دارا خونچە : گشتی هەر دەنگوباسە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 خەریکە دەنگوباس قووتمان دەد ا!

لە نێو ئەو بەزمورەزم و گەڕەڵاوژێیەی شەڕی دژە داعش کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و رۆژاوا و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە بەرپا بووە و هەر ئەوانیشن درێژە وە شەڕەکە و مانەوەی داعش – سوپای ئیسلام – دەدەن .. دەنگوباسەکان بێجگە لەوەی زۆر بێزەوەر و پڕ لە درۆ و دەلەسە و زۆر بێزارکەرن هێندە زۆرن هێندە زۆرن خەریکە تێکڕای ژیانمان داگیر دەکەن و قووتمان دەدەن. . هەڵبەتە مەبەستم لە پەخشکردنی دەنگوباسەکانی گیانبەخشینی چەکدارە تێکۆشەرەکانی کوردستان – کۆبانێ تا جەلەولا – نییە بەڵکە وە پێچەوانەوە پێویستە ئەو دەنگوباسانە زۆر پتر بڵاوبکرێنەوە تا رادەی ئەوەی کە ببنە وێردی سەر زاری هەمووان چونکە ئەوان توانیان لە نێو ئەوپەڕی برسیێتیی و بێ توانستیی مادییدا وە خوونی خۆیان پارێزگاری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک و ئایندەی سەربەخۆیی کوردستان بکەن و لە بەرانبەر مێژووی رەشی پتر لە بیست ساڵەی ( سەرۆک مەرۆک و بەرپرسە گەندەڵکار و ستەمکارەکانی کوردستان ) مێژووی گەشی بەرخۆدانی گەلەکەمان و تێکڕای مرۆڤایەتیی بنووسنەوە .. لە هەمووشی گرنگتر و پڕ بایەختر یەک زەبری گورچکبڕیان خێواندە ( نێرسالاریی و پاشدامایی دینیی ) و وەرگۆڕانەکی مەزنیان لە تێکۆشانی یەکسانییخوازیی ژنان ئافەریدە کرد .

نووچە بدە و مووچە وەربگرە !

پەیامنێران و بێژەران و تێکڕای ئەوانەی لە نێو ئەو میدیایە چەواشەکارییەی ئێستای کوردستان خەریکن وە پێی بەرژەوەندییەکانی بازرگانان و سەرمایەدارە مشەخۆرەکان دەگوباسان دەهۆننەوە و خەڵکی پێ ژارباران دەکەن .. هەر ئەوەن کە وە ناچاریی دەرباری حیزب و حکومەتن و دەستەودامەن لە خزمەت بەرپرسە ناپەرپرسە گەندەڵکارەکان و خاوەنکارەکانیان رادەوەستن و هەمیشە لەدووی پارووی چەور و چەورتر لە دامودەزگە میدیاییەکان جێگۆڕکێ دەکەن و لە هەر جێیەک وە پێی بارودۆخەکان بۆق ئاسا رەنگی خۆیان دەگۆڕن، پێش دامەزرانیان وەک شۆڕشگێری زۆر سەرسەخت و زۆر پێشڤەڕۆیانە پەیام و بانگەوازان پەخش دەکەنەوە .. لێ هەر کە دەگیرسێنەوە و جێگیر دەبن ئیدی وەک کۆیلەی زۆر ملکەچ و زۆر پاشداما دەنگی شەیپووریان دەگاتە ئاسمانان ، زۆر وەلایانەوە ئاساییە لەوڕۆدا تا لە توانایاندا هەیە لە پەسن و ستایشی ئەو لایەنەدا بن کە خاوەنی دەزگەکەیانن و سبەینێش کە دوژمنانی ئەو لایەنە دەبنە خاوەنی دەزگەکەیان ١٨٠ پلە وەردەسووڕێن و وە هەمان شێوە دەکەونە پەسن و ستایشی ئەوانیش چونکە لە کنە وان میدیا هەر ئەوەیە نووچە بدەی و مووچە وەربگری !!! نموونەی ئەو میدیاکارنە کە ئەوەی رەوشت و رەفتاری رۆژنامەنووسییە نیانە زۆر وە زەقیی لە نێو دەزگە میدیاییە حیزبییەکانی پارتی و (یەکێتیی – گۆڕان ) و دەزگە وە ناو ( ئەهلیی و ئازاد )ە وابەستەکانیان بوونیان هەیە .. ( رووداو ) وەک دەزگەیەکی پارتی بێجگە لەوەی لە خزمەتی داگیرکەرە عوسمانییەکان دامەزرایە سەرتۆپی هەمووانە لەو رووانەوە !

تێکڕایان بێژەرن و کورتەی دەنگوباسان دەخووننەوە !

ئەو بارەی میدیاکارانی کوردستان وە پێی ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردستانیش یەک پنتە – هەڵبەتە یەک پنتی زۆر گچکە و پەڕپووت – لەو دەسەڵاتە جیهانییەی کە تێیدا میدیا شەیپووری دەسەڵاتدارانە .. تا رادەیەک ئاساییە چونکە وەک ئەو دیاردەیەی کە لە لایەن خەڵکەوە ناحەز و دزێوە میدیاکارانی وڵاتانی دیکەش هەر بەو جۆرەن و تەنێ لە رووکەشدا هێندەک جوایەزن ، هەروا ئەوەش ئاساییە کە ئەو میدیاکارانە وە هۆی ئەو بارودۆخەیان دەخوازن میدیا تەنێ لە دەنگوباس چڕ بکەنەوە و شەو و رۆژ لە ٢٤ کاتژمێردا ٢٥ کاتژمێر هەر دەنگوباسان وە بیسەران و بینەران بفرۆشن چونکە دەنگوباس ئاسانترین کاری میدیای چەواشەکارە و نە هۆشیارییەکی ئەوتۆی گەرەکە نە ئامانجیشی هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی خەڵکە .. لێ هیچ ئاسایی نییە و زۆر ناجۆریشە هەر لە ژێر گوشاری ئەو ( رێژە زۆر و نێوەرۆک پووچیی ) ـەی دەنگوباسدا تێکڕای ئەوانەی پێویستە قسان بکەن یان لە میدیایەکان دەردەکەون ؛ ( چالاکوان .. پارێزەر .. هونەرمەند .. لێکۆلەر .. راوێژکار .. پزیشک .. شانۆکار .. وەزیر .. نووسەر .. ئەندام پەرلەمان .. چەکدار .. سیاسیی .. مامۆستا .. دادوەر .. هونەرمەند .. بیرمەند و … هتد تەنانەت سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی وڵاتیش ) هەر هەمووویان تێکڕایان ببنە بێژەر و پەیامنێر ! لەباتی ئەوەی دوو قسەی وە سوودی ئەوتۆ بکەن کە لە کار و پیشەکانیان بوەشێتەوە تەنێ کورتەی دەنگوباسەکان دەخووننەوە و ( ئاوێ بینن و دەستان بشۆن )!!!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت