ئەبوبەکر جاف : مایەپوچی و کەوتنی حیکایەتە گەورەکان .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

La faillite et la ruine des grands recits.

فەلسەفەی جیاوازی ، دەرچون بوو لەو توغیان و ستەمکاری و تۆتالیتاریەی فەلسەفەی نەسەق و سیستەمگەرا بواری هەناسەیەکی بۆ نەهێشتبووەوە تا لەو دویو گشتگیری و سەراپاگیری و تۆتالیتێیوە بونی هەبێت . تەنانەت بورا و درز و پەراوێزێکیشی بۆ وردە مێژوو وردە چیرۆک و گێڕانەوەکان نەهیشتبووەوە . سەخت بوو هەڵهاتن لە بەربەرست و کۆت و پێوەندەکانی فەلسەفەی تۆتالێتێ و سەراپاگیری . بە شێوەیەک تاکڕەهەند بوو تەنیا یەک ئاستی ڕاڤەکردن بۆ مێژوو جوڵەی مێژوو هەبوو. باشترین نمونە ، یاخود نمونەی دیاری ئەم فەلسەفە سەراپاگیر و شمولییە هێگڵیزم بوو . هێگڵ ، بە شێوەیەک ستەممکارو تۆتالیتار ، تا وای لێبێت فەلسەفەی سەدەی بیستەم چڕ ببێتەوە لە هەوڵێک بۆ دەرچون و دەرباز بون لە هێگڵ و هێگڵیزم و تارماییەکانی هێگڵیزم . هێگڵ و بنەمای دیالێکتیکی هیگڵی مناڵدانی نەشونمان کردن و موتوربەبونی سەرجەم ئەو تاکبینی و تاک تەفسیرانەن کە هەمیشە کاری بە لاوەنانی وردە تەفسیرەکانی تر بووە .
ڕاستە دیالێکتیک دەتوانێت و توانای کاراکردنی جیاوازی هەیە ، بەڵام بەو مەرجەی کە جیاوازی ملکەچی یاسای نێگەتیڤ بێت . جیاوازی هێگڵی یان جیاوازی لای هێگڵ وەک ئەوەی ژاک دوریدا دەیبنێت : جیاوازییەکە لە خزمەتی ئامادەبون و ئامادەگیدایە ، یاخود پرۆسەیەکە بە مەبەستی بیناکردنی مانا.ئەمەش ئەو پێچەوانەیی و ناجۆرییەیە لە ناو خودی جیاوازیدا هەیە . هێگڵ جیاوازی لە ناو نەفی دوبارەو نەفی دووجادا دیڵ دەکات .” نەفی نەفی ” لە ناو بازنەو چوارچێوەی مەعریفەی ڕەهادا زیندانی دەکات . تەنیاو تەنیا یەک بازنەو چوارچێوە . کۆکردنەوەی جیاوازییەکان لە ناو یەکێتی و وەک یەکبون و وێکهاتوەوە و هاوشێوەییی . هەر ئەم هۆکارە بوو وای لە فەیلەسوفانی جیاوازی ( فۆکۆ ، دولوز ، لیوتار ، دوردیدا ) کرد لە نەفی ژیان و نێگەتیڤ هەڵبێن. هەڵهاتن و بەرەنگاری لە پێناو ڕزگار بون لە پاوانخوازی و توغیانی هێگڵی .
لیوتار لە کتێبی هەلومەرجی پۆستمۆدێرندا La Condition postmoderne ) سەرەنجی توێژەرانی بە لای خۆیدا ڕاکێشا . لە ساڵی 1979 ئەو کاتەی ئیدیا و بیرکردنەوە سەرەکییەکانی لە ناو شەپۆل و تەوژمی پۆستمۆدێرنیزمدا خستە بەرچاو . تێزگەلێک کە ڕەخنەبون لە بەهاکانی ڕۆشنگەری ، لە ئەقڵ و پێشکەوتن و مێژوو ئازادی . لیوتار تا ئەو شوێنە ڕۆیشت کە پرۆژەی ڕۆشنگەری شکستی هێنا ، شکستێک کە لە جەنگەکان ، و بەربڵاویی و بڵاوبونەوەی برسێتی و نەخۆشی و دەیان کارەساتی تردا خۆی مانێڤست دەکرد . کۆی ئەم دراوانە وای کرد کە هەلومەرج و دۆخێک بخولقێت : بێ متمانەیی باڵ بە سەر سەرجەم بەدیهاتو و خولقێنراوەکانی مۆدێرنێتێدا بکێشێت . تەنانەت ئەو بەرهەمهاتوو دراوانەی کە دەکرا لە هەندێگ شوێندا لایەنی پۆزەتیڤی مۆدێرنیتێ بن لە : پێشکەوتن و دیموکراسی و ئازادی و پشکەوتنی زانستەکان . بۆ لیوتار چەمکی مۆدێرنیتێ بریتییە لە کۆی ئەو فۆرمیولە بون و شکڵبەندیانەی کە ڕەوایەتی و شەرعییەت و ئەفسانەیی بونی خۆی لە چیرۆکە گەورەکانەوە وەردەگرێت ، شەرعییەتی لە ” میتا – حیکایەتەکانەوە ” وەردەگرێت ، لە وێنەی سوژەو خودی ڕەها ، ئەقڵی ڕەها ، ڕۆحی ڕەها ، حەقیقەتی ڕەها ، لیوتار کۆی ئەم فۆرمەی حیکایەت و گوتارە گەورانەی دەگەڕاندەوە بۆ فەلسەفەو بەهاکانی مۆدێرنیتێ .. لێرەوە لیوتار کە باسی پۆستمۆدێرنیتێ دەکات و دیاری دەکات بەوەی :” گومانکدرنە لە میتا – حیکایەتەکان . ئەم گومانکردنەش …. بەرهەم و دەرئەنجامی پێشکەوتنی زانستەکان بوو “. وەستانی لیوتار لە سەر زانستە ورد و ئەزمونییەکان ، لە سەر مەعریفەی زانستی وەک ئەوەی هۆکارێکی بنەڕەتی و سەرەکی بێت لە گواستنەوەو دابڕان بۆ دۆخ و قۆناغێکی پۆست پیشەسازی.هەر سەبارەت بە مەعریفەی زانستی لیوتار پرسی شەرعییەت و دەسەڵات و پەیوەندییان بە زانستەوە خستە بەرباس و توێژینەوە ، وە پێداگیربوو لەوەی کە پێویستە ئەم مەعریفە زانستیانەش ببستینەوە بە هەلومەرج و کۆنتێکستە سۆسیۆلۆژییەکانەوە . بۆ لیوتار تێگەیشتن لە مەعریفە مومکین نییە ئەگەر کۆمەڵگە ئامادەگی نەبێت. بە رمەبنای ئەوەی باسمانکرد لیوتار وای دەبنێت کە پۆستمۆدێرنیتێ ناگەڕێتەوەو پشت ئەستور نییە بە ” میتا – حیکایەتەکان ” پشت ئەستور و پشت قایم نییە بە حیکایەتە گەورەکان ، هێندەی ڕەوایەتی و پشت ئەستوری خۆی لە حیکایەتە بچوکەکانەوە وەردەگرێت . ئا لێرەوە حیکایەتە گەورەکان شوێنی پێ چۆڵکرا ، پاشەکشەی کرد بۆ حیکایەتە بچوکەکان ، ئەمەش جێکۆڕکی و شوێنگۆڕکی بوو لەوەی پارچەو بەشەکان شوێن گشت بگرنەوە ، فرەیی جیگەی ” یەک ” بگرێتەوە. جیاوازی جێگە بە وەکیەکی و تەماهی و هاوشێوەیی چۆڵبکات . لیوتار هێرشێکی سەرەسەختانەی کردە سەر بون و هەبونی ” مافێکی گەردونی وەک بنەمایەک بۆ کار ، وای دەبینی کردەیەکی دادپەروەرانە داننانە بە جیاوازییە ڕیشەییەکانی نێوان تاک و کولتور و سیستەم و ڕژێمەکان ، ئەم مافانەش لە ناو گوتاری یەک مافی و مافێی گەردونیانەدا چێ نابێت و جێگەی نابێتەوە “.
بۆ لیوتار حیکایەتە گەورەکان دوو شێوازی گوتار بون :
1 – گوتارێکی سیاسی لە وێنەی ” حیکایەتی ڕۆشنگەری “، حیکایەتی ڕزگاربون و ئازادبونی مرۆڤایەتی ” کە لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسییەوە سەرچاوەی گرتبوو ، لە سەدەی هەژدەدا :” ئەو حیکایەتەی کە پاڵەوانێک تێیدا ڕۆڵگێری سەرەکییە ، وە کارو وەزیفەی گەیشتنە بە ئامانجێکی مۆراڵی – سیاسی باش کە ئاشتییەکی گشتگیرە ، ئاشتییەکی سەراپاگیر ، ئاشتییەکی یونیڤێرساڵی . ئەمەش بۆ لیوتار میتا = حیکایەتێکی سیاسی وەهمییە .
2 – گوتارێکی فەلسەفی تێڕامان و بیرکردنەوە . سەبارەت بەم گوتارە لیوتار ” حیکایەتی یەکێتی بیرکردنەوە تێڕامان ” دێنێتەوە ، وەک فەلسەفەی مێژوو لای هێگڵ . کاتێک کە مێژوو وەک مانێڤستبونی ڕۆحی ڕەها دەبینرێت . سەرباری ئەمە دیدە هێگڵییە لیوتار باس لە کۆی ئەو فەلسەفە تێڕامانیی ئەو فەلسەفانەش دەکات کە لە سەر بنەمایەکی کەڵکەڵەو خولیای گشتگیری و سەراپاگیری بەندن و بونیاد نراون . وە فەلسەفەی مارکسییش کە لە کۆتاییدا وەک تیۆرێکی گشتگیرو سەراپاگیر دەرکەوت ، سەرباری سروشتە ڕەخنەییەکەی لە هەندێک وشوێندا .
بە هەمان شێوە لیوتار ڕەخنەی لە مێژوو فکری مێژویی و مانێڤستبونی مێژو و ماهیەت و جەوهەرەکان دەگرت . ڕەخنەی لە مێژوییەکی گەردونی و جیهانی ، مێژوویەک کە تەجەللای ماهیەتێکی گەردونیانەو یونیڤێرساڵی بکات . حیکایەتە گەورەکانی لە چەشنی ئازادی و ڕزگارکردن و ڕزگاربونی پرۆلیتاریای دونیا . ” مرۆڤ مێژوویەکی سەراپاگیر و کوللی گریمانە دەکات ، گروپێکی تایبەت لە نێویدا تۆماردەکات و دەیخاتە ناوییەوە بەو پێیەی چرکەساتێکە لە چرکەساتەکانی سەیرورەی گشتگیرو کوللی سەرجەم مرۆڤایەتی ، ئەمەش ئەو کێشە و گیروگرفتە گەورەی ئەو حیکایەت گەورانەن کە دەسەپێنرێن بە سەر مێژوویی مرۆڤایەتیدا “. نمونەی ملاملانێ لە پێناو ڕزگاربونی چینی پرۆلیتاریا وەک تاکە مۆتیڤی جوڵاندنی مێژوو ، دەوڵەت وەک ماهییەتێکی مانێڤستبوی ڕۆح و ئەقڵ ، ئازادی و لیبرالیزم وەک تەنیا وەزیفەی بەرزو نزمی مێژوو .” بەمشێوەیە ئەفەرۆزکردنی میتا – گوتارەکان/ میتا حیکایەتەکان بەرگریکردنە لە تێزی بونی چەندین حیکایەت و چەندین مێژوو و چەندین گوتاری جیاوازو بچوک بچوک.ئەمەش دیدێکی ئەنترۆپۆلۆژیانەیە بۆ مێژوی مرۆڤایەتی . بەمشێوەیە ئەوەی هەیە هیچ نییە جگە لە فرەیی و جیاوازی . بۆ لیوتار بەرمەبنای پشت ئەستوری بە کارە دوایینەکامی ڤیتگنشتاین ، ڤیتگنشتاینی دووەم ، بڕوای بە گەمەی زمان و گەمەی بەکارهێنانی زمان و زمانەوانی هەبوو ، بۆیە بۆ لیوتار هەموو گوتارێک تەنراوە ، چوارچێوە دراوە بە یاری زمان و هەرئەمەش ناچارمان دەکات گومان بکەین . لە نێویشیاندا تەنانەت گوتاری زانستی و مەعریفەو مەعریفەی زانستیش . لەمبارەیەوە لیوتار گرنگییەکی گەورەی بە زمان و شیکاری زمانی و زمانەوانی داوە لە پێنج هەنگاودا ، باسی لێوە کردون وەک پرۆسەیەک کە ناوی ناوە ( نا توانایی و پێکەوە هەڵنەکردن لە گەمەکانی زماندا ) . ڕاگەیاندن و بانگەشەکردن بۆ کۆتاییەکانی ئیدیای پێشکەوتن و ئەقڵانیەت و ئازادی لە چییەوە دێت ؟ کاتێک تەماشا دەکەین مرۆڤایەتی ئەو ئەفسانەو وەهمانەی لە دەستدا کە بڕێکی باش ئارامی پێبەخشیبوو ، لە بری ئەمان گوتارێکی تر کرا بە ئەفسانە و ئاین ، زانست و مەعریفەی زانستی وەک حیکایەتێکی گەورەی ناو مۆدێرنیتێ دەرکەوت ، بەڵام بەرئەنجامێکی کارەساتاوی لێکەوتەوە ، ئیتر ئەم حیکایەتە گەورانە ڕەوایەتی و ئومێد بەخشینیان ئاوابوو . لێرەدا حیکایەتە گەورەکان و میتا حیکایەتەکان ئاوا بون . ( Metarecits / Grands recits) . مومکین نییە لە پاش ئەو هەموو جەنگ و خوێن و کوشتن و کوشتارو برسێتی و نەخۆشییانە بیر لە ئایندە بکرێتەوە . ناکرێت لە پاش ئەو هەموو سیستەمە تۆتالیتارو شمولییەی وەک نازیزم و فاشیزم و ستالینیزم بیر لە ئایندە بکرێتەوە . بەمشێوەیە مرۆڤی پۆستمۆدێرن ناتوانێت متمانە بە حەقیقەت و پێشکەوتن و شۆڕش بکات . متانەی بە زانستە نوێ و هاوچەرخەکان نەما . لە پاش ” ئۆشفیترز ” ” هۆڵۆکۆست ” تەنانەت بیرکرنەوەش بووە بە کارێکی زەحمەت . لێرەدا لیوتار دەیوست ڕاپۆرتێک لە بارەی ڕەوشی زانست و مەعریفەی زانستی سەدەی بیستەم ئامادە بکات . تەنانەت خودی مەعریفەی زانستی بوو بوو بە حیکایەتێکی گەورە .
مەبەستی لیوتار لەم حیکایەتە گەورانە چی بوو ؟ مەبەستی لە م میتا گوتار و میتا حیکایەتانە چییە ؟ بۆ لیوتار حیکایەتە گەورەکان ئەو گێڕانەوەو چیرۆکانەن کە وەزیفەو کاریان شەرعییەتپێدان بوو بە مۆدێرنیتێ . بە بەرداکردنی ڕەوایەتییەک بۆ بەردەوامی و ئومێد پێ بەخشینیان . بۆ لیوتار لە ناو حیکایەتە گشتییەکاندا ڕەگەزێکی میتافیزیکی هەیە کە ناکرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت ، جێگەی ڕەخنە لێگرتن نییە ، وە هەیمەنە کردنی ئەم حیکایەتە گەورانە لە سەر حسابی حیکایەتی تر . حیکایەتە گەورەکانی وەک دێالێکتیکی ڕۆح و ڕاڤەو شیکاری مانا ، هێرمۆنیتیکای مانا ، ڕزگارکردن و ئازادکردنی سوژەی ئەقڵانی … وەک لە پێشو تر باسمانکرد سەرجەم ئەم حیکایەتە گەورانە پشت بەستو گەڕاوەن بۆ بەهاکانی ڕۆشنگەری .
” ئیتر ئێمە ناتوانین پشت ئەستورو پشت بەستو بین بە حیکایەتە گەورەکان ، ناتوانین و ناکرێت بگەڕێینەوە بۆ دیالێکتیکی ڕۆح ، تەنانەت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی وەک پاساوێک بۆ ڕەوایەتی و ڤالیدیتێی گوتاری زانستی پۆستمۆدێرنیتێ ، بەڵام وەک ئەوەی لە پێشوتردا بینیمان ، حیکایەتە بچوکەکان دەبنە فۆرمێکی جەوهەریانەی داهێنان و خولقاندن ، بەتایبەت لە زاسنتدا”. پۆستمۆدێرنیتێ و کۆتایی و ئاوابونی حیکایەتە گەورەکان لای لیوتار لە نا ئامادە یی و غیابی بنەماکاندا دەردەکەوێت . نوسەرێک ، هونەرمەندێک ” بە بێ بنەماو یاسا کاردەکەن لە پێناو داڕشتنەوەی بنەمای تر . بەمشێوەیە پۆست مۆدێرنیتێ دروشمی سەرەکی و بنەڕەتی خۆی ڕادەگەیەنێت : “جەنگێک دژ بە سەراپاگیری و کوللەیت بەرپا بکەین ، با ببین بە گەواهیدەری ئەو شتانەی کە ناچنە ژێر بارو ڕکێفی پێشکەوتنەوە ، جیاوازییەکان چالاک بکەین ، ئەمەش لە پێناوی بەرزڕاگرتنی بەهای فرەیی و بەش بەشی “. پەیوەندی نێوان مۆدێرنیتێ و پۆستمۆدێرنیتێ بۆ لیوتار دابڕان و لێکترازان بوو. بە شێوەیەک مۆدێرنیتێ داڕوخا ، وە هێماو نیشانەیەکی گەورە بۆ داڕوخانی مۆدێرنیتێ و مۆدێرنیزم ” ئۆشفیتز ” بوو . سەرکەوتنی تەکنیکی زانستی سەرمایەداری ڕێگەیەکی تر بوو بۆ داڕوخان . بە هەند وەرگرتن و وەستان لە سەر سەرکەوتن پێوەری سەرەکی بوو ، بێ ئەوەی بیربکرێتەوە ، یان ئەوە ڕون بکرێتەوە کە سەرکەوتن چییە ؟ ، دادپەروەری و حەقیقەت چین ؟ بە شێوەیەک سەرکەوتن بوو بەو بنەمایەی بنچینەکەیمان لە بیرکرد . مۆدێرنیتێ بۆ لیوتار قۆناغێک نەبوو ، بەڵکو تەرزو پارادایمێکی بیرکردنەوەیە کە دەگەرێتەوە بۆ دیکارت و ” خودی عارفی” دیکارتی . مۆدێرنیتێ بۆ لیوتار ” ئێمە ” ی گۆڕییە سەر ” گشت “. بۆیە داوای پێداچونەوەو گەڕانەوە دەکات بە سەر ئەو ” ئێمە” یەدا . چون یاسای ئێمە نەک تەنیا تایبەت بوو بە خۆمان ، بەڵکو ، بە سەر ئەوانی تریشد سەپێنرا بە بێ گوێدان و بێ پرسین لە پرسی شەرعییەت . ڕویەکی تری ئەم مێژووە جیهانی و گەردونییەی مرۆڤ لە کوللییەت و سەراپاگیری و پرەنسیپی شوناس و ناسنامەدا دەردەکەوێت . ناسنامەیەک کە هێگڵ دایڕشتبوو ، چوارچێوەکانی بۆ دیاریکردبوو ، بە تایبەت لەو شوێنەی کە پێی وایە هەموو شتێکی ئەقڵی واقعییە ، وە ئەوەی واقعییە ئەقڵییە . لیوتار ئەمە ڕەت دەکاتەوەو پێی وایە ڕودای ” ئۆشفیتز ” ئەم تیۆرە ئەفەرۆز دەکات ، یان بە لای کەمەوە ئەو تاوانەی کە ڕویداوە مەعقول نییە ، ئەقڵانی نییە . سەرباری ئەمەش دژ بەو تێزە مارکسییە دەوەستێتەوە کە پێی وایە ئەوەی پرۆلیتاریا بێت کۆمۆنیستە ، ئەوەی کۆمۆنیست بێت پرۆلیتاریشە ، لیوتار بە پشتبەستن بە ڕوداوەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی دژ بەمە دەوەستێتەوە ، کۆمەڵێک ڕویدا کە ماتریالیزمی مێژوویی بە درۆ دەخەنەوە ( بەرلین 1953 ، بۆداپست 1956 ، چیکسلۆفاکیا 1968 ، پۆلۆنیا 1980 . وەک چۆن بە هەمان شێوەش حیکایەتی گەورەی لیبرالیزمی ڕەت دەکردەوە ، ڕەت کردنەوەی تیۆری ئابوریی ، ئەو تیۆرە ئابورییەی لە سەر بنەمای بەرچاوخستن و خواست بەند بوو . کۆی ئەم نیشانەو هێمایانە باشترین گوزارشتن لە سەر مایەپوچی و کەوتنی مۆدێرنیتی و ئەو حیکایەتە گەورانەی بکە دراوی مۆدێرنەبون .
سەرچاوەکان :
1-Jean francois lyotard:La Condition postmodern : rapport sur le savoir، Paris، Minuit، 1979
2- Jean francois lyotard ،Le Différend، Paris، Minuit، 1983.
3- Le postmoderne expliqué aux enfants : Correspondance 1982-1985، Paris، Galilée، 1988.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت