ڕۆژنامەی خهبات : نەوشیروان مستەفا كەی واز دەهێنێت ؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
نەوشیروان مستەفا ، دوای ئەوەی مام جەلال لە گۆڕەپانی سیاسی دەرچوو ، ئەو دەرفەتەی بۆ رەخسا كە بیسەلمێنێ ئەو كەسێكی شەڕانگێز نییە و هاوپەیمانیخواز و سازانخواز و لایەنگیری ئارامییە ، چونكە هەمیشە زۆر بە تووندی وەڵامی ئەوەی دەدایەوە كە ئەو باڵە تووندڕەوە شەڕانگێز و دژە پارتییەكەی ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بووبێت و یەكێك لە هۆكارەكانی جیابوونەوەكەشی لە یەكێتی و مام جەلال ، نزیكبوونەوەو رێككەوتنی یەكێتی نەبووە لەگەڵ پارتی . بەڵام ئەو پێشڕەوی و مایسترۆییەی ئێستا بۆ دژایەتی پارتی دەكات ، هەموو بەرگری لەخۆكردنەی نەوشیروان مستەفای دایە دواوەو ئەوەی سەلماند كە نەوشیروان مستەفا بە رقێكی كۆن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵسوكەوت دەكات و، دەیەوێ لەو رێگایەشەوە ببێتە زەعیمی قوتابخانەیەكی كۆن كە ئێستا هیچ كوردێك ئەوەی قبوڵ نییە .
مێژووی نەوشیروان مستەفا ، رێگەی پێنادات تاوەكو كۆتایی بە ئارامی هیچ هاوپەیمانییەك درێژە پێبدات ، بەتایبەتیش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا ، ئەو پارتی بە رێگری جێبەجێبوونی بیرۆكەكانی خۆی لێكدەداتەوە . ئەو رێككەوتنانەی كە لە رابردوودا كە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا كراون ، ئەندازیارەكەیان لەلای یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە ، مام جەلال بووە ، نەك وەك نەوشیروان مستەفا هەندێكجار گوتوویەتی ئەو ئەندازیارە من بووم . نەوشیروان مستەفا كە مێژووەكەی دەڵێ، دەستی سوورە بە خوێنی پێشمەرگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ، حیزبی شیوعی كوردستان ، حیزبی سۆسیالیستی كوردستان ، پارتی سۆسیالیستی كورد ، پارتی كرێكارانی كوردستان ، پارتی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق و بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستان و چەندان گرووپی دیكە ، دوای شەڕێك نەختێك ئارام دەبێتەوە ، بەڵام حەزەكەی بۆ گفتوگۆكردن و ئارامی ، سەرئەنجامەكەی سەرناكێشێت بۆ هاوپەیمانییەكی بەهێزتر ، بەڵكو سەردەكێشێت بۆ شەڕێكی تازەتر .
نەوشیروان مستەفا ، لەنزیكترین هاوپەیمانی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە ، تەنانەت لە نزیكترین هاوڕێیەكانیشی . هەڵگەڕانەوەی ئەمجارەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان ، شتێكی چاوەڕوانكراوبوو بۆ زۆر لە پارتییەكان ، بەڵام هەندێكی دیكەیان وایاندەزانی نەوشیروان مستەفا بەڕاستی دەیەوێت ” چوار ساڵی ئارام لە كوردستاندا هەبێت “، نەوشیروان مستەفا بە كردەوەكانی خۆی دەریخست كە ئەو پارتیانە و هەموو ئەو خەڵكانەی وەك ئەو بیریان دەكردەوە ، هێشتا بە تەواوی نەوشیروان مستەفایان نەناسیووە.
نەوشیروان مستەفا نەیتوانی لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەیدا هەڵبكات لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا كە ئامادەنەبوون تاكڕەوی نەوشیروان مستەفا لەسەپاندنی بیر و شێوازی مامەڵەكەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا قبوڵ بكەن . ئەوەی نەوشیروان بۆ سەپاندنی خۆی پەنای بۆ دەبات سیاسەتێكی پۆپۆلیستی (شعبوی)یە ، كە سەرئەنجام هەر تاكێكی گەلی كوردستان لێی تێبگات دەزانێت كە نەوشیروان مستەفا بەهیچ شێوەیەك باوەڕی بە گەل و ئیرادەی گەل نییە ، بەڵكو باوەڕی بەسەپاندنی ئیرادەی خۆیەتی بەسەر گەل دا و باوەڕی بە بەكارهێنانی گەل هەیە بۆ مەرامە رقاویەكانی خۆی.
ئەوانەی لەناو خودی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە وردی لە سیاسەتی نەوشیروان مستەفا تێدەگەن ، ئەو راستییە زۆر بە روونی دەزانن كە ئەویش ئەوەیە ، نەوشیروان مستەفا كە لە مام جەلال هەڵگەڕایەوە ئامادەیە لە هەموو كەسێك هەڵگەڕێتەوە ، ئەوەش دەزانن كە نەوشیروان مستەفا دەیەوێت ناكۆكی كۆن زیندوو بكاتەوە ، كە مام جەلال و كاك مەسعود كۆتاییان پێهێنا و پەشیمان و بەداخیشبوون لەوەی لە كۆندا روویدا و ئەوە كرایە مێژوویەكی ناخۆش كەنابێ بەهیچ شێوەیەك بۆ هیچ كارێكی تازە بیری لێبكرێتەوە . وەك بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و زۆر لە ئەندامەكانی بزووتنەوەی گۆڕانیش لێكیدەدەنەوە ، نەوشیروان مستەفا خۆی بە میراتگری قوتابخانەی 1964 دادەنێت ، ئەو مایسترۆیەیی كە ئێستا بۆ دژایەتی پارتی دەیكات ، بە تەواوی شەرمەزاری ئەو ئیئتیلافە حكومی و ئیدارییەی كرد كە دوای هەڵبژاردنەكان لە كوردستان و عێراقدا لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكەدا ئەنجامیدا .
حیزبێكی ئیسلامی یان پەرلەمانتارێكی دیكە یاخود خەڵكانێك چۆن باوەڕی پێدەكەن ، ئەوە پرسیارێكە لەو لایەن و كەسانە دەكرێت كە كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی ئەو هالە پۆلپۆتییەی كە نەوشیروان مستەفا دروستیكردووە .
نەوشیروان مستەفا ، لەو جوڵەیەی ئێستایدا بەهیچ شێوەیەك مەبەستی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نییە ، بەڵكو مەبەستی پارتی دیموكراتی كوردستانە . ئەوانەی لە كۆڕی یارانی نەوشیروان مستەفادا دادەنیشن دەزانن كە نەوشیروان مستەفا چۆن لە نووسینەكانی رابردووی و، ئێستاش وابیردەكاتەوە كە دەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان ببردرێتە ئەودیوی ئاوی قەندیل و دەبێ تەنیا لە دهۆك بێت . ئەوانەی ئێستا وەك نەوشیروان مستەفا دەڵێن ئێمە هاوبۆچوونین لەگەڵ گۆڕانی نەوشیروان مستەفادا ، ئایا هاوبۆچوونن لەگەڵ ئەو بیركردنەوە شەڕەنگێزیە رقاویەی نەوشیروان مستەفادا ؟ ئایا ئەو حیزبانە پێیانباشە ببنە لە بەشێك لە هەوڵێك بۆ زیندووكردنەوەی مێژوویەكی ناخۆش و درێژەپێدانی ؟
نەوشیروان مستەفا ، لە هەموو كارێكدا تاكڕەوی دەكات و هیچ هەڵسوكەوت و هیچ پەیڕەوێكی قبوڵ نییە كە رێگە لە هیچ هەڵسوكەوتێكی بگرێت ، بۆیەش كەسانی بەوشێوەیە هەمیشە پاساو دەدەنە بەكارهێنانی هێز لەبەردەم خۆیاندا، كە ئەوەش لە كۆمەڵگە مەدەنییەكاندا زۆر مەترسیدارە. ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە شاخ دەیكرد كەم زیانتر بوو لەچاو ئەو حالەتەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە .
رابردوو و ئێستای نەوشیروان مستەفا ، رێگەی پێنادات بە باوەڕەوە باسی دیموكراسی بكات . مێژووی خوێناوی نەوشیروان مستەفا و ئێستای تاكڕەوانەی لەناو بزووتنەوەیەكی سیاسی وەك گۆڕاندا ، بەهیچ شێوەیەك رێگەی پێنادەن ئیرادەیەكی شەڕانگێزانەی رقاوی بەناوی دیموكراسییەوە بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و جەماوەری هوشیاری كوردستاندا بسەپێنێت .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
- بابەتەکانی تری وتاریکورد
-
محەمەد عەبدولقادر: ژینگە و تەكنەلۆژیای وڵاتی چین.!
- -
نەوزاد بەندی: سەدامیزم.
- -
هەڵۆ حەسەن: دیپلۆماسی پاندا.
- All Posts