دارا خونچە : ئەمن نەزانم ! .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

وە درێژایی قۆناغی پەروەردەیی زارۆکیی و نەوجەوانییم تا ئەو دەمەی خۆم بوومە خاوەنی خۆم لە گۆمی نەزانینیان نوقم کردبووم ؛ دایکم لە جیاتی ئەوەی فێرم بکا کە درۆ و دزیی دوو هەڵسوکەوتی خراپن و مرۆڤەکان تووشی دەردەسەریی دەکەن .. دەیگۆت ئەگەر درۆ و دزیی بکەی ئەوە (خودا!) چاوت کۆرە دەکا ! ئەگەر گێڕایەلی داک و بابت نەبی ئەوە لە نێو گۆڕەکەت مشک و مار و دووپشک دەتخۆن .. کە زیندییش بوویەوە وە ئاوری (دۆزەخ!) دەتسوتێنن ! بابم دەگەڵ ئەوەی زۆر وە ئاواتی ئەوەوە بوو میللەتەکەمان لە ژێر ستەمی بەعسییەکان رزگار ببی و سەربەخۆییەکی خۆی وەربگری لێ هەردەم دەیگۆت ئەوەی بەدوو میللەت بکەوی لە کۆتاییەکەی یان ”سفر ” هیچ وەدەست دەبی یان ئەوەتە وە گوللەیەک ساردی دەکەنەوە و لە تڕێ سەی دەچی! زۆربەی هەرە زۆری کەسوکار و خزمانیشم دەیانگۆت ‘کە چوویە شاری کۆران دەبی دەست وە چاوانتەوە بگری! یان دەیانگۆت کەسی ژیر ئەو کەسەیە کە بتوانی دەست وە کلاوەکەی خۆیەوە بگری و با نەیبا! یان دەیانگۆت حکومەت دیوارەکی پتەوە هەر کەسەک بیەوێ ملی پێوە بنێ و بیڕووخێنی ئەوە بێ گومان ملی خۆی دەشکێ! یان و یان و … هتد .

هەرچەندە لە سەردەمی نەوجەوانییم دەگەڵ ئەوەی زۆر تۆبزییان لێ دەکردم تا بچمە رێزی ” یەکێتیی قوتابیان ” ی سەر وە رژێم لێ هەر نەچووم .. پاش نەوجەوانییش هەر نەبوومە بەعسی – لەو سەردەم زۆر وە دەگمەن خەڵک هەبوون بتوانن بەعسی نەبن – بەڵکە وە پێچەوانەوە پەیوەستی رێکخراوبوون و سیاسەتی بەرگرییکارانە بووم و بەرەی گەلم هەڵبژارد .. هەروا لە رۆژە سەختەکانیشدا هەفت ساڵ پێشمەرگایەتییم کرد و زۆر جار لەسەر لێواری مەرگ دەگەڕامەوە تا لە بەهاری ١٩٩١ وە پێشمەرگەیی گەڕامەوە نێو شارەکان … ئەوانەش هەمووی لەبەرئەوەی چونکە دەمزانی نەک هەر ئەو بەرگرییانەم بەڵکە ئەنجامدانی سادەترین بەرگرییش لە دوارۆژدا ئەنجام و بەرهەمی خۆی دەبی .. لێ دەگەڵ ئەوانەش ئەمن هێشتا هەر کەسەکی نەزان بووم و (نەزانم و نەزانیش دەبم !) چونکە ئەو نەزانییەی من لە پێنج و دوو رۆژەکی تەمەنی خۆم لۆم چێنەبووە و هەر لەو گۆڕەش پەیدا نەبووە بەڵکە بنچینەیەکی مێژوویی هەیە :

وە کورتییەکەی لە پاش رووخانی دەسەڵاتی مادەکانەوە تا ئێستا ئەوە ٢٥٦٤ ساڵە کوردان هیچ سەربەخۆییەکی خۆماڵیی و پوختی خۆیان نەبووە .. ئەگەر جاروبارەکیش و لێرە و لەوێی کوردستان دەسەڵاتەکی چارچیوەداری تەسکی شارەک یان شارۆچکەیەک یان ناوچەیەکیان هەبووبی ئەوە ئەویش هەر وە شێوەی میرنشینیی و وابەستەیی بووە وە دەسەڵاتدارە ستەمگەرە رەگەزپەرستەکانی نێو میللەتەکانی دەوروبەری کوردستان ، هەڵبەتە هاوکات دینەکانیش کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان هەبووە لەسەر بڵاوبوونەوە و خەستکردنەوە و درێژپێدانی ئەو نەزانینە وە تایبەتییش دینی ئیسلام کە ١٤١٩ ساڵ پێش ئێستا لە رێی شەڕەوە وەسەر خەڵکی کوردستان داسەپا و لەوساکەوە تا ئێستا هەمیشە وەک داردەستی دەسەڵاتە رەگەزپەرستە داگیرکەرەکان هۆکارەکی زۆر گەورە بووە لە پێشێلکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیی و مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان تەنانەت لە نێوخۆشدا وە تایبەتییش لەوڕۆدا پێگەیەکی بەرچاوی هەیە لە نێو کۆمەڵ .. ئەدی ئەوە نییە رێڕەوە ئیسلامییەکانی وەک (هەردوو تەریقەتی قادریی و نەقشبەندیی ، وەهابییەکان ، سەلفییەکان ، دەستەگەرییە ئیسلامییەکان ، رێکخراوە وە ناو خێرخوازییی و مەدەنییە ئیسلامییە کوردستانیی و ناوچەیی و جیهانییەکان ، رێکخراوە ئیسلامییەکانی ژنان ، میدیای ئیسلامیی ، بانگخوازەکان ، سەید و شێخە خاوەن تەکییەکان ، دەروێشەکان ، کەسایەتییە ئیسلامییەکان ، مەلا و سەکۆی مزگەفتەکان ، فەقێ و خوێندنگە ئیسلامییەکان ، وەزارەتی ئەوقاف ) و ئیسلامییە حیزبییەکانی وەک ( یەکگرتوو ، کۆمەڵ ، بزووتنەوە ) و جیهادییە کوردەکانی نێو (قاعیدە و داعش رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە) هەر هەموویان و هەر یەکەیان وە جۆر و شێوازەک لە رێی بەرنامەیەکی دژە زانستیی و دژە مرۆییانەی ١٤٣٥ ساڵەی بەر لە ئێستا ژەهری …. بڵاودەکەنەوە و نەزانیی و پاشدامایی دەرخواردی خەڵک دەدەن و هاوکاریی جێبەجێکردنی هەر نەخشە و پیلانەکی دژ وە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن کە لە لایەن هێز و لایەنە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و جیهانەوە دادەڕێژدرێن !

ئیدی خەریکە نەزانیی لە بنوبۆتکەوە هەڵماندەقەنی و لووشمان دەکا ، جا ئەمن کە یەک تاکم لەو میللەتەی خۆم ئەگەر ( رێژەی زیرەکیی – ئای کیو ) ەکەم هەرچەندەک بی هەر ” نەزان ” م ، ئاخەر دەبی نەزانیی لەوە پتر چ بی :

– نیشتیمانەکەمان لە رووی هەبوونی سامانی سەرزەوی و بنزەوی یەکەکە لە نیشتیمانە هەر وەپیتەکانی جیهان کەچی لە سەلکە توورەکەوە تا نایابترین خۆراک و لە دەنکە دەرمانەکی ئازارشکێنەوە تا چارەسەرەییەکانی شێرپەنجە و لە دەرزییەکەوە تا فڕۆکەیەک تێکڕایان لە دەرێ هاوردە دەکەین ئەویش جۆرەکی خراپ و وە نرخەکی زۆر ، هەمیشە وە هۆی کەمیی وزەوەی خۆراکەوە تووشی چەندین دەرد و نەخۆشیی دەبین و هەر کەسەک توانای مادیی هەبی تەنانەت لۆ ددان ئێشانەکیش پەنا دەباتە بەر ئێران و ئوردن و تورکیا و ئیتالیا ( نموونە وەک بارزانی کە ددان ئێشە دەگری دەچیتە ئیتالیا )، ماڵەکانمان هێندە خراپ و ناخۆش و نادڵگیرن رێک وە زیندان دەچن، وە ملیۆنان کەسمان لە برسان پەڕاگەندەی وڵاتان بوونە و … هتد .

– وەک دەبێژن ناوچەکەمان لانکەی یەکەم شارستانییەت بووە کەچی تا ئێستا ”پۆست ” ناگاتە ماڵان و پۆڵی قوتابخانە ٣٠ – ٤٠ قوتابی لێ دادەنیشی و قوتابخانەیەک سێ (دەوام)ی تێدا دەکرێ ، سیستەمی هاتوچۆ لە خراپترین بار دایە ، نەبوونی لوولەکێشیی گاز لە ماڵان و خراپیی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت و سوتەمەنیی ، نەبوونی سیستەمی نەخشە و دیزاینی گشتیی خانیی و باڵەخانەکان ، نەبوونی ئاوەڕۆ ، خراپیی فریاکەوتنی نەخۆش و راگەیشتن وە رووداوە سروشتییەکان و … هتد .

– بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییمان وە پێی سیستەمە دیموکراسییەکەی رۆژاوا – کە خۆی پەڕپووتە – دامەزرایە کەچی نەک هەر دوورە لە راستیی بەڵکە دامەزرایەکان تەنێ ناوەکی بێ ناوەرۆکن ، پاشداماترین یاسا و رێسامان هەن کە تەنانەت ئەوانیش سەروەر نین و وە یەکسانیی وەسەر تاکەکەکان جێبەجێ ناکرێن ، سێ کەس لە یەک ماڵدا (باب و کوڕ و بڕازا ) گەورەترین و هەستیارترین پۆستی سیاسییان داگیر کردییە! ئازادیی سیاسیی و رێکخراوەیی وە پێی پێوەرە تایبەتییەکانی کەسی یەکەمی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرژەوەندییە سیاسییە تەسکەکانی حیزبی دەسەڵاتدار دەپیورێن ، یەک تاکە رۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ نییە ، ئازادیی دەربڕین لە بنەوە بوونی نییە و رۆژنامەنووس وە هۆی یەک وتار پڕی نێو دەوی گوللە دەکرێ ، قەدەغەبوونی خۆشەویستیی و نەبوونی تەواوی ماف و ئازادییەکانی ژنان و هەبوونی فرەژنیی و ژنکوژیی کە لە جیهاندا وێنەی نییە ، پیرۆزکردن و سەپاندنی سرووتەکانی دینی زۆرینە و بێڕێزییکردن وە دینەکانی دیکە و سەرکوتکردن و هەڵپاچینی بێ دینەکان ، نەبوونی ماف و ئازادییەکانی تاک ، سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکان و خەڵکانی ئازادییخواز لە ژیان و ماف و ئازادییەکانیان ، زۆریی رادەی توندوتیژییە دەروونیی و جەستەییەکان وەک ئەوەی کۆمەڵ لە سەربازگەیەکی نێو جەنگدا بژیێ وە تایبەتیش لە بەرانبەر ژنان و زارۆکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان و پیر و پەککەوتەکان و … هتد.

– سەرەڕای هەموو ئەوانەش نەک هەر ئەوەی کە میللەتێکی ٥٠ ملیۆن کەسیین و هێشتا مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان پێشێل کرانە و لە هیچ بستە خاکەکی نیشتیمانەکەمان سەربەخۆییمان نییە بەڵکە زمانەکی ستانداردیشمان نییە و وە چەندین رێنووسی خراپ و پڕ لە کەموکوڕیی دەنووسین و تەنانەت لە زۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستان قەدەغەیە وە زاراوەکانی خۆمان قسە بکەین و بنووسین و وە زمانی دالکمان بخوونین !

جا ئەگەر ئەوانە نەزانیی نەبن کەواتە خودی نەزانیی هەر لە بنەڕەتەوە بوونی نییە و ئێمە خۆمان هەر ٥٠ ملیۆن کەسەکەمان ” زانا ” ین و ”رێژەی زیرەکیی – ئای کیو ” مان لە ئی ئەنشتاین کە (١٦٠) ە بەرزترە !

هەڵبەتە لەو هەموو شێر و ریوی هینانەوەم لۆ نەزانییمان نە مەبەستم ئەوەیە ستایشی خۆم بکەم یان خۆم پێ زۆرزان بی و بمەوێ خۆم لە میللەتەکەم جودا بکەمەوە و پاکانەی لێ بکەم .. نە خودپەرستیی و دوژمنکارییەک لە نێو مەژییمدا هەیە تا بمەوێ بەو شێوەیە میللەتەکەم پتر ورە بەربدا و وە یەکجاریی خۆی رادەستی نەزانیی بکا .. بەڵکە تەنێ خەمخۆرییەکە لە پێناو ئەوەی بتوانین تێبگەین کە تا پرسیارمان نەبی و لە پرسیار نەگەین ناتوانین بەرسڤ بدەینەوە یان وە شێوەیەکی دیکە واتە تا خۆمان نەناسین هەرگیز ناتوانین کار لەسەر خۆمان بکەین و کەموکوڕیی و ئاریشەکانمان چارەسەر بکەین .

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت