یوسف عزەدین : ئەبەدییەتى تارماییەکانى خۆکوشتن .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەودیو مەرگى زانراوەوە ، مەرگ بۆخۆى مێژوویەکى لەبیرکراو یان هەندێک جار نەزانراوى هەیە ، سەربارى ئەوەى کەمەرگ بەپێى جیاوازى کۆمەڵەکان و جوگرافیا و زەمەنەکان تێڕواینن و خوێندنەوەى جودا لەخۆ دەگرێت .
ئیڤان ئیلیچ ” زۆر بەوردى توانیویەتى لەوتارێکیدا بەناوى ( مەرگ دژ بەمەرگ ) ، رۆبچێتە نێو نەزانراوەکانى مەرگەوەو بەتایبەتیش کەئاماژە بەچاخەکانى نێوەڕاستى ئەوروپا دەدات ، هەر بۆنمونە باس لەنەخشى سەر گۆڕێکى پاریس دەکات لەساڵى”1424″دا کەوێنەى کۆمەڵێک کەسى مردووى تێدایە لەکاتى سەماکردنداو هەر لەقەشەوە بۆ کەسە ئاساییەکان و ئەمەش لەو سەردەمەدا بە ” سەماى مەرگ ” ناسراو بووە ، ئەوەشى سەیرە گاڵتەجاڕیى ئەو وێنەو نەخش و نیگارانەیە بەخودى مەرگ و هەوڵدانێتى بۆ دەرهێنانى لەو تەقدیسکردنەى کە مەرگ بەدرێژایى سەردەمانێک هەیبووە .
گرنگیدان بەمەرگ لەو سەردەمانەداو هەوڵدان بۆ تێکشکاندنى قودسیەتى بوونى، وا لە ” هانس هۆلبین ” دەکات لەساڵى”1538″ دا بۆ یەکەمینجار کتێبێک بەوێنەوە دەربارەى مەرگ بڵاوبکاتەوە ، ئەمە لەو سەردەمەدا رێنیسانسێک بووە ، گۆڕانکارییەکى زۆر قووڵ بووە دەرحەق بەچەمکى مەرگ . خۆکوشتنیش شانبەشانى مەرگ ، لەدێر زەمانەوە هەبووەو هەیە ، رەنگە گەڕان بەشوێن مێژووى نەزانراو و نەنووسراوى خۆکوشتندا یەکێک بێت لەکارە سەختەکان ، بەڵکو ئاستەمەکان .
شایانى باسە کتێبە ئاینییەکان وەک تێکستێک ، زیاتر باسى کوژرانى مرۆڤمان بۆ دەکەن بەدەست مرۆڤێکى دیکەوە ، گەرچى هەرهەموویان کردەى خۆکوشتنیان بەحەرام زانیوەو لەڕوانگەى تابۆ ئاینییەکانەوە یاساغیان کردووەو پێداگر بوون لەسەر ئەوەى کەنابێت کەس خۆى بکوژێت ، بەڵام وەک نمونەى کوشتنى مرۆڤ بەدەستى مرۆڤ ئاماژەیان پێنەداوە ، کەواتە ئەگەر هەر لەو سەردەمانەوە خۆکوشتن هەبووبێت ، ئەوە بۆ هەبووەو هۆکارەکانى چیبوون ، لەمڕۆدا خوێندنەوەى ئێمە بۆ مێژووى ئەو کردەیە چییە و ئەمانە زۆر پرسیارى دیکە قابیل بەکردنن ؟!.
ئەوەى کەتایبەتیشە بەخۆکوشتنى دانەران ، ئەوەندەى لێرەدا دەرفەت هەبێت هەوڵى وروژاندنى هەندێک پرسیار دەدەین .
فۆکنەر ” دەڵێت : هەموومان سەبارەت بەرێکردنمان لەگەڵ خەونەکانمان بەرەو کامڵ بوون شکستمان هێنا ، بۆیە من سەرکۆنەى خۆمان دەکەم دەرحەق بەو شکستە گەورەیەمان بۆ بەدیهێنانى ئاستەم … هەر ئەمەشە هۆکارى بەردەوامبوونى دانەر و هەوڵدانى چەند جارەى ، چونکە هەر جارەى وا هەست دەکات ، کە لەهەوڵدانەکەیدا سەرکەوتوو دەبێت ، دیارە بێگومانیش نایگاتێ و سەرکەوتوو نابێت .. ئەگەر توانیشى کارەکەى لەگەڵ وێنە و خەون بگونجێنێت و ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنێت ، ئەوە هیچ شتێکى بۆ نامێنێتەوە بێجگە لەبڕینى قوڕقوڕاگەى و بازدان لەترۆپکى کامڵ بوونەوە ، واتە بەرەو هەڵدێرى خۆکوشتن .
کەواتە لەڕوانگەى ” فۆکنەر ” ەوە ، دانەر کاتێک ناچارە خۆى بکوژێت گەر بەشێوەیەکى مەجازیش بێت ، ئەو دەمەى دەتوانێت تێکستێکى کامڵ بنووسێت ، کەواتە بەڕاى ئەو ئەوەى کەخۆکوشتنى دانەر دوور دەخاتەوە ، هەوڵدانیەتى بۆ نووسینى ئاستەم یان گەیشتنە ئاستەم .
دیارە ئەمەش پێچەوانەى ئەو راوبۆچوونەیە کەپێى وایە زۆرێک لەو نووسەرانەى کەخۆیان کوشتووە ، هۆکارەکەى نەتوانینى نووسینى تێکستێکى جوداو جیاواز بووە ، کەواتە خۆکوشتنى دانەر پەیوەست دەکەن بەشکستەوە . زۆر میتۆدى دیکەو راو بۆچوونى دیکەش هەن ، کەهەریەک لەڕوانگەى جیاجیاوە مامەڵە لەگەڵ پێوەندى دانەر و خۆکوشتن دەکەن ، بەڵام وەک ” مالارمێ ” دەڵێت : هەموو میتۆدەکان وەهمن .
نیگەرانى و دڵەڕاوکێمان بەرانبەر بەوەى لەمڕۆدا کامەیە بەهاکانى مرۆڤبوون ، بەتایبەت مرۆڤبوون بەهایەکى سەقامگیر و جێگرى نییەو سایەو سێبەرى ریالیتەیەکى دەرەوەى خۆشى نییە .
دنیاى جەنجاڵیى ئەمڕۆ تەراتێن لەمابەینى ئەڵتەرناتیڤەکاندا دەکات ، ئەو ئەڵتەرناتیڤانەى بنەماى سەرەکى و سەرەتاى دەرکەوتنیان نەزانراوە ، ئەگەر یەکێک لەبنەماکانى زیندەبوون ، بوونى ئیرادەى خوڵقاندنى ژیان بێت ، ئەوە مافى نەفیکردنەوەى زیندەبوون و نەمانیش بەشێکە لەسیماکانى زیندەبوون . کەواتە خۆکوشتن بەدەر لەماهیەت و تەفسیرە نێگەتیفەکانى ، ئیختیارێکى مرۆڤەو جیاواز لەزۆرێک لەبوونەوەرەکانى دیکەو بەشێوەیەکى بەرچاوتر و زیاتر ، لەمێژەوە لەمێژوویى مرۆڤایەتیدا شوێنجێگەى لەژیانى مرۆڤدا هەبووەو هەیە .
سەیر و سەمەرەیى خۆکوشتنى ” سامۆراى ” ییەکان وەک دیاردەیەک سەرنجى زۆر کەسى راکێشاوە ، یەکێک لەحیکایەتەکان باس لەگروپێکى سامۆراى دەکات ، پاش تۆڵە سەندنەوە دەرحەق بەکوژرانى سەرۆکەکەیان لەدەسەڵاتدارێک و کوشتنى خۆى و دارو دەستەکەى ، هەر هەموویان بەکۆمەلڕ خۆیان دەکوژن !؟.. ئەوەى تائێستا بۆتە پرسیار ئەوەیە کەبۆ پاش توانینیان بۆ تۆڵەسەندنەوەو لەناوبردنى نەیارەکەیان ، خۆیان کوشتوە ، باشە ئەگەر خۆیان نەکوشتایە چى روویدەدا ، یان پاش خۆ کوشتنیان چى روویدا ، ئەمانەو زۆر پرسیارى دیکە ، شایانى گوتنن .
ئێمە هەموومان وەک بوونەوەرێک هەڵگرى دوالیزمى ژیان و مەرگین ، ئەمە چ وەک غەریزەو چ وەک ئەو هۆشمەندییە رێژەییەى کەهەمانە ، لەگەڵ جیاوازى کات و شوێن و رۆژگارەکان . دیارە ئەوەندەى حەزمان بەدرێژبوونەوەى تەمەنمانەو هیواى پێ دەخوازین ، ئەوەندەش مەرگمان لا یەقینەو دەرفەتى گومانمان نییە لێى ، هەرچەندە بەدرێژایى مێژوو هەبوون و هەن پێیان وایە زیندوو دەبنەوە ، یان وەک رۆحێک لەجەستەیەکى دیکەداو لەڕێى دۆناو دۆنەوە دێنەوە بوون ، سەربارى زۆر تەسەوورى دیکەى زیندوو بوونەوەى پاش مەرگ ، بەڵام ئەگەر هەموو ئەمانە تەنانەت لاى باوەڕدارانیشى یەقین بووایە ئەوە لەمەرگ نەدەترسان .
لەدوایەمین ئاماریى تایبەت بەرێژەى مردووانى چین ئەو راستییە دەرکەوت ، کەسێ یەکى ئەوانەى کەمردوون بەشێکیان ئەوانەن کەخۆیان کوشتوەو زۆرترین ژمارە لەخۆکوژەکانیش نێرینەکانن و زۆر شتى دیکەى تایبەت بەخۆکوشتنیش ، لەمڕۆیەکدا کەبۆتە دیاردەیەکى جیهانیى ، راڤەکارى و لێوردبوونەوەى زۆر وردى دەوێت .
رەنگە ئەوەى کەپەیوەستە بەهۆکارەکانى خۆکوشتنەوە کارێک نەبێت راڤەکارییە تەقلیدییەکان دەڕۆستى بێن . زۆر پەنهان و نهێنى لەنێو ئەو ساتەوەختەدا خۆى حەشارداوە کەپێى دەگوترێت ساتەوەختى خۆکوشتن . سەیر نییە زۆرێک لەوانەى کەلەژوورى لەسێدارەداندا چاوەڕێى تەنفیزى حوکمن ، ئەگەر ئیختیارى خۆکوشتن بخەیتە بەردەستیان ناتوانن خۆیان بکوژن و چاوەڕێى جەللاد دەکەن تا وەک قوربانییەک بیانکوژێت .
بۆیە تواناى ئەو کەسەى کەدەتوانێت خۆى بکوژێت ، شتێکى سەرپێى و راگوزەر نییە ، ناکرێت بەتەواویش پەیوەستى بکەین بەبارێکى دەروونییەوە . سەیر نییە کاتێک وەک راستییەک پەى بەوە دەبەین کەکەسە شێتەکان و نیمچە شێت و بارى دەرووونییە شێواوەکان کەمجار هەبووە خۆیان کوشتبێت ، لەکاتێکدا زۆریان دەتوانن شاڵاو بۆ کەسانى تر بەرن و تەنانەت بشکوژن .
ئیدى خۆکوشتن وەک کردەیەک سەربارى هەر شتێک یەکێکە لەو کردانەى کەلەمێژەوە پاڵەوانى دروستکردووە ، وەک چۆن ” هانیبال” بەخۆکوشتنى بووە پاڵەوان و ئەفسانەو توانى لەکۆنترین زەمەنەوە وەک ناوێک بگاتە ئێستا . ئەم زاتە فینیقییە شتى زۆر سەیر و سەمەرەى کرد هەر لەڕێکردنى پێنج شەش مانگى نێو بەفر ، بەخۆیى و سوپاکەیەوەو بڕینى چیاکانى ئاڵب و لەهەمووشى سەیرتر هێنانى فیل بوو لەگەڵ خۆى ، تابردنییە بەردەم دەرکەکانى رۆما . کەچى ئەوەى ئەو پیاوەى لەمێژوودا هێشتەوە بەتەوایى ماجەراى سەرکەوتن و هێرشەکانى نەبوون ، بەڵکو خۆکوشتنى بوو پاش شسکت هێنانى لەبەردەم رۆمانەکاندا .
شتێکى سەیرى دیکەش زۆرێک لەو بیرمەندو نووسەرانەى تیۆریزەى خۆکوشتنیان کردووە ، لەبارەیەوە تەنزیر و نووسینیان هەبووە ، تەنانەت ئەوانەى بوونەتە پاڵپێوەنەرى خۆکوشتنیش ، خۆیان نەکوشتووە ، کەچى ئەوانەى لەژیانیاندا قسەو باسێکیان سەبارەت بەخۆکوشتن نەبووە ، لەئان و ساتێکدا خۆیان کوشتووە ، هەر بۆ نموونە کەسێکى وەک هێمنگواى کەخۆکوشتنى زۆر نائاسایى دێتە پێش چاو ، بەبەراورد لەگەڵ ژیان و تێکستەکانى ، لەکاتێکدا ئەگەر کامۆ و سارتر و بیکیت خۆیان کوشتبا زۆر ئاسایى دەهاتە پێش چاو ، هەرچەندە خۆیان نەکوشت و کامۆ بەڕوداوێک مرد و دوانەکەى دیکەش بەمەرگى سروشتى .
ئەگەر بڵێین بەشێوەیەکى رێژەیى خۆکوشتن پێوەندى بەجورئەتەوە هەیە ، ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەى تێڕوانینمان بۆ جورئەت چییە ؟ دەبێت بڵێین کام جورئەت ئەو جورئەتەى کە لەڕوانگەیەکى تەقلیدییەوە راڤە دەکرێت ، یان ئەوەى لەڕوانگەیەکى ناتەقلیدییەوە راڤە دەکرێت .. هەرچۆنێک بێت کوشتنى خود لەکوشتنى کەسێکى دى شەریفانەتر و جوانترە ، هەر هیچ نەبێت ئەو کەسەى کەخۆى دەکوژێت تەجاوز ناکاتە سەر ژیانى خەڵکانى دیکەو مافى ژیانیان لێ زەوت ناکات .
ئیشکالی زۆرێک لەتێزە فەلسەفییەکان لەوەدایە بوون وەک خۆى و مەعریفەى ئێمە سەبارەت بەبوون تێکەڵ دەکەن ، بەم شێوەیەش بوون دەبێتە چەمکێکى ئەقڵى ئەبستراکت . هەردەم پێوەندى ” من ” بەکەسانێکەوە کەبەقەولى ” هایدگەر ” بە ” ئەوان ” ناودەبرێن و ئەوان بەشێکن لەو دیزاینە گەورەیەى کەهەمیشە بۆشاییەکانى نێوان شتەکان پڕ دەکەنەوە تا ئەو رادەیەى هەموو شتێک دەکەنە یەک و هاوشێوە ، لەمیانى ئەمەشەوە تواناى کەشف و گەڕانمان سنووردار دەکرێت ، رێ بەموجازەفەو هەوڵدانمان بۆ زانین سنوردار دەکرێت ، ئەوەى کە پێى دەگوترێت دەوروبەر و ئەوەى کەپێشى دەگوترێت خۆمان ، لەمڕۆدا جیاکردنەوەى ئەگەر ئاستەمیش نەبێت زەحمەتە .
کاتێک باس لەوە دەکرێت کەکۆمەڵ ئازادیى خۆکوشتن لەتاکەکان دەسەنێتەوە ئەوە دەبێت ئەو راستییە بزانین کەئێمە پێش ئەوەى ئازادیى خۆکوشتنمان لێ بسەنرێتەوە هەموو ئازادییەکانى دیکەمان لێ سەندراوەتەوەو بەخۆڕا لەدنیایەکى بێمانادا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین ، دواجار ئێمە جگە لەمەرگ چاوەڕێى چى تر دەکەین . وەک ” تاوى ” ییەکان دەڵێن : تاو دەفرێکى بەتاڵە ، بەکاردەهێنرێت بەبێ ئەوەى کەپڕکرێتەوە . بەڵام ژیانى ئێمە ئەو دەفرە پڕەیە کەلێوانلێوە لەبێهووودەیى و بێ ئیرادەیى بەرانبەر بەقەدەرێک کەپێى دەگوترێت مەرگ ، تۆ ئەگەر ماوەیەکى دیاریکراوت هەبێت بۆ ژیان چ واتایەکى هەیە بژیت یان بمریت ، هەر هەمووى عەبەسێکەو ئێمەیەک بۆ بەدبەختیمان لەڕێى هۆشەوە درکى پێدەکەین و تامەرگ گیرۆدەى ئەو راڤەکارییانە دەبین کەهەوڵى بەخشینى مانایەک بەژیان دەدەن .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر