Oil-Money

بورهان شێخ ڕەئوف : قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پێش ئەوەى بچمە ناو قەیرانەکانى هەرێمى کوردستانەوە پێمباشە پێناسەیەکى ( قەیران ) بکەم دواتر هەڵوەستەیەکى خێرا لە سەر قەیرانە زۆر سەخت و نەخوازراوەکانى وڵات بکەم ئەگەر بە کورتیش بێت .
ئەگەرچى زۆر پێناسە بۆ قەیران کراوە بەڵام کورتترین و پڕ مانا ترینیان ئەو پێناسەیە کە (scher mehorn) کردوویەتى کە دەڵێت : قەیران و قەیرانى کارگێڕى ئەو کێشە چاوەڕوان نەکراوەیە ئەگەر چارەسەر خێراى بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوە کارەساتى گەورەى لێدەکەوێتەوە .
هەروەها فەرهەنگى ڕندام قەیران وا پێناسە دەکات کە دۆخێکى ڕاگوزەر و ناهاوسەنگە کە دەبێتە خاڵێکى وەرچەرخان کە لەبەر ڕۆشناییەکەیدا ڕووداوەکانى ئایندە دەستنیشان دەکرێت کە گۆڕانکارى گەورە بە دواى خۆیدا دەهێنێت .
هەروەها فەرهەنگى وێبستریش وا پێناسەى دەکات دەڵێت : قەیران خاڵى وەرچەرخانە بەرەو باشتر یان خراپتر هەروەها ئەو چرکەساتە یەکلاکەرەوەیە ئەو کاتە تەنگانەیە واتە دۆخەکە گەیوەتە قۆناغێکى نەخوازراو.
لەبەر ڕووناکى ئەو پێناسانەى سەرەوەدا دەتوانین ئاماژە بە قەیرانە یەک لە دواى یەکەکانى هەرێمى کوردستان بکەین هەرچەندە زۆرێک لەو قەیرانانە ڕەگ و ڕیشەى مێژووییان هەیە و لە ڕابردوویشدا زۆرمان لە سەر ووتوە و بە پێویستى نازانم لێرەدا دووبارەیان بکەمەوە .
بەڵام قەیرانەکانى یەک ساڵى ڕابردوو سەرەتا لە قەیرانە داراییە کانى هەرێمەوە دەست پێدەکات کە لە ناکۆکیەکانى نێوان حکومەتى ناوەندى و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر پێنەدانى پارەى کۆمپانیا وەبەر هێنەرەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە لایەن حکومەتى ناوەندیەوە دەستى پێکردو دواتر دابەزینى نرخى نەوت و کەمکردنەوەى بەشە بوودجەى هەرێم و دواکەوتنى مووچەى کارمەندانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى سێ مانگ ، کێشەو ناکۆکیەکان لە سەر دۆسیەى نەوت و غاز و فرۆشتنى لە ڕێگەى سۆمۆ و دواتر شکستهێنانى ئەو پرۆسەیە لە ڕێگەى سۆمۆەوە دواتر فرۆشتنى بە شێوەى ڕاستەوخۆ لە لایەن وەزارەتى سامانە سروشتیەکانەوە و شکسهێنانى ئەو وەزارەتە لە دابین کردنى مووچەى کارمەندانى حکومەت و خستنەوە گەڕى پرۆژەو خزمەتگوزاریەکان .
لایەکى ترى قەیرانەکە قەیرانى سیاسى یەو و پرسى سەرۆکایەتى هەرێمە لە دواى ئەوەى لە 19 / 8 / 2015 ولایەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان تەواو بوو هەر پێنج لایەنەکەى بەشدار بووى حکومەتى بنکە فراوان نەیان توانى لە دواى نۆ کۆبوونەوەى دوورو درێژ بگەنە ڕێگە چارەیەک بۆ قەیرانەکە ناکۆکى و ململانێکان لە پەرلەمان و کۆبونەوەى نێوان حزبەکانەوە گوێزرایەوە بۆ سەر شەقامەکان و توندوتیژى لێکەوتەوە لە 8/10/ 2015 کە بە لە گیان لە دەستدانى پێنج کەس و بریندار بوونى زیاتر لە 100 کەسى لێکەوتەوە .
بەڵێ لە ئاوا بارو دۆخێکدا کە قەیرانەکان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە زیاد بوون و تەشەنە کردندان بێکارى و داڕووخانى خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و دواکەوتنى مووچەى فەرمانبەران و بۆ زیلتر لە 3 مانگ و نەبوونى هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنیان هەموو ئەمانە و سەرەڕاى سەرهەڵدانى کێشەى سیاسى وکە خۆى لە پرسى ولایەتى سەرۆکى هەرێمدا دەبینێتەوە خۆ بەستنەوە بە کورسى دەستەڵات و پێشێلکردنى هەموو یاساو ڕێساکان لەلایەن تۆێژى باڵادەستى فەرمانڕەواوە ،
زۆر ئاساییە لە دواى هەموو ئەو فاکتەرانە ئەگەر تاقمێکى زۆر لە گەنجان و دەرچووى زانکۆو پەیمانگاکان سەرى خۆیان هەڵگرت و وڵاتیان بە جێهێشت دواتر ناڕەزایەتى و خۆپیشاندا ن و میتینگ و بایکۆتى دەوامى لێبکەوێتەوە وبەڵام بە شێوەى مەدەنى و ئاشتیانەو دوور لە توندوتیژى ئیتر پێویست ناکات ئەو جۆرە کاردانەوانەى کۆمەڵانى بەرینى خەڵک بە دەستى دەرەکى و ئاژاوەو و پیلانگێڕى و هاندانى فڵان و فیسار حزب ناوەزەد بکرێت وەکو هەموو ڕژێمە دکتاتۆر و تۆتالیتارەکانى دونیا .
ئیتر نامەوێت باسى ڕووداوە کانى دواتر بکەم چونکە پێناسەکان پێمان دەڵێن کە ئەگەر قەیرانەکان چارەیان بۆ نەدۆرێتەوە ئەوە کارەساتى نەخوازراوو گەورەیان لێدەکەوێتەوە .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر