سوارە کەمال : یەهود چیکرد ، ئێمە چیبکەین .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەپێ ڕێکەوتننامەو پرۆیۆکۆڵەکانی جنێف کە ١٩٦ دەوڵەت ، ( لە نێوشیاندا ئیراق لە ساڵی ١٩٥٦ ) واژویان لەسەرکردووە ، پاراستنی ژیانی دیلەکانی جەنگ، بەرپرسیاریەتیکەی لە ئەستووی ئەوانەدایە کە گرتویانن ، کەواتە هەر کەس و لایەنێ پێشێلی ئەو یاسا و ڕیسانە بکات دەبێ بکەوێتە بەردەم دادگاو لێپرسینەوەی لێبکرێت .

بەو پێیەی سەرجەم کاروکردەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئیراق و شام ، لە نێوشیاندا چۆنیەتی مامەلەکردنیان لەگەڵ  رفێندراوەکان ، دیل و بریندارەکان ، ڕوبەرووی هەر یاسایەک ، لە نێوشیاندا یاسای نێودەوڵەتی بکرێتەوە ئاکامەکەی دیارە، کە دەچێتە خانەی تاوانی نێودەوڵەتیەوە .

لەمکاتەشدا کە لە شەڕی دژ بە داعشداین ، رێژەیەک لە خەڵکی سڤیل رفێندراون ، پێشمەرگە بەدیل گیراوە، بەهۆی ئەوەی ئەم دەوڵەتە ئیسلامیە، لەڵایەن هیچ دەولەتێکەوە بەفەرمی دانی پیانەنراو و هێچ پێگەیەکی لە نێو سازمانە نێودەوڵەتیەکاندا نیە . رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت خاچ و مانگی سوور کە یەکێک لە ئەرکەکانیان سۆراخی دیل و رفێندراوەکانە تائەم ساتەش نەیانتوانیوە وەک نێوەندکار سۆراخی رەوشی ئەوانەی کەوتونەتە ژێر دەستی داعش بکرێت .

 پرسیاری جدی لێرەدا ئەوەیە ئایا جگە لە رێکخراوە فەرمیەکان هیچ رێگایەک یان نێوەندگیری تر هەیە ؟ دیارە وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە قسەو مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێ ، بەلام ئەوەی کە جێگای قسە لەسەرکردن نیە، دەبێ پێش هەر کەسێک ، دامودەزگاکانی هەرێم لە هەوڵدابن بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەک .

ئەگەر یەهودیەکان بە نمونە بهێنینەوە دەبینرێت بە درێژایی مێژوو لەژێر فشاردا بووە ، تەنها لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا شەش ملیون کەسی بەدەست نازیەکان کوژراوە ، ئەویش نەک کوشتنی ئاسایی، بەڵکو بە دراندانەترین شێواز کە بە ھۆلۆکۆست ناسراوە ( یانی سووتاندن لە ناو فرن ) بەڵام سەرەرای ئەوەش کاتێک کەسێکیان دەرفێندرێت ، یان بەدیل دەگیرێت ، بێ یەک و دوو دەکەونە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی .

چەند نموونەیەک

لە شەڕی ١٩٤٨ دا ( ٦٣٠٦) دیلی ئەرەبیان بە (٨٨٦) ئیسرائیلی گۆریوەتەوە .

لە شەری ساڵی ١٩٥٦ ی نێوان میسرو اسرائیل کە لەڵایەن عەرەبەوە بە (العدوان الثلاثي ناسراوە) (٥٥٠٠ ) سەربازو ئەفسەری میسریان گۆریوەتەوە بە  چوار سەربازی ئیسرائیلی . 

لە شەری ساڵی ١٩٦٧دا ( کە عەرەب بە نسکۆی حوزەیران ناوی دەباو ئیسرائیل بە شەڕی شەش رۆژە ) ( ٦٧٠٨ ) ئەرەبیان ، بە ١٥ ئیسرائیلی گۆریوەتەوە.

لە شەری ساڵی ١٩٧٣دا ( ٨٧٨٣ ) عەرەبیان گۆریوەتەوە بە ( ٣١٤ ) ئیسرائیلی .

لە ساڵی ٢٠٠١ دا بەرانبەر بەیەک سەربازی یەهودی زیاتر لە هەزار عەرەبیان داوەتەوە بە رێکخراوی حماس .

لە کۆی گشتیدا دەردەکەوی حوکومەتی ئیسرائیل لە پێناو ئازادکردنی یەک هاوڵاتی خۆیدا ( ٢٣١) ئەرەبی ئازادکردووە . ئەمەش بەو مانایە دێت کە حوکومەتی ئیسرائیل هەردەم بەتەنگی سەربازەکانیەوەیەتی هاتووە.

دەمێنێتەوە بپرسین ؛ ئایا حوکومەتی هەرێم بۆ رزگارکردنی دیل و رفێندراوەکانی چیدەکا ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت