Barzani-Erdogan

ڕیکەوتنە 50 ساڵەکەی نێوان پارتی و تورکیا ، کەکورد ئاگای لێی نییە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حكومه‌تێكی‌ كاربه‌ڕێكه‌ر بۆی‌ نیه‌ په‌نجا ساڵ هه‌رێم پابه‌ندبكات به‌رێكه‌وتنێكه‌وه

هێشتا په‌رله‌مان بێئاگایه‌ له‌ورده‌كاریی‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ماوه‌ی‌ 50 ساڵ له‌بواری‌ وزه‌دا كردویه‌تی ‌، له‌كاتێكیشدا ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ ئیمزاكراوه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كاربه‌ڕێكه‌ر بوه‌ ، به‌وته‌ی‌ په‌رله‌مانتارانیش “حكومه‌تی‌ كاربه‌ڕێكه‌ر مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نیه‌ ” ، ئاوێنه‌ش پوخته‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ .

ئامادەکردنی : هاوكار حسێن

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردویه‌تی‌ بۆ ماوه‌ی‌ په‌نجا ساڵ له‌گه‌ڵ توركیا ، هاوشێوه‌ی‌ هه‌مان ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌ كه‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌مان وڵات كردویه‌تی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 70 ساڵ . به‌ڵام له‌كاتی‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌دا ، حكومه‌ته‌كه‌ی‌ هه‌رێم كاربه‌رێكه‌ر بوه‌و ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ خاڵی‌ لاواز له‌م گرێبه‌سته‌دا .

له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تایبه‌ته‌وه‌ ئاوێنه‌ پوخته‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی‌ به‌رده‌ست كه‌وتوه‌ ، كه‌ تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ ، ” بۆ ماوه‌ی‌ په‌نجا ساڵ حكومه‌تی‌ توركیا پابه‌ند ده‌كرێت به‌وه‌ی‌ كه‌ رێگه‌بدات به‌گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ به‌رهه‌مهێنراوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ناو زه‌وییه‌كانیداو وه‌رگرتنی‌ ئه‌م نه‌وته‌ له‌به‌نده‌ره‌كانی‌‌و فرۆشتنی‌ به‌كڕیاره‌كان “.
رۆژی‌ 4 ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014 ، په‌رله‌مانی‌ كوردستان ، نێچیرڤانی‌ بارزانی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ حكومه‌تێكی‌ كاربه‌ڕێكه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌زیرێك بانگێهێشتی‌ په‌رله‌مان كران بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی‌ پرسی‌ وزه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ، چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ رێكه‌وتنه‌ په‌نجا ساڵیه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزاكردبو، هه‌ر له‌وێش بۆ یه‌كه‌مجار زانیاری‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ دركاند .
رۆژی‌ 1ی‌ ئازاری‌ 2015، بۆ دوه‌مین جار نێچیرڤان بارزانی‌ ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌سیفه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌م ، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ پیشه‌سازیی‌‌و وزه‌ی‌ په‌رله‌مان كۆبوه‌وه‌و جارێكی‌ دیكه‌ باسی‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ په‌نجا ساڵییه‌ هاته‌وه‌ به‌رباس ، به‌ڵام پاش ئه‌و هه‌مو ماوه‌یه‌ هێشتا ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان ته‌نها له‌شێوه‌ی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ چیرۆكدا زانیاریان بیستوه‌ له‌باره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌وه‌و هێشتا ناوه‌رۆكه‌كه‌یان نه‌بینیوه‌ .
شێركۆ جه‌وده‌ت ، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ پیشه‌سازی‌و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ، به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند، ” داوامانكردوه‌ به‌ڵام وه‌كو نوسراوو ورده‌كاریی‌ لامان نیه‌، ده‌بێت لای‌ ئێمه‌ هه‌بێت “.
به‌وته‌ی‌ شێركۆ ” ئیشی‌ په‌رله‌مان ئه‌وه‌ نیه‌ بچێته‌ ورده‌كارییه‌كانه‌وه‌ ، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش له‌كاتێكدا بوه‌ كه‌ په‌رله‌مان ده‌ستبه‌كارنه‌بوه‌ “.

جه‌وده‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌حاڵه‌تی‌ ئاشكرابونی‌ ورده‌كاریی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌و بونی‌ هه‌ر خاڵێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌رێمدا نه‌بێت ، ” لایه‌نی‌ به‌رپرسیار بانگده‌كرێت‌و لێپرسینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ، ده‌بێت بڕیاربدرێت بۆ راستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك كه‌ هه‌بێت “.

هاوكات عیزه‌ت سابر ، ئه‌ندامی‌ هه‌مان لیژنه‌ی‌ په‌رله‌مان ، به‌هه‌مانشێوه‌ ئاگاداری‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ نیه‌و ده‌ڵێت ، ” نه‌خێر ئاگادار نین ، به‌ڵام ئێمه‌ داوامان كرد وێنه‌یه‌كمان بده‌نێ‌ “.

ئه‌و ده‌ڵێت ، ” حكومه‌تی‌ كاربه‌ڕێكه‌ر مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نیه‌‌و نه‌ده‌بو ئه‌وان بیكه‌ن ، ده‌بو بیانهێنایه‌ته‌ په‌رله‌مان‌و له‌دوای‌ پێدانی‌ متمانه‌ به‌كابینه‌ی‌ هه‌شت بیانكردایه ‌، بۆئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ئاگاداری‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ بێت “.  
رێككه‌وتنه‌كانی‌ نێوان ده‌وڵه‌تان ، به‌پێی‌ ده‌ستور هه‌ندێكیان ده‌بێت له‌لایه‌ن په‌له‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ندبكرێن ، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ناو بۆشاییه‌كی‌ ده‌ستورییدا ده‌ژی‌و ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ نه‌توانرێت حكومه‌ت ناچاربكات له‌ئه‌نجامدانی‌ گرێبه‌ستێكی‌ ستراتیژیی‌ له‌وشێوه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.
ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ كاتێك ئیمزاكراوه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ، حكومه‌تێكی‌ كاربه‌ڕێكه‌ر بوه‌ ، واته‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت له‌ژێر چاودێری‌ په‌رله‌ماندا نه‌بوه‌.
تائێستاش سێ جار داواكراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌سمی‌ نوسخه‌یه‌كی‌ بنێردرێت بۆ په‌رله‌مان ، یان لانیكه‌م بنێردرێت بۆ لیژنه‌ی‌ وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان ، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامێكیان وه‌رنه‌گرتوه‌ .

له‌وباره‌یه‌وه‌ رێواس فایه‌ق ، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كان بۆ ئاوێنه‌ ده‌ڵێت ، ” له‌و كاته‌دا حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ خۆی‌ به‌خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات زانیوه‌ ، پێیوابوه‌ كه‌ ده‌توانێت نه‌ك به‌بێ‌ پرسی‌ په‌رله‌مان ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بكات ، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر كاربه‌ڕێكه‌یش بێت ده‌توانێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بكات “.
به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ توركیا ، دو جۆر رێككه‌وتن هه‌یه‌ ، هه‌ندێكیان كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان ده‌یكه‌ن‌و سیفه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌یه‌ ، له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان تۆماری ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌یان پێویستی‌ به‌ره‌زامه‌ندی‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌ ، هه‌ندێكی‌ دیكه‌یان حكومه‌ت سه‌رپشكده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامیبدات ، به‌ڵام له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان تۆمارناكرێت . ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم كردویانه‌ رێككه‌وتنێكی‌ یاسایی بوه ، به‌ڵام له‌و رێككه‌وتنانه‌ بوه‌ كه‌ پێویستی‌ به‌وه‌ نیه ‌، په‌رله‌مانی‌ توركیا ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر نیشان بدات . 
به‌پێی‌ یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ، حكومه‌ته‌كان ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ یه‌ك ساڵیش بێت‌و شه‌رعی‌ بێت ، ده‌توانێت رێككه‌وتن بكات‌و حكومه‌ته‌كانی‌ دوای‌ خۆیشی‌ پێوه‌ پابه‌ندبكات ، چونكه‌ به‌سیفه‌تی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌چێته‌ ناو رێككه‌وتنه‌وه‌ نه‌ك به‌سیفه‌تی‌ حكومه‌ت .
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئاخۆ هه‌رێم به‌چی‌ سیفه‌تێك چوه‌ته‌ ناو ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ ، رێواس فایه‌ق وتی‌ ، ” ئێمه‌ وه‌كو هه‌رێمی‌ كوردستان چوینه‌ته‌ ناو ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ نه‌ك وه‌ك حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و پابه‌ندبونه‌كه‌ش پابه‌ندبونێكی‌ مسته‌قبه‌لیه‌ “.

رێواس ده‌ڵێت ، ” ئێمه‌ پێویستمان به‌و حاڵه‌ بوه‌و ناچاریی بوه‌ ، بۆیه‌ چاوپۆشی‌ لێكراوه‌ ، ئه‌گه‌رنا حكومه‌تی‌ كاربه‌ڕێكه‌ر بۆی‌ نیه‌ بۆماوه‌ی‌ په‌نجا ساڵ هه‌رێمی‌ كوردستان پابه‌ندبكات به‌رێكه‌وتننامه‌یه‌كه‌وه‌ “. 
هاوكات دڵشاد شه‌عبان ، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ پیشه‌سازی‌و وزه‌ پێیوایه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ” سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هاوشێوه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌غدایه‌ كه‌ بۆ 70 ساڵ له‌گه‌ڵ توركیا كردویه‌تی‌ .

س – ئا