Xwrasan

  سوارە کەمال : سیناریۆی خوراسان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوای رووخانی رژێمی شاهنشای ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ ، و جێگرتنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی . لە هەمان ساڵدا دەستوەردان و پشتگیری ئەرتەشی سۆڤیەت لە حکومەتی ئەفغانستانی هاوپەیمانی یەکێتی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت ، ئەو دیدە نەرێنیەی عەرەب کە پێشتر هەیبوو بەرانبەر بە ئەمریکا ، گۆڕانی بەسەرداهات ، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی سننە مەزهەب ، بەتایبەت سعودیە و پاکستان ، راشکاوانتر لە جاران کەوتنە نێو بەرەی ئەمریکا بۆ دژایەتی کردنی ئەرتەشی سۆڤیەت لە ئەفغانستان .

بە دەستپێکردنی شەری ساڵی ١٩٨٠ ی نێوان عیراق و ئیران ، جگە لە حکومەتی سوریای عەلەوی ، سننە مەزهەبەکان راستەوخۆ یان ناراستە خۆ پشتگیری سەدام حسین یان کرد ، واتە کەوتنە بەرەی ئەمریکا ، سەرئەنجام پاش هەشت ساڵ جەنگی نێوان ئیران و عیراق وەستیندرا ، ئەرتەشی سۆڤیەتیش پاش دەساڵ جەنگ لە ئەفغانستان کشایەوە . گەچی بارودۆخی ناوچەکە نا سه‌قامگیرتر بوو .

لە ٢/ئابی /١٩٩٠عیراق پەلەماری کویتی دا ، بەسەرکردایەتی ئەمریکا و ٣٤ دەولەت هیرشیان کردە سەری و لە کویت وەدەریان نان . سەرئەنجام لە ٢٠٠٣ دا دیسانەوە هێرشیانکردووە سەر بەغداد و رژێمی سەدامیان رووخاند .

ھێرشەکانی قاعدە لە ١١ سێپتەمبەر بۆ سەر ئەمریکا ، زەمینەی سازکرد لە ٧/١٠/٢٠٠١ ئەمریکاو بەریتانیا پەلەماری ئەفغانستان بدەن و تالیبان لەدەسەڵات وەلاخەن . وێرای ئەوەی زۆرینەی حکومەتەکانی عەرەب لە هەردوو جەنگدا پشتگیری ئەمریکایان کرد ، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیانی موسولمانی سننە ئاینزا ، بە شەری سەلیبی چواندیان ، بەوپێیە دەبوو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی چاوەروانی شەڕو ئاژاوەی گەورە بکەن ، بەڵام عەرەب لە بڕی دژایەتیکردنی راستەوخۆی ئەمریکا ، رق و گینەیان بەرووی حوکومەتەکانی خۆیان هەڵرشت .

لە ١٤/١/٢٠١١ زەینلعابدین عەلی ، پاش ٢٣ ساڵ حوکمداری وڵاتی تونس کەوتە ژێر فشارو ناچارکرا بەرەو سعودیە ھەڵبێت .

لە ٢٥ی ینایەری ساڵی ٢٠١١ محمد حوسنی موباڕەکی سەرۆکی میسڕ ، پاش ٢٩ ساڵ حوکمداری کەوتە ژێر فشاری میسریەکان ، ناچارکرا دەستبەرداری پۆستەکەی بێت .

لە  ٢٠/١٠/٢٠١١ موعەمەر قەزافی پاش ٤٢ ساڵ حوکمداری لیبیا ، کوژرا .

عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی سەرۆکی یەمەن پاش ٣٤ ساڵ حوکمداری ناچارکرا لە5  فبراير   2012 واز لە دەسەڵات بێنی و … هتد

دیارە راپەرینی خەڵکی ئەو وڵاتانە دژ بە حکومدارەکانیان زیاتر لە هۆکارێکی هەبووە ، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر لێكەوتە و دەرهاوێشتەی پاش گۆڕینی ئەو دەسەڵاتانەوەیە . چونکە ئەوانەی لە ئێستادا دەسەڵاتیان گرتووتە دەست ، ئەگەر لەوانی پێشووتر خراپتر نەبن بەرانبەر بە داخوازی هاوڵاتانیان ، باشتر نین . لە هەمان کاتدا بونە فاکتەرێکی کاریگەر بۆ رەخسانی زەمینەی سەر لە نوێ سەرهەڵدانەوەی کۆمەڵی مەترسی ، لەوانە ؛ جەنگی ئایدۆلۆژی نێوان دنیابینی ئەمریکاو و هاوپەیمانەکانی بەرانبەر بەوانەی مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندیەکانیان .

ئەگەر لە سەرەتای هەزارەی دووەمدا ناوبەناو گوێبیستی گوتارو کرداری نەگونجاو لەگەل لۆژیکی سەردەم دەبیستراو دەبینرا ، لە دوای رۆخانی تالیبان ، سەدام ، موبارەک و رووداوەکانی سوریا و یەمەن ، ناوی چەندین رێکخراوی جیهادی هاتە بیستن ، لەوانە قاعدە ،  داعش و.. هتد ، وێرای ئەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو گرۆپانە ، سەرچاوەی دارایی و شێوازی کارو کردەیان مشتومڕێکی زۆری لەسەرە ، بەڵام بە پێی گوتاری خۆیان ، قورئان تاكە سەرچاوەی نەگۆڕی یاسادانانە لەلایان ، هەر ئایدۆلۆژیاو بیرو هزرێك لە دەرەوەی ئەوان بە کوفر دەبینن .

بەڵام ئەوەی جێگای تیرامانە ناویکی نوێ ( تاقمی خوراسان ) وێرای ئەوەی گروپێکی زۆر چکولانەن ، کەچی لە لایەن ئەمریکاوە بە ترسناکترین گروپ هاتووتە ئەژمارکردن .

 

بۆ خوراسان ؟  

خوراسان بە کوردی ، یانی ئه‌و زه‌ویه‌ی ڕۆژی لێ هه‌ڵدێت ، لە چەندین ناوچەی ئەم وڵاتانە ؛ باکووری ڕۆژھەڵاتی ئێران ، باکووری خۆرئاوای ئەفغانستان ، هەروەها چەند بەشیک لە تورکەمەنستان ، ئوزبەکستان و تاجیکستان پێکدێت .

دانشتوانەکەشی لە فارس ، کورد ، پشتو ، بلوج و تورک و ئوزبەک و… پێکدێت ، زۆرینەیان سننە مەزهەبی شافعین یان حەنەفین ، پاش ئەوەی سەفەویەکان حکومداریەتیان گرتە دەست زۆرینەی دانشتوانی ئەو بەشەی ئێران و بەشێک لە رٶژهەڵات ( سەر مەرزی ئەفغانستان ) و باکوور ( سەرمەرزی تورکمانستان ) بوونە بە شیعە . کەواتە خوراسان وێرای ئەوەی ناوچەیەکی فراوانە فرە نەتەوەیە ، ناکۆکی نێوان شیعەو سننە مێژینەی هەیە  .

لە ئێستادا ئیران کە بەشە گەورەکەی خوراسان کەوتووتە خاکەکەیەوە ، حکومەتەکەی دەستی لە ناو عیراق ، سوریا ، لوبنان ، فەلەستین ، یەمەن ، بەحرین ، پاکستان و سعودیە بە جوانی دیارە ، وێرای ئەوەی سننەکان بە دوژمنی سەرەکی خۆیانی دەزانن ، لەهەمان کاتدا ئەم دەستتێوەردانەی ئیران بۆتە هۆکارێ گۆڕینی پارسه‌نگی هێز لەو ناوچانە . کەواتە یەکێک لە هۆکاری ناونانی ئەو تاقمە بە خوراسان مەبەست نیشاندانی کارتێکی فشارە بۆ ئیران .

پرسیار لێرەدا ئەوەیە ؛ ئایا رێگا دەدرێت ئیران بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی فراوانخوازی ؟ پێموایە ئەگەر تا ئاستێک ئەمریگا ، ئیرانی وەک گورک بەرانبەر گیسکەکەی هەیاس ( عەرەب و سننە مەزهەبەکان ) بینێبێ ، لە هەمان کاتدا ناتوانی رەچاوی بەرژەوەندی ئیسرائیل نەکا کە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئێران ناگونجێن .

بۆیە پێم وایە ؛ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئاستێکی ستراتیجی سیناریۆیەکی تریان لەبەر دەستدایە ، یەکەم بە ئیران بڵین ئاگاداربە سنوورت بەزاندووە ، ئەگینا  خوراسان لە داعش  خراپترە !. لە هەمان کاتدا بە تورکیاش دەڵێت غرور بەسە و لەوە زیاتر شەرە دەنوک لەگەڵ ئیسرائیل مەکە ، وەک لە ئیران قبول ناکەین ، لە ئێواشی ناکەین ، وێرای ئەوەی نەمان هێشت ببیتە ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتە یەکگرتووەکان ، ئامڕازی فشار خستنە سەرتان زۆرن ، جگە لە جولاندنی شەقامی تورکی ، کوردش هەیە .

کەواتە دەبێ چاوەروانی سیناریۆی زنجیرە درامایەکی نوێ بکەین !

پرسیاری لێرەدا ئەوەیە ؛ ئایا سەرکردایەتی کورد دەتوانی لەم رۆلەی بۆیان دیاریکردووە بەشێوەیەکی باش بیگێرێت ؟ یان دیسانەوە بەپێی بەرژەوەندی حزبەکانیان بەردەوام دەبن لە پەیوەندی ناتەندروست بەو حکومەتانەی کە لە بنەرەتدا شەر شەری ئەوانەشە ، لە ئێستادا بە کورد دەکرێت ؟ .