Abubakir-Caf-7

ئەبوبەکر جاف : ئەفسانەی تێگەیشتنیکی ڕاستەقینە و بێگەرد.

le mythe d’une comprehension authentique et pure
ئەوەی هەیە تەنیا و تەنیا تەفسیرە.تەفسیری شتێک واتە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ” مانا ” لە پەیوەندی بە خودی ڕاڤەکارو ئەو هەلومەرجەی کە کەسی ڕاڤەکاری تێدا دەژی . نەک تەنیا کۆندیسیۆن و هەلو مەرجی ماتریالی و ڕۆحی و سۆسیۆلۆژی ، بەڵکو ئەو کۆنتێکستە مێژویی و سۆسیۆلۆژیەی کە جڤاک و تاکی تێدا دەژی . پێویستە ئەوەمان لا ڕون بێت تەفسیرێکی سەربەخۆ ، ئیجتیهادێکی سەربەخۆ و ئازاد ، تێڕوانینێکی بێلایەن و میتۆدۆلۆژی و زانستی ..

کۆی ئەمانەلە ئەفسانەو وەهم زیاتر هیچ نین ، چون راڤەکار بۆ ” مانایە ” یەک دەگڕێت کە پیشوتر بە جەبرو هابیتوسێکی گروپی و جڤاکی ناچارکراوە بۆ مانایەکی تایبەت بگەرێت . کەواتە کردەی تەفسیر ، کردەیەکی ئیرادی و سەربەخۆو بێلایەن نییە . بەڵکو خواستێکی ” ناوەکی ” کەسێکە لە ناو تۆڕێک لە پەیوەندی هێزەکان ، لە پەیوەندی دەسەڵات . کەواتە تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەو بێگەردو پوخت و ساغلەم تەنیا پڕۆپاگەندەو کردەیەکی دیماگۆژیانەی یدۆلۆژیایە . کردەی تەفسیرکردنی تێکستێک ، کردەی ڕاڤەکردن و هەڵهێنجان و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی ” مانا ” لێ ، پەیوەندی تەنگاوتەنگ و ناچاری بە ” هەلومەرجەوە هەیە ” کۆمەڵێک ڕاگر کاریگەری زیریان لە سەر کردەی تێگەیشتن و مانا بەرهەهێنان هەیە ، لەوانە خودی ئەکتەری ڕاڤەکار ، پیۆستی و پێداویستییە سۆسیۆ – سایکۆلۆژی بونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتنە ، میکانیزم و میتۆدەکانی تێگەیشتن ، کەواتە بەم پێیە ئێمە یەک تێگەیشتنمان نییە .

ئێمە فرەیی تێگەیشتن و فرەی ڕاڤەکردنمان هەیە.کۆی ئەمانەش ، ئەو کاتەی کە ڕودەدات لە ناو ” کایەیەکدا ” ملکەچی هێزە ، ملکەچی گەمەو یاساو ڕێساکانی گەمەکانی ناو ئەو کایەیە. تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە یەک دۆخدا بەری دەکەوین ، ئەویش دۆخێکی ئیندیڤیدواڵی ( ڕوتە) ( دۆخی ڕوتبونەوەو خۆداماڵینە لە هەر ڕەهەندو ئارزویەکی کۆمەڵایتیمان تا ئەو کاتەی نەیەتە ناز زمان ، زمان وەک پەیوەندی من و ئەو ، تۆو من . بەڵام ئەم دۆخە ئیندیڤیدواڵیەش ” پاک و پۆخت نییە ، بێگەرد نییە ” لە بەر ئەوەی پێشوتر تۆ مەحکومکراویت بە گەڕان و پشکنین بە دوای ماناو بەرهەمهێنانی مانایەکدا کە ( ئەو هەلومەرجەی سوژەیەکی تێدا ) دەژی ناچاریکردووە . مادامەکی سوژەیەکی ئینسانی بێگەردمان نییە ، مادامەکی ئەوەی هەیە پێدراوە ، ئینسان لە خالقەوە بە دەست هێزەکانەوە بووە بە ” دروستکراو بوکەشوشەیەکی جوڵێنرا ” کەواتە تێگەیشتنەکان و ماناو بەرهەمهێنانی ماناکانیش هێزەکان دەیحوڵێنن و ئاراستەی دەکەن . 

هێز بەم تێگەیشتنە تەنیا بونێکی ماتریالیانە و فیزیکانە نییە ، زیاتر لە کۆمەڵگەی مۆدیرندا بونێکی دەزگاییە . یان دەسەڵات دەستبەرداری بونی میتافیزیکیانەی خۆی نەبووە.بونی شاراوەو نهێنی و داپۆشراوی خۆی نەبووە ، ناشتوانێت بوبێت. ئێمە تەنیا هێزێکمان نیە ، ئێمە هیزَگەل و زۆری پەیوەندی هێزمان هەیە ، هەمەچەشنی بەرژەوەندی و خواست و سودی هێزەکانمان هەیە،بەم پێیە دال و مەدلول و دەلاەتیش مەحکومن بە ( ڕابەرایەتیکدن لە لایەن هێزەکانەوە ” .

فرەیی هێز و فۆرمیولەبونی هێز بە پێی کۆنتێکستی سۆسیۆلۆژی ، ئابوری ، مێژویی کۆمەڵگەیەک دەگۆڕێت. کۆمەڵگەیەکی دورگەی عەرەبی لە ژیر جەبرو دیتێرمنیزمی دەیان هێزی بینراو نەبینراودا بۆ مانایەک لە ئیسلام دەگەرێت . کوردێکی هەرێمی هەورامان بە لە ژێر دیتیرمینیتێی پەیوەندی ئینسانێکی هەورامی بە سروشتەوە مانایەکی دەوێت . ویست بۆ گەڕان بە دوی مانادا ، ویست بۆ کەشفکردنی حەقیقەتێک ، ویست بۆ بەرهەمهێنانی مانایەک ، ویست بۆ بەرهەمهێنانەوەی مانایەک سەربخۆو کردەیەکی سەبربەخۆو بێلایەنی پاک و بێگەرد نییە . بەڵکو لە ناو تۆڕێک لە هێزو ململانێ هیزو بەژەوەندی هێزدا بەئاراستەیەک دەِروات کە پێشوتر بە ” هابیتوسێکی” شاراوە دیاریکراوە .