جیهاد موحەمەد  : ڕۆشنبیرەکانمان سێ جۆرن .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

١/ ئەو رۆشنبیرانەی، ئەگەر یەکێتی‌و پارتی‌و حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە دەیان کەس بکوژن، ئاگر لە داروبەردی کوردستان بەربدەن، فزە ناکە. ئەمانە لە ئاستی هەرچ تاوان‌و نادادپەروەری‌و گەندەڵی‌و سیاسەتی ستەمکارانەی دەسەڵاتی سیاسی کوردستاندا زمانیان لە دەمیاندا ناگەڕێ‌و بێ دەنگن. بەڵام زۆر ئازاو بە جەرگن بۆ ئەوەی بازرگانێتی بەوەوە بکەن، گوایە دژی داعشن، گوایە هەموو ئەم دنیایە ئیسلامی سیاسیی تێکیداوە، قورئانێک دەگرن بەدەستەوەو بۆ خەڵکی دەخوێنەوە، دەڵێن ئاها بەرنامەکەی داعش، بەڵام ئاها بەرنامەکەی یەکێتی‌و پارتی چەند پاک‌و بێ گەردە، باسی کوشتن‌و بڕین ناکەن.  پێمان دەڵێن، تکایە ئاگاتان لە خۆتانبێت، رۆشنبیر ئەو کەسەیە، کە بە دۆکۆمێنت قسەبکات، ئێوە، کە رەخنە لە یەکێتی‌و پارتی دەگرن بێ دۆکۆمێنتن، هەر لە خۆتانەوە دەلێن یەکێتی‌و پارتی گەندەڵ‌و نادادپەروەرن.  بەمەرجێک، کە کەسێکی وەک مەلا عەلی‌و مەلا فەرج دەبینن بەرزەپێ لەبەریان هەڵدەستن‌و دەستدەگرن بە سنگیانەوە بۆیان. ئەم جۆرە لە رۆشنبیر وەک هینی ناو جۆگە لە هەردوو بەر دەخۆن، چونکە بەو چەواشەکاریی‌و بازرگانێتیە هەردوو بەرەی یەکێتی‌و پارتیان قەرزاربار کردوە.  هەندێکیشیان، هەر بۆ چەواشەکاری و سوکایەتیکردن بە خەڵک دەڵێن: داعش ئیسلام نین، ئیلهام لە قورئانەوە وەرناگرن. ئەمانە تیرۆریستن‌و هیچی تر. ئەگەر زۆریان بۆ هات رەنگە بلێن ئەمانە جنۆکەن‌و هیچی تر. لە نووسینێکی تردا نووسیبووم، کاتێک ئەمەریکا دەڵیت: ئێمە دژی داعشین لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبیەکانماندا، وەک سعودیەو قەتەرو ئەردەن. لە هەمان کاتدا نێچیرڤان بارزانیش رایگەیەند، کە ئەوە راست نییە تورکیا هاریکاری داعش بکات. کەواتە دەبێت روو لەم رۆشنبیرانە بکەین بۆ ئەوەی پێمان بڵێن کێ هاریکاری ئەو هەموو هێزە لۆجستیی‌و هێزە چەكوچۆڵە مۆدێرنەو ئەو هەموو ملیارەها دۆلارە بۆ داعش مسۆگەر دەکات، چونکە لە سەر رۆشنبیرە کە راڤەی داوکەوتەکان‌و ڕووداوەکانمان بۆ بکەن، حەتمەن ئەم رۆشنبیرانە پێمان دەڵێن، ئەوە جنۆکەکانن. شەیتانەکانن، بەربەریەکانی سەردەمی کۆنن دروستبوونەتەوە. یەکێک لەم رۆشنبیرانە، لە خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شۆباتدا، هێندە گومڕایانە قسەی کردبوو، چپاندبووی بە گوێ نەوشیروان مستەفادا، وتبووی ئاگات لە خۆت بێت ئەمانە کۆمۆنیستەکانن، چەپەکانن، دەیانەوێت بەردەکە لەسەری تۆدا بشکێنن. بۆیە نەشیروانیش یەکسەر بە قسەی ئەم رۆشنبیرە چەواشەکارەی کردوو رایگەیاند، ئێمە لە گەڵ ئاژاوەچییەکاندا نیین، ئەمانە خۆپیشاندان دەکەن ئاژاوە چیین، کەچی ئەوەندەی نەبرد کاکی رۆشنبیر‌و نەوشیروانیش پاشکەز بوونەوە، کە زانییان ئەوە خەڵکی گشتی ستەمدیدەی کوردستانە رادەپەرێت بەرامبەر بە دەسەڵاتی گەندەڵ‌و نادادپەروەر.

٢/ جۆری دووەم/ ئەو رۆشنبیرانەی، بە هەمان جۆری ئەوەی یەکەم کە باسمانکرد، زمانیان لە دەمیاندا نییە، نوتقیان بڕاوە ئەگەر دەسەڵاتە سیاسیە گەندەڵەکەی کوردستان بە دەیان کەسی وەک سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان‌و کاوە گەرمیانی‌و گەنجە بێ تاوانەکانی ١٧ شوبات بکوژن. ئەگەر بە هەموو هێزیانەوە دژیایەتی کوبانی‌و رۆژئاوا بکەن، ئەمانە زمانیان ناگەرێت لە دەمیاندا بەس ئەوەندە بلێن: ئەو کارە کارێکی نائەخلاقیە. ئەم جۆرەش بەس بۆ ئەوە ئازان، ئەگەر کەسێک لە بابەتێکدا، واوێک(و) بە هەڵە بنووسێت، بە وشەی پێشەوەی بنووسێنێت، یان بە وشەی دواتر، دەست دەکەن بە چەپڵە لێدان، ئەرێوڵا هەڵەیکرد، ئەرێ وەڵا لە رووی زمانەوانیەوە بابەتەکەی نەگەیاند، ئەددای نووسینەکەی باش نییە. ئەم جۆرە رەخنە بێ بنەمایانە بۆ ئەوەیە، کە بتوانن کە خۆیان چەند دێرێک بنووسن‌و بە خۆیان بڵێن نووسەر، یان رۆشنبیر، سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن کە کاکی ئەفەندی نووسەرێکی زۆر باشەو هەڵە ناکات لە نووسینەکانیدا، ئیتر هەڵەی ئەخلاقی گرنگ نییە بەلایەوە. کە بە بروای من هەرکەس رەخنەی تووند لە دەسەڵاتی نادادپەروەرو گەندەڵ‌و ستەمکار نەگرێت، بابەتیان لەسەر نەنووسێت ئەو کەسە نەک هەر رۆشنبیر نییە، بەڵکو بەشێکە لەو دەسەڵاتە گەندەڵە.

٣/ جۆری سێیەم، ئەوانەن کە بە ئەخلاقن، کە بە ویژدانن، کە هەڵوێستیان هەیە، کە ئازاو بوێرن، لەسەر هەموو ناحەقیەک دێنە جواب. بێ دەنگ نابن، بەردەوام رەخنەگرو چاودێرن. درۆ ناکەن، دزی ناکەن، لەسەر حسابی پارەوپولی خەڵکی هەژارو داماوو ستەمدیدە ناژین. بە رەنجی شانی خۆیان دەژین. بەڵام هەردوو بەشی یەکەم‌و دووهەمی رۆشنبیرو دەسەڵاتە گەندەڵ‌و نادادپەروەرەکەشیان هێندەی بارتەقای دەوڵەمەندیی‌و گەڵای دۆلارە دزراوەکانی ژێر زەمینەکان‌و ناو بانکەکانی ئەورپا رقیان لەم جۆرە ڕۆشنبیرە بوێرو بە هەڵوێستانەیە. پێیان دەلێن جوێنفرۆشەکان، بە تاڵەکان، هیچیان پێ نییە، ئەتەکێتی رەخنەو نووسین نازانن، لە هیچ رازی نین. دۆکۆمێنتیان پێ نییە کە قسە لەسەر گەندەڵی‌و هەژاریی‌و ستەمدیدەیی خەڵکی کوردستان دەکەن. ئەمانە چوار رۆژە لە ئەوروپان. خۆیان رادەدەن بە سەرماندا، یان دەڵێن ئەمانە بۆ خۆیان لە ئەورپا دانیشتون‌و خەریکی رەخنەگرتنن. 

 

 

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس