Rehman-Piroti

رەحمان پیرۆتی : سیاسەتی دەرەکی ئێران و ئەگەری سەربەخۆیی کوردستان .

سیاسه‌تی ده‌ره‌کی هەر وڵاتێک رەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە . پێوه‌ری سه‌ره‌کی له‌ ره‌چاوکردنی هه‌ڵوێسته‌کانی‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌کی ، به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییە که‌ بەرپرسان به‌دوور له‌ هۆگری تاکه‌که‌سی و گروپی ، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی راده‌ی هێز و سه‌رنجدان به‌ پێداویستی و بارودۆخی ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یی ، پلان داده‌ڕێژن و حەولی کردەیی¬کردن¬یان دەدەن . کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لەو دەگمەن حکومەتانەیە کە زۆر جار بە پێچەوانەی ئەو پێوەرانە سیاسەتی کردووە . سیاسەتی دەرەکی ئەو وڵاتە سەرەڕای ئەوە کە رەنگدانەوەی لێڕوانینی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆیی و دەرەکی¬یەکانە ، بەڵام کەمتر بەرژەوەندی¬یە نەتەوەیی¬یەکانی ئێران تەعقیب دەکا .
کۆماری ئیسلامی ئێران حکومەتێکی دیکتاتۆری¬یە و دیکتاتۆڕەکان بەر لەوەی بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەیی و خۆشبژێوی خەڵک بکەنەوە ، بیر لە بەرژەوەندی تاکەکەسی و پاراستنی پرێستیژ دەکەنەوە . تەوەری سەرەکی سیاسەتی دەرەکی ئەو شێوە حکومەتانە ، دروست کردنی حکومەتی داردەست و گوێرایەڵە ، نەک هاوبەش و هاوپەیمان . رێبەری ئێران ، بە هەمان شێوە کە ئەحمەدی نژادی سەرەڕای دژایەتی زۆرینەی خەڵک و بە بەهایەکی قورس بەسەر خەڵکی ئێران¬دا سەپاند و بە هەمان شێوە و بە تێچوویەکی زۆر گران¬تر دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی پاراست و بە مهەندیسی هەڵبژاردنەکان ، ناوبراوی بۆ جاری سێیەم لە کورسی سەرۆکایەتی کۆمار رایگرت ؛ ئێستا بە هەمان مەبەست و خولیا ، و بۆ سەلماندنی پرێستیژی خۆی ، حەول دەدا تا سەرەڕای دژایەتی زۆربەی پێکهاتەکانی ئێراق وەکوو کوردەکان و سوننی¬یەکان و بەشێک لە لایەنە شیعەکان و یەک لەوان ئایەتوڵلا سیستانی ، لایەنی گوێرایەڵی خۆی لە بەرەی شیعە ، بە نوێنەرایەتی نوری مالیکی ، بۆ جارێکی دیکە بە خەڵکی ئێراق تەحمیل بکا .
ئێران ، وەکوو بە‌هێزترین ئەکتەری گۆڕەپانی سیاسی ئێراق ، بەردەوام کاری بۆ ئێراقێکی یەکپارچە و سەقامگیر، لەژێر کۆنترۆڵ و حاکمیەتی سیاسی لایەنی شیعە کردووە . شێوازێک کە بەتایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نوری مالیکی تەواو بەرچاو بووە. نوری مالیکی بەپێچەوانەی بەرژەوەندی¬یە نەتەوەیی¬یەکانی ئێراق ، مەیدانێکی بەرفراوانی بۆ سیاسەت¬وەرزی ئێران دابین کردووە ، بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە ، لایەنە سوننی¬یەکانی پەراوێزخستووە و وڵاتی پەرتەوازە کردووە ؛ بەشێوەیەک کە ئێستا ، ئێراق بە کردەوە دابەش بووە و بەشێکی هەراوی خاکەکەی کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی گروپی تیرۆریستی داعش ، شەڕی ناوخۆیی لێکەوتۆتەوە و تەجروبەی ئێراقی نوێ لە بەرەبەرەی هەڵوەشانەوە دایە . چارەنووسێک کە زیاتر لە هەمووان ، بەگوێڕەی راسپاردە و دەستێوەردانەکانی ئێران ، بۆ بەهێزکردنی کەوانەی ئێران-ئێراق-سوریە و حیزبوڵلا لە لوبنان بووە .
نوسخەی ئورژانسی کۆماری ئیسلامی ، بەرپەرچدانەوەی نیزامی داعش بوو کە بە ناردنی هێزەکانی قودس ، راهێنانی هێزەکانی ئێراق ، پێدانەوەی فرۆکە شەڕکەرەکان و پاراستنی مەزارگە ئایینی¬یەکان دەرکەوتووە . نوسخەیەک کە کاریگەرێکی ئەوتۆی لەسەر چارەسەری پرسەکە نەبووە و بگرە تووشی شکستیش هاتووە. سپای قودس ، بە فەرماندەیی قاسم سولەیمانی ، کەسێک کە وەکوو پیاوی ژمارە دووی ئێران لە پرسی ئێراق لە پاش خامەنەیی ناسراوە ، نەتەنیا لە پێشبینی سەرهەڵدانی داعش و وەدەست-هێنانی زانیاری سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو لە رێکخستنەوەی سپای ئێراق و بەرپەرچدانەوە و پاشەکشەپێکردن بە داعش تووشی کێشەی جیددی بووە .
لە راستیدا لاوازکردن و پاشەکشەپێکردن بە تێرۆریسم تەنیا لە ئەگەری حاکمیەتی حکومەتێکی دێموکراتیکی بنکەفراوان کە مافی هەموولایەنەکانی لەبەرچاو بێ ، و کەم¬کردنەوەی رۆڵ و دەستێوەردانی هێزە دەرەکی¬یەکان لە کاروباری بەغدا، شیاوی رەخسانە . بەپێچەوانە ، داعش و گروپە تیرۆریستی¬یەکانی دیکە ، بە کەڵک¬وەرگرتن لە ناکۆکی¬یە سیاسی¬یەکان و هەلومەرجی نالەبار ، دەتوانن ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆیان پەرەپێبدەن و جەهادێکی توندوتیژانەی جیهانی رێنوێنی بکەن . ئەگەرێک کە بە سەرنجدان بە جیهانی ناعەقڵانی داعش ، بەدڵنیاییەوە کارەساتبار دەبێت .
رووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێراق و بەتایبەتی شکستی مالیکی لە بەڕێوەبردنی وڵات و سەرهەڵدانی داعش ، نەک بە پێی پلانێکی پێش¬وەختەی دیاریکراو بەڵکوو لە ئاکامی شێوەی سیاسەت¬وەرزی و تا رادەیەکیش بەهەڵکەوت ، لەسەر بەرژەوەندی¬یە نەتەوەیی-یەکانی کوردستان کاریگەری ئەرێنی دەبێ و لە هەمان کات¬دا لەسەر پلانە ستراتێژیکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بردنەسەرێی کارتێکەری خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری نەرێنی بەجێ¬دێڵێت.
دامەزراندنی حکومەتێکی بنکەفراوان ، بە بەشداری هەموو لایەنەکان و بەتایبەتی لایەنە سوننی¬یەکان ، کۆنترۆڵی بەشێک لە جومگەکانی دەسەڵات لە دەستی لایەنی شیعە و بەو پێیە لەژێر کۆنترۆڵی ئێران دەردێنێ و بەو هۆیە کە ئێران ، وەکوو بەرپرسی سەرەکی تاکڕەوی¬یەکانی مالیکی، پەراوێزخستنی لایەنە سوننی¬یەکان و دۆخی نالەباری ئێراق دەناسرێ ، پێگەی خۆی لەو وڵاتە لەدەست دەدا . بە فەرمی ناسینی پێگەی سوننی¬یەکان و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت ، رەنگە سەرەتایەک بۆ چارەسەری کێشەی ئێراق بێ ، بەڵام راستەوخۆ پێگەی عەرەبستانی سعودی و هاوپەیمانانی لە ناوچە ، و بەتایبەتی لە پرسی سوریە بەهێزتر دەکا . لەلایەکی دیکە ، ئەگەر گریمانە بکەین کە پاش رێککەوتنی سیاسی و پێکهاتنی حکومەتی ناوەندی بنکەفراوان بە بەشداری هەموو لایەنەکان ، ئەرتەشی ئێراق بە یارمەتی ئێران و ئەمریکا بتوانێ داعش سەرکوت بکا و بەرەو سوریە پاشەکشەیان پێ بکا ، ناچارە لەگەڵ لایەنی کوردی سازان بکا .
لەلایەک سەرکردایەتی کوردستان بڕیاری داوە کە پاشەکشە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانی¬یەکانی دیکە نەکا و تەنانەت لەسەر کۆمەڵێک خاڵی ئەساسی دیکەش وەکوو دابەش¬کردنی دەسەڵات ، هەناردەکردنی نەوت ، پرسی بودجە ، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ، مافی ئەنجامدانی گشتپرسی داوای هەموار کردنەوەی یاسا و رێساکان دەکا . باشووری کوردستان ، بە وەدەستهێنانی ئەو ئیمتیازانە ، وێڕای هاوکاریکردن بۆ کور¬تکردنەوەی دەستی ئێران لە ئێراق و کوردستان ، پرۆسەی فێدراڵیی ئێراق بەرەوپێش دەبا و بەبێ ئەوەی کە بە فەرمی سەربەخۆیی رابگەیەنێ ، سەربەخۆیی وەدەست دەهێنێ .
لە لایەکی دیکە ، هەولێر، لێبڕاوانە لەرێگەی وەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و کەڵک وەرگرتن لە دیپڵۆماسی وزە ، لایەنگر بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان پەیدا دەکا . ئێستا ، بڕوای زاڵ لە باشووری کوردستان ئەوەیە کە هەلێکی زێڕین بۆ راگەیاندنی سەربەخۆییە . کوردەکان ئێستا لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییدان و دەتوانن بەبێ ئەوەی کە بە تێکدانی دۆخی ئێراق تۆمەتبار بکرێن ، چارەنووسی خۆیان لە چارەنووسی ئێراق جیا بکەنەوە . لە راستیدا ئەگەر ئێران دەستبەرداری کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی نەبێ، کێشە و ناکۆکی¬یەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر نەکرێن و بەشداری لایەنی کوردی لە حکومەتی ناوەندی ئێراق بە پێدانی ئیمتیازی گرینگ مسۆگەر نەکرێ ، بە ئەگەری بەهێز، پرسی سەربەخۆیی کوردستان بە بڕیاری کۆمەڵانی خەڵک و لەرێگەی رێفراندۆم یەکلایی دەبێتەوە .
سەربەخۆیی کوردستان ، گۆڕانکاری¬یەکی جیددی¬یە ، هاوکێشە سیاسی¬یە ئارایی¬یەکان تێکدەدا و هاوکێشەی سیاسی نوێی دەخاتەڕوو. ئێستا ، هەم لە ئاستی ئێراق ، و هەم لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی¬دا ، دژایەتی¬یەکان لەهەمبەر راگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان ، بە بەراورد بە رابردوو ، کەمتر و لاوازترن . بەغدا ، تەواو لاواز بووە و جگە لە سپایەکی تێکشکاو و بێورە هیچ ئامرازێکی دیکەی بۆ دژایەتی بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان نییە . وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەڕای ئەوە کە بە فەرمی پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی ئێراق کردووە بەڵام پێناچێ دژایەتی تەجروبەی کوردستان بکا و لەبەرامبەر لەدایکبوونی دەوڵەتێکی دێموکرات ، سکولار و لیبراڵ هەڵوێستی نەرێنی هەبێ . تورکیە لە باشووری کوردستان خاوەن بەرژەوەندی ئابووری گرینگە و پێدەچێ پێشوازی لەو بڕیارە بکا . ئیسرائیل بە فەرمی پشتگیری سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و ئەگەری پشتیوانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئورووپایی ، و عەرەبی وەکوو کوەیت و ئۆردۆن بەهێزە .
کۆماری ئیسلامی ئێران سەرسەختترین دژبەری دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. ئێران بە سێ هۆکار لە داهاتووی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نیگەرانە :
یەکەم / کاریگەری وەرگرتنی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە یەکتر، کە بە سەرنجدان بە روانینی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی بۆ پرسی کورد ، ئەگەری هەیە کێشەی ئەمنییەتی زۆر جیددی بۆ تاران دروست بکا . لەراستیدا لە ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان ، کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر خەباتی رزگاریخوازانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ .
دووەم مەترسی ئێران لە رۆڵی وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەتی ئیسرائیل لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان . کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکا ، کە لە ئەگەری سەربەخۆیی کوردستان ، دەستی ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ دامەزراندنی پێگەی سیخوڕی بۆ وەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بنکە ئەتۆمی و نیزامییەکانی ئێران ئاوەڵاتر دەبێ .
سێیەم راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دەتوانی دەسپێکی دابەشبوونی ئێراق بۆ سەر سێ پارچە بێ ، کە جگە لەوەی رۆڵ و کاریگەری ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم دەکاتەوە ، مەترسی ئەمنییەتی بۆ سەر ئێران بەدەواوە دەبێ .
ئەو هۆکارانە ، لە راستیدا بۆ درێژەکێشانی دەسەڵاتدارێتی تاران مەترسیداران ، بەڵام هیچکامیان راستەوخۆ ئاکامی راگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە ئەژمار نایەن . بزووتنەوەی نەتەوەیی ، دێموکراسیخواز و مافخوازانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، بە دراوسێیەتی دەوڵەتی دێموکراتی سکولاری کوردستان کە بۆ ئاوەدانی و خوشبژێوی خەڵکەکەی تێدەکۆشێ ، ورە و وزەیەکی نوێ وەردەگرن . کۆماری ئیسلامی ئێران ، بەندیخانەیەکی گەورەی دروست کردووە و بە دڵنیاییەوە هەر شێوە حەرەکەتێکی دێموکراتیک بۆ دابینکردنی مافە نەتەوایەتی¬یەکان ، بۆ حکومەتێکی دیکتاتۆڕ و داخراو مەترسیدار دەبێ . ئەو بزووتنەوە ، ئێستا ، کە باشووری کوردستان هەرێمی فێدراڵ و شێوە سەربەخۆیە ، هەر بەهێزە و بۆ داهاتووی کۆماری ئیسلامی مەترسیدارە .
دووەم / هەرێمی کوردستان تەجروبەی دەسەڵاتدارێتی¬یەکی چەند ساڵەی هەیە و لەو ماوەیەدا سەلماندویەتی کە هیچ مەترسی¬یەک لەسەر دراوسێکانی دروست ناکا ، لە هەڵوێستە سیاسەیەکانی¬دا سەربەخۆیە ، زێدەخواز نییە و دەستێوەردانی کاروباری وڵاتانی دیکە ناکا . هەولێر، پابەندی رێککەوتننامە نێونەتەوەیی¬یەکانە و رێز لە سەروەری هەموو وڵاتان دەگرێ . بەو پێیە ، ئەگەرچی دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوایی بە ئیمتیازێکی گرینگ بۆ هەرێمی کوردستان دەزانرێ ، بەڵام دامەزراندنی بنکە و بارەگای سیخوڕی بە مەبەستی وەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بنکە ئەتۆمی و نیزامی¬یەکانی ئێران ، تەنیا وەهم و گریمانەیەکی وێناکراوی دەسەڵاتدارانی ئێرانە و زیاتر بە پرۆپاگەندە دەژمێردرێ کە سەرچاوە سەرەکییە¬کەی ، “ت یۆری پیلان¬گێڕان ” ـە . جگە لەوە پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی ، فاکتەری ئەرزی و جوغرافیایی بۆ وەدەستهێنانی زانیاری زۆر لاواز کردووە .
سێیەم / دۆخی ئێراق بە هیچ شێوەیەک بۆ دۆخی بەر لە هێرشەکانی داعش ناگەڕێتەوە . گرینگترین چارەسەری سیاسی ئەو کێشە ، بەشدارکردن و بە فەرمی ناسینی پێگەی سوننی¬یەکان لە ئێراقە . رەوتێک کە بە ئەگەری بەهێز، بە دەستەوەگرتن و بەڕێوەبردنی ناوچە سونەنشینەکان بەهێزە سوننەکان دەدا ؛ کە دەتوانێ لە دروستبوونی هەرێمی فێدراڵی سوننەدا خۆی ببینێتەوە .
بە سەرنجدان بەو خاڵانە ، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ، کۆماری ئیسلامی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەتوانێ چ بکا ؟
ئێران ، هاوشێوەی رابردوو ، شانسی دروستکردنی گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕوونەوەی پرسی سەربەخۆیی کوردستان نییە . رێژیمی بەشار ئەسەد دەرگیری شەڕی ناوخۆیی¬یە و لە دۆخێک¬دا نییە کە سەرنج بخاتە سەر پرسە دەرەکی¬یەکان . جگە لەوە لە رۆژئاوای کوردستان ، حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەر دروست بووە کە لە ئەگەری رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ هەولێر، دەتوانێ تەواو یارمەتیدەری پرسی سەربەخۆیی کوردستان بێ . ئێراق لاوازە و توانای کاردانەوەی جیددی نییە . تورکیە ، پشتگیری لەو بڕیارە دەکا و هەڵوێستی هێزەکانی داعشیش لە دەرەوەی بازنەی کارتێکەری ئێرانە .
دەستێوەردانی نیزامی تاران زۆر ئاستەمە و لە ئەگەری وەها پێشهاتێک ، هێزەکانی ئێران لە هەردوو بەرەی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان رووبەڕووی ئاستەنگ و بەرپەرچدانەوەی جیددی دەبن . جگە لەوە ، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بەتایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا لەبەرامبەر دەستدرێژی و سنووربەزێنی ئێران دژکردەوە نیشان دەدەن . بە ئەگەری زۆر، دەستێوەردانی نیزامی تاران بە تۆپباران ¬کردنی سنوورەکان و دروستکردنی کێشەی سنووری بەرتەسک دەبێتەوە . پێدەچێ ئێران ، لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەشێک لە لایەنە کوردی¬یەکان خۆی بە خاوەن ئیمتیازی گرینگ بزانێ . تاران ، پێوەندی¬یەکی پتەوی لەگەڵ ئەو لایەنانە هەیە و لە چارەسەری زۆر کێشە و بابەتی ناوچەیی و ناوخۆیی کەڵکی لێوەرگرتوون ؛ بەڵام راستییەکی نوێش لە ئارادایە کە سەردەمی ئەو شێوە سیاسەتانە بەرەبەرە بەسەر دەچێ و پێناچی چیتر ئەو لایەنانە ، تەواو گوێرایەڵی حکومەتی تاران و بڕیارەکانی بەڕیوەبەرانی سیاسەتەکانیان وەکوو سپای قودس بن . لە راستیدا ، لایەنە کوردی¬یەکان ، ئاگاداری رۆڵی گرینگی ئێران لە پرسە ئاڵۆزەکانی ناوچەن ، بەڵام لە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە کوردی¬یەکانی دیکە و پاراستنی یەکڕیزی هێزە کوردستانی-یەکان ، خۆیان بە خاوەن بەرژەوەندی زیاتر دەزانن .
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ، بە زیاتر لە ٨ میلیارد دۆلار مەزەندە دەکرێ ، لە ئەگەری داخستنی ئەو سنوورانە هەر دوو لایەن ، لێی زەرەرمەند دەبن . داخرانی ئەو سنوورانە ، جگە لەوەی کە لایەنە کوردی ¬یەکانی هاوپەیمانی ئێران ، لە باشووری کوردستان ناڕازی دەکا ، لەناوخۆی ئێران و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەی جیددی دەبێ . ئەو سنوورانە ، سەرچاوەی سەرەکی داهاتێکی خەڵکێکی هەژار و کەمداهاتن کە لە ئەگەری داخرانی ئەو سنوورانە ، و بە سەرنجدان بە دۆخی نالەباری ئابووری ئێران ، ناچاریان دەکا دەنگ هەڵبڕن .
لە راستیدا ، مەترسی و نیگەرانی¬یە سەرەکی¬یەکانی تاران ، بەرهەمی سیاسەتە ناکارامەکانی ناوخۆیی و دەرەکی حکومەتی کۆماری ئیسلامیین . لەڕووی ناوخۆیی ، کۆماری ئیسلامی بە نکۆڵیکردن لە پرسی کورد و داوا رەواکانی نەتەوەکانی دیکەی ناو سنوورەکانی ئێران ، هەر چەشنە حەرەکەتێکی مافخوازانەی بێ¬بەزەییانە سەرکوت کردووە و ئێستا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لەشوێن چارەسەری هێورکەرەوە بۆ پرسە ناوخۆیی¬یەکانی ئێران دەگەڕێ . ناکۆکی¬یەکانی ئێران لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان نمونەیەکی دیکەی ئەو شێوە سیاسەت و لێڕوانینەیە .
کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی پێگە و پرێستیژی خۆی بەردەوام کاری بۆ دروستکردنی بارگرژی ، پشێوی نانەوە ، دروستکردنی گروپی تێرۆریستی چەکدار و دامەزراندنی حکومەتی گوێرایەڵ کردووە . ئەو سیاسەتوەرزی¬یە جگە لەوە کە تێچوویەکی ماڵی قورسی بەسەر ئێران¬دا سەپاندووە و سەرچاوە ماددی¬یەکانی ئەو وڵاتەی تەرخانی ئاژاوەگێڕی و زێدەخوازی دەسەڵاتدارانی تاران کردووە ، تەنانەت لە پاراستنی سەقامگیری حکومەتە گوێرایەڵەکانیان وەکوو لوبنان ، فەلەستین و سوریە ، زۆر ناسەرکەوتوو بووە . حکومەتە گوێرایەڵەکان لە نەهایەتدا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە و ئەو گوێڕایەڵی¬یە تا ئەو کاتە درێژە پێدەدەن کە پێویستییان پێ بێ و لەگەڵ لایەن و هاوپەیمانەکانی دیکەیان خاوەن بەرژەوەندی کەمتر بن . نمونە هەرە دیاری ئەو شێوە سیاسەتە لە فەلەستین روویدا ؛ کاتێک کە حەماس پاش سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٦، لە رۆڵی ئێرانی کەم کردەوە و ئاستی پێوەندی¬یەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی پەرەپێدا . دیاردەیەک کە تەنانەت بۆ خامەنەیی و ئەحمەدی نژاد لە ناوخۆی ئێران روویدا . ئەحمەدی نژاد کاتێک لە دەسەڵاتی خۆی دڵنیابۆوە ، گوشاری بۆ خامەنەیی هێنا و لە هەندێ پرسی گرینگ ، لەبەرامبەری راوەستا .
پێدەچی ئەو مەسەلە لە ئێراقیش رووبدا . تەجروبەی ئێراقی نوێ ، لە ئەگەری پێداگری ئێران بۆ سەپاندنەوەی نوری مالیکی تەواو شکست دێنێ ، بەو پێیە ، تاران ناچارە لە بەرامبەر ویستی لایەنەکان بۆ لادانی مالیکی ملکەچ بکا . هەر نوێنەرێکی دیکەی شیعە ، تەنانەت ئەگەر خودی مالیکیش بێ ، ناتوانێ بە شێوەی رابردوو مەیدانی بۆ سیاسەتوەرزی ئێران دابین بکا ، و گوێڕایەڵی بڕیارەکانی تاران بێ . ئێران ، وەکوو ئەکتەرێکی سەرەکی لە مەیدانی سیاسی ئێراق دەمێنێتەوە ، بەڵام چیتر ناتوانێ بەهێزترین لایەنی بڕیاردەر بۆ پرسەکانی ئێراق بێ . پێشهاتێک کە نەتەنیا پاشەکشە بە رۆڵی تاران لە پرسە ناوچەیی¬یەکان دەکا و کۆسپ دەخاتە بەردەم رێگای ستراتێژی ئێران بۆ پاراستنی کەوانەی شیعە ، بەڵکوو زەبرێکی قورس بۆ پرێستیژی ، رێبەری ئەو وڵاتە ، واتا خامەنەیی ، لە ئەژمار دێ .
وتەی مێژوویی کوردستان سەربەخۆیی¬یە . ئەو داواکاری¬یە خاوەن پشتگیری جەماوەری هەمەلایەنەیە و هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی چەندین شۆڕشی ناسیۆنالیستی لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان بووە . باشووری کوردستان بەدرێژایی مێژوو ، سەرکوتکاری و ژینوساید و رەشەکوژی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدای بینیوە . شەڕی ناوخۆیی بەسەردا سەپاوە . لە بەرامبەر گوشاری دەرەکی و گەمارۆی ئابووری راوەستاوە . بە هەمووی ئەوانەشەوە ، لە بنیاتنانی حکومەتێکی دێموکرات و سکولار سەرکەوتوو بووە . حکومەتێک کە بەتایبەتی بە بەشداری ئۆپۆزیسیۆن لە کابینەی نوێدا زۆر بەهێزتر بووە . هەنگاوی لێبراوانەی بۆ سەربەخۆی ئابووری هەڵێناوەتەوە و ئێستا بە قۆزتنەوەی دەرفەتەکان بەرەو سەربەخۆیی دەڕوا .
سەدەی بیست و یەکەم بە دڵنیاییەوە سەدەی سەربەخۆیی کوردستانە . رووداوێکی حەتمی کە زیاتر لە هەر شتێک بەستراوەتە بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنەکانی باشووری کوردستان بە پلەی یەکەم ، و حەوڵدان بۆ سازان و گرێدانی هاوپەیمانێتی کارا لەگەڵ لایەنە کوردی¬یەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە پلەی دووەمدا . بەو پێیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەولەتی سەربەخۆی داهاتووی کوردستان ، هاوپەیمانە ستراتێژیکەکانی خۆی لەناو هێزە کوردی¬یەکان هەڵبژێرێ . ئەو ستراتێژی¬یە ، لەسەر لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنە سیاسی¬یەکانی وڵاتانی ناوچە ، بۆ رێکخستن و دامەزراندنی پێوەندی¬یەکانیان لەگەڵ هەولێر تەواو کاریگەر دەبێ .
ئێران ، توانای رووبەڕووبوونەوەی پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی نییە ، بەڵام تا ئەو جێگایەی بکرێ دەوڵەتی کوردستان بە فەرمی ناناسێ و ئەگەر بە فەرمیشی بناسێ حەول دەدا بە کارشکێنی و کێشەنانەوە لاوازی بکا . بە سەرنجدان بە سیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامی ئەوە بەهێزترین ئەگەرە . بەڵام بەو پێیە کە پێوەندی بەربڵاوی ئابووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و زۆرێک لە چاودێران ، دامەزراندنی پێوەندی پتەوتر لەگەڵ ئەو وڵاتە ، بۆ دەورەلێدانی گەمارۆ ئابووری¬یەکانی سەر تاران ، لە ئەگەری بە ئاکامنەگەیشتنی وتووێژەکانی چارەسەری پرسی ئەتۆمی لەگەڵ رۆژئاوا ، بە پێویست دەزانن ، گریمانەی دژایەتینەکردنی تاران بۆ پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستانیش زۆر لاواز نییە .