نەوزادی موهەندیس : ڕوسیا لە ڕۆڵی كۆمبارسەوە بۆ پاڵەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا .

ڕوسیا وەك میراتگری یەكێتی سۆڤیەتی هەڵوەشاوە لەساڵی 1991 وە ڕۆڵ و كاریگەری خۆی بۆ دەیە ساڵ و زیاتریش لەهەموو دونیادا و بەتایبەتیش لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك زلهێزێك و جەمسەرێكی ململانێ جیهانیەكە لەدەستداوە و خۆشی بچوك و گۆشەگیركەوتوە و هاوپەیمان و دۆستەكانیشی بێئومێد و دەستخەڕۆ خستوە .
گەر بە مێژووی یەكێتی سۆڤیەتی جاران و ڕوسیای ئێستاشدا بڕوانین ، ئەوا هەمیشە دووڕوویی لە بەڵێن و وازهێنان و بەجێهێشتنی هاوپەیمان و دۆستەكانیان لەنیوەی ڕێگادا پیشەی هەمیشەیی و سیاسەتی حیزبی شیوعی سۆڤیەتی و حكومەتی كرملین بوە بۆ وڵات و حكومەت و تەنانەت حیزبە شیوعیەكانی ئەو وڵاتانەش
ئەوەتا كاتێك شۆڕشی ئۆكتۆبەر بەڕابەرایەتی حیزبی شیوعی سۆڤیەتی سەركەوت لەگەرمەی جەنگی جیهانی یەكەمدا ، ڕاستەوخۆ لەو جەنگە كشایەوە و كەلێنێكی گەورەی خستە ناو هاوكێشە سیاسی و سەربازیەكانەوەو ئیدی لێرەوە ڕۆڵ و كاریگەری یەكێتی سۆڤیەتی ڕوو لە بچوكبونەوە و گۆشەگیری كرد .
لە جەنگی جیهانی دووەمیشدا یەكێتی سۆڤیەت ڕووبەڕووی داگیركردنی ئەڵمانیەكان بوە و كارەساتی بەناوبانگی ستالینگرادی لێكەوتەوە و هێندەی نەمابوو مۆسكۆی پایتەختیش بگیرێت و لە ئەنجامیشدا یەكێتی سۆڤیەت تەنها توانی چەند وڵاتێكی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی بخاتە ژێر ڕكێف و خولگەی خۆیەوە و ژمارەیەك حیزبی شیوعی لە دونیادا دروست بكات كە زۆرینەیان نەیانتوانیوە بگەنە دەسەڵات و هەمیشە یەكێتی سۆڤیەت بەبەكارهێنانی سیاسەتی توندوتیژی و تواندنەوەی نەتەوە و ئاینەكان و پشتیوانیكردنی لە هێز و حكومەتە تاكڕەوەكان لەدونیادا گەشەی بە سیاسەت و ڕۆڵی خۆی داوە . بەڵام هەمیشە زۆرینەی جەماوەر و كۆمەڵگای لەدەستداوە .
لە سەردەمی جەنگی ساردیشدا كە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە و لەساڵی 1952وە دەستیپێكردوە و تا ساڵی 1991 بەردەوام بوە لە نێوان بلۆكی سۆسیالیستی ڕۆژهەڵات و سەرمایەداری ڕۆژئاوادا بەڕابەرایەتی ئەمریكا ، هێواش هێواش ڕۆڵ و كاریگەری ڕوسیا بەرەو قەتیسبوون و بچوكبونەوە دەچوو تا لەكۆتایدا و لەئەنجامی سیاسەتی هەڵەی داخراو ونەبونی دیموكراسی و ئازادیەكان و بەكارهێنانی سیاسەتی ئاگر و ئاسن لەناوخۆی خۆی و لەو وڵاتانەشی كەپێڕەوی بەناو سۆسیالیستیان كردوە .
ئەوەی گرنگە لێرەدا پرسیاری لەبارەوە بكرێت ، ئەوەیە ئەرێ‌ ڕۆڵی ڕوسیا لە ئێستادا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا چیە ؟ ئایا وەك لەڕابووردوودا دەبێت یان لە ئایندەدا كاریگەرتر و ئەكتیڤتر دەبێت؟ئایا ڕۆڵی لە كۆمبارسەوە دەبێتە پاڵەوانی سەر شانۆی ناوچەكە و دونیاش ؟ ئایا دەتوانێت ڕووبەڕووی سیاسەت و ململانێكانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا ببێتەوە ؟ ئایا دەتوانێت ببێتەوە بە جەمسەرێكی گرنگ و كاریگەری دونیا و جارێكی تر دونیا دابەشبكاتەوە ؟ یان هەر بە گۆشەگیری دەمێنێتەوە و جارێكی تریش دۆست و هاوپەیمانەكانی دەسخەڕۆ دەكاتەوە ؟ ئەمەو دەیان پرسیاری تر .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ نەوزاد موهەندیس

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies