Fatih-Hesen

فەتاح حەسەن : چێشتخانەی ژێر دەمژمێرەکە .

فەیسبووکەچیرۆك- ٩ 

چێشتخانەی ژێر دەمژمێرەکە .
باڕی سەرسوچەکە ، پیزەری ٢٠٠٠ ( ساڵی کردنەوەی ) ، سەرتاشخانەی ٧٤ ( ژمارەی دوکانەکە) ، ئەم جۆرە ناوانە ، لە کۆبنهاون و شارەکانی دیکەی دانیمارك دا دەبینرێت ، وەنەبێت ناو چوبێتە قاتی ، بەڵام وەك شتێك ئەو ناولێنانە بوە بەباو ، ( چێشتخانەی ژێر دەمژمێرەکە) ش کە دەکەوێتە سوچی یەکێك لەگۆڕەپانەکانی کۆبنهاون ، یەکێکە لەو چێشتخانانەی خواردنەکانی بە تامە و تاڕادەیەکیش هەرزانە هەربۆیە ( ئەرجومەن ) ، ( کە پیاوێکی هندی تەمەن چل و حەوت ساڵ بوو) ، کردبوویە پیشە هەفتەی دوو جار خۆی لێتێردەکرد و دوو بیرەشی بەسەردا دەکرد.
ئێوارەیەك ، زۆر هەستی بە تەنیایی دەکرد، هەرچەندە زۆریشی برسی نەبو ، قاچەکانی بەرەو چێشتخانەکە رایکێشا . گارسۆنێکی کچ فەرموی لێدەکات و ( مینیۆ ) یەك دەخاتە سەرمێزەکەی، کاتێك سەرهەڵدەبڕیت ، چی ببینێت .. نازانێت سەیری کوێی بکات بە پەشۆکاوییەکەوە بە هە‌ڵەوگەڕاوەیی چاوێك بە مینیۆکەدا دەخشێنێت چاوێکیشی لەسەر بەژنی گارسۆنەکە ئەبڵەق دەبێت . بەدەنگێکی لەرزۆکەوە .. ئا بەڵێ ، دەکرێت کەمێکی تر بێیتەوە ، کچەش بەدەم خەندەیەکەوە سەری رەزامەندی بۆ دەلەقێنێت. ( مرۆڤە تەنهاکان زۆربەیان لەبەرخۆیانەوە قسەدەکەن هەندێکیان لەناخەوە هەندێکیان لێوەلەرزەی بۆدەکەن هەندێکیشیان بەدەنگێکی بیستراو).
بەلێوەلەرزە کەوتە دواندنی خۆی، زیاتر لە دوو ساڵە هاتوچۆی ئێرە دەکەم جوانی بەم شێوەیەم نەدیوە، زۆر سەرنج راکێشە، دەی بە من چی!! کچێکی وا شۆخ و شەنگ چۆن لوت بەمن دا دەهێنێت، هەنوکە دڵخوازی خۆی هەیە، پێدەچێت تەمەنی هەر بیستو پێنج بەهار بێت ( لەم وڵاتەدا بۆ یەکتر ناسین دوای زانینی ناوی یەکتر یەکسەر دەڵێت تەمەندت چەندە؟ بۆ پەیوەندی بەستنیش تەمەنی کوڕ و کچ زۆر لەیەکەوە نزیکە) ، هەربۆیە لێوە لەرزەیەکی تری بۆکرد، چیداوە لەبەتەمەنێکی وەك من، خۆم توشی سەرئێشەناکەم ، تەنیایی و نامۆییەکە بۆ من باشترە لە راکردن بەدوای سێبەردا، نانی خۆم دەخۆم، سەری خۆم کزدەکەم و لۆژ لۆژ دەچمەوە بۆ لای خۆشەویستەکەم ، ژورە تەنهاکەم کە: هەرگیز لێم وەڕس نابێت.
هەر بەدەست بەرزکردنەوەیەك هەمان گارسۆن وەك پەیکەر لەبەردەمیدا چەقی، بێئاگایەنە خواردنی ژمارە بیستوپێنجی هەڵبژارد، رۆژی دایە دەم هەفتە لە هەینییە خوانێکی ئێوارەدا هەمان گارسۆن خوانێکی ناوازەی بۆ ئامادەکرد ، پاش هەڵدانی دو بیرە ، وتی حساب، لە وەڵامدا وتی : – حسابی ئەم ئێوارەیەت لەسەر منە ، ئەگەر پێشتخۆشبێت سبەینێ پشوم، کاتژمێر هەژدە ( شەشی دوای نیوەڕۆ)، قاوەیەك لە ماڵەوە پێکەوە دەخۆینەوە، ئەمەش ناونیشانەکەمە:- … …. …. …ئەرجومەن وەك هەنگوینی لە کلۆرەداردا دۆزیبێتەوە، لە خۆشیدا لەبیری کرد کچەکە دانیمارکیە بە هندی وتی : (تیکهێ) .. دەستی راستی نوقاندو لەسەر مێزەکە توندی کردو وتی : باشە زۆر سوپاس .
بۆ سبەینێکەی، هەر لە عەسرەوە ئەرجومەن لە بیری ئەوەدا بو چ جۆرە گوڵێکی بۆ بکڕێت، چ بەرگێك بپۆشێت .. ئەبێت ماڵەکەی چۆن بێت، تەنها بێت .. جێگەی بەخۆی نەدەگرت تەلەفزێۆنەکەی دادەگیرساند لاپتۆپەکەی دەکوژاندەوە، هێندەی نەدەبرد تەلەفزێۆنەکەی دەکوژاندەوە لاپتۆپەکەی دادەگیرساند، پاش خۆگۆڕین لە ماڵ هاتە دەرەوە و، لەبەر ئەوەی دوو دڵ بو لە کڕینی جۆری گوڵ، بۆنێکی ( دیۆری فەرەنسی) لە سوپەر مارکێتیك کڕی و بەڕێکەوت بەرەو ناونیشانەکە.
دەستینا بە زەنگی شوقەکەدا،کچە فەرموی لێکرد، جلێکی ئاسایی پۆشیبو، کتێبخانەیەك دیوارێکی هۆڵەکەی داگیرکردبو مێزێکی بە بوتڵیك شەراب و دوو پەرداخ و دوومۆمی سپی رازاندبۆوە، پاش ئەوەی دوو پێك شەرابی سوریان بەیەکەوە خواردەوە، کچەکە لە چێشتخانەکەوە بە دەنگێکی بەرز پرسیاری کرد قاوەکەت چۆن بێت ؟ دوو قاوەی لەسەر سینییەکی ئەنتیك هێناو یەکێکیانی لەبەردەم ئەرجومەن دا دانا، قەوانێکی مۆسیقای کلاسیکی خستە سەر گرامافۆنی گۆشەیەکی هۆڵەکە و بە بزەیەکەوە وتی : – ئەگەر خۆم لە ماڵەکەدا نەبم هەرکەسێك بێت چاوبگێڕێت بە ماڵەکەدا دەڵێت گومانم نییە ئەوەی لەم ماڵەدا دەژی تەمەنی لە سەرو پەنجاوەیە، لە راستیدا لای من تەمەن تەنها ژمارەیە و هیچی تر.
ئەرجومەن ، بەدوا رستە زۆر دڵخۆش بوو، بەڵام وەك خوێندکارێکی گوێڕایەڵ گوێی شلکردبوو بۆ کچەکە تا لە رێگەی قسەکانییەوە زیاتر ئاشنای بێت، بەدەم خواردنەوەی قاوەکەوە چاوی دەگێرا بە دیکۆری ماڵەکەدا، چاوی نیشتەسەر چوارچێوەیەك چەند وێنەیەکی رەش و سپی لەخۆگرتبو، زۆر سەرنجی راکێشاو بەرەو خۆی کێشیکرد، قومێکی لە قاوەکەدا و بەکچەکەی وت : – دەتوانم سەیرێکی ئەو وێنانە بکەم ؟ ئەویش بەدەم خەندەیەکەوە، وەك بڵێی خۆی ئامادەکردبێت بۆ ئەو پرسیارە، ئەی بۆ نا!! هەر زۆر ئاساییە، دەمودەست کچە هەستاو، چوارچێوەکەی بۆ داگرت. لەتەك سەیرکردنی وێنەکاندا بەچاویش دەیژمارد وێنەی پاکستانییەکی هاوڕێی سەرنجی راکێشا، پەنجەی خستەسەرو – وتی:- ئەم کوڕە چۆن دەناسیت؟ کچەکەش کەوتە گێڕانەوەی بەسەرهاتی چۆنێتی ناسینی کوڕە پاکستانییەکە، ئەویش بە واقوڕماوییەوە دەیڕوانیە کچەکە. قومێکی لە قاوەکەداو بە ئەرجومەنی وت دوای ئەوەی ئەتۆش چۆنێتی هاتنی خۆتم بۆ دەگێڕییەوە دەیکەمە چیرۆکێك و پێویستم بە وێنەیەکی رەشوسپی تۆش دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی . ئەرجومەن سەری رەزامەندی بۆ لەقاندو ، چوارچێوەکەی لەشوێنی خۆی هەڵواسییەوە، پاش نزیکەی کاتژمێرێك، کچە ناو بەناو سەری هەڵدەبڕی بۆ کاتژمێری سەر دیوارەکە. ئەرجومەن هەستیکرد دانیشتنەکەیان زۆری خایاندووە، حەزی نەدەکرد ببێتە میوانێکی رەزاقورس، هەربۆیە پرسی لەوە دەچێت وەختت نەمابێت، ئەویش بۆ دواجار سەیری کاتژمێرەکەی کردو – وتی:- نیوکاتژمێری دیکە دەبێت بچم بۆ وەرزش.ئەرجومەن هەردودەستی خستە سەر هەردوو دەسکی کورسیەکەی و هەستایە سەرپێ، دەستی تەوقەی بۆ درێژکرد و – وتی وەرزشێکی خۆش ..لەوەڵامدا ئەویش وتی سوپاس رۆژێکی باش بۆ تۆش.ئەرجومەنیش بەدەم پێکەنینەوە لەناو دەرگاکەدا وتی : هەروەها بۆ تۆش.

تاکێك پێڵاو
چاوت نەفڕێت خاوەنی ئەو تاکە پێڵاوە لەکوردستان نییە، بەهۆی مینەوە، شەڕی ناوخۆوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەوە یا تەقەی خۆشییەوە لەپێناوی هیچدا قاچێکی لەدەستدابێت. منداڵێکی ژیکەڵەی هەشت نۆ ساڵان بوو خێرا خێرا دەرگای دۆڵابی جلەکانی خۆیو باوکی دەکردەوەو دایدەخستەوە، باوکیشی بەهێمنی دەیوت بەسە کوڕم بەس . جلەکانیان خستە دۆڵابەکەیان و هێواش هێواش بەرەو بەشی مەلەوانگەکە کەوتنەڕی، منیش سەرپێیەکانم کرد بەسەر پێمەوەو مەلەوانگە خۆتبگرەو هاتم ، لەبەرئەوەی زۆرنەبوو فێری مەلە بووبووم زۆرم دڵ پێیخۆشبوو، کردبوومە پیشە هەفتەی سێجار بۆی دەکشام . کەدەمبینی ئەو منداڵە وا لێزانانە مەلەی دەکرد، بەخۆم دەووت بڵێیت منیش فێربم وەك ئەو چاونەترسانە خۆهەڵدەمە ناو ئاوەکەو پشتەمەلە بکەم؟!کاتی مەلەکردنم تەواوبوو، وەك هەموو جارێك چومە ساوناکە، پانزەخولەکێکیش لەوێ مامەوە ، سەرتاپای گیانم بووبوو بە ئارەق، چومە ژێر دووشەکەو بەئاوێکی شلەتێن خۆم شت، کاتێك ئاوڕمدایەوە ، دەبینم منداڵەکەو باوکی خۆیان دابوە بەر دوشەساردەکە، من لەجێی خۆمەوە موچوڕك بە لەشمدا دەهات و خۆزگەشم پێدەخواستن، چونکە خۆدانەبەردوشی سارد گەلێك سودبەخشە بۆ سووڕی خوێن و دروستی لەش، خاولییەکەم دا بەشانمدا، بەڕێکەوتم بۆ دۆڵابی جلەکانم، خۆم وشك دەکردەوە، ، منداڵە هەر قسەی دەکردو باوکەش دەیگوت ئێ باشە کوڕم، خۆیان وشك دەکردەوە – کوڕم نێوانی پەنجەکانی پێت باش وشك بکەرەوە، با وەك براکەت تووشی کەڕوو نەبن+ بەخۆخاوکردنێکەوە ، باشە بابە .. – درەنگە باوکەکەم.. سەیرێکی کاتژمێری مۆبایلەکەی کرد تەنها دوو خولەکت هەیە دەی پێڵاوەکانت لەپێکە، قەیتانی تاکێکیانی دەبەست، باوکەکە سەیرێکی کاتژمێرەکەی کردو تاکەکەی تری هەڵگرت، بابڕۆین!! + بێنە بابە ، با ئەوی تریش لەپێکەم
– نەخێر شتی وانیە ، پێشمکەوە دەی لە ئۆتۆمبیلەکەدا لەپێیکە .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies