رێباز فاروق گڕاوی : گرنگی داستانی كۆڕێ و به حیزبی كردنی .
سەرەتا پێویست بەوە دەكات كە پێناسەیەكی كورتی داستانی پڕ سەروەری كۆڕێ بكەین ، یان باشترە پێشتر شوێنی جوگرافی دەربەندی كۆڕێ دیاری بكەین تاكو ئەوانەی شارەزای نین بزانن دەكەوێتە كوێ .
دەربەندی كۆڕێ لەڕوی جوگرافیا دەكەوێتە نێوان هاوینە هەواری پیرمام و شەقڵاوەی خۆشناوه‌تی ، لەڕوی گەشتیاریشهوه كە ئەو شوێنەی پێ دەناسرێتەوە شێرەسوارە .
شەڕی دەربەندی كۆڕێ له (8/4/1991) داستانێكی سەروەری گەورە بو كە یەکێک بو لەو هۆکارانەی بەیەكجاری رێرەوی سیاسی لە عێراقدا گۆڕی ، كەس نكۆڵی لەوە ناكات كە ئه‌م داستانه یەکێک بو لەو هۆکارانەی وای لە رژێم كرد كە چۆك دابنێ و تەسلیم بە ئیرادەی كورد بێت و هەر دوای ئەوە داوای گفتوگۆ بكات ، داستانی كۆڕێ دوای ئەوە هات كه هێرشه‌كانی رژێم له هه‌مو لایه‌ك په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌دا بۆ خامۆش كردنه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته مه‌زنه‌كه‌ی راپه‌ڕین ، پێش داستانه‌كه له (7/4/1991) دا رژێم به شاڵاوێكی سه‌ربازی به‌رفراوان له چهندلایهكهوه ده‌ستی پێكرد و شاری هه‌ولێری گرت و هه‌ڵكشا بۆ مەسیف و سه‌ری ره‌ش و كۆنتڕۆڵی هه‌مو ئه‌م ناوچانه‌ی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێری كرد ، دواتر پێشمەرگە لە شارەكانی كوردستان پاشەكشەیان كرد ، خەڵكی لە كۆڕەوە ملیۆنیەكەی گەلی كوردستان بەرەو سنوریەكانی ئێران و توركیا رۆیشتن ، ته‌نانه‌ت هێزی پێشمه‌رگه وره‌ی به‌رگری له‌ده‌ستدا بو ، نامه‌ێت باسی بێ ئومێدی گەلی كورد بكه‌م له‌وكاته‌دا ، به‌ڵكو پێم باشه گرنگی بونی و موڵكداری داستانه‌كه و له به‌رامبه‌ردا قۆستنه‌وه‌ی بۆ به حیزبی كردنی بخه‌مه‌ڕو .
لە مێژوی خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا ، زۆر بێویژدانانە پێشمەرگە وەك تاك بۆتە قوربانی حیزب و حیزبیش گەورەتر لە كورد نیشاندراوه ، تواندنەوەی پێشمەرگە لە حیزب‌دا هه‌ڵه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی خودی حیزبه ستالینیهكانی ناو گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمه‌كه‌مانن و ناكرێت هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌ین ، چونكە زۆرینەی ساتی مێژویی ئێمە حیزب ئاوێته‌ی نه‌ته‌وه بوه ، یاخود بیری ناسیونالیزمی كوردی نه‌بوه، بەڵكو حیزب لەسەروی هەمو كایەكانەوە بوە . واتە هه‌میشه گەورەیی و بە پیرۆزكردنی حیزب نەهامەتییەكی ترسناك بووە بەسەر جەستەی پێشمەرگە و شۆڕشی كوردا ، هەر ئەمەش كاریگەرییەكی بەهێزی كردۆتەسەر ئەوپەڕی خراپی و هەڵەیی لە تۆماركردن و نوسینەوەی داستانێك ، یان هەر مەسەلەیەكی سیاسی و سەربازی لە مێژوی بزوتنەوەی شۆڕشگێری كوردا ، به‌لاڕێدابردنی ئه‌م سه‌روه‌رییه و سه‌روه‌رییه‌كانی تری گه‌له‌كه‌مان كه له رابردوماندا هه‌بون ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ سیاسه‌تی لایه‌نه سیاسیه‌كان هه‌میشه له هه‌وڵی به پیرۆزكردنی حیزب و بنه‌ماڵه و سهركردهكانیانن ، ته‌نانه‌ت تێگه‌شتنی خه‌ڵك له‌م گۆشه نیگایه‌وه حیزب و سه‌ركرده‌كان ده‌كاته كاراكته‌ری سه‌ره‌كی له تێكڕایی شۆڕش و ده‌سكه‌وته‌كان .
هەركاتێك ئەرشیفی پەڕاوەكانی خەباتی كورد هەڵدەدەیتەوە لەسەر داستانێك ، یان روداوێك هەست بە كەمی زانیاری و زاڵبونی هه‌ژمونی حیزبایەتی دەكەین بەسەر نوسینە مێژوییەكاندا. بیری نەتەوەیی زۆر بە سادەیی بۆیه كراوه بە مانشیت و وتارە حیزبییەكان ، داستانی كۆڕێ نمونەی زەقی بە حیزبیكردنی روداوەكانی رابردوە لە ئەرشیفی كوردا ، هەمو ساڵێك لە یادی ئەم داستانەدا حیزبە سیاسییەكان تاكلایەنانە و دور لە ماهیه‌ت و گرنگی داستانەكە ، دەست دەكەن بە پیاهەڵدان بە شان و باڵی خۆیاندا ، بەڵام ئەمەش تەنها كێشە سەرەكییەكە نییە ، بگره هیچ جارێك ئەوان نەیانویستوە ، یان هەوڵیان نەداوە روداوێكی وەك داستانی كۆڕێ لەلایەن كەسانی پسپۆڕ لەم بوارەدا ، و مێژو له فۆرمێكی زانستیدا بنوسنەوە ، بەڵكو تەنها بە ئاهەنگگێڕانی حیزبی و بە چەپڵە و وتاری بێ ناوەڕۆك یادی ( داستانی كۆڕێ ) یان كردۆتەوه ، و ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مو بۆنه و یاده هاوشێوه‌كان بۆته دیارده‌یه‌كی بێزاركه‌ر بۆ جه‌ماوه‌ر به‌گشتی و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید و بریندار و پێشمه‌رگه به‌شدار بوه‌كانی نێو داستانه‌كه به تایبه‌تی .
ئه‌وه نه‌بێت ( وریا یونس) له نوسینی كتێبێكیدا له‌سه‌ر داستانی كۆرێ به‌ناوی ( ئه‌و ده‌ربه‌نده‌ی خۆری لێ ئاوا نه‌بو ) كه به‌ویژدانه‌وه پرژاوه‌ته سه‌ر ناوه‌رۆكی داستانه‌كه به وردی بابه‌تیانه توانیویه‌تی دیوی راسته‌قینه‌ی داستانه‌كه بخاته‌ڕو و فڕێدانی رەنگی حیزبی ئەو جۆرە یادكردنەوه و نوسینانه لەسەر ئەم داستانە لابه‌رێت ، چونكە بەخوێندنەوەی كتێبەكە تێدەگەین كە ئەم شەڕە تەواوی پێشمەرگەی كوردستان بە هەمو لایەنەكانەوە تێیدا بەشدار بونه و ته‌نانه‌ت په‌رده‌پۆشی ئه‌م مشت‌ومڕ و خۆ گیڤكردنهوی به‌رپرس و لایه‌نه‌كانیشی كردوه كه چه‌ند ساڵێكه له‌سه‌ر ئه‌م داستانه ده‌یكه‌ن و بۆ قازانجی حیزبه‌كان رایی ده‌كێشن ، پشكی شكست و سەركەوتنی بەر هەمویان خستوە ، هەڵبەتە ئەو وەكو رایەكی خۆی كه‌موكوڕی لایه‌نه‌كانی نەدركاندوە ، بەڵكو بە چاوپێكەوتنی زۆر لە پیشمەرگە و فەرماندە دیارەكانی ناو تەواوی حیزبەكانی بەرەی كوردستانی ئه‌مه‌ی به جۆرێك سەلماندوه و پێموایه به‌گشتی نوسینێكی بێلایه‌نانه و جوانی كردوه .
ئه‌گه‌ر به كورتی وەڵام بده‌ینه‌وه به دو خاڵ داستانی كۆڕێ ده‌بێت به یه‌كێك له هه‌ره داستانه گرنگ و شانازیه‌كانی میلله‌تی كورد:
یه‌كه‌م : سەركەوتنی داستانی كۆڕێ كێشەی سیاسی كوردی لە بارێكی زۆر شكستیدا گۆڕی بۆ سەركەوتنی سیاسی گەورە و حكومەتی عیراقی ناچار كرد پەنا بۆ گفتوگۆ بەرێت لەگەڵ كوردا .
دوه‌م : سەلماندنی گرنگی شەڕەكە بۆ مێژوی كورد كە لە بارێكی زۆر ترسناكدا لە كوردستانی باشوردا بەهۆی شكاندنی حكومەت لەو شەڕەدا توانرا گیانی هەزارەها مرۆڤی كورد بپارێزرێت له كۆمه‌ڵكوژی رژێمی به‌عس كه خه‌ڵكی كوردستان پێیان وابو جارێكی تریش ده‌كه‌ونه به‌ر شاڵاوی كوشتار و ئه‌نفالی دڕنده‌یی رژێم و داخی راپه‌ڕینی ئه‌وكات ده‌كاته‌وه له خه‌ڵكی راپه‌ڕیو.
سێیه‌م: بۆیه‌كه‌م جاربو لە مێژوی دروستبونی حیزبەوە لە تەواوی بزوتنەوەی رزگاری كورددا به‌شداركردنی پارته‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی له یه‌ك سه‌نگه‌ر به‌یه‌كه‌وه بن ، كه پێشتر هه‌رگیز روی نه‌داوه كۆمه‌ڵێك پارتی سیاسی له هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستاندا بتوانن داستانێكی گرنگی وا ئه‌نجام بده‌ن دور لە بیری تەسكی حیزبایەتی ، پێشمه‌رگه توانی له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا بجه‌نگی به‌بێ جیاوازی بیروڕاكانیانهوه .
لێره‌دا نه‌مویستوه زه‌وی داستانه‌كه بكێڵم به گێڕانه‌وه و كاتی داستانه‌كه ، چونكه شاهێدحاڵ و به‌شداربوی شه‌ڕه‌كه نه‌بوم ، یان ئه‌وه‌ی بمه‌وێت وه‌ك خۆی پێناسی بكه‌م ، به‌ڵام له‌شێوه‌ی یادكردنه‌وه و قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌روه‌رییه ناڕازی بوم ، به حیزبی كردن و بچوك كردنه‌وه‌ی داستانه‌كه و قاره‌مانه‌كانی نێو داستانه‌كه له حیزبێك و لایه‌نێك نیگه‌رانی كردم ، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمان بو لێدوانی حیزبه‌كان ئه‌وه‌نده نا به‌رپرسانه له روداوه‌كه ده‌دوان گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه پار ساڵ له چه‌ن لێدوانێك به‌شداری كردنی یه‌كتریان ره‌تده‌كرده‌وه ، به‌تایبه‌ت ( پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ) ، له‌م دۆخه‌دا كه لایه‌نێكیان شه‌هیدی نه‌بوو ئاماده‌ش نه‌بو ناوی هیچ له‌م پاڵه‌وانانه بهێنێت كه داستانه‌كه‌یان به خوێن تۆمار كرد ، له‌م سه‌روبه‌نده شه‌هیده‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌بوبن ده‌سڕانه‌وه ، هیچ به‌هایه‌كی ئه‌وتۆ نه‌ده‌مایه‌وه بۆ خوێنی پیرۆزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه بریندار و به‌شداربوه‌كان ، تاكه‌كان شه‌هید و بریندار و پێشمه‌رگه به‌شداربوه‌كان قاره‌مانی مێژون ، به‌هیوام له داهاتودا حكومه‌تی هه‌رێم یادكردنه‌وه و پێناسه و ماهیه‌تی داستانه‌كه له ده‌ستی حیزب و لایه‌نه‌كان دهربهیێنێت ، تا ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت له به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سكی تاكه حیزبێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، لایەنی گرنگ و بزربوی شەڕی كۆڕێ بخاتەڕو بۆئه‌وه‌ی مێژو له‌گه‌ڵ راستی و بێ لایه‌نی داستانه‌كه خۆی ون نه‌كات ، حه‌قیقه‌تی هه‌مو ئه‌م روداوانه‌ی له خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان به‌نه‌ته‌وه‌یی بمێنێته‌وه .