Mariwan-Ata

عه‌تا قه‌ره‌داخی : ‌بۆ مه‌ریوانی وریا قانع ، هه‌مووی خه‌تای حیزبه‌ به‌ ناو عه‌لمانیه‌كانی كوردستانه‌ ، به‌رگریكردنه‌كه‌ی تۆش خێڵه‌كیانه‌یه‌ .

برای به‌ڕێز : وڵاتێك سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كه‌ی ئیخوان بێت ،
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كه‌ی كۆنه‌ ئیسلامی بێت و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی بووبێت به‌ پارتی ،
سكرتێری په‌رله‌مانه‌كه‌ی ئیخوان بێت ،
سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی له‌ په‌رله‌مان ئیخوان بێت ،
پارتی و یه‌كێتی له‌به‌ر لاوازی خۆیان هه‌میشه‌ موغازه‌له‌ی ئیسلامی سیاسی بكه‌ن و به‌ حیسابی خۆیان بۆ رێگرتن له‌ زیادبوونی نفوزی یه‌كگرتوو ، كۆمه‌ڵی ئیسلامی پشتگیری عه‌بدوله‌تیفی سه‌له‌فی بكه‌ن ، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌كه‌ی كه‌ رۆشنبیرانی وه‌كو به‌ڕێزیشتان به‌ شان و باڵیا هه‌ڵده‌ده‌ن ، هیچ دیدو بۆچوونێكی له‌سه‌ر شوێن و پێگه‌ی ئایین نیه‌ له‌ كوردستانداو ڕێكخه‌ره‌كه‌ی ئه‌ویش موغازه‌له‌ی ئیسلامیه‌كان ده‌كات .
بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ نه‌ك قانع و بێكه‌س و گۆران و چه‌ندین شاعیرو نووسه‌ری تر له‌سه‌ر بیروبۆچوونه‌كانیان ته‌كفیر بكه‌ن ، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر وه‌ها بڕوات ره‌نگه‌ له‌ ئاینده‌ی نزیكدا بێجگه‌ له‌ شیعری ئایینی هه‌موو شیعرێك قه‌ده‌غه‌ بكرێت ، بێجگه‌ له‌ موناجاتی ئایینی هه‌موو گۆرانیه‌ك قه‌ده‌غه‌ بكرێت ، بێجگه‌ له‌ فیلمی یوسف و فلیمه‌ ئیسلامییه‌كانی تر هه‌موو جۆره‌ فلیمێكیش قه‌ده‌غه‌ بكرێت .
ره‌نگه‌ تۆ لێره‌دا به‌وه‌ڵام هاتبیت له‌به‌رئه‌وه‌ی سوكایه‌تی به‌ شاعیرێكی نیشتیمانپه‌روه‌رو پێشكه‌وتنخوازی وه‌كو قانع كراوه‌ كه‌ باپیری ئێوه‌یه‌ ، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ باشه‌ به‌ڵام كاری رۆشنبیری جیدیه‌ به‌گشتی ئه‌فه‌رۆزی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ ئیداری و سیاسی و حیزبیه‌ بكات كه‌ زه‌مینه‌ی بۆ ئیسلامیه‌كان خۆشكردووه‌ به‌مجۆره‌ ره‌فتار بكه‌ن و رۆژ به‌ رۆژ په‌راوێزی ئازادی وه‌ها ته‌سك بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و نادیارێكی ترسناك بجێت ، له‌وه‌شدا حیزبه‌ به‌ ناو عه‌لمانیه‌كان به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقییان به‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وان هه‌رسێكیان پارتی یه‌كێتی گۆڕان به‌رپرسن له‌ په‌ره‌سه‌ندنی بیری ئیسلامی سیاسی و سه‌له‌فی .
دیاره‌ هیچ كام له‌ ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ نین كه‌ باوباپیرمان چۆن به‌ هێمنی په‌یڕه‌وی ئایینی ئیسلامیان كردووه‌و بگره‌ به‌و شێوه‌ هێمن و گونجاوه‌ی باوباپیرانمان په‌یڕه‌ویی ئیسلامیان كردووه‌و ئیسلام بۆ ئه‌وان و بۆ زۆرینه‌ی مسوڵمانانی كوردستان په‌یوه‌ندی تاكه‌كه‌س و خوای خۆیه‌تی ، له‌م باره‌شدا ئیسلام نه‌زیانی هه‌یه‌و نه‌ زیانی ئه‌وتۆی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ داوه‌ به‌ڵكو زۆر شتیشی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ پاراستووه ‌، به‌ڵام ئیسلامی سیاسی و سه‌له‌فیه‌كان ئه‌و بنه‌مایانه‌شیان له‌ كوردستاندا هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌و بووه‌نه‌ته‌ مایه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بۆ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی باڵاده‌ست بن ، ئه‌وا نه‌ك رێگا له‌ هه‌موو پێشكه‌وتنێك ده‌كرن به‌ڵكو ئه‌وه‌ی باسی كوردایه‌تیش بكات ده‌شێ ته‌كفیری بكه‌ن .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies