Homosexuell

حەمەسەعید حەسەن : سێکس لەنێوان هەمان ڕەگەزدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

* لە هەر شارێکی پاکستان ، ئیسلامی سیاسی بەهێز بێت ، سێکسکردن لەگەڵ هاوڕەگەزدا بەربڵاوە .

زۆر لە بانگخوازان ، دان بەوەدا نانێن ، جەستەی ژنیش ، پێویستی بەوە هەیە چێژی پێ بگات و ئەو چێژوەرگرتنە جەستەیییە ، گوڵی ڕۆح دەگەشێنێتەوە ، ئاخر ڕۆح و جەستە تەواوکەری یەکترین و هەر یەکێکیان هەست بە برسێتی بکات ، لەوی تریاندا ڕەنگ دەداتەوە .

دەڵێن : موزیک خۆراکی ڕۆحە ، بەڵام بەدەم گوێگرتن لە موزیکەوە ، هەر ڕۆح نا ، جەستەیش هەست بە ئاسوودەیی دەکات . گوایە لەو دونیا حەفتاودوو حۆری کە هەر یەکێکیان حەفتاودوو دەستەخوشکی هەیە ، کە دەکاتە پێنج هەزار و سەد و هەشتاوچوار مێیینەی جوان ، لە دەوری ئامێری نێرینەی پیاوێکی بە بەهەشت شادبوو ، خڕ دەبنەوە ، بەڵام باسێک لەوە نییە ، پادداشتی ئافرەتی بە بەهەشت شادبوو ، لەڕووی پێویستیی سێکسییەوە چییە  ؟
بە گوێرەی میسیۆلۆژیای شارستانییە دێرینەکان ، ئیدی هیی گریک بووبێت ، یان هیی وەڵاتی نێوان دوو زێ ، بەرلەوەی ئایینە ئاسمانییەکان بێنە کایەوە ، نێر و مێ بە یەکسانی چێژیان لە سێکس دەبینی و ئازادانە بەستەی ئەوینیان دەچڕی ، ئەوە بۆیە ئەدەبی ئێرۆتیک ، یەکێکە لە هونەرە هەرە دێرینەکان . ئەو سەروەختە ، ئارەزووە سێکسییەکانی ئینسان ، کانیاوێکی ڕوون بوو ، ئاخر هێشتا دەستی کاهین و واعیز لێڵیان نەکردبوو . ئەوە ئایینی عیسا بوو ، نەفرەتی لە چێژ کرد و ئامانجی سێکسی تەنیا لە وەچەخستنەوەدا خڕ کردەوە . ئەوە کریستیانیزم بوو ، پاکیزەیی بە پیرۆز کرد و تەنانەت پۆڵس پێغەمبەر پێی وابوو : ( ئەگەر بتوانین ، باشترە توخنی سێکس نەکەوین . )

ئیسلام باوەڕی بە ئێرۆس هەیە ، ددان بەو پێویستییە جەستەیی و ڕۆحییانەدا دەنێت کە بە سێکس پڕ دەکرێنەوە ، بەڵام بەشێوەیەکی پتەو و ڕێکخراو و لەژێر چاودێریدا . ئیبن سینا ، هەزار ساڵێک بەر لە هەنووکە گوتوویەتی : ( سەرکوتکردنی ئارەزووی سێکسی، نەخۆشیی دەروونی لێ دەکەوێتەوە .) ئەو ئیسلامناسە ، لایەنگری چێژوەرگرتن و چێژبەخشینی سێکسی بووە و گوتوویەتی : سێکس نیعەتێکە خودا بە ئینسانی بەخشیوە . لای ئیسلام ئەوە ڕەوشتێکی چاک نییە ، ئەگەر ئینسان ، خۆی لە هاوسەرگیری بدزێتەوە . لە کەلەپووری ئیسلامدا چەندان کتێب لەبارەی سێکسەوە ڕووهەڵماڵراوانە نووسراون ، بەڵام نزیکەی هەموویان ، وەها وێنەی ژنیان کێشاوە ، وەک عەقڵی لەنێو ( کێلان ) ی دابێت و وەک ئارەزوویەک بێت، لەسەر دوو پێ بڕوات . تیجانی پێی وایە : ( دەستی هیچ چێژێک، بەو لەززەتەدا ناگات کە ژن بە پیاوی دەبەخشێت .) نەفزاوی لە کتێبی ( باخی بۆندار ) دا وەها دەست پێ دەکات : ( ئەوپەڕی چێژی پیاو لە زێی ژندایە و ترۆپکی چێژی ژنیش لە وانێکی پیاودا .)
هەرچەندە ژن دەبێت : ( لە ئاستی پیاوی نامەحرەمدا چاو دابخات ، جوانییەکانی خۆی لە غەیری مێردەکەی پیشانی پیاوی دیکە نەدات و پارێزگاری لە زێی خۆی بکات ،) ( وقل للمۆمنات یغچچن من أبصارهن ویحفڤن فروجهن ولا یبدین زینتهن إلا لبعولهن . نوور  ٣١ ) بەڵام ئەوە ڕێگە پێ دراوە ، ژنانی بە تاڵانی گیراو ( سەبایا ) لە بازاڕدا پیشان بدرێن و کڕیار مافی ئەوەی هەیە ، نەک هەر سەیری هەموو جێیەکی لەشیان بکات ، بەڵکوو دەتوانێت ، وەک خەریکی کڕینی ئاژەڵ بێت ، دەست بۆ هەستناکترین شوێنی جەستەیشان ببات ! پارادۆکس ئەوەیە لە سایەی حوکمی دەوڵەتی ئیسلامدا ، لە بازاڕدا کڕیار دەست بۆ مەمکی ژنی کۆیلە دەبات ، بەڵام نووسینی ئەدەبی ئێرۆتیک بە تابوو لە قەڵەم دەدرێت . کڕینی ئافرەتی بە کۆیلەکراو لە بازاڕدا و جووتبوون لەگەڵیدا کە هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە تا سەرهەڵدانی داعش پێڕەو کراوە ، لە بەشەرعیکردنی لەشفرۆشی بەولاوە ، هیچی دیکە نییە .
هیچ وەڵاتێک هێندەی پاکستان ، بەرانبەر بە هاوڕەگەزخوازی بێ تۆلێرانس نییە ، بەڵام لە هیچ کوێی دونیایش ، دیاردەی هاوڕەگەزخوازی هێندەی لەوێ هەیە ، بەربڵاو نییە . لە هەر شارێکی ئەو وەڵاتە ، ئیسلامی سیاسی بەهێز بێت ، سێکسکردن لەگەڵ هاوڕەگەزدا بەربڵاوە . پرۆفیسۆر داگ ئوستاین ئێندخوێ لە کتێبی  ( سێکس و ئایین ) دا دەڵێت : ( لەوێ ئەوانەی سێکس لەگەڵ پیاواندا دەکەن ، زۆربەیان خاوەن ژن و منداڵن ! لەوێ لە سەددا چل و نۆی شۆفێرانی بارهەڵگر ، سێکسیان لەگەڵ نێردا کردووە ، هەرچەندە ژنیشیان هەبووە .) لە ئێران بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە لە 2009 دا کراوە ، لە سەددا بیست و چواری ژنان و لە سەددا شازدەی پیاوان ، سێکسیان لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیاندا کردووە .
هەرچەندە لە ڕوانگەی مزگەوتەوە ، هاوڕەگەزخوازی قەدەغەیە ، بەڵام لە دونیای ئیسلامدا دیاردەیەکی زەقە . لە خۆرئاوا دژایەتیکردنی هاوڕەگەزخوازان بەڵگەیە بۆ نەبوونی تۆلێرانس . پاپای پێشوو ، بێندیکتووسی شازدەیەم دەیگوت : هاوڕەگەزخوازی وێرانکردنی کاری خوایە ، بەڵام تۆماس ڕۆسیکا کە هەنووکە گوتەبێژی ڤاتیکانە ، دەڵێت : هاوڕەگەزخوازان کوڕ و کچ و برا و خوشک و هاوڕێ و هاوسێی ئێمەن . کە پارهاوین ، هاوسەرگیریی نێوان هەمان ڕەگەز ، لە ئەمریکا بوو بە یاسایی ، بەو بۆنەیەوە کۆشکی سپی ، بە بەرگێک لە ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە ڕازێنرایەوە !
ساڵانی هەشتا کە ئایدز لە ئیتاڵیا بڵاو بووەوە ، سێیەکی ئەوانەی تووشی هاتن ، قەشە بوون . بۆچی ئیسلامی سیاسی کەیفی بە ڕشتەی مرواری نایەت ، هەرچەندە عەلائەدینی سەججادی ، کە بە هەق ئیسلامناس بوو ، نووسیویەتی ؟ چونکە بەڵگەنامەیەکە گەواهی لەسەر هەبوونی نێربازی لە نێوان فەقێیان و مەلایاندا دەدات . ئایا ئەوەیان بەدئاکارییە هاوڕەگەزخوازی مۆڵەتپێدراو بێت ؟ یان بە ئاشکرا قەدەغە و بە نهێنی بەربڵاو بێت ؟ هاوڕەگەزخوازان لە دونیای ئیسلامدا بۆ دوورخستنەوەی گومان لە خۆیان ، کچ بن ، مێرد دەکەن و کوڕ بن ، ژن دەهێنن ، بەڵام بە نهێنی هەر هاوڕەگەزخواز دەبن ، با دایک یان باوکی منداڵانیش بن .

(١) أحمد الفخرانی، السیر عکس مجری النهر ١٦ أکتوبر ٢٠١٥ السفیر الپقافی، بیروت.
(2) Jonas Gardell, Mosken den arabiska garderoben, Expressen 11 oktber 2015 Stockholm.
(*) لای خۆرئاوایییەکان، ئەوە زادەی بڕی هۆرمۆنێکی تایبەتە، ئەم دەبێتە هاوڕەگەزخواز و ئەو نابێت

سەرچاوە – ڕووداو

PHOTO : kath.ch

 

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر