Daesh-1

عیماد عەلی : ئامانجە گەورەکەی داعش کەرکوکە .

پاش شکستهێنانی تا رادەیەکی باش لە دەوروبەری بەغدا، دیارە لەم چەند رۆژەی دواییدا داعش روی کاروانی هێرشی شەرانگێزیی خۆی گۆڕی بۆ ناوچە نزیکەکانی سەرچاوە و مۆڵگەکانی خۆی و بارو بارەگەکەی لەم نزیکانە داخست و بە تەمایە نیازە تازەکانی لەم ناوچەیە جێبەجێ دەکات ، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان . لە ماوەیەکی دیاریکراودا توانی روبەرێکی زۆر داگیر بکات و تا رادەیەک کوردستانی باشور و رۆژئاوا لەیەک داببرێت، کە لەم ماوەیەدا جگە لە داعش، ئەم کارە خزمەت بە تورکیاش دەکات و جۆرە شکێکی باشیش لە سیاسەتی تورکیا لە مەر داعش و بەپێچەوانەشەوە هەیە و پلانەکانی داعش و یارمەتیدەرانی زۆر شتمان بۆ روون دەکاتەوە . ئەوەی کارێکی چارەنوسساز بێت لە پاش خوێندنەوەی وردی گۆرانکاریەکان هەست پێکردن و بینینی چاوتێبرین و کاری موخابەراتی وڵاتانی ناوچەکەیە لەمەر ناوچە ستراتیجیەکاندا و بەتایبەتی کەرکوک . ئەوەی لە دەستی داعش دەکەوێتە خوارەوە تەنها و تەنها تورکیا لێی قازانج دەکات جگە لە وڵاتە دامەزرێنەر و پاڵپشتیکەرەکانی ،لەم ماوەدا. بۆیە ، ئەگەر جوڵانەوەی داعش و ئامانجەکانی بخوێنینەوە ، بە نەخشەیەک کاری خۆی رایی دەکات کە لەسەرجەم ئامانجەکانی سیاسەتی نوێی عیراق و گۆرانکاریەکانی پاش روخانی سەدام دەدات و لەم بەینەشدا، ئەو ئامانجە ئابوریە گرنگانەی چاوی تێبریون لە پێناو کۆکردنەوەی توانایەکی باشی ئابوری و دارایی بۆ جێبەجێ کردنی نەخشە فراوانە دورمەوداکەی، خۆی لە داگیرکردنی ناوچەو شارە نەوتیەکان دەبینێتەوە . لەو ماوەیەدا کە نیازی بوو بەغدا داگیر بکات و لەوێوە نەخشە گەورەکەی جێبە جێ بکات بۆی نەچووە سەر و، تا رادەیەک شکستی هێنا ، ئێستا لە شوێنە نزیکەکانی خۆیەوە دەستی پێکردوە و تا ئێستا ئامادەباشی بۆ هەنگاوی گەورەتر دەکات .
بۆیە هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئامانجی پاش ئەم جموجوڵانەی داعش راستەوخۆ کەرکوک بێت، کە لە داگیرکردنیدا ، هاوکێشەکان بە جۆرێک دەگۆرێن مەگەر بە دەیان ساڵی تر بە دەست دەرهاویشتەکانیەوە بناڵێنین ، بێگومان ، لەم بەینەدا هەمومان دەزانین رێگە بۆ کێ ئاوەڵا دەبێت زیاتر بە رێگەیەکی راستەوخۆوە دەستوەرداتە نێوخۆی هەرێم و عیراق بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی بە بەهانەی پاراستنی تورکمانەوە، وەک چۆن ئیران بە ئاشکرا و بە بیانوی پاراستنی مەزارگە پیرۆزەکانیەوە، لە دەستوەردانی راستەخۆی لە نێوخۆی عیراق بەردەوامە . بۆیە دەبێت سەرکردایەتی کوردستان و هەموو لایەک لەم هەنگاوانەی داعش و ئەوانەی لە پشتیەوەن بە وریاییەوە بروانن، لە سیاسەتدا هاورێیەتی بەردەوام نیە بە تایبەتی بەرامبەر نەختێنەیەکی وەک کەرکوک ، بۆیە دەشێت ئەم جموجوڵانەی داعش تا ئەم کاتەش تەکتیک بێت، ئەگەر سەرکەوتوبێت تێیدا ، لە یەکێک لە ستراتیجەکانی نزیک دەبێتەوە و رووە و کەرکوک دادەکشێت . تا ئێستا خوێندنەوەی کورد بۆ روداوەکان بە شێوەیەکی واقعیانە و عیلمیانە نەبووە ، لەیەکەم رۆژی پاش داگیرکردنی موسڵ، بەو لێدوانانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمە چەند کاڵفامین لە ئاست ئەو سیاسەتەی وڵاتان کە لە ناوچەکە بەرێوەدەچێت و ، چەند کورت بینین و نازانین بەرژەوەندی هەر لایەک لە کوێدایە . بۆیە ، وریایی لە مەر کەرکوک و خافڵنەبون و خۆخەریک نەکردن بە شتی بچوکتر ئەرکی سەرکردایەتی کوردە لەم قۆناغە زۆر هەستیارەدا .