Heli-luv-5

ئاکۆ برایم : 500 هەزارى پێشمەرگە و 3 دەفتەرى وەزیر .

وەزع وابڕوات ماوەیەکى تر هەر ماڵێک ، یان وەزیر یان ئەندام پەرلەمانێکى تەقاعودى ئەبێت ، ئەو بەزم شتە سەیرە لەکوردستان نەبێت لەهیچ شوێنک نەبووە ، لێرە ئەو پۆست و پلە باڵایانە بۆتە سەرچاوەى رزق و دەوڵەمەند بونى کۆمەڵێک کەس ، کابرا مامۆستاى زانکۆیە و دکتۆرە و موهەندیسەو چى وچى یە ، کاتێک ئەو پۆستەى پێدەدەن ، بۆئەو ماوەیە ، هەر بەو پلەوناونیشانە خانەنشینى دەکەن ، کەچى دیسان لەشوێنێکى دیکە تێهەڵدەچێتەوە ، یەک دوو پۆست و پلە و وەزیفە و ئیش وکارى دیکەى پێدەدەن ، کە زۆرجار دەڵێین خۆزگە هەر وەزیر یان پەرلەمانتار یان بەرپرس بوایە ، بەس نەبوو، یەک مووچەى هەبوو.بەڵام ئێستا هەر مەپرسە . خۆشیەکەشى ئەوەیە ، کاتێک ئەو بەڕێزانە ماوەو خولى کابینەکەیان کۆتایى دێت ، ناچنەوە سەرکارەکانیان ، خزمەت بکەن ، لەو بوارەى کە تیایدا شارەزایە و خیبرەى هەیە خزمەت بکات ، نەخێر واز لەوەش دێنێت ، بەمەش زیان بەبوار وپسپۆڕیەکەى دەگەینێت .
ئەوەى کە مایەى هەڵوەستەو قسە وباسە ئەوەیە ، ئێمە نزیکەى چارەکە سەدەیەکە حکومەت و پەرلەمانمان هەیە ، سەدان پەرلەمانتار و،وەزیر تیایدا بەشدار بوون، بەڵام تۆ نازانم چیتان؟ تو ئەوەى ئەیپەرستن و تو ئەوەى خۆشتان ئەوێت، ئەو لەشکرە وەزیر و پەرلەمانتارە چیان کردوە بۆ ئێمە ؟ چ کار وپرۆژەو دەسکەوت و داهاتێکیان هەبووە؟ بەکام کار و پرۆژە وڵاتیان بەرەو کەنارى ئارامى بردووە؟ بەکام بیرو بۆچون و پلان ، گرفت و کێشەکانیان لەکۆڵمان کردۆتەوە؟
ئەوەتا ئێمە لەگەورەترین قەیرانداین، گیرفان بەتال َو لاتین، لەبرى ئەوەى حکومەت لەخەمماندابێت و بیرێک لەحاڵمان بکاتەوە، دێت نرخى بەنزین مان لەسەر گران دەکات؟ ئَێمە بۆخۆمان نان و ئاو کارەبا و خزمەتگوزاریمان نى یە، بەشمان ناگات ، کەچى زۆر دەست و دڵفراوانانە دێت پێشوازى لە ئاوارەى عەرەب دەکات و قوتى ئێمە و بەش و پێداویستى خۆمان بەوان دەدات. دیاردەى بێکارى بەزەقى دەبینرێت ، کەچى هێزى کار لەدەرەوەى وڵات دەهێنن، هەزاران دۆنم زەویمان هەیە ، ساڵانە گەر هاوکارى بکرێن و ئاسانکاریان بۆبکریت ، بڕێکى زۆر زیاتر بەروبومى کشتوکاڵى، میوە وسەوزە بەرهەم دێنن ، بەڵام هیچ پلان نى یە بۆ بەرەوپێش بردنى ، تا ئێستاش سەوزەو میوە و خۆراک لە دەرەوە دێنین .
کاتێک ئۆپۆزسیۆن هاتە ناو حکومەتەوە ، لەخۆمەوە دڵم خۆش بوو ، ئەموت ئەها ئەوسا موعارەزە بون ، چۆن ئەیان شیڕاند ، چۆن ئەیان کێشا بەو مێزەیا و ئەیان وت مافى گەلە مافى گەلە ، ئەوا ئێستا شوکر بۆخوا ئەوان بون بەشت وشوێنە باش و چاکەکانیان بەنسیب بووە ، وتمان تەئسیراتى بەغا و رق و قینى مالیکى سەبەبى ئەو کێشەو نەهامەتیانەیە و ، تەحەمول دەکەین و چەند مانگێکى تر کۆتایى دێت ، کەچى لەوە خراپتر و ناخۆشتر لەرێگەیە ، ئەوەتا بەنیازن بۆ ئەوەى زیاتر توڕەمان بکەن بۆ ئەوەى زیاتر رق و قینمان لە حکومەت و پەرلەمان بێتەوە ، هەر بۆخۆشى دێن یەکى 3 دەفتەر دۆلار دەدەن بە وەزیرە تازەکان ، تا سەروسمێڵیانى پێ بۆیاخ بکەنەوە ، ببورن تا ماڵ وحاڵیانى پێ تەئسیس بکەن .
بەراستى دەسەڵات وحکومەتێکى عەجیبمان هەیە ، لەگەرمەى قەیران و نەهامەتى و کێشەکان ، لەبرى ئەوەى رێگا چارەو دەرباز بوون بدۆزنەوە ،دێن هێندەى دیکە خەفەتمان پێدەدەن و خوێ دەکەنە سەربرینەکانمان ، ئاخر بۆچى و لەپاى چى ؟! لەم بێ پارەى و قەیرانى بودجەیەدا پێدانى ئەو بڕە پارەیە چى دەگەینی ؟ جگە لەبێ رێزى و یاریکردن بەهەست و شعورى مووچە خۆرە گیرفان بەتاڵ و فەرمانبەرەکان ؟ ئاوا پلان و بەرنامە بۆ روبەروبونەوەى ئەو قەیرانە دائەڕێژن ؟ ئاوا میللەت لەمیحنەت و بێ پارەیى رزگار دەکەن ؟ بەڕێزان پێتان سەیر نەبێت ئەو بڕە پارەیە (3 دەفتەر دۆلارە ) کە بۆ یەک وەزیر تەرخانکراوە ، مووچەى مانگ و نیوێکى دائیرەیەکى ئێمەیە کە ژمارەمان نزیکەى35 کەسە . ئەگەر ئەوە بەهەدەردانى سەروەت و سامانى میللەت نەبێت چى ناودەنێیت؟؟ پێم سەیرە لیژنەى نەزاهە و شتیشمان هەیە کەرێگرى دەکات لە گەندەڵى و زیادەرۆى ؟! جا ئەگەر نەمان بوایە چیمان لێدەهات؟؟
دەکرێت بزانم بەدرێژایى ئەو چارەکە سەدەیە ، چ خێر و خۆشى و شادیەکمان لەوان بینیوە ، چ فەرەحى و ئاسودەیەکیان بۆ هێناوین ؟ تا چەند بونەتە ئاوێزانى خەم ونەهامەتیەکانمان ؟ وائێستا ئەوپارەیان پێدەدرێت ؟ بەراستى وبەبێ سڵەمینەوە ، ئەگەر بڵێم هەمویان بە وەزیر و پەرلەمانتارەکانەوە زیادەن بەهەڵەدا ناچم. ئەوەتا کێشەى ئاو ، کێشەى سوتەمەنى ،کێشەى کارەبا ، کێشەى پەرەوەردە،کێشەى لاوان، کێشەى ژنان ، کێشەى کشتوکاڵ،کێشەى رێگاو بان ، کێشەى تەندروستى ، کێشەى ناوخۆ ، کێشەى خۆراک ، کێشەى نائارامى ، کێشەى نیشتەجێبوون ، کێشەى بێکارى ، کێشەى .. کورە نازانم کێشەى دنیا ، چەندیان چارەسەرکرد؟ ئەى پەرلەمان لەناو ئەو دەریا کێشەو گرفتانەدا ، چەند پرۆژە یاسا و کارنامەى باشى تەقدیمکرد و،بۆ بەرژەوەندى ئێمە خرایە بەرنامەوەو کارى لەسەرکرا؟ بێگومان هیچ. کەواتە ئەگەر بشمکوژن و سەریشم ببڕن و بۆ هەتایە بمخەنە زیندانەوە ، ئەڵێم کە حکومەت و پەرلەمانەکەمان لەجیى نەبوانە . خۆزگە وەخاغ کوێر بوینایە .
ئەوان ئاوا پارە تەخشان وپەخشان دەکەن ، پێشمەرگەش بە قەرز و قۆڵەو گیرفانى بەتاڵ و ، بەنان و تەماتەو جۆرەها نارەحەتى ، ژن وماڵ بەبێ هیچ زەخیرەیەک بەجێدێڵیت و ، دێت بەرگرى لەئێمە دەکات ، پاشانیش شەهید دەبێت ، لەبرى ئەوەى بیر لە باشکردنى حاڵ وگوزەرانیان بکەنەوە ،کارێکى وەها بکەن کە مووچەى مانگێکیان یان نەسریە و ئیمتیازى خۆیانیان پێ ببەخشن، تا هەست بەئارامى بکەن، زیاتر ورەیان بەرزبێتەوە ، کەچى بە بڕیارێکى وەها تەواو تەواو حکومەت و کارنامەکەیمان لەپێش چاو رەش دەکەن . بۆ بەراورد کردنى ژیانى ئەوان و، ژیانى خەڵکانى ئاسایى و بەتایبەت پێشمەرگە.پێم خۆشە ئەو هەواڵە بخوێننەوە ئەوجا ئێوەش قسەى خۆتان بکەن (http://www.awene.com/article/2014/08/03/34557)