24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محەمەد گه‌ناوی : سیاسه‌تکردن له‌سه‌ر گریمان .

گریمان له‌زۆربه‌ی زانسته‌ سروشتیه‌کاندا بۆ سه‌لماندنی راستیه‌ به‌رجه‌سته‌کان وه‌کو ئارگومێنت به‌کاردێ ، کاری له‌سه‌ر ئه‌کرێ تا له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ لایه‌نه‌ نه‌زانراوو گومانه‌کان دیاری بکرێن و ئاشکرابکرێن و به‌مه‌ تیۆریه‌کان بسه‌لمێنرێن .
گریمانی راست هه‌میشه‌ ئارگومێنتی راست و لۆژیکی هه‌یه ‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ که‌گریمان راست نه‌بوو ئه‌وا ئارگومێنتیش دروست و راست نابێ ، که‌ئه‌مه‌ له‌زانستی ئه‌ندازیاری و بیرکاریدا به‌ئاسانی ئه‌بینرێ . وه‌ک باسکرا ، گریمانه‌کان بۆ سه‌لماندنی راستی و شته‌ بابه‌تیه‌کان به‌کاردێ له‌تیۆریدا به‌ڵام خودی گریمانه‌کان له‌زه‌مینه‌ی راستیدا هه‌ندێ جار ئه‌سته‌مه‌ یان هه‌ر ناکرێ و مه‌حاڵه‌ ئه‌نجامبدرێن بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر به‌ساده‌یی بڵێین ، چی روئه‌دات که‌فشاری هه‌وا بۆ 10 باڕ به‌رزبێته‌وه ‌، ئه‌مه‌ وه‌کو گریمان ئه‌و راستیه‌مان بۆ ئاشکرائه‌کات که‌ئیتر زینده‌وه‌ران ناتوانن به‌رگه‌ی بگرن ، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانرێ ئه‌مه‌ له‌زه‌مینه‌ی واقعدا جێبه‌جێبکرێ ، چونکه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر بتوانرێ کاره‌ساتی لێ دروستده‌بێ .
به‌هه‌مان جۆر له‌سیاسه‌ت و‌ زانسته‌کانی مرۆڤایه‌تیدا ، ئه‌شێ گریمان به‌کاربهێنرێ بۆ دیاریکردنی و ئاشکراکردنی لایه‌نه‌ نه‌زانراوو نادیاره‌کان تا کاریان له‌سه‌ربکرێ بۆ ئاراسته‌ی دروست بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵ و وڵات .
هه‌رکاتێک له‌سیاسه‌تدا کار به‌گریمان بکرێ واته‌ سیاسه‌ت بکرێ له‌سه‌ر گریمان ئه‌وا نه‌ک هه‌ر نادروست و نابه‌جێیه‌ به‌ڵکو ئه‌شێ کاره‌ساتی لێبکه‌وێته‌وه ‌. له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م رونکردنه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای سیاسه‌تی کوردی بکه‌ین له‌م (50- 60) ساڵه‌ی رابردودا ، ئه‌مه‌ی که‌پێی ئه‌ڵێن سیاسه‌ت هه‌موی له‌سه‌ر گریمان کراوه ‌، واته‌ کارو چالاکی سیاسی بۆ خۆی کراوه‌ به‌گریمان که‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ تائێستا ئه‌مه‌ی که‌ئه‌نجامی هه‌بوه‌ هه‌موی تراجیدیا بوه ‌. بۆ نمونه‌ له‌ساڵانی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردو سیاسه‌ت و کاری سیاسی کورد له‌سه‌ر ئه‌م گریمانه‌ بوه‌ که‌ڕژێمی شای ئه‌وسای ئێران له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عسی ئه‌وسادا به‌هۆی ناکۆکی نێوانیان بکه‌ونه‌ جه‌نگه‌وه‌ ‌ئیتر کورد سودی خۆی لێ ببینێ ئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌م گریمانه‌ ئاشبه‌تاڵ بوو . به‌هه‌مان جۆر له‌ساڵانی هه‌شته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو شۆڕش و سیاسه‌ت و خه‌باتی کورد له‌سه‌ر گریمانی بردنه‌وه‌ی جه‌نگ بوو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌نفال و کاره‌سات بوو دیسان له‌سه‌ر گریمانی ئه‌وه‌ی که‌ئه‌مەریکا له‌جه‌نگی عێراق و ئه‌مەریکا له‌ساڵی 1991 سەدام ئه‌ڕوخێنێ ، کورد دیسانه‌وه‌ ئه‌م گریمانه‌یەی کرده‌ سیاسه‌ت ، که‌دیسان ئه‌نجامه‌که‌ی کۆڕه‌وه‌ پڕ تراجیدیاکه‌ بوو ، که‌ زۆربه‌مان شاهیدی بوین له‌کاتی ئێستاشدا هه‌موو فکری سیاسی روانگه‌و کارو به‌رنامه‌ی سیاسی له‌سه‌ر گریمانی ئه‌وه‌ دروستبوه‌ که‌ خۆمان بخه‌ینه‌ ژێر باڵی وڵاتێ یان گروپ و تاقمێ ئه‌گه‌رچی ئه‌زمونی تاڵیشمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌ . بۆیه‌ ئه‌م جاره‌ش نابێ چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی باش بکه‌ین له‌سه‌ر ئاستی هه‌م کوردستانی عێراق و ، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی کوردستانیش. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست به‌گریمان کردنی سیاسه‌ت و زمان بێ پێویسته‌ له‌سه‌ر فکری سیاسی به‌پشتبه‌ستن به‌تواناو ئیراده‌و بڕوابون به‌ماف و کاری سیاسی بکه‌ین .
به‌دبه‌ختترین سیاسه‌ت و سیاسی ئه‌وانه‌ن که‌ سیاسه‌تى وڵات و خۆیان به‌گریمان ئه‌سپێرن ، له‌جیاتی کاری سیاسی جدی و واقعی و پڕ خوێندنه‌وه‌ بۆ ره‌هه‌نده‌کانی فکرو سیاسه‌ته‌وه‌ و ئابوری خوێندنه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی ناوخۆی و ناوچه‌یی و جیهانیه‌کان. به‌کورتی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ئه‌مڕۆماند دووربین له‌ سیاسه‌تی گریمان کاری و ئه‌مجار وه‌هم پێویسته‌ :
1- ڕوانگه‌و هدف ڕێبازی فکری سیاسی دیارو ئاشکرا دیاری بکه‌ین له‌گه‌ڵ باڵاترین و که‌مترین دوا نیشتمانیه‌کانمان ، وه‌ ئه‌مجار به‌پێی تواناو ئیمکانیات و ممکن بون ، مامه‌ڵه‌ی سیاسی بکرێ .
2- خوێندنه‌وه‌ی سیاسیانه‌و زانستیمان بۆ ره‌هه‌نده‌ ئابوری و سیاسی و ستراتیجی و په‌یوه‌ندیه‌ مێژوییه‌کانی ناوچه‌و جیهان هه‌بێ .
3- به‌شداریکردنی به‌شی هه‌ره‌ زۆری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌بڕیاره‌ سیاسی و ئابوریه‌کان و دروستکردنی کۆ ده‌نگیه‌کی نیشتمانی یه‌کگرتوو .
4- دیاریکردنی سه‌وابیته‌ میللی و نیشتمانیه‌کان ، نه‌ک وه‌کو ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌ی بینین هه‌رکه‌سه‌و هه‌ر ڕۆژه‌ قسه‌یه‌کی هه‌یه‌و له‌ئاوازی خۆی ئه‌خوێنێ ، به‌جۆرێ که‌باسی کوردو کوردستان و ده‌وڵه‌تی کوردی بۆته‌ گاڵته‌جاری مناڵان و سوک بونی ناوی ده‌وڵه‌ت و کیانی کوردی .
بۆنمونه‌ له‌ ڕۆژێکدا باسی جیابونه‌وه‌ له‌ عێراق و ده‌وڵه‌تی کوردی ئه‌که‌ن ، وه‌له‌هه‌مان کاتیشدا باسی پۆست و به‌شداری کردن له‌ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌که‌ن ، هه‌تا شه‌ڕی پۆستیش ئه‌که‌ن له‌به‌غداد چ لایه‌نێ و چ که‌سێ پۆستێکی هه‌بێ ، ئیتر ئه‌مه ‌، که‌ گاڵته‌جاری سیاسی و بێ به‌هاکاکردنی وڵات و خه‌بات و مێژوی گه‌ل نه‌بێ ئه‌بێ چی بێ ؟ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رئه‌خات ، هه‌ر کاتێ کاری سیاسه‌ت به‌سه‌ر بنه‌مای گریمان و بێ ڕوانگه‌یی و بێ ئامانج بکرێ ئه‌بێته‌ قوماری سیاسی و ئه‌نجامه‌ که‌شی له‌باشترین حاڵا گاڵته‌ جاریه‌ ئه‌گه‌ر نا کاره‌سات و به‌ئاش به‌تاڵ .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies