کێتی گه‌لی کوردی له‌ سوریا ) دامه‌زرێندرا و تا کۆنگره‌ی دوای دامه‌زراندنی ئه‌و پارته‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هێڵرایه‌وه‌ و دواتریش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارته‌که‌ خرایه‌ ده‌ست موسته‌فا جومعه‌وه‌ .
پارتی چه‌پ که‌ له‌لایه‌ن ( عیسمه‌ت سه‌یدا ) ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برا له‌گه‌ڵ‌ پارته‌ چه‌پڕه‌وه‌کانی تردا تا ساڵی 1978 له‌ژێر چه‌ترێکدا به‌ڕێوه‌برا، به‌ڵام یه‌کتریان په‌سه‌ند نه‌کرد و بووه‌ هۆکاری په‌رته‌وازه‌بوونیان. ئه‌و چه‌تره‌ بوو به‌ پێنج به‌شه‌وه‌ و پێنج پارتی لێ دروست بوو؛ که‌ ( فواد عه‌لیکۆ، حه‌سه‌ن ته‌نوری، ئیسماعیل عومه‌ر شێخ ئالی ) و ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی تر له‌ژێر ئه‌و په‌رش و بڵاو بوونه‌وه‌یه‌دابوون. پاشان هه‌ر یه‌کێک له‌و ناوبراوانه‌ پارتێکیان دامه‌زراند . ئه‌مه‌ش زۆری نه‌خایاند و له‌ ساڵی 1992 جارێکی تر هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ کۆبوونه‌وه‌ و پارتێکی نوێیان دامه‌زراند و ناویان لێنا ( پارتی یه‌کێتی دیموکراتی کورد له‌ سوریا )، به‌ڵام ناکۆکیی و په‌رته‌وازه‌ییان به‌رده‌وامی کرد و تا دواجار هه‌ر یه‌کێکیان بوونه‌وه‌ به‌ سێ و چوار به‌ش .
له‌ناو پارتی چه‌پ دا عیسمه‌ت سه‌یدا تا راده‌یه‌ک هه‌وڵیدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارته‌که‌ کۆبکاته‌وه‌ و له‌مه‌شدا تا راده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتووبوو ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدا بوو که‌ له‌ مێژووی رۆژئاوای کوردستان و سوریادا به‌ سه‌رده‌می ( هه‌لی زێڕین ) ناوده‌برا .
له‌ ساڵی 1982 و له‌ ئه‌نجامی ناکۆکییه‌کانی نێوان عیسمه‌ت سه‌یدا که‌ سکرتێری ئه‌و پارته‌بوو له‌گه‌ڵ‌ برازاکه‌ی خۆیدا به‌ناوی ( سه‌ڤگات سه‌یدا ) پارتی یه‌کێتی دیموکراتی کورد له‌ سوریا پارچه‌ بوو و سه‌ڤگات سه‌یدا ناوی پارته‌که‌ی بۆ ( پارتی شاغیلی کوردی ) به‌ڵام ته‌مه‌نی ئه‌م پارتییه‌ زۆری نه‌کێشا و دوای (6) ساڵ و دوای مردنی سه‌رۆکی پارته‌که‌ له‌ ساڵی 1988 دا جارێکی تر پارچه‌ بوو، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا و سه‌ره‌ڕای گه‌ڕانه‌وه‌ی ( عه‌بدول باست سه‌یدا ) و گرووپه‌که‌ی بۆ ناو پارتی یه‌کێتی دیموکراتی کورد له‌ سوریا، ( یوسف دیبۆ ) بوو به‌ سه‌رۆکی ئه‌و پارته‌ .
جارێکی تر و له‌ ساڵی 1990 دا پارتی یه‌کێتی دیموکراتی کورد له‌ سوریا پارچه‌ ده‌بێت و ( یوسف دیبۆ ) پارتێکی تر به‌ هه‌مان ناو دروست ده‌کات و ئه‌م پارتییه‌ش تا ساڵی 1996 به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌ سیاسه‌تی تایبه‌ت به‌ خۆی رێگه‌ی به‌ پارچه‌بوونی زیاتر و بڵاوبوونه‌وه‌ نه‌دا، پارچه‌که‌ی تری ئه‌م پارتییه‌ له‌لایه‌ن ( محه‌مه‌د موسا محه‌مه‌د ) ه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی ده‌کرا. دوای رێکه‌وتنێک له‌نێوان محه‌مه‌د موسا له‌گه‌ڵ‌ پارتی یه‌کێتی گه‌ل، پارتێکی تر به‌ناوی پارتی ئازادی کوردییه‌وه‌ دروست کرا و ( خه‌یره‌دین موراد ) کرا به‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌و پارته‌ .
سکرتێری ئه‌م پارتییه‌ ده‌یتوانی به‌ سیاسه‌تی تایبه‌تی خۆی له‌نێوان ساڵانی 1990 ــ 1996 دا رێگه‌ له‌ پارچه‌بوون و په‌رته‌وازه‌به‌بوون بگرێت. به‌لام دواتر که‌سێک به‌ناوی ( تاهر سفوک و عه‌زیز داوی ) که‌ دوو ئه‌ندامی هه‌مان ئه‌و پارته‌بوون، پارته‌که‌ی خۆیان پارچه‌ ده‌که‌ن و پارتییه‌کی نوێ له‌و پارته‌ و به‌ هه‌مان ناو دروست ده‌که‌ن، عه‌زیز داوی درێژه‌ی به‌و پارچه‌کردنه‌ دا و ناوی پارته‌که‌ی بۆ ( پارتی یه‌کسانی کوردی ــ حزب المساواه‌ الکردی ) گۆرى .
پارتی دیموکراتی کوردی سوریا ــ ئه‌لپارتی
وه‌کو له‌سه‌ره‌وه‌ش باسمانکرد ئه‌م پارتییه‌ له‌ ساڵی 1970 له‌لایه‌ن مه‌لا مسته‌فا بارزانییه‌وه‌ دروست کرا و به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوای کوردستان و سوریادا به‌سه‌ر پارته‌کانی تردا هاتبوو، ئه‌م پارتییه‌ش خۆی له‌و چاره‌نووسه‌ رزگار نه‌کرد و دووچاری پارچه‌بوون هات، که‌ له‌لایه‌ن ( جه‌مال شێخ باقی )یه‌وه‌ یه‌کێک له‌ پارچه‌کانی ئه‌و پارتییه‌ی به‌ هه‌مان ناو دامه‌زراندنه‌وه‌ . له‌ ساڵی 1975 پاش ده‌ستگیرکردنی ( ده‌هام میرۆ ) له‌لایه‌ن رژێمی سوریاوه‌، ( که‌مال ده‌روێش ) تا ساڵی 1980 سه‌رکردایه‌تی ئه‌و پارتییه‌ بوو . له‌و ساڵه‌شه‌وه‌ ( شێخ ئالی ) و کۆمه‌ڵێک له‌ هه‌ڤاڵانی بوون به‌ هۆکاری پارچه‌بوون و په‌رته‌وازه‌بوونی زیاتری ئه‌و پارتییه‌ . شانبه‌شانی پارچه‌بوونی ناوخۆی پارته‌کان، شه‌ڕ و ناکۆکی نێوان پارته‌کانیش زیاتر ته‌شه‌نه‌ی ده‌سه‌ند .
له‌ ساڵی 1987 دا ( ئیسماعیل ئه‌موو ) و کۆمه‌ڵێک له‌ هه‌ڤاڵانی درێژه‌یان به‌ پارچه‌کردنی ئه‌و پارتییه‌ دا و له‌ ساڵی 1997 دا و دوای کۆچی دوایی سکرتێری ئه‌و پارته‌ له‌ ئه‌نجامی رووداوێکی هاتووچۆدا، پارته‌که‌ ( ئه‌لپارتی ) رووی له‌ کۆنگره‌ کرد، به‌ڵام تا گه‌یشتن به‌ کۆنگره‌، بابه‌تی سه‌رکردایه‌تی پارته‌که‌ ناکۆکییه‌کی گه‌وره‌ی نێوان ( نه‌سره‌دین ئیبراهیم و سعود مه‌لا ) بوو. له‌ دوای کۆنگره‌ش پارته‌که‌ بوو به‌ دوو پارچه‌وه‌ و یه‌کێکیان له‌لایه‌ن نه‌سره‌دین ئیبراهیمه‌وه‌ و پارچه‌یه‌کی تریش له‌لایه‌ن ( محه‌مه‌د نه‌زیر موسته‌فا )ه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی ده‌کرێت، به‌ڵام ( عه‌بدولڕه‌حمان وه‌جیه‌ ) که‌ یه‌کێک بوو له‌ رکابه‌ره‌کانی محه‌مه‌د نه‌زیر، وه‌کو خۆی مایه‌وه‌ و ( عه‌بدول حه‌کیم به‌شار ) کرا به‌ سه‌رۆکی ئه‌و حزبه‌ .
ره‌شید حه‌مۆ له‌ بابه‌تێک ده‌دوێت
ره‌شید حه‌مۆ که‌ یه‌کێکه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی پارتی دیموکراتی کورد له‌ سوریا له‌ یه‌کێک له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانیدا ده‌ڵێت :” په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ‌ جه‌مال عه‌بدولناسر زۆر باش بوو و له‌ قاهیره‌ش رادیۆیه‌ک له‌ژێر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ( فواد مه‌عسوم ) کرایه‌وه‌ . ئه‌و کاته‌ ( عه‌بدولحه‌مید سیراج ) که‌ وه‌زیری ناوخۆی سوریا و به‌رپرسیاری که‌یسی باکوری سوریا بوو، ده‌یگوت؛ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ کورده‌کانی باکوری کوردستان له‌دژی تورکیا هان بده‌ن ئه‌وا منیش هاوکاری پێویستتان ده‌که‌م . ”
حه‌مۆ له‌به‌رده‌وامی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانیدا ده‌ڵێت :” به‌ عه‌بدولحه‌مید سیراج م وت که‌ له‌ شام که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنیمان بۆ بکاته‌وه‌ و چاپخانه‌یه‌کیشمان بۆ دابمه‌زرێنێت. ده‌زگای هه‌واڵگری سوریا ( موخابه‌رات ) و عه‌بدولحه‌مید سیراج پێکه‌وه‌ ئه‌و داواکارییانه‌یان په‌سه‌ند کردین. ” به‌ڵام له‌دوای گۆڕانی هه‌ڵوێستی کوردان و په‌یوه‌ندیکردنیان به‌ شیوعییه‌کانه‌وه‌، گۆڕانی هه‌ڵوێستی عه‌بدولحه‌مید سیراج و رژێمی سوریای له‌گه‌ڵ‌ خۆی هێنا. ”
دوای گۆڕانی هه‌ڵوێستی عه‌بدولحه‌مید سیراج و رژێم، ناکۆکییه‌کانی نێوان کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و پارته‌ ئاشکرا ده‌بێت . له‌ هه‌رێمی حه‌سه‌که‌ له‌نێوان ( محه‌مه‌د عیسا ) و ( عه‌بدول حه‌مید حاجی ده‌روێش )دا بابه‌تی ده‌سه‌ڵاتی پارتی ناکۆکییه‌کی گه‌وره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌ . مه‌لا عه‌بدول حه‌کیم و مه‌لا عه‌بدول فه‌رید له‌هه‌رێمی حه‌سه‌که‌ پشتیوانیان له‌ محه‌مه‌ عیسا ده‌کرد، به‌ڵام له‌ قامیشلۆ و دربێسی هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ پشتیوانیان له‌ عه‌بدولحه‌مید حاجی ده‌روێش ده‌کرد ، که‌ ئه‌وڕۆکه‌ش هه‌ندێک له‌ سیاسه‌تمه‌داران و مێژووناسانی کورد هۆکاری کێشه‌ و ناکۆکییه‌کانی ئه‌مڕۆی ئه‌وپارتانه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ .
کۆی زانیارییه‌کان
ــ جاری یه‌که‌م له‌ 14 مانگی حوزه‌یرانی 1957 دا پارتی دیموکراتی کوردستانی له‌ سوریا داده‌مه‌زرێندرێت .
ــ له‌ 12ی ئابی 1960 دا زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی پارته‌کان له‌لایه‌ن کۆماری هاوبه‌شی ( سوریا ــ میسر ) ه‌وه‌ ده‌ستگیرکران .
ــ له‌ ساڵی 1961 دا ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی له‌ سوریا گۆڕا بۆ پارتی دیموکراتی کوردی له‌ سوریا و گوته‌ی “کوردستان”ی لێ ده‌رخرا .
ــ له‌ 5ی ئابی ساڵی 1965 دا پارچه‌بوون و په‌رته‌وازه‌بوون که‌وته‌ ناو ئه‌و پارته‌وه‌، ئه‌م پارچه‌بوونی چه‌پڕه‌وی و راستڕه‌وییه‌ له‌ ئه‌نجامی خیلافاتی نێوان بارزانی و تاڵه‌بانی بوو، چه‌پڕه‌وه‌کان که‌ له‌لایه‌ن عوسمان سه‌برییه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی ده‌کرا و له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ پشتیوانی ده‌کرا، راستڕه‌وه‌کانیش به‌ سه‌رکردایه‌تی حه‌میدی حاجی ده‌روێش له‌لایه‌ن تاڵه‌بانییه‌وه‌ پشتیوانی ده‌کرا.
ــ له‌ 26ی ئابی 1970 دا له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه‌ دووچاری ده‌ستوه‌ردانه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ و لیژنه‌یه‌کی ئاشته‌وایی بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ی چه‌پڕه‌و و راستڕه‌وه‌کان پێکده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌م لیژنه‌یه‌ به‌سه‌ر نه‌که‌وت و بارزانی فه‌رمانی ده‌رکرد که‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کی کاتی ( قیاده‌ مرحلیه‌ ) بۆ ئه‌و پارته‌ دروست بکرێت .
ــ له‌ ساڵی 1973 دا زۆربه‌ی ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کاتی به‌هۆی دژایه‌تیکردنی پرۆژه‌ی ( ئاسیمیله‌یشن ) له‌باربردنی کلتووری به‌رهه‌می حیزامی عه‌ره‌بی، ده‌ستگیرکران که‌ له‌ ساڵی 1974 واتا ساڵێک دوای ئه‌و ده‌ستگیرکردنانه‌ پرۆژه‌که‌ خرایه‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌ .
ــ له‌ساڵی 1975 دا ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردی به‌ سه‌رۆکایه‌تی ( حه‌مید سینۆ ) و پارتی دیموکراتی له‌ سوریا به‌ سه‌رۆکایه‌تی ( شێخ محه‌مه‌د باقی ) و پارچه‌بوونیان ته‌شه‌نه‌ی کرد .
ــ له‌ ساڵی 1981 دا ( شێخ ئالی ) له‌ پارته‌که‌ی ( شێخ محه‌مه‌د باقی ) دابڕا و دوای ئه‌وه‌ش نوی پارته‌که‌یان بۆ ( پارتی کرێکاری دیموکراتی کوردی له‌ سوریا ) و دواتریش ناوی پارته‌که‌یان بۆ ( پارتی یه‌کێتی ) گۆڕی .
ــ له‌ کۆنگره‌ی حه‌وته‌می پارته‌که‌دا له‌ ساڵی 1995 ( که‌مال ئه‌حمه‌د ده‌روێش ) به‌ پشتیوانی و هاوکاری بارزانی بوو به‌ سه‌رۆکی ( پارتی دیموکراتی کوردی له‌ سوریا ). له‌ کۆنگره‌ی هه‌شته‌م دا له‌ 30ی نیسانی 1998 دا ئه‌و پارتییه‌ جارێکی تر پارچه‌ بوو و که‌ هه‌ردوو پارته‌که‌ش به‌ هه‌مان ناوی ( پارتی دیموکراتی کوردی له‌ سوریا ) خۆیان ناساند؛ یه‌کێکیان نه‌سره‌دین ئیبراهیم و ئه‌وه‌ی تریشیان محه‌مه‌د نه‌زیر موسته‌فا سه‌رکردایه‌تی ده‌کرد . ده‌توانین بڵێین له‌ رووێکه‌وه‌ دواین پارچه‌بوونی ئه‌و پارتییه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ی عه‌بدولڕه‌حمان وه‌جیه‌ له‌ محه‌مه‌د نه‌زیر مسته‌فا و دروستکردنی پارتێکی نوێ به‌ناوی ( پارتی دیموکراتی کوردی ) له‌لایه‌ن محه‌مه‌د نه‌زیره‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌ .
پارتییه‌ک له‌ چه‌ند ساڵێکدا بوو به‌ (13) پارچه‌
ناوی ئه‌و پارته‌ کوردییانه‌ی له‌ پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا جیابوونه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا به‌رده‌وامن .
1 ــ پارتی دیموکراتی پێشڤه‌ڕۆی کوردی له‌ سوریا ( عه‌بدول حه‌مید حاجی ده‌روێش ) له‌سه‌ر نه‌ریتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان YNK بوو به‌ڵام ئێستا وابه‌سته‌ی KDP پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ .
2 ــ پارتی نه‌ته‌وه‌یی سوری ( تاهیر سفوک )
3 ــ پارتی وه‌کهه‌ڤی کوردی (نیعمه‌ت داود )
4 ــ پارتی دیموکراتی کوردی له‌ سوریا ــ ئه‌لپارتی ( نه‌سره‌دین ئیبراهیم )
5 ــ پارتی دیموکراتی کوردی له‌ سوریا ( ئه‌لپارتی ) ــ ( عه‌بدولحه‌کیم به‌شار )
6 ــ پارتی دیموکراتی کورد له‌ سوریا ( عه‌بدولڕه‌حمان وه‌جیه‌ ) و ئێستا ( عه‌بدولکه‌ریم سکۆ و له‌زگین فه‌خری )
7 ــ پارتی یه‌کیتی دیموکراتی کوردی له‌ سوریا ( ئیسماعیل عه‌مۆ ) و دواتر ( شێخ ئالی ، زه‌رده‌شت محه‌مه‌د، حه‌بیب ئیبراهیم ) و ئێستاش جارێکی تر له‌لایه‌ن شێخ ئالی یه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی ده‌کرێت . ” له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی سکرتێره‌کانی ئه‌و پارته‌ کوردییانه‌ خه‌ڵکی کانتۆنی جزیره‌ بوون ناکۆکی و کێشه‌ی نێوان خۆیان و پارته‌کانیان ته‌شه‌نه‌ی ده‌کرد و پارچه‌بوونیان هاته‌ ئاراوه‌ . سه‌رۆکی به‌شی جزیره‌ی ئه‌و پارتییه‌ ( ئیسماعیل عه‌مۆ ) و دواتریش ( زه‌رده‌شت محه‌مه‌د ) بوو که‌ ئه‌مانه‌ رۆڵی خۆیان له‌و ناکۆکییانه‌دا زیاتر کرد. به‌ڵام لقی عه‌فرینی ئه‌و پارتییه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی شێخ ئالی . سه‌رجه‌می ئه‌و که‌سانه‌ی ناویان ده‌هات و ده‌ناسران، هه‌ریه‌که‌یان ناوێکیان له‌ پارتێکی ده‌نا و خۆیان ده‌بوون به‌ سه‌رۆک و هه‌ریه‌که‌یان ئه‌وی تر به‌ بێ په‌یوه‌ندار و نا راست و خۆی به‌ راست و باش ده‌زانی و وایان راده‌گه‌یاند ” .
8 ــ پارتی دیموکراتی کوردی ( ئیسماعیل عه‌مۆ ) که‌ فواد عه‌لیکۆ، حه‌سه‌ن ته‌نووری و ئیسماعیل حه‌مێ و دواجاریش ئیبراهیم – برۆ کرابه‌ سه‌رکرده‌ .
9 ــ پارتی یه‌کێتی کوردستانی ( عه‌بدول باست حه‌مۆ )
10 ــ پارتی دیموکراتی کوردی سوری ( جه‌مال شێخ باقی )
11 ــ پارتی ئازادی کوردی ( خه‌یره‌دین موراد ) که‌ ئێستا موسته‌فا جومعه‌ سکرتێره‌ .
12 ــ پارتی ئازادی کوردی ( موسته‌فا ئوسۆ ) که‌ له‌ پارته‌که‌ی ( موسته‌فا جومعه‌ ) جیابووبووه‌وه‌ .
13ــ ته‌یاری ئاینده‌ ( مه‌شعه‌ل ته‌مۆ ). دوای کوژرانی مه‌شعه‌ل ته‌مۆ، له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هیچ بوونێکی ئه‌م پارتییه‌ له‌ کار و کرداردا نییه‌ . ته‌نیا له‌ڕووی راگه‌یاندنه‌وه‌ له‌ هه‌ندێک له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌دیده‌کرێن .
ئه‌نجام
به‌پێی ئه‌م خشته‌ و نه‌خشه‌یه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌و پارتییه‌ کوردییانه‌ی رۆژئاوای کوردستان و سوریا، دیاره‌ هیچ پارتێک سه‌ربه‌خۆ دانه‌مه‌زراوه‌ و سه‌ربه‌خۆش دووچاری شکان یان په‌رته‌وازه‌ و پارچه‌بوون نه‌بووه‌. له‌م راپۆرته‌دا به‌ ئاشکرا به‌دی ده‌کرێت که‌ ئه‌و پارتانه‌ سه‌رجه‌میان گرێدراون به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان PDK و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان YNK ه‌وه‌ .
ده‌توانین بڵێین هه‌ندێک پارتی ژێر بانگه‌شه‌ی چه‌پڕه‌وێتی میراسی دهام میرۆن و گرێدراوی موسته‌فا بارزانی و KDP ن. ئه‌و پارته‌نه‌شی خۆیان به‌ راستڕۆ و پێشکه‌وتنخواز و ریفۆرمخواز ده‌زانن، ئه‌و پارتانه‌ی که‌ میراسی خۆیان له‌ پارتی دیموکراتی پێشکه‌وتنخوازی کوردی له‌ سوریا به‌ سه‌رکردایه‌تی حه‌مید حاجی ده‌روێش وه‌رده‌گرن، ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر هێڵی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان YNK بوون و به‌شێکیان تا ئێستاش پێیه‌وه‌ گرێدراون .
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا زۆربه‌ی سه‌رکرده‌ی پارته‌کان هاتووچۆیان بۆ باشوری کوردستان زۆر بووه‌، به‌ڵام پارتی دیموکراتی کوردستان PDK ( عه‌بدولحه‌کیم به‌شار )ی کردووه‌ به‌ سه‌رده‌سته‌ و له‌ریزی پارته‌کانی تردا رۆڵی سه‌ره‌کی پێداوه‌ .
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردی له‌ سوریا
ئه‌و (13) پارتییه‌ی ناویان له‌سه‌ره‌وه‌ هاتووه‌، ئێستاکه‌ به‌شداری ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی کوردین له‌ سوریا ENKS بوون .
هه‌روه‌ها ( پارتی ئازادی کوردی ــ پارتی یه‌کێتی کوردستانی ) و کۆمه‌ڵێک له‌ که‌سایه‌تییانی وه‌کو ( سه‌لاح به‌دره‌دین و عه‌بدولباست سه‌یدا ) به‌شدارن له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی سوری. دواین جار ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی کوردی سوریا چوونه‌ پاڵ ئیئتیلافی سوریا وه‌ که‌ ناوه‌نده‌که‌ی له‌ ئه‌سته‌مبۆڵه‌ .
هه‌ندێک پارتی وه‌کو پارتی دیموکراتی کوردی ــ ئه‌لپارتی ( عه‌بدولحه‌کیم به‌شار ) و ( تیار موسته‌قبه‌ل و الوفاق، تجمع الشباب ) که‌ ئه‌ندامن له‌ ENKS دا، ده‌یانویست له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌ دیموکراتییه‌کاندا به‌ره‌یه‌کی دیموکراتی پێکبهێنن، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، ئه‌م گرووپانه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌وڵه‌تی تورک و ئه‌مریکا هه‌یه‌ .
پارتی ئازادی ( موسته‌فا جومعه‌ )، پارتی ئازادی ( موسته‌فا ئوسۆ ) ، ئه‌لپارتی ( عه‌بدولحه‌کیم به‌شار )، “یه‌کێتی سیاسی”یان وه‌کو جێگره‌وه‌ی ده‌سته‌ی باڵای کورد دروست کرد، ئه‌م یه‌کێتی سیاسییه‌ به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان PDK و به‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ‌ ده‌وڵه‌تی تورک کاره‌کانیان راده‌په‌ڕێنن .

سەرچاو/ فوراتنویز