سیروان عەبدول : بکوژان لە پرسەی کوژراواندا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ڕووکەشدا خۆشبەختانە پێدەچێت کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ، وە بەتایبەت زۆرینەی سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی کورد ، دژ بەو هێرشە بن کە کرایە سەر گۆڤاری « شارلی ئیبدو » لە پاریس. بەڵام لە قوڵاییدا بەداخەوە پێدەچێت کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ، وە بەتایبەت زۆرینەی سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی کورد ، ( بەئاگاییەوە یان بێئاگا ) لە سەنگەری ئەو بەهایانەدا بن کە ئەو جۆرە هێرشە مومکین دەکات .

٭        ٭        ٭

دۆزی گۆڤاری « شارلی ئیبدو » سەبارەت بە مافی وێنەکێشانی کاریکاتێرانەی پێغەمبەری موسڵمانانە و، ئەو کاریکاتێریست و ڕۆژنامەنووسانە لەسەر پێداگرییان لەسەر ئەو مافەیان کوژران . بە داڕشتنەوەیەکی تر بیڵێم : ئەو دۆزە سەبارەت بە مافی دەربڕین و سەبارەت بە لایەنگریی یان پشتتێکردنی ئەو مافەیە ، نەک سەبارەت بە دروستیی یان نادروستیی بەکارهێنانی چەک و توندوتیژیی ، ( وەک چۆن زۆرێک لە کۆمەڵگای کوردییدا دەیانەوێت وێنایەکی وای لەسەر بدەن ). بۆیە پێوانەی ئەوەی کە ئایا کەسێک یان تەرەفێک بەحەقیقەت دژ بەو هێرشەیە کە کرایە سەر ئەو گۆڤارە یان لەگەڵێتی ، نابێت هەر ئەوە بێت کە ئایا سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات یان نا، بەڵکو دەبێت ئەوە بێت کە ئایا کار بۆ ئەوە دەکات تۆڵێڕانس بۆ وێنەکێشانی کاریکاتێرانەی پێغەمبەری موسڵمانان هەبێت یان نا .

ڕاستییەک کە کەسێک ناتوانێت کۆک نەبێت لەگەڵیدا ئەوەیە کە پەنابردنی تیرۆریستانی پاریس بۆ توندوتیژیی و تیرۆر، ڕاستەوخۆ ئاکامی ئەوەیە کە ئەو کەسانە قەناعەتێکی وایان هەیە (یان ڕاستتر بیڵێم: قەناعەتێکی وایان لا دروست کراوە) کە ئەو گۆڤارە نابێت ئەو جۆرە لە مافی دەربڕینی هەبێت کە هەستی ئەو پێی بریندار بێت. ئەم تەحەمولنەکردنەی ئازادیی دەربڕینەیە کە پەڕینەوە لە تووڕەییەوە بەرەو تیرۆر تەواو ئاسان دەکات. لێرەوەیە من پێموایە سەرکۆنەکردنی ئەو کارە تیرۆریستییەی پاریس لەلایەن ئەو کەس و تەرەفانەوە کە لەهەمانکاتدا داوای «ڕێزگرتن لە بێتۆڵێڕانسیی » ئیمانداران دەکەن و کاری بۆ دەکەن و پێش ئازادیی دەربڕینی دەخەن، وەک ئەوە وایە لە پرسەی کەسێکدا بەشدار بیت کە خۆت زەمینەسازییت بۆ کوشتنی کردبێت .

سەرکۆنەکردنی ڕاستگۆیانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی پاریس بەوە دەبێت بچیتە پشت ئەو بەهایانەی کە شەرعییەت بۆ ئەو زیادەڕۆییەی تیرۆریستان نا‌هێڵێتەوە. بەو ئەندازەیەی کۆمەڵگا بتوانێت قەناعەتێکی وا لە زیهنی خەڵکەکەیدا جێ پێ بگرێت کە «مافی هەستبریندارکردن» و «تەشهیر» دوو شتی تەواو پێچەوانەی یەکترن و، «مافی هەستبریندارکردن» بەشێکە (بگرە بەشێکی گرنگە) لە ئازادیی دەربڕین، بەو ئەندازەیە تیرۆریستان بەرەیان چۆڵتر دەبێت و ئەو کۆمەڵگایە پارێزراوتر دەبێت لە تیرۆریزم و لە توندوتیژیی سیاسیی. دیارە ئەمە پێچەوانەکەشی بە هەمان ئەندازە ڕاستە .

٭        ٭        ٭

بۆ بینینی ئەوەی کە ئایا تیرۆریزم لە کوردستانی ئێمەدا بە چی ئاستێکی خەتەرناک زەمینەی هەیە، گرنگە ئەو ڕاستییە ببینین کە بەشی هەرە گەورەی کۆمەڵگای ئێمە و، تەنانەت بەشی هەرە گەورەی سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانیشمان، هەستبریندارنەبوونی ئیماندارانیان بەلاوە گرنگترە لەوەی هاوڵاتییان مافی ئەوەیان هەبێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەستی ئیمانداران، هەموو حەرامەکانی ئاینەکان پشتگوێ بخەن و هەر توڕەییەکیان لە ئاین لە دڵدایە ناتوندوتیژانە دەریببڕن. وەک بەڵگەی ئەمە کەسێک دەتوانێت ئاسان ئەوە ببینێت کە سەرکۆنەکردنی بەناو «توندڕەویی عەلمانیی» لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە و پێداگریی لەسەر گرنگیی ڕێزگرتنی هەستی ئاینیی ئاینداران، هەمیشە ئەو بەهایەنە بوون کە داوا کراوە ئازادیی دەربڕین لەئاستیاندا بە پلەی دووەم بێت. ئازادیی دەربڕین بە پلەیەک پایەیەکی لاوازی لە کۆمەڵگای کوردییدا هەیە، کە تەنانەت هەرە ڕادیکاڵترین ڕەخنەگرانی ئاین لەو کۆمەڵگایەدا هەمیشە خۆیان تەوقی ئەوە دەخەنە پێی هەر ڕەخنەیەک لە ئاین کە دەڵێن «دەبێت ڕەخنەیەکی زانستیی و بەئارگیومێنت و هێمنانە» بێت.

٭        ٭        ٭

من هیوایەکم هەبوو کە ئەو هێرشە تیرۆڕیستییەی لە پاریس کرایە سەر «مافی هەستبریندارکردن»، دیبەیتێک لەناو ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی کوردییدا دروست بکات و، لەو دیبەیتەدا خەتەرناکیی ئەو جۆرە قسەکردنەی زۆربەی حیزبە سیاسییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی کورد دەرکەوێت کە لەم ساڵانەی دواییدا نامەسئولانە بەشێکی گرنگ لە ئازادیی دەربڕین، بە «سوکایەتیی» یان «دژایەتیی» ئاین ناو دەبەن. ئەمە چونکە ئەو ڕووداوەی پاریس ڕێک بەرجەستەکردنێکی زیندووی ئەو خەتەرە گەورەیە بوو کە ئەو جۆرە قسەکردنە نامەسئولانەیە دەربارەی ئازادیی دەربڕین بۆی هەیە لە کۆمەڵگایەکدا بیخاتەوە. بەڵام بەداخەوە، جۆری قسەکردنی ئیسلامی سیاسیی لە دۆزەکە و جۆری مامەڵەی سیاسەتمەداران و ڕاگەیاندنە کوردییەکان و فەزای گشتیی لەگەڵ دۆزەکەدا، گومانێکی وام لا جێدەخات کە کۆمەڵگای ئێمە بەئەنقەست لە هەوڵی ئەوەدایە نەهێڵێت ئەو ڕووداوە هیچ شۆکێکی بۆ دروست بکات و، لە هەوڵدایە تەنها لەڕێگەی سەرکۆنەکردنی توندوتیژیی و تیرۆرەوە، ئەمجارەش ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان لەو تۆمەتە ڕەوایەی ڕەخنەگران بپەڕێنێتەوە کە دەڵێت: کارکردنی ئیسلامی سیاسیی بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان لە ڕەخنە، بۆی هەیە ئاسان سەر لە توندوتیژیی و تیرۆرەوە دەربهێنێت .

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من ئێستاش چاوەڕوانیی ئەوەم هەیە ئەو کارە تیرۆریستییەی پاریس هەندێک لەو ڕۆشنبیرانەی بەئاگا هێنابێتەوە کە تا ئێستا لەبەر نابەرپرسیارێتیی و هەلپەرستییان نەبووە، بەڵکو لەبەر بێئاگاییان بووە لە خەتەرناکیی پشتچۆڵکردنی بەهای ئازادیی دەربڕین بۆ سەر کۆمەڵگا، کە بەسەر ئەو هەڵەیەدا چوون و بانگەشەیان بۆ ڕایەکی وا کردووە کە گوایە دڵڕاگرتنی یەکتر و موجامەلەی نێوان ڕا جیاوازەکان یەکێکە لەو نۆرمانەی کە ئاسایشی مەدەنیی لە کۆمەڵگادا جێ پێ دەگرێت .

ڕۆژانی داهاتوو دەریدەخات ئایا من لەم چاوەڕوانییەمدا بەهەڵەدا چووم یان نا .