kurdistan-parlaman

دکتۆر محەمەد گەناویی : درامای موچه .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەڵقەکانی درامای موچە بەردەوامە، هەر ماوەیەو باسێکی نوێ ئەکاتە بابەتی قسەی رۆژانەی هاوڵاتی لەم هەرێم و وڵاتەی ئێمە کەپێگەو پێناسەی ئابوری و سیاسی نازانرێ چیە؟ سەرەتای ئەڵقەی درامای موچە بەر لەزیاتر لەهەشت مانگ دەستیپێکرد ، کاتێ لەپڕێکا راگەیەنرا پارە لەبانک و وڵاتدا نەماوە بەڵام تائێستاش کەس نەیپرسی و نەزانرا ئەم پارەیەی کە لەوڵاتا بوو بۆچی و چۆن نەما ؟
دوای دژواربونی قەیرانی موچە ، ئەڵقەی نوێ دەستیپێکرد، کەگوایا حکومەت نەوتی زۆر ئەنێرێتە دەرەوە بەپارەی نەوتەکە ئەتوانن موچە دابینبکەن واتە نەوت بۆ موچە . ئەمجار کەزانرا ئەم نەوتەی ئەنێردرێتە دەرەوە پارەکەی هەموی بۆ کورد نیە بەشی هەرەزۆری بۆ کۆمپانیا بیانیەکان و تورکیا ئەڕوات جگەلەمەش پارەکە نایەتە کوردستانەوە بەڵکو ئەچێتە بانکێکی تورکیەوەو بانکەکەش خێرێکی لێئەبینێ ئەمجار هەر خوداو ئەربابەکان ئەزانن چەندەو کەی و چەندی ئەگاتە هەولێر. سەرەنجام ئاڵقەی نەوت بۆ موچەش ئومێدبەخش نەبوو ، بەڵام هاوڵاتیان بێئومێد نەبون کەئەڵقەی تازە لەدرامای موچە بەڕێگاوەیە.
ئا لەمەدا خەڵک هیواکەی هاتەدی ئەڵقەی تازە هات ، حکومەتی هەرێم بەسەرۆک و وەزیری نەوت و داراییەوە رایانگەیاند ، پارەی نەوت بەش ناکا 5- 6 ملیارد قەرز ئەکەین بۆ موچە واتە موچە بەقەرز کەهەر کاتی خۆی لەسەر ئەم بابەتە لەهاوڵاتی وتارێکم نوسی بەهەمان ناونیشان ( موچە بەقەرز ) لەبەر سەرگەرمی بەدرامای موچەوە کەسێ نەبوو پرسیار لەبرادەران بکاو بڵێ باشە ئێوە چەندساڵە ئەڵێن تەنها وەک خۆیان پێی ئەڵێن شیرینی نەوت ( کەئەمە شیرینی نیەو شتی ترە لێرە جێگەو باسی نیە ) 6-7 ملیارتان وەرگرتوە بۆ قەرز ئەکەن بۆ موچەو نە جەنابی سەرۆک و وەزیرەکانیش ئاماژەیەکیان پێدا کەئەم پارەیە هەبێ بۆچی خەڵک بەقەرز موچە وەربگرێ ؟ ئەم ئەڵقەیەش تەواو بوو، واتە موچە نەبوو بەڵام قەرزەکە هەر هەیەو برادەران جەخت ئەکەنەوەو ئەڵێن هەرێم 4-5 ملیارد قەرزدارە جگەلەوەی کەبڕەکەی کەس نازانێ بەدروستی چەندە 4 یان پێنج ؟ ئەمجار خەڵک نەک هەر موچەشی نەبوو بەڵکو قەرزداریش بون، نازانن بەکێ بڵێین چی، نۆشی گیان یان سندان؟ دوای نائومێدبونی خەڵک لەموچە بەقەرز، ئەڵقەی بەشداری لەحکومەتی عێراق هاتەگۆڕێ واتەمەرجی بەشداری حوکمەت بەموچە ئیتر بابەتی سیاسی و نەتەوەیی و کێشەی خاک و سنورو ئایندەی نەوەکانی داهاتومان هەموی کورت کرایەوە بۆ بەشداری لەحکومەت بەمەرجی موچە ، ئەنجامەکەی ئەمەبوو کورد زۆر لاوازانە تائەندازەی شەرم لەخۆکردن بەشداری حوکمەتەکەی بەغدادی کرد بەهیوای موچە .
ئیتر تائێستاش ئەم ئەڵقەیە بەردەوامە، کەس نازانێ مەبەست لەموچەی رابردوە ، ئێستایە ، یان لەئێستاوەیە دەوڵەتە شڕەکەی بەغداش بەم شڕوشۆرەی خۆیەوە یاری بەئەعصابی کورد ئەکات چونکە خاڵە لاوازەکانی حکومەتی هەرێم ئەزانێ لەسەر دۆسیەی نەوت، خۆی خستۆتەسەر پشت کەی موچە ئەنێرێ وەچەندی نەنێرێ ئەوا بڕیار بەدەست خۆیانە واتە بەدەست ( ابو موچە ) یە لەبەردەوامی درامای موچە لەحاڵی حازر چەند کوردێ لەبەغداوە پەیتا پەیتا موژدە ئەدەن و سایتە حزبیەکان ئەم موژدانە وەک بابەتی هەرە گرنگ بڵاوئەکەنەوە کەوا موچەی یەک مانگ یان دوو مانگ دێ تافریای هاوڵاتیانی هەژاری وڵات بکەوێ جەژنانە بۆ مناڵەکانیان بکڕن واتە ئەم موچەی لەبەغداوەدێ بەر خێری جەژن ئەکەوێ کەئەشێ لەکاتی هێرشەکانی داعش برادەرانی شیعە لەبەغداد ئەم خێرەیان لەخۆ گرتبێت تا بەغداش بەدەردی موسڵ نەچێت و ئێستاش کەس لەحکومەتی هەولێر زیاتر ئەم خێرەی پێ ناشێ . ئێستا خەڵک لەچاوەڕێی هات و نەهاتی موچە ، لەپەشێوی و مان گرتنی پچڕپچڕدایە واتە هەموو گەل و حکومەت لەچاوەڕێی مەرحەمەتی موچەی خێری بەغدایە بەشوکرو پێزانینەوە بەمانگێکیش رازیەو ئەخوازن حاڵ وەک خۆی لێبێتەوەو بەمایەو تۆبە مەمنون .
کەی ئەمە ئەبێتە دەرسێ بۆمان تا ناوماڵی خۆمان قایم بکەین ، بەهێزی بکەین ، وەفێربین کە لەسەر پوش باڵاخانەی گەورە راناوەستێ ؟ ئەمەی پێویستە بزانرێ ئەمەیە کەهیچ کەس و میللەتێ ئامادەنیە تائەبەد بەپاروی خۆی و ژن ومناڵ و ژیان و قەوارەیان باجی هەڵەو مەزاج و نەزانینی و بەرژەوەندی دەسەڵاتخوازی دەسەڵاتداران بدەن .
بەهیوای ئەوەی درامای موچە هەرچی زوترە تەواوبێ و ئیتر خەڵک بتوانێ بیر لەژیان و چارەنوسی گەل و وڵات بکاتەوە هەموو گەل هەرچی زوترە فریای کوردانی چەوساوەی ڕۆژئاوا بکەوین بەتایبەت کۆبانی لەکاتی ئێستادا .
لەگەڵ تەواوبونی ئەم وتارە لەهەواڵەکان خوێندمەوە ، کەدرامای موچە گەڕایەوە بۆ ئەڵقەی قەرز بەڵام ئەمجارە نەک 5 ملیارد بەڵکو 30 ملیارد ، دیسان وەک هەمیشە ئەمەش دوبارە دەیان پرسیار هەڵئەگرێ کەنازانین چۆن وەڵامەکان بزانین لەکوێ قەرزکراوە بۆچی قەرزکراوە لەکوێ بەکاردێ و کێ و چۆن ئەم قەرزانە بداتەوە؟ ئیتر درامای موچە وائاڵۆزبوە کەس نازانێ کۆتاییەکەی چۆنە ، بەڵام بەهەر حاڵ هەموان چاوەڕێی ئەڵقەی داهاتوی تازەن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت