kubani

پەشێو حەمەئەمین : کۆبانی وەک سمبولێکی تریی نیشمانی .

لەئێستادا کۆبانی لە ژێر‌هەڕەشەکانی داعشدا لەوپەڕی خراپی باری ئەمنیدا گوزەر دەکات . بەدەیان گوند لە ژێرکۆنتڕۆڵی داعشدایەو ، بەهەزاران کەسیش ئاوارە بوون و مەترسیەکی گەورەو مئامەرەیەکی چاوەڕوانکراویی دەوڵەتی تورکیش لە ئارادایە ، بۆ هێرش کردنە سەر مەڵبەندی کۆبانی ، بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەو ئەزمونە سیاسی و پڕدەستکەوتەی کە چەندین ساڵە پەکەکە لەڕێگەی خەباتی سیاسی و چەکداریەوە تازە بەرهەمی هێناوە . 

ئەوەی لەکۆبانی دەجەنگێ وشەڕی مان و نەمان دەکات بەتەنها شەڕڤانانی پەکەکەو یەپەگەن ، کە ڕۆژانە لە پێناو شکۆ و پاراستنی هاونیشتمانیان بە دەیان شەڕڤان شەهید دەبن .
هێزێکی وەك پەکەکە کە لەلایەن ئەمریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە قەڵەم دراوە و ، چەندین ساڵە لە ژێر تەوجیهی ڕێبەرێکی زیندانی کراودا ، خەباتی سیاسی دەکات و ، لە پێناو بەدەستهێنانی پرسە نەتەوەیی و مافە سروشتیەکانی گەلی کورددا ، دەیەوێت لە ڕێگەی چارەسەری ئاشتیانەوە تەواوی پەیامەکانی بگەیەنێت , کە چی ئەمڕۆ هێزگەلێك بەناوی ( چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بەداعش ) ، دەیانەوێ ئەو پەیامە بشێوێنن و کۆتایی بەو ئامانجە بێنن ، کە ساڵەهای ساڵە ، کورد لە پێناویدا بەرخودان و گیانبازی دەکات .
کورد نەتەوەیەکە لەژێر ئیمرالیزمی ووڵاتانی داگیرکەردا بۆتە چوار پارچەوە ، بەڵام بیری ناسیۆنالیزمی تاکەکانی ئەم گەلە ئەوەندە بەهێزە ، گەرسەرنج بدەین لە لاشەی هەر تاکێكیدا گوڕوتین و خوێنی هەمان برای تێدایە لە پارچەکەی تردا .
بۆیە هەموو کات و بەدرێژایی مێژوو ، هاوکاریی یەکیان کردووەو ، بەوپەڕی گیانی دڵنیایی و لە خۆبوردیەوە هەوڵی پاراستنی یەکتریان داوە و ، بیری سەربەخۆیی و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە هزری شۆڕشگێڕی هەمویاندا کراوە بەئامانج .
کۆلۆنیالیزمی تورك و عەرەب و فارس لە هەمووکات و بۆ هەمووسات دژ بەو ئامانجانە وەستاونەتەوە ، کە کورد ویستوویەتی پێی بگات و ، وەكو هەر میللەتێکی سەر ڕووی زەمین ئەویش خاوەنی خاك و ووڵات و سەربەخۆیی خۆی بێت .
بۆ ئەم مەبەستەش هەرچی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی هەیە دەرحەق بەم میللەتە ئەنجامیان داوە ، جگە لە سڕینەوەی خاك و ناسنامەو ئاوارەکردن و بەکۆیلە کردنی .
ئەمڕۆ کۆبانی خوێنی لێدەچۆڕێ کەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێ دەنگەو ، دەوڵەتی سوریاش وەك چاودێر لەشەڕەکە دەڕوانێ و ، تورکیش هاوکاری لۆجستی و ماددی و مەعنەوی دوژمن دەکات و ، ئێرانیش لە دوورەوە بە ئازاروو مەینەتیەکانی ئەم گەلە پێدەکەنێت .
ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا بە هانای کۆبانیەوە بچێت بەتەنها گەریلاکانی قەندیل و شەڕڤانانی یەپەگەن ، چونکە هێزە سەرەکیەکانی کوردستانی باشوور ، یەکیان سەر بە دەوڵەتی نەتەوە پەرستی تورکەو کە هەموو قەیرانەکان لەو دەوڵەتەوە سەرچاوەیان گرتووەو ، ئەوی تریشیان سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێڕانە ، کە لە دوورەوە لەم جەنگەڵستانە دەڕوانێ .
دەبێ کۆبانی خەمی هەموومان بێت ، ماڵی هەریەکەمان ماڵی ئاوارەیەکی ڕۆژئاوا بێت ، هەموومان دەبێ فریای کۆبانی بکەوین و بیپارێزین . بەڵام بەداخەوە ، ڕۆژانە لێدوانی بێ بنەماو پڕ لە مزایەدەی سیاسیمان گوێ لێ دەبێ لە لایەن هێزە سیاسیەکانەوە ، باس لە بەهاناوە چوونی ڕۆژئاوادەکەن ، کەچی بەکردار هیچ بونیان نیەو بەتەنها بۆلابردنی ئەوفشارانەیە کە لەلایەن هاونیشتمانیانەوە خراوەتە سەریان .
خەمی نیشتمان ئاراستەکان ئاواڵە دەکات ، ئازارێک لەچاو ئازارێکی تر جوودا ناکات ، هەر بستێک لەم خاکە لای کەسی نیشتمانی و شۆڕشگیری ڕاستەقینە جیاوازییەک بەدی ناکات . ئەوەی هێزی سۆڕشگیری یەپەکە لەشەنگال کردیان ، واتایەکە بوونی هەیە لە ناوەڕۆکی نیشتمانیدا ، بەپێچەوانەوە سستی و فەرامۆشکردن و جیاوازیی لێی واتای ناپاکی و دوو ڕووی لەسیاسەت دەبەخشێت .
چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان بستێک خاکی کەرکوک و شەنگال و کوبانیدا ؟ ، جگە لەبەرژەوەندییە سیاسییەکان ، لەوێ ئەگەر پارتی و یەکیتی بوونیان نەبێت ، خۆ خاک و ئاسمان و هەواکەی هەمان خاک و ئاسمانی کورد نییە . ئەی بۆ دەبێت چاوپۆشی بکەین ؟ ، لەکاتێکدا بەبەرچاویی هەموومانەوە ڕەشەکوژی لەسەر کوبانی دەکرێت و قسە لەسەر نیشتمانی و گیانبازی بۆ پاراستنی کوردستان بکرێت ، ئەمە چ واتایەک دەبەخشێت جگە لە مزایدەی سیاسی و بەرژەوەندی سیاسی بەسەر هەموو جومگەکانی نیشتماندا .
گەلۆ لەکوبانی ڕەشەکوژی هەیە ، خاکی کوردان داگیر دەکرێت ، سڕینەوەی نیشتمانی هەیە . لەوێ ویژدانی دینی و مرۆڤایەتی لەق بووە ، لەوێ هەر بەها مرۆڤایەتییەکانە پێشەل ناکرێت . کارەساتە بەواتە کارەسات . کاتی موزایدەی سیاسی و لۆشدانی بەرژەوەندییە حیزبییەکان نییە . مێژوو هەمان مێژووە کە پەڕەکانی بە تاوانی نیشتمانی شەنگال و ئەنفال و هەڵەبجە نوسراوەتەوە ، ئەوەی جیاوازە بکەر و جۆریی گەورەیی و پچوکی و ستراتیژی جێبەجێکردنی تاوانەکەیە . چ جیاوازییەک هەیە لەنێوان تاوانبار و بێدەنگی کاردا ، کاتێک لەبەرچاوییەوە تاوانایی وەک کوبانی دەکرێت و لەتوانایدا هەیە بەرگری بکات و ئەوەی روودەدات بەهێز بیوەستێنێت ؟ … 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies