سوارە کمال : سەرۆک ـ بۆ رێگایان نەدا وتارەکەت پێشکەش بکەی؟

ئه‌گه‌ر هاتویته‌ته‌ سه‌ر باوه‌ڕی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ، که‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدان ، وێرای ئه‌وه‌ی ده‌بێ به‌ئاگابی له‌کارو گوتاره‌کانت ، له‌هه‌مانکاتدا ده‌بێ واز له‌ کێبڕکێی حزبی بێنی و نه‌بیته‌ رێگر له‌به‌رده‌م به‌شدار بونی حزبه‌ کوردستانیه‌کانی دیکه ‌ .
له‌سه‌رده‌می شاخدا ، ئه‌گه‌ر بناردرایه‌ به‌ دوای به‌رپرسێک ، تا لێپرسینه‌وه‌ی لێبکرێت ، ده‌هات ، به‌ڵام خاوه‌ن ئه‌زمونه‌کان ، پێش گه‌یشتنیان ، کارێکی سه‌ربازییان دژ به‌ ئه‌رته‌شی به‌عس ئه‌نجامده‌دا ، ئه‌مه‌ش ده‌بوه‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی له‌جیاتی لێپرسینه‌وه‌ ، پاداشت بکرێن .
پێموایه‌ ده‌بێ له‌و مه‌ترسیه‌ تێبگه‌یت ، حزبه‌ کوردیه‌کان به‌گشتی و یه‌کێتی به‌تایبه‌ت ، بۆچونی جیاوازیان له‌سه‌ر ئه‌م دیفاکتۆ کوردیه‌ هه‌یه ‌، به‌چاره‌نوسسازی ده‌زانن بۆ حزبه‌کانیان .
له‌هه‌مان کاتدا زۆرینه‌ی حزبه‌ عه‌ره‌بی و تورکمانیه‌کانی ناوچه‌ کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ، پێیان بکرێت ده‌بنه‌ گرفت له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌نگاوێک که‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بنرێت .
بۆیه‌ ده‌بوایه‌ پێش ئه‌وه‌ی داوا له‌په‌رله‌مان بکه‌یت ، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان ، به‌تورکمان و مه‌سیحیه‌کانشه‌وه‌ ، نه‌ک ته‌نها ئاگادار ، به‌ڵکو ده‌بوایه‌ به‌شداربن له‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و وتاره‌ی ده‌تویست رایگه‌یه‌نی ، به‌نوسراوی فه‌رمی و واژۆی لایه‌نی که‌م ، ئه‌و حزبانه‌ی له‌سه‌ربوایه‌ که‌ له‌په‌رله‌ماندان ، گه‌ر واتکردبایه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و ٧٧ که‌سه‌ی رێیانگرت وتاره‌که‌ت راگه‌یه‌نی ، ده‌بون به‌شه‌ش و سه‌رجه‌م میدیاکانی کوردستانش وتاره‌که‌یان په‌خش ده‌کرد .
من پێموایه‌ ئه‌وه‌ی داتنابوو بیڵێیت راتنه‌گه‌یاند ، له‌هه‌مانکاتدا نه‌ده‌بوو به‌و مه‌حزونی و ساردو سڕیه‌ ده‌ربکه‌وی ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا له‌هه‌موو کاتی زیاتر ناحه‌زو نه‌یارانی کورد، هه‌موو جوڵه‌و ده‌ربڕنێک شی وشرۆڤه‌ ده‌که‌ن. به‌تایبه‌ت پێش کات گه‌یشتنت به‌ په‌رله‌مان و پاشتر به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رکه‌وتن لێکدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌کرێت.
ئه‌مه‌ی رویدا چیده‌گه‌ێنێ ؟
پێموایه‌، پێتوترا: ئه‌گه‌ر به‌ تاکڕه‌وی بته‌وێ ئه‌م دیفاکتۆ کوردیه‌ به‌ته‌نها پارتی سودمه‌ندبێ لێی، لایه‌نه‌کانی تر ده‌بنه‌ گرفت، وه‌ک چۆن ئه‌و رۆژه‌ به‌پاساوی پرسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی رێگه‌یان گرت له‌بڵاوکردنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ت.
دڵنیابه‌ به‌پشتگوێخستنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان، لێکه‌وته‌ی زۆر گه‌وره‌ترشی لێده‌بێته‌وه‌ .
تۆ به‌مافی خۆتی ده‌زانی وه‌ک «سه‌رۆک» لێدوان بده‌یت، به‌ڵام ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ت وه‌بیر بهێنمه‌وه‌ زۆرێک هه‌بون و هه‌ن به‌کوده‌تای ده‌زانن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌نگیشیاندا به‌درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ت، پێده‌چێت په‌شیمان بوبێتنه‌وه‌ .
بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ له‌یادنه‌که‌یت، پشگوێخستن، پرس نه‌کردن، به‌پێی قه‌واره‌ به‌شداریپێنه‌کردنی لایه‌نه‌کان، بێ چه‌ندوچون ئه‌گه‌ر له‌ رودا چه‌پڵه‌ لێبده‌ن، ئه‌وا له‌لایه‌کی تره‌وه‌ شتی تر لێده‌ده‌ن .
به‌زمانێکی ساده‌تر لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان به‌تایبه‌ت حزبه‌کان و سیاسه‌تمه‌دارانی ناوچه‌ کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، به‌هه‌موو ئه‌و پێکهاتانه‌ی ده‌کرێت ببنه‌ دۆست و پشتیوانی کورد، ده‌یانه‌وێت جێپه‌نچه‌یان هاوسه‌نگ یان به‌شداربن له‌هه‌ر گۆڕانکاریکی ئه‌رێنی که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ئاینده‌ی باشوری کوردستان.
ئه‌گه‌ر به‌ راستی ده‌ته‌وێ دانشتوانی کوردستان، نه‌ک خۆت و بنه‌ماڵه‌و حزبه‌که‌ت، به‌رجه‌سته‌بێ له‌ قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م دیفاکتۆیه‌، ئه‌مه‌ چاره‌نوسی ملله‌تێکه‌ نه‌ک حزبێک، ده‌بێ زۆر به‌شه‌فافی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان هاوبه‌ش بن له‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌نرێت. ئه‌وکات هه‌ر لایه‌نێک دژی بێت کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان قسه‌ی خۆیان ده‌که‌ن.
ده‌مه‌وێت بڵێم وه‌ک حزب هه‌موو میتۆدێکتان تاقیکردۆته‌وه‌، ته‌نها یه‌ک رێگاماوه‌ ئه‌ویش به‌کردار به‌لاوه‌نانی ناکۆکیه‌کان‌و هه‌نگاونان به‌ره‌و یه‌کڕیزی و یه‌کهه‌ڵوێستیه‌، ئه‌گه‌ر واتان نه‌کرد، مێژوی دانوستاندنی حزبه‌کان له‌یه‌که‌م حکومه‌تی کۆماریه‌وه‌ تائه‌مرۆ به‌رئه‌نجامه‌که‌ی ته‌نها به‌دبه‌ختی و ماڵوێرانی و کاره‌ساتی به‌دوادا هاتوه‌ .