Shangal-12

یەکێتی لە هەڵسوکەوتەکانی پارتی لەچیای شنگال نیگەرانە .

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشنگال نیگەرانی خۆیی و جەنگاوەرانی ئێزدی ڕادەگەیەنێت لەبەحزبیکردنی چوونی پێشمەرگە بۆ چیای شنگال و پێیوایە، بەرزکردنەوەی ئاڵای حزب لەسەر چیای شنگال، لەگەورەیی قوربانییەکانی ئێزدی ڕەتدەکاتەوە .
دوای ئەوەی ئێوارەی ڕابردوو ھێزی پێشمەرگە گەیشتە چیای شنگال، دواتر ئاشکرابوو، ئەو ھێزەی پێشمەرگە تەنھا ھێزەکانی پارتین و ھەردوو لیوای ٨ کە لەڕەبیعەیەو لیوای ٤یش کە لەزوممارەو پێکھاتوون لەھێزی  یەکێتی و پارتی  و لەبەرئەوی ئەو دوو لیوایە هێزی یەکێتی تێدایە جوڵەیان پێنەکراوەو بەشدارییان پێنەکراوە لەڕزگارکردنەوەی چیای شنگال .
خەڵەف حەسەن دەمنایی بەرپرسی دەستەی باڵای ڕێکخستنەکانی شنگالی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تایبەت بۆ SNN وتی:”بەڕاستی ئێزدیەکان و جەنگاوەرانی چیای شنگالیش نیگەرانن لەوەی پارتی پرسی چوونی پێشمەرگەی بۆ چیای شنگال بەحزبی کردووە “.
خەڵەف حەسەن کە ھاوکات جێگری بەرپرسی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە وتی:”ھێزەکانی پاراستنی شنگال بریتین لەجەنگاوەرانی ئێزدی و سەرجەمیان خەڵکی شنگالن، تائێستا بەھاوکاری لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکەو شەڕڤانانی یەپەگە توانیومانە چیای شنگال بپارێزین و ڕێگە نەدەین مەزاری شێخ شەرەفەدین بکەوێتە دەستی داعش “.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی، لەگەڵ ئەوەی نەیشاردەوە ئەوان زۆر دڵخۆشن بەچوونی ھێزی پێشمەرگە، بەڵام نایشارێتەوە، “ئەگەر ھەوڵبدرێت جگە لەھێزی پارتی ھێزەکانی تر بسڕدرێتەوە، ئەوا بێوەڵام نابن و ناچاردەبن بەتوندی وەڵامی ھەر ھەوڵێکی لەو شێوەیە بدرێتەوە “.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی بەناھەقی دەزانێت، ڕۆڵی شەڕڤانانی یەپەگەو گەریلاکانی پەکەکە لەچیای شنگال لەبەرچاو نەگیرێت، چونکە وەکو ئەو دەڵێت:”تائێستاش زۆربەی خاڵە ھەستیارو سەرەکیەکانی چیا شنگال و لەخوار چیاکەشەوە وەکو کۆمەڵگەکان، لەدەستی یەپەگەو گەریلاکانی پەکەکەدایە “.
جەختی لەوەشکردەوە، سەرجەم سنورەکانی ناحیەی سنونێ لەژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانی یەپەگەدایە، “ئێمەش وەکو ھێزەکانی پاراستنی شنگال کە سەرجەم سەرپەرشتیارانی ئەو جەنگاوەرانە ئێزدین و یەکێتین، دەمانتوانی پرسەکە بەحزبی بکەین، بەڵام دیارە یەکێتی گەورەتر سەیری کەیسەکەی کردووەو نەیستووەو حزبایەتی زەق بکاتەوە “.
وتیشی :” لەوکاتەوەی شنگال کەوتۆتە ژێر داگیرکاری داعش ، ئەوە ھێزەکانی پاراستنی شنگال و یەپەگەو پەکەکەیە کە بەرگری لەچیاکەو مەزارە پیرۆزەکانی ئێزدیەکان دەکەن ، نەک پارتی و کەسی تر، تائێستا پێشمەرگەی ئەوحزبە لەھیچ ڕووبەڕووبونەوەیەک دژی داعش بەشدارییان نەکردووە “.
لای خۆیشیەوە عومەر عەزۆ ئەندامی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختی لەسەر بەحزبیکردنی پرسەکە لەلایەن پارتیەوە کردەوەو وتی:”پارتی ڕێگە بەھیچ ھێزێکی تر نادات، کە لەئازادکردنەوەی شنگال و دەوروبەریدا بەشداری بکەن “.
نیگەرانیەکانی ئەو بەرپرسانە یەکێتی لەکاتێکدایە، دوای گەیشتنی پێشمەرگەکانی پارتی بۆ چیای شنگال، ئەو پێشمەرگانە لەناو مەزاری شێخ شەرەفەدینی ئێزدیەکان، ئاڵای پارتییان بەرزکردەوە .
س – س ن ن