جەمال حسێن : پاریس لەشاری جوانیەوە بۆ پایتەختی شەرانگێزی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی یەکەم

لە تەهتاویەوە بۆ بەغدادی

گوستان لۆگۆف ـ لەدێرە یەکەمەکانی پێشەکی کتێبە نایابەکەیدا ( رۆشنبیران لەسەدەکانی ناوەراست )  ، دەڵێت : رۆشنبیران دیاردەیەکی پاریسیە . راستەوخۆش پەیوەندی بەوگفتوگۆو جموجۆڵە بەردەوامانەوە هەبوە کەلەم شارەدا بەرجەستەبوە ، ئەو گفتوگۆیانەى سەرەتا بەنهێنی و لەشێوەیەکی زارەکی لەقاوەخانەکانی پاریس دەستیپێکرد ، هەرزوش بونە خەمێکی جیهانی و تائێستاش کاریگەریان درێژەى هەیە . لەسایەى ئەم توێژە نوێوە ، دنیای کۆن و بەها سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی چون و لەبری ئەو سەردەمێکی تر دەستیپێکرد .
لێرەوە پاریس بوە چەقی دنیا لەرۆشنگەری و فیکری نوێ ، لە رەخنەى قوڵ و جدی لەبونیادی ئەقڵی و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەدەکانی ناوەراست و موژدەى دنیایەکی نوێ ، دنیایەک گەرچی زوو بەهەمو جیهاندا بڵاوبۆوە ، بەڵام رەگ و ریشەکانی پاریسی خۆی ون نەکرد . سەدەى بیستیش کەسەدەى مۆدێرنەیە ، سەدەى دنیابینی تازەو نوێیە ، سەدەى رۆشنبیران و قوتابخانە فیکریە جیاوازو زۆرجار ئاڵۆزەکانە ، بێگومان ئەویش سەدەیەکی پاریسیە ، سەدەى زاڵ بونی کەلتور و کەشی بیرکردنەوەى فەرەنسیە بەسەر جیهاندا .
هەڵدانەوەى لاپەرەکانی کتێبە قەبەکەى ( میشیل وینک ) لەکۆتای سەدەى رابردوو ، سەبارەت بەرەوت و ئاراستەکانی رۆشنبیران لەسەدەکانی ناوەراست و دەرکەوتن و گفتوگۆکانیان لە دریفۆسەوە بۆ ساڵی 1998، واتە بۆماوەی یەک سەدەى رێک ، ئەو راستیە باشتردەردەخا کەبەردەوام سەرچاوەى سەرەکی و شادەماری دەرکەوتنی گفتوگۆ رۆشنبیریەکان لەسەرئاستی جیهان ، دەگەرێتەوە بۆ پاریس . ئەم شارە لەمێژوی هاوچەرخدا ، تەنها ناوەندی گفتوگۆی فیکری فەرەنسیەکان نەبووە ، بەڵکو بەردەوام ئاشقانی فیکری نوێ و بیرکردنەوەى ئەقڵانی و تازە ، ئەوانەى بەدوای فەزایەکی مۆدێرندا دەگەڕان بۆ دۆڵەمەندکردنی روئیای خۆیان ، بەناچاری لەپاریس خۆیان دەبینیەوە . بەم شێوەیە پاریس بو بە ناوەندی دنیای تازە لە خۆرئاوا .
پاریس بە گەشەئابوری و بازرگانیەکانی ، بەشۆرش و گۆرانکاریە کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکانی ، تەنها لەئاستی ئەوروپادا سەنتراڵ و سەرچاوەى دنیای تازەنەبو ، بەڵکو بۆ رۆژهەڵاتیش بەگشتی و رۆژهەڵاتی ئیسلامی و عەرەبیش بەهەمان شێوە بو بەناوەندی خەون بینین بە ئایندەیەک کە لەرابردو نەچێ ، ئایندەیەکی تازە و نوێ . لێکۆڵیارانی مێژو ئەوەیان ساغکردۆتەوە کە لەشکرکێشی ناپلیۆن بۆ میسر ، سەرەتای ئەو شۆکە شارستانیەبو کە کۆمەڵگای موسڵمانانی ناچارکرد بیر لەدواکەوتویی خۆیان و ئەوگەشە گەورەیە بکەنەوە کە خۆرئاوا تیایدایە .
لەسەردەمی نوێدا ، ئەمە یەکەمین زەنگی بەخەبەرهاتنی ئەقڵە لەخۆرهەڵاتی ئیسلامی پاش کوژاندنەوەى چرای ئەقڵ و بیرکردنەوە لەمێژوی ئیسلامی و عەرەبیدا لەژێرگورزی دەسەڵاتی سیاسی خەلافەت و زەبری شەرعناس و فەرمودەناسەکان ، مەبەستم کەوتنی رەوتی فەلسەفی و موعتەزیلەیە لە ململانێی لەگەڵ رەوتی ئایناسە تەقلیدی و دەسەڵاتی خەلافەتە .
هاتنی فەرەنسەیەکان بەچەک و جبەخانەو رێکخستنی مۆدێرنەوە بۆ میسر ،  هەوڵدانی ناپلیۆن بۆ گواستنەوەى بەشێک لەرۆشنبیری نوێی پاریسی بۆ قاهیرە ، دامەزراندنی چاپخانەو بایەخدان بە خوێندەواری بەشێوەیەکی گشتی ، بەدوای خۆیدا جارێکی تر پاریسی کردەوە بەسەرچاوە ، بەڵام ئەم جارە بۆ جیهانێک کەلەدواکەوتویدا خنکابو ، کەئەویش رۆژهەڵاتی ئیسلامی و عەرەبیە .
هاتنی محمد عەلی پاشا و لەژێر زەبری ئەو سەرسامی و شۆکەى هاتنی فەرەنسیەکان دروستیکردبو لە روحی برینداری رۆژهەڵاتیەکان ، دەرگای گواستنەوەى کەلتوری پاریسی نوێ بەروی ئەم جیهانەدا خستە سەرپشت . لەم رێگایەدا ئەم دەسەڵاتدارە، بەرێنمای کەسایەتیەکی دیاری ئەزهەر کە ( حسن عەتار ) ە ، لەماوەی پێنج ساڵدا نۆ شاندی بۆ پاریس نارد بۆ فێربونی زانستی مۆدێرن لەبواری خوێندنء رێکخستنی دەوڵەت و کۆمەڵگاو سود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای تازەى کشتوکاڵ و زانستی . هەمان کەسایەتی ئاینی ، پێشنیاری ئەوەى بۆکرد پیاوێکی ئاینی بکاتە ئیمامی ئەو گروپانە ، کەدواتر هەمان ئەو کەسایەتیە ، بوە خاوەنی یەکەمین پەرتوک لەمێژوی کۆن و نوێدا لەبارەى گەشەى پاریسی و گێرانەوەى حیکایەتی کەلتوری و گەشەى ئەم شارە بۆ عەرەب و کۆمەڵگای ئیسلامیەکان بەگشتی ، ئەویش ( رفاعە تەهتاوی ) یە .
هەرلەهەمان سەردەمدا ، کەسایەتیەکی تری ئەزهەری و مێژونوسێکی ئیسلامی ئەو سەردەمە ، بەزمانێکی ئاینی و زبر بەرهەمێکی لەبارەى شارستانیەتی فەرەنسی نوسی و تیایدا پاریسی بە شاری فاحیشەو فەرەنسیەکانیشی بە کۆمەڵگایەکی کەم ئەقڵ و بەربەری و دواکەتو و کافر ناساندبو، ئەویش ( الجبریتی ) یە . لێرەوە بەر لە تەهتاوی تەنها یەک بەرهەم لە کۆمەڵگای ئیسلامی و عەرەبیدا لەسەر شارستانیەتی فەرەنسی بونی هەبوە ، بەڵام تەنها بەرهەمەکەى تەهتاوی بەرهەمی گەشت و مانەوەو سەرنجی پیاوێکی ئاینی ئەزهەرە ، ئەوەى تر بەمەرامی نیشاندانی لایەنگری بۆخەلیفەی عوسمانی و هاندانی بەرەنگاری ئاینی بۆ فەرەنسیەکان نوسراوە ، پشتی نەبەستبو بە گەشت و وردبونەوەو سەرنجی گەریدەیی .
لێرەوە بەرهەمەکەى تەهتاوی بە یەکەمین بەرهەمی نوسراو لەبارەى پاریس و شارستانیەتی نوێی ئەوروپیەوە ئەژمارکراوە . دوای ئەو چەند کەسایەتیەکی تری موتەنەویر بەهەمان شێوەى تەهتاوی هەوڵیانداوە سەرنجی دنیای دواکەوتوی رۆژهەڵاتی بۆ پاریس و پێشکەوتنەکانی رابکێشێ ، بەتایبەت چەند گەشتیارو خوێندەوارێکی رۆژئاوای عەرەبی ، بەڵام بێگومان بەرهەمەکەى تەهتاوی و پرۆژەکەى بۆ رۆشنکردنەوەى دنیای تاریکی خۆرهەڵات بە کەلتورو ژیانی نوێی پاریس لەلوتکەى وردەکاری و کاریگەریدا دەمێنێتەوە .
دوای تەهتاوی ( محمد ڕمین بەگ) لە سێ بەرهەمیدا ، یەکیان لەژێر ناوی ( الدنیا فی باریس ) و پێشتریش لەبەشێکی گرنگی کتێبێکی تریدا ( السفر الى المۆتمر ) ، و بەرهەمی سێهەمیشی ( ارشاد البا الى محاسن اوروبا ) سەرسامی خۆی بەو گەشەکردن و پێشکەوتنانە دەردەبرێ کە لەوێ بینیویەتی . لەکتێبی سێهەمدا ، بەئاشکرا مەیلی ئەو متەنەورە دەردەکەوێ لەکۆتاییەکای سەدەى نۆزدە بۆ هاندانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتدارانی خۆرهەڵات بۆ شوێنپێکەوتنی دنیای خۆرئاوا . لەهەمان بەرهەمدا و لەبەشێکی سەربەخۆی تایبەت بە پاریس ، کە لەلاپەرە 102وە دەسپێدەکات ، بەگەشتنیان بۆ پاریس و کێشەى گورمرگ و باسکردنی بەشێوەیەکی دورودرێژ ، دوای ئەوە باسی دابەشکردنی ئیداری و شێوازی رێکخستنی شارو رێگاو بان و بیناسازی دەکات و سەرسامی خۆی نیشاندەدا ، دوای ئەوە باسی قاوەخانەو هۆڵی شانۆو پەرستگاکانی مەسیحی و جولەکەدەکا کە بەلایەوە زۆر جوان بون ، لەگەڵ هۆتێلە زۆرو هەمەجۆرەکانی و چاپخانەو بەریدو تلگرافەکانی ، وێستگەکانی شەمەندەفەر، رۆژنامەکان کە دەڵێ لەو کاتەى کەئەوان لەوێ بون ژمارەیان 1550 بڵاوکراوەبوە ، هەمو ئەوەش لەچوارچێوەى شۆکی شارستانی و هەوڵدان بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگا مسڵمانەکان بۆ دنیایەکی نوێ ، کە پاریس چەق و ناوەندەکەى بوە .
بەگەڕانەوە بۆ تەهتاوی وەکو یەکەمین گەشتیاری عەرەبی و موسڵمان بۆ پاریسی نوێ و ناوەندی مۆدێرنە لەساڵی 1826 دا بۆماوەى پێنج ساڵ ، ئەو راستیە رۆشنتر دەردەکەوێ کە پاریس چ کاریگەریەکی قوڵی بەسەر روحی رۆژهەڵاتی و موسڵمانی ناوبراو جێهێشتوە . ئەو هەرلەسەرەتادا، بەشێوەیەکی سادە بەڵام مانادار سێ جۆر کۆمەڵگا دیاریدەکات ، یەکەمیان نەتەوە فەرامۆشکراوە سەرەتاییەکانن ، دوەمیان نەتەوە بەبەریە درندەکانن ، سێهەم نەتەوە شارستانی و نەرم و نیانەکانن. بەلای ئەوە عەرەبی دەشتەکی نمونەى نەتەوەى یەکەمن و عەرەبی شارنشین وگەلانی ئەوروپاو فەرەنسا بەتایبەتیش نمونەى گەلی سێهەمن .
دووەمیش ئەو گەلانەن کەبەدەر لەهیچ ئاینێکی ئاسمانی و شارستانیەتێک دەژین . بێگومان ئەم پۆلێنبەندی و لێکدانەوە کۆمەڵایەتیەی تەهتاوی لەروی زانستیەوە بایەخێکی زۆری نیە ، بەڵام لەو سیاقە مێژوییەو لە زاری یەکەمین گەشتیار کە پێشکەوتنەکانی پاریسی بۆ ئێمە گێراوەتەوە بایەخێکی زۆری هەیە .
لەباسی کۆمەڵگای پاریسیدا ، دەڵێ ئەوان زۆرینەیان مەسیحین ، بۆیە رێز لەهەمو ئاینێکی تردەگرن ، بەروی هەموکەسدا پێدەکەنن و لوتفیان لەگەڵ کەسانی بیاینی زۆرە ، رێگە بەخواپەرستی ئیسلامی و هەمو ئاینەکانی تر دەدەن و رێگری لەدروستکردنی مزگەوت ناگرن . دوای ئەوەى باسی کۆی ئەو شارو ئاوەدانیانەدەکات کەلەگەشتەکەى لەقاهیرەوە تاپاریس بینیویەتی ، دای ئەوەى باسی ژینگەو جوگرافیاو سروشتی پاریس دەکات ، دێتەسەرباسی دانیشتوانەکەى، ستایشی زۆری مەیلی پاریسیەکاندەکات بۆ زانست و ئەقڵ ، سەرسامی خۆی دەردەبرێ بەرامبەر ئەو گەلەو بایەخی زۆریان بەکتێب و خوێندەواری ، باسی مۆدێلی جلوبەرگیان دەکات ، دەڵێ کەپاریسیەکان هەمیشە حەزیان لەگۆرینی مۆدێلەو لەسەر یەک ستایڵ نامێننەوە ، هەروەها حەزیان لەسەفەرو بینینی جیهانە ، سەرباری ئەوەش رێزی زۆری خەڵکی بیانی دەگرن و حەزدەکەن لەزمانی ئەوانەوە هەواڵی دنیابزانن ، تەبیعەتیان وایە کەخیانەتکارنین ، ستەم لەکەس ناکەن و بەرامبەر بەڵێنەکانیان بەوەفان ، راستگۆن ، پارەزۆرسەرفدەکەن لەخۆشی و رابواردنی ژیان ، سەرسامە بەئازادی ژنان و ئاقڵی و خوێندەواریان ، بە دەسەڵات و جوانیان ، تائەوجێیەى کەحەسرەت بۆ دۆخی ژنان لەکۆمەڵگای ئیسلامیدا دەخوازێ . لەم چوارچێوەیە کاتێک باسی سەمای ژنانی پاریسی دەکات و بەراوردی دەکات بە سەمای ژنانی عەرەب ، ئەو دەڵێ کەسەمای ئەوان هونەرەو و کارێکی ئاست بەرزە و لەگەڵ پیاوانە ، بەڵام هی ژنانی عەرەبی ء موسڵمان تەنها بۆوروژاندنەو تایبەتە بەژنانەوە .
لەباسی سیاسید ، باس لەوەدەکات کەدەسەڵاتی پاشا رەهانیەو پابەندە بایاسای گشتیەوە ، کەبەلای ئەوەوە بەشی زۆری ئەم یاسایانە دادپەروەری بەدی دێنن ، سەرباری ئەوەى بەزۆربەى یاساکان بەقورئان و سونەت ناکۆکن ، بەڵام ئەقڵ قبوڵی دەکا و دادپەروەری بناغەى ئاوەدانی و شارستانیەتە . ئەم ئیعترافە بۆئەو سەردەمەو لەسەرزاری کەسایەتیەکی ئاینی ئەزهەری ، هاندانێکی ئاشکرایە بۆ گەران بەدوای حیکمەتە دنیایەکانی ئەقڵ و دۆزینەوەى وەڵام بۆ پرسیارگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی .
هەرلەم سۆنگەیەوە دەستوری نوێی کۆماری ئەوکاتی فەرەنسا وەردەگێرێ بۆعەرەبی و لەناو بەرهەمەکەیدا بڵاوی دەکاتەوە . کە ئەم کارە بەتەنها بەسە بۆدەرخستنی هەوڵی تەهتاوی بۆ رۆشنکردنەوەى بیری میسریء موسڵمانان بۆ شێوازێکی نوێ لە رێکخستنی کۆمەڵگاو دەسەڵاتی سیاسی ، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و کرانەوەى کۆمەڵگا بەگشتی . لە بارەى پێکهاتەى ئاینی پاریسەوە دەڵێ ( کاسۆلیک ئاینی زۆرینەیە ، هەندێکیشی پرۆتستانتن و جولەکەشی کەمێک لێیە ، بەڵام هیچ موسڵمانێکی لێ نیە .
لاوازی زمان و رۆشنبیری عەرەبی ئیسلامی لەگێرانەوەى حیکایەتی شارێکی مۆدێرن و ئاڵۆزی وەکو پاریس بۆ کەسایەتیەکی رۆژهەڵاتی سادەى وەکو تەهتاوی ، بەڵگەیەکی تری گەورەی ئەو گەشتەی ناوبراوە و کاریگەریەتی لەقۆناغەکانی بەرۆژئاوای کردنی دنیای عەرەبی .
دیارترین ئەو کورتهێنانەى رۆشنبیری عەرەبی لە وگێرانەوەیەدا ، ئەوکاتە دەردەکەوێ کە نوسەر دێتە سەرباسی ئەو شانۆگەریانەى کەلەپارک و هۆڵەکانی پاریس بینیویەتی ، لەسەردەمێکدا کەجیهانی عەرەبی و ئیسلامی نەک هەرشانۆگەری نەبینیبو ، بەڵکو خودی وشەى ( شانۆ / المسرح ) لەرۆشنبیری عەرەبیدا بونی نەبوە ، هەربۆیە نوسەر لەم بەشەدا دەڵێ کە لەزمانی عەرەبیدا وشەى تیاتر مورادیفی نیە ، بۆیە لەبەرئەوە وەکو خۆی و بەزمانی فەرەنسی دەینوسێتەوەو ئەکتەرەکانی شانۆش بە یاریکەر دەناسێنی ، کاتێکیش هەوڵدەدا وەسفی ستەیج ( تەختەى شانۆ ) بکات ، جارێکی تر توشی هەمان گرفتی هەژاری زمانی عەرەبی دەبێتەوە ، رەنگە هەر هەمان هۆ لەپشتی ئەوەوەبێت کە تەهتاوی یەکەمین کەسە کەشانۆگەری لەزمانی فەرەنسیەوە کردۆتە عەرەبی ، بەتەنیشت وەرگێرانی بیست و پێنج بەرهەم لەزمانی فەرەنسیەوە ء دامەزراندنی دەزگای تایبەت بە وەرگێران .
چەند ساڵێک دوای گەڕانەوەى تەهتاوی ، یەکەمین ئەنجومەنی نوێنەران لەسەردەمی خدێوی ئیسماعیل دامەزرا ، ئەمەش لەژێر کاریگەری بۆچونە نوێکانی ئەم رۆشنگەرەبوە وەکو زۆرسەرچاوە ئاماژەى بۆدەکەن .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکان ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت