barzani

شێرزاد شێخانی : زەرورەتی بارزانی لەچیدایە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەری زمانو بنی زمانی سەرکردەو کادیرانی پارتی باسکردنە لەزەرورەتی مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم لەم قۆناغەدا . سەدو یەک پاساو ئەهێننەوە بۆ ئەوەی قەناعەت بەهێزە سیاسەگان بێنن و بەدرۆکانیشیان خەلک چەواشە بکەن بەوەی کەمانەوەی بارزانی لەو پۆستەدا زەمانەتی مانەوەی کوردستانە لەسەر ئەرزی واقیع. وەزعەکە بەشێوەیەک وێنای ئەکەن وەک ئەوەی داعش لەنزیک سەد مەتریەکەی ناو هەولێر بێتو ، وڵاتانی دونیاش چاوەڕێی بریاری پەرلەمانو حزبەکان بن لەم مەسەلەیەداو ، ئەگەر لەبەرژەوەندی مانەوەی بارزانیدا نەبو هەمویان بار ئەکەن و ئەرۆنەوە ، ئەم وڵاتە شامی شەریفەمان ئەکەوێتە چنگی عفریتو ئەوەی هەشمانە لەکیسمان ئەچێت .

بیانوو ئیدیعاکانی پارتی لەداواکەیان بۆ مانەوەی بارزانی لەم چەند خاڵانەدا رێزبەند کراون :
1 – بەقسەی پارتیەکان ئێستا هەرێم روبەروی شەڕی داعش بوەو،نابێت لەم سەروبەندەدا هێزی پێشمەرگە بێ فەرماندەی گشتی بێت . خۆ لەبیرمان نەچوە کەوا جەنابی سەرۆک بارزانی ماوەی چەند مانگێک لەسەرۆکایەتی هەرێم بزر بو ، کاتێک سەریشی دەرهێنا وتیان خەریکی داڕشتنی پلانی ئازادکردنەوەی شەنگالە ، بەڵام تائەمرۆش شەنگال لەژێردەستی داعشدایەو ئەگەر بونی هێزەکانی پەکەکەش لەوێ نەبونایە کارەساتێکی گەورەتر بەسەر دانیشتوانی ئەو دەڤەرە ئەهات .. ئیدی مانەوەی بارزانی چ زەرورەتێکی هەیە بۆ روبەرو بونەوەی داعش ؟!.
2 – هەندێکیان وەکو ئەوەی لەچاخی پێش شۆرشی گەیاندنو ئەنتەرنێت و فەیسبوکدا هەر مابن ، باسی دەوڵەتی کوردی ئەگەن کە جەنابی سەرۆکی هەرێم خەریکی دامەزراندیەتی .. خۆ ئەوەشمان لەبیر ناچێت کەوا کاتێک جەنابی سەرۆکی هەریم لەخۆ ئامادەکردندا بو بۆ سەفەری ئەمریکا ، سەرۆکی دیوانەکەی بەراشکاوی رایگەیاند کەوا بارزانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ئەچێتە واشنتن ، بەڵام هێشتا لەرێگادابو لەناو فرۆکە پێیان وت ئەو مەسەلەیە لای ئیدارەی ئەمەریکی باسنەکات چونکە ئەمریکا دژیەتی ، کاتێکیش گەشتە ئەمریکا پێیانراگەیاند کەوا بگەڕێتەوە بەغداو هەوڵبدات لەگەڵیان رێکبکەوێت واز لەخەونی دەوڵەتی کوردیش بێنێت . تەنانەت ئەردۆغانی هاوپەیمانە ستراتیجەکەشیان شەکرێکی لەم بارەیەوە شکاند کاتێک وتی قبوڵ ناکەین دەوڵەتێکی کوردی لەبن هەنگڵمان دروست ببێت ، ئیدی کام دەوڵەتی سەربەخۆیە کەوا بەجەنابی سەرۆک بارزانی نەبێت دانامەزرێت ؟!.

3 – گوێمان لێئەبێت کەوا سەرکردەوە کادیرانی پارتی باس لەزەرورەتی مانەوەی بارزانی ئەکەن بۆ ئەوەی قەیرانەکانی هەرێم چارەسەر بکاتو کێشەی بێ پارەییو کارەباو ئاوو بەنزینمان بۆ چاکبکاتەوە .. بەڵام هەر جەنابی سەرۆکە دوای ساڵانێک لەدژایەتیکردنی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە ، کەوتۆتە وێزەی حەیدەر عەبادیش ورێگا نادات دو عانەمان بۆ بنێرێت ، برازاکەشی کەوا نەوتەکەمان تاڵان ئەکات کەسی نازانێت داهاتەکانی بۆ کوێ ئەرۆن ، لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ شیعەکان کەوا ساڵانێک هاوخەباتی کورد بون رێکبکەون ، ئیستا لەگەڵ کۆنە بەعسیو ئەفسەرە کۆنەکانی سەدام هاوپەیمانی ئەبەستنو شەری تایفیان پێ ئەکەن لەدژی شیعەکانی عیراق ، ئیدی کێ لەپایتەختی عیراق ئامادەیە گوی لەبارزانی بگرێت ، زەرورەتی مانەوەشی چ سودێک ئەبەخشێتە دۆسیەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو بەغدا .
4 – باسی زەرورەتی بارزانی ئەکەن بۆ بەردەوامبونی پەیوەندیە دیبلۆماسیەکانی کورد لەگەل وڵاتانی دەرەوەدا ، وەک ئەوەی وڵاتانی دونیا نوسینگەی حزبایەتیان لەکوردستان کردبێتەوە نەک کونسڵخانەی فەرمی کە هەر تەنها لە هەرێمی کوردستاندا نەکراوەتەوە ، بەڵکو لەهەندێ شاری تری عیراق وەک موسڵو بەسرەش ئەم کونسڵگەریانە هەنو کەسیش ناڵێت ئەمەیان بۆ خاتری چاوی رەشی پارێزگارانی ئەم پاریزگایانەیە . بەنەمانی بارزانیش لەپۆستەکەیدا ئەم کونسڵگەریانە داناخرێن ، چونکە غیابی مامجەلالیش لەسەر گۆرەپانی سیاسی کە کاریزما نێودەوڵەتیەکەی زۆر لە مەسعود بارزانی دیارتر بو ، بەڵام غیابی هیچ کایگەرییەکی بەسەر وەزعی عیراق وهەرێمیشدا نەبو ، تاڵەبانی رەمزێکی نەتەوەیی گەورەبو لەناو میللەتەکەی خۆیدا بەڵام دڵنیام لەوەی دوای تەواوبونی ویلایەتەکەی ئەگەر نەخۆشیش نەکەوتایە هەر وازی لەپۆستەکەی ئەهێنا بەپێچەوانەی مەسعود بارزانی عاشقی پۆست کە لەژێر هیچ بارێکا ناتوانێت دەستبەرداری پۆستەکەی بێت ..
5 – پارتی لەسەر زاری سەرکردە باڵاکانی تەئکید لەسەر دارشتنەوەی دەستور ئەکەن کە نابێت بۆ کەسێک بنوسرێتەوە ، ئەمەش یەکێکە لەدرۆ شاخدارەکانیان ، چونکە قابیلە حزبەکانی تری کوردستان کە ئیستا لە بەرەی دژ بەپارتین بیانەوێ ئەم دەستورە بۆ سەرۆکەکانی خۆیان بنوسنەوە ؟؟! یاخود ئەوانن ئەیانەوێ دەستورەکە لەدژی بەرژەوەندی میللەتەکەیان دابرێژنەوە ، هەر تەنها پارتیە کە ئەیەوێت دەستورەکەمان بەباڵای مەسعود بارزانی وبنەماڵەکەیدا بدورێتەوە ، ئەو قسەیەشیان لەموزایەدە زیاتر هیچی تر نیە .
لەکۆتاییدا ئەبێت پارتی وسەرکردەکانی لەو هەقیقەتە بگەن کەوا سەردەمی خافلاندنو گێلاندن و چەواشەکردنی میللەت بەسەرچوەو ئێستا بچوکترین مناڵی ئەم سەردەمە خاوەن ئایفۆنو ئایبادو حیساباتی تایبەتی خۆیەتی لە فەیسبوکو رۆژانەش ئەزانن چی لەم دونیایە ئەگوزەرێت ، بۆیە ئەمجۆرە فروفێڵانە بەسەریانا تێناپەرن ، پارتی تاکە رێگای بەردەمی ئەوەیە دەستبەرداری ئەو پۆستانەی دەسەڵات بێت باشترە لەوەی بەپێشێلکردنی یاساکانەوە خۆی فەرز بکات بەسەر میللەتێک کەرۆژانە بەدەست ئەو حزبەو سەرۆکەوە ئەچەوسێتەوەو بە تاریکترین قۆناغەکانی مێژوی خۆیدا گوزەر ئەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت